بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵنیری فارس ناوهندی زانیاری گەیاندنی دەوڵەت کە رۆژی سی شەممە بڵاو بووتهوه، دەوڵەتی روحانی بە شێوەی فهرمی ههلی ڕەخساندنی كاری لە زیاد کردنی نرخی بەنزین و گازۆیلدا دۆزیوهتهوه. بهڕای دهوڵهتی ڕووحانی گرنگترین هۆکاری ئهم سیاسهته گەیشتنی نرخی بەنزین و گازۆیل بە نرخی تەحویلی ئەم کالایانە لە وڵاتانی کەنداو دایە. بهمجۆره لەسەر بنەمای بودجەی ساڵی ٩٧ نرخی هەر لیترێک بەنزین بە ٥٠ لەسەد گران دهبن یانی دەبێتە ١٥٠٠ تمەن بۆ ههرلیتر و گازۆیل بە ٣٣ لەسەد زیاد دهبێ یانی دبێتە ٤٠٠ تمەن بۆ ههر لیتر. ئەم لایەحەیە لە لایەن مەجلیسی ئیسلامییەوە پهسهند بكرێت، ١٧ میلیارد تمەن داهاتی بۆ دەوڵەت دەبێت. هەروەها لەسەر بنەمای ئەم ڕاپۆرتانە ” چوار بهش یان دەهەکی ٩، ٨، ٧، ١٠ کە نزیکەی ٣٤ ملیۆن کەس لهخۆ دهگرێ و له وهرگرتنی یارانه دوور دهخرێنهوه. ئەگەرچی دەوڵەت فریوکارانە زیاد کرانی نرخی ئێنڕژی بە بیانوی پێكهێنانی دهرفهتی و باشتر کردنی ژیانی خەڵک ناولێ دهبات، بەڵام لە ڕاستیدا ڕەچاو کردنی وەها سیاسەتێک ژیان و بەڕێچوونی توێژی خوارەوەی کۆمەڵگە زیاتر دەخاتە ژێر گوشارەوە. زیاد بوونی نرخی بەنزین و گازۆیل بەخێرایی زیاد بوونی نرخی هاتووچۆ گواستنەوە بەشوێنەوە دەبێت و ئەو ٧٠ لەسەدە لە خەڵکی ئێران کە لەگەڵ گرفتی چوونە ژێر هێڵی هەژاریدا دەست و پەنجە نەرم دەکەن دەخاتە ژێر گوشاری زیاترەوە. ئەمرۆ زیاتر لە ١٨ ملیۆن ماشین لە شەقام و جادەکانی ئێراندا لە هاتوچۆدان کە زیاتریان وەسیلەی دابین کردنی بەڕێچوونی بنەماڵەی خاوەنەکانیانن و زیاد بوونی نرخی بەنزین و گازۆیل دەتوانێ چەرخی ژیانی ئەم بنەماڵانە لە قوڕ بچەقێنێ. لە لایەکی دیکەوە زیاد بوونی بەرچاوی نرخی ئێنڕژی وزە هەزینەی بەرهەمهێنان لە پیشەسازیەکاندا بەرز دەکاتەوە و بهمجۆره ئهم وهزعییهته دهبێتههۆی زیاد بوونی تەوەڕوم كه بۆخۆی له بەرز بوونەوەی قیمهتی پێداویستییهكانی ژیانی خهڵك ڕەنگدانەوەی دەبێت. زیاد بوونی هەزینە كهسهرفی بەرهەمهێنان دهكرێ ئیمکانی زیاتر ئەدات بە خاوەن كارهكان تا بە بیانوی کەم بوونهوهی سود و قازانجێك كه بهدهستیان دهگات خهڵك بێكار بكهن و درێژە بە بێکاری کرێکاران بدەن. دەوڵەت لە حاڵێکدا هەزینەی دابین کردنی بەڕێچوونی پێداویستییهكانی ژیانی کرێکاران و توێژی خوارەوەی کۆمەڵگە زیاد دەکات کە بە پێش بینی زیاد بوونی ١٠ لەسەدی حەقدەستەکان، قەرارە داهاتی بهشی زۆری خهڵك دەست موزد هەروا ٣ تا ٤ قات لەژێر هێڵی هەژاریدا دهمێنێتهوه. دەوڵەتی روحانی لە حاڵێکدا باسی دابین كردن و زیادكردنی داهات له گیرفانی خهڵك بۆ دهوڵهت دەکات تا بهوتهی ئهو، ههل بۆ کار فهراههم بێت. لهولاترهوه بودجەی ناوەندە مەزهەبیەکانی سەربە دەزگای روحانیەت، له زیادبوون دایه. جگهلهمانه بودجەی بەگری بۆ ساڵی داهاتوی نزیکەی ٣٣ لەسەد، بودجەی سپای پاسدارانی ٤٢ لەسەد و بودجەی هێزی ئینتیزامی ٤٠ لەسەد زیاد کردوە.
