دووشەممە، سێی خەرمانان، ڕۆژی جیهانیی ئاشتییە، ڕۆژێکی کە ئەمساڵ لە ژێر سێبەری ئەو برینە تازانەدا، یاد دەکرێتەوە کە لە ۲۸ی فێوریەی ۲۰۲۶ەوە، بە دەستپێکردنی شەڕ لە نێوان کۆماری ئیسلامی لە لایەک و ئەمریکا، ئیسرائیل و چەند دەوڵەتێکی ناوچەیی کە پایەگا سەربازییەکانی ئەمریکایان تێدا جێگیر کراوە لە لایەکی دیکەوە، بەر جەستەی کۆمەڵگەی ئێران کەوتووە. لە شەقامی شارەکانی ئێران، هێشتا دەنگی ئاژیر و وێنەی بینا نیوەڕووخاوەکان بوونەتە بەشێک لە ژیانی ڕۆژانەی خەڵک. بەڵام ڕوانینی زانستی بۆ ئەم شەڕە، و بۆ شەڕ بەگشتی، ناتوانێت تەنیا لەم ئاستەی وەسفکردنی ئازارەکاندا بمێنێتەوە، بەڵکوو دەبێت پرسیار بکرێت ئەم شە لە کوێوە سەرچاوەی گرتووە، لە بەرژەوەندی کێدایە، و بۆچی بێدەنگبوونی تۆپخانەکان بە تەنیا خۆی بە واتای ئاشتی نییە.
یەکەم هەنگاو، بریتییە لە ڕەتکردنەوەی ئەو گریمانە باوەی کە شەڕەکان بەرەنجامی بەریەککەوتنی “نەتەوەکان” یاخود “شارستانیەتەکانە” لەگەڵ یەکتر. ئەگەر سەیری چوار دەیەی ڕابردوو بکەین، لە ڕواندا و باڵکانەوە بگرە تا ئەفغانستان، عێراق، ئۆکراین و غەززە– هیچ کام لەم شەڕانە لە دلێ ویستی خەڵکی ئاساییەوە سەریان هەڵنەداوە. خەڵکی ڕواندا خوازیاری کۆمەڵکوژیی نەبوون، خەڵکی عێراق خوازیاری شەڕ و کۆمەڵکوژیی مەزهەبی و تایفی نەبوون، خەڵکی ئۆکراین و ڕووسیا خوازیاری کوشتنی یەکتر نین. ئەوەی لە هەموو ئەم حاڵەتانەدا هاوبەشە، بریتییە لە کێبڕکێی دەوڵەتەکان، سەرمایە زەبەلاحەکان و وزە، لەسەر کۆنترۆڵکردنی سەرچاوەکان، خاک و پەرەپێدانی ناوچەی دەسەڵات. شەڕێک کە تێیدا چینە ژێردەستەکانی هەردوولا، گیان و داهاتووی خۆیان لەپێناو هەندێک بەرژەوەندیدا دەدۆڕێنن کە هەرگیز لێی سوودمەند نابن.
شەڕی ئێران و ئەمریکاش لە هەمان جۆرە. نه خەڵکی ئێران خوازیاری بوون و نه خەڵکی ئەمریکا، بەڵام دوو بلۆکی دەسەڵات، یەکێکیان ئیمپریالیستی، لە شێوەی ویلایەتە یەکگرتووەکان و هاوپەیمانە ناوچەیییەکانی، و ئەوی دیکەیان دیکتاتۆری و سەرکوتگەر لە شێوەی کۆماری ئیسلامی، کەوتنە کێبڕکێیەکەوە کە باجەکەی خەڵکی ئاسایی دایان: هەزاران کوژراو و بریندار، ژێرخانی وێرانکراو، ئابوورییەکی داڕزاو، و کۆمەڵگەیەکی کە لە نێوان ترسی بۆمباران و گوشاری ڕۆژبەڕۆژ زیاتری بژێویدا گرفتار بوون. شەڕی دەوڵەتەکان دەکرێت بوترێت هەمیشە لە قازانجی چینە دەسەڵاتدارەکان و زیانی چینە ژێردەستەکان تەواو دەبێت. دەوڵەتەکان بە شەڕ قەیران دەخوڵقێنن و مەشرووعیەتی لەدەستچووی خۆیان لە کەشوهەوای “بەرگری لە نیشتمان” یاخود “ڕووبەڕووبوونەوەی دوژمن“دا سەرلەنوێ بەدەست دەهێننەوە، سەرمایە سەربازییەکان، بەڵێندەرانی ئاوەدانکردنەوە و تۆڕە ڕانتخۆرەکان لە هەردوولاوە لە شەڕ قازانج دەکەن، بەڵام کرێکاران، ژنان، گەنجان و توێژە بێبەشەکان، تەنها بارگرانییەکەی تەحەمول دەکەن.
