بەپێی ڕاپۆرتەکان، حوکمی سێدارەی دوو هاووڵاتی لە دەستبەسەرکراوانی ڕەوتی ناڕەزایەتییەکانی مانگی بەفرانبار و پەیوەندیدار بە «مەیدانی عەلیخانی»ی ئیسفەهان، جێبەجێ کراوە.
ئەم دوو هاووڵاتییە بە ناوەکانی «عەلیڕەزا سپاهی» و «عەلیڕەزا ڕەئیسی»، لە ڕۆژەکانی ١٨ و ١٩ی مانگی بەفرانباری ساڵی ڕابردووەوە لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانەوە بریندار و دەستبەسەر کرابوون. ناوبراوان لە بەندیخانەدا ڕووبەڕووی توندترین ئەشکەنجە و گوشاری دەروونی بوونەتەوە و سەرئەنجام ڕۆژی ڕابردوو لە بەندیخانەی ناوەندیی ئیسفەهان لەسێدارە دران. شایانی باسە بەهۆی دۆسیەی مەیدانی عەلیخانیی ئیسفەهانەوە کە تێیدا ٤ هێزی سەرکوتکەری ڕژێم کوژراون، تاکوو ئێستا ٥٩ کەس دەستبەسەر کراون و دەزگای دادوەریی ڕژێم حوکمی سێدارەی بەسەر ١٢ کەسیاندا سەپاندووە.