لایەحەی بودجەی ٩٧ سەرەڕای هەراو هوریایەکی تەبلیغاتی کە ڕاگەیەنەرە حکومەتیەکان خستویانەتە ڕێ، ڕاست لە پێناو درێژەی سیاسەتە ئابوورییە نیئۆلیبڕاڵیەکانی دەوڵەتی روحانی دایە. مێحوەری بەرنامە داڕشتنی ئابووری دەوڵەت نەک فهراههم كردنی ههلی كار زایی بەڵکو ڕەچاو کردنی بەرنامەی ڕیازەتی ئابوورییە بەسەر بنەماڵە کرێکاریەکان و زۆربەی زەحمەتکێشانی کۆمەڵگادا. ئاستی بێکاری و هەژاری و فەلاکەتێک کە بەسەر زۆربەی خەڵکی ئێراندا داسەپاوە و نوسخەیەک کە لهژێرناوی بوودجه بۆ ساڵی داهاتوو پێچراوەتەوە، بەبێ کەموکوڕی لە ئاکامی درێژەی سیاسەتە نیئۆلیبڕاڵیەکانن. مۆدێلی نیئۆلیبڕاڵی لە هەر جێگایەک پیادە بکرێت نایەکسانی و کەلێنە چینایەتییەکان قوڵتر دەکاتەوە. هەڵبەت سەرانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە ئاسەوارەکانی ئیجرای ئەم سیاسەتانە غافڵ نین، بەڵام بە پەیڕەوی کردن لە ئیدئۆلۆگەکانی مۆدێلی نیئۆلیبڕاڵی لە ئاستی دەنیادا لەسەر ئەو بڕوایەن کە توند بوونەوەی نابهرابهری لە عەینی حاڵدا گەشەی خێرای ئابووری و گۆیا زیاد بوونی داهاتی توێژی خوارەوەی کۆمەڵگەشی بەشوێنەوە ئەبێت. وەعدە و بەڵێنە یەک لەدوای یەکەکانی روحانی سەبارەت بە ڕەخساندنی هەلی کار و باشتر کردنی ئاستی ژیان و و بەڕێچوونی خەڵک لە چوارچێوەی ئەم ڕوانگە نیئۆلیبڕاڵیەدا دەگونجێ.
بەڵام ئێستا بێجگە لەو کۆسپانەی کە پێوەندییان بە پێکهاتەی دەسەڵاتی سیاسی و پێکهاتە ئیداری و حوقوقی و ئیدئۆلۆژیكی نیزامی ئیسلامیەوە هەیە، دەوڵەتی روحانی و بەگشتی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بۆ بەرەوپێش بردنی بەرنامە نئابوورییهکانیان لەگەڵ دوو کۆسپی بنەڕەتی تردا بەرەو ڕوون. یەکێکیان درێژەی قەیران لە مناسباتی نێو نەتەوەیی دایە، هەروەک پێش بینی دەکرا، تەوافوقاتی هەستەیی و بەرجام نەک خاڵی کۆتایی ئەم قەیرانە نهبوو، بەڵکو لهڕاستیدا تەنیا خاڵی دەستپێکی نوێ و هاتنهئارای گیروگفتی تازهن بۆ چارەسەر کردنی ئەم قەیرانە. توند بوونەوەی گوشارەکانی ئەمریکا بە یارمەتی هاوپەیمانە ناوچەییەکانی بۆ کۆنترۆڵ کردنی دخاڵەتگەریەکانی ڕژیم لە ناوهنده قهیران لێدراوی ناوچەکەدا، گوشارە سیاسی و دیپلۆماتیک بۆسەر ڕژیم بۆ کۆنترۆڵ کردنی بەرنامە موشەکیە دوور مەوداکانی، هەروەها بارودۆخی قەیراناوی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، شیرکەت و کۆمپانیا رۆژئاواییەکانی بۆ سەرمایەگوزاری لە ئێران گەلێک دوودڵ کردوە. بەڵام کۆسپی سەرەکی تر، پەرەسەندنی ناڕەزایەتی و مانگرتنی کرێکاری بە تایبەت لە کارخانە و ناوەندە گەورە کرێکاریەکانی ئێران لەم یەک ساڵەی دوایی دایە. گەشەی بزوتنەوەی ناڕەزایەتی کرێکاران فەزای سیاسی ئێران خستۆتە ژێر کاریگەری خۆیەوە. خەباتی بەرینی خانەنشینان، خەباتی ئەو کەسانەی سەروەت و سامانیان لەکیس چووە، خەباتی مامۆستایان، بزوتنەوە سیاسی و جەماوەریەکان لە کوردستان، هاتنەوە مەیدانی سەرلەنوێی خوێندکاران بە داخوازی ڕادیکاڵەوە، ئەم ئاڵوگۆڕانە لە فەزای سیاسی ئێران سەرانی ڕژیمی توشی وەحشەت کردوە. دەوڵەتی روحانی نیگەرانی ئەوەیە کە بەر لەوەی کە بەرنامە ئابووریەکانی بە ئاکام بگات، کۆنترۆڵی دۆخەکەی لەدەست بچێ. سەرمایەدارانی ئێران و دەوڵەت بۆ دروست کردنی گەشەی ئابووری پێش ههموو شتێك ئەمنیەتیان دەوێ تا لە ژێر سێبەریدا بتوانن یاسای کار هەرچی زیاتر لە خزمەت بەرژەوەندی خاوەنانی پیشەسازیدا بگۆڕن و هەر ئەم ڕێژە کەمەش لە مەحدودیەت بۆ دەرکردنی کرێکاران كه مل به سیاسهتی ئهوان نادهن لەسەر ڕێدا لابدەن. ڕەوتی روو لە گەشەی مانگرتنە کرێکاریەکان ئەمنیەتی دڵخواز و جێی سەرنج و نیازی دەوڵەتی سەرمایەدارانی تێکداوە. ڕژیمی ئیسلامی خۆی لە بەرانبەر ڕەوتی روو لە پەرەسەندنی خەباتی کرێکاریدا بە زهعیف دەزانێ. پاشە کشێی هەنگاو بە هەنگاوی روحانی لە بەرانبەر سپای پاسداراندا بە شێوەیەک کە ئیمکانی داوەتە فەرماندەکانی سپا تا بە شێوەیەک بخزێن بەرەو بهجۆرێك رۆڵی دەوڵەت لهئهستۆ بگرن کە جاربهجار لە بەرانبەر بابەتە گرنگە ناوچەیی و جیهانیەکاندا هەڵویست دەگرن، ڕەنگدانەوەی ئەم زهعفه و فەزای ناڕەزایەتی و سیاسیی زاڵ بەسەر کۆمەڵگە دایە. سازش و پاشەکشێی هەنگاو بە هەنگاوی روحانی لە بەرانبەر سپای پاسداراندا و زیادكردانی بوودجهی سپا ئەمنیەتی کردنی لایەحەی بودجە لەم روەوەیە کە روحانی پێویستی بە بازوی سپای پاسداران هەیە بۆ دامەراندنی ئەمنیەتی جێی سەرنجی سەرمایە.
بەڵام هەروەک ئاماژەی پێدرا بوونی بزوتنەوە کۆمەڵایەتیەکانی وەک بزوتنەوەی ژنان، بزوتنەوەی خوێندکاری، بزوتنەوەی شۆڕشگێرانەی کوردستان، و بوونی باقی بزوتنەوە ناڕەزایەتیەکان و لە پێشیانەوە بزوتنەوەی کرێکاری زهرفییهتی گەورەی خەباتکارانە بۆ دروست کردنی ئاڵوگوڕی شۆڕشگێڕانە لە ئێران پێشان ئەدات. بە یەکەوە گرێدرانەوە و هاوئاهەنگ بوونی فەعالیەتی هەڵسوڕاوان و پێشڕەوان و تێکۆشەرانی سیاسی کە لە ناخی ئەم بزوتنەوەیەدا دتوانێ زەرفیەتی خەباتکارانە و سیاسی ئەم بزوتنەوانە بەرز بکاتەوە و بەرەوپێش چوونیان زەمانەت بکات.