لەمڕووەوە، هەڵوێستی ئێمە لە بەرامبەر شەڕێکی لەو شێوەیەدا ناتوانێت هەڵبژاردن بێت لە نێوان دوو سەنگەری نەیاردا. پشتیوانیکردن لە کۆماری ئیسلامی بەناوی “خۆڕاگریی لە بەرامبەر ئیمپریالیزم“، بە هەمان ڕادە چەواشەکارانەیە کە پشتیوانیکردن لە دەخالەتی سەربازیی ئەمریکا و ئیسرائیل بەناوی “ئازادیی خەڵکی ئێران“. هەردوو بلۆکەکە، بەدوای بەرژەوەندیی چینە دەسەڵاتدارەکانی خۆیانەوەن، نەک بەرژەوەندیی خەڵکی ئێران. کۆماری ئیسلامی چوار دەیەیە بە سەرکوتی ناوخۆیی، هەڵاواردنی ڕەگەزی و نەتەوەیی و هەروەها تاڵانکردنی سەرچاوەکانی وڵات، شەڕێکی بەردەوامی لەدژی بەشە هەژار و دەستکورتەکانی کۆمەڵگەکەی بەڕێوە بردووە، دەسەڵاتە ڕۆژئاواییەکانیش، لە عێراقەوە تا لیبی و ئەفغانستان، چەندین جار سەلماندوویانە کە “دەخالەتی مرۆڤدۆستانە” یاخود “گۆڕینی ڕژێم” لە دەرەوە، نەک دیموکراسی بەڵکوو وێرانی، پارچەبوون و هەژاری هەرچی زیاتری لێدەکەوێتەوە.
لێرەدایە کە دەبێت چەمکی ئاشتی لە پێناسە ڕووکەش و فەرمییەکەی ڕزگار بکرێت. نەتەوە یەکگرتووەکان لە پەیامی ئەمساڵیدا باس لە “ئەندازیارانی ڕۆژانەی ئاشتی” واتە، موعەلیمان، ژنان، گەنجان، چالاکوانانی مەدەنی دەکات، بەڵام لە ئێران، ئاشتی مانایەکی گەلێک بەرجەستەتر و ڕادیکاڵتری هەیە. ئاشتی واتە منداڵی ئێرانی بە دەنگی تەقینەوە لە خەو هەڵنەستێت، ئاشتی واتە دایکی ئێرانی نیگەرانی گیانی منداڵەکەی نەبێت، واتە کرێکار نیگەرانی نانی بەیانی نەبێت، موعەلیم بە تاوانی بەرگری لە مافە پیشەییەکانی نەخرێتە بەندیخانەوە، ئاشتی واتە ژن بۆ هەڵبژاردنی پۆشاکی خۆی هەڕەشەی لێ نەکرێت، واتە خوێندکار بۆ بیرکردنەوە لە زانکۆ دەرنەکرێت، و ئاشتی واتە هیچ مرۆڤێک، بەهۆی نەتەوە، زمان، ڕەگەز یاخود بیروباوەڕەوە، بە هاووڵاتیی پلە دوو ئەژمار نەکرێت. لەم گێڕانەوەیەدا، ئاشتی تەنها بە واتای کۆتاییهاتنی شەڕی دەرەکی نییە، بەڵکوو ئاشتی، کۆتاییهاتنی سەرکوتی ناوخۆییشە. ئەمە هەمان ئەو خاڵەیە کە لێکدانەوەی ئێمە لە لێکدانەوەی لیبڕاڵی یاخود تەنها دیپلۆماسییانەی ئاشتی جیا دەکاتەوە: ئاشتیی لیبڕاڵی زۆرجار بە وەستانی تەقەکردن و ئیمزا کردنی ڕێککەوتنامەیەک سنووردار دەبێتەوە، بەڵام “ئاشتیی کۆمەڵایەتی“، پێویستی بە نەمانی توندوتیژیی پێکهاتەیی، واتە هەژاری، هەڵاواردن، سەرکوتی سیاسی و نادادپەروەری هەیە. خەڵکی ئێران نابێت ناچار بکرێن لە نێوان “شەڕی دەرەکی” و “ستەم و سەرەڕۆیی ناوخۆیی” یەکێکیان هەڵبژێرن، هەردوکیان، دوو ڕووی یەک سکەن.
بەڵام پرسیارێکی کرداری تر ئەوەیە: ئاشتییەکی لەو چەشنە چۆن مسۆگەر دەبێت؟ ئاشتیی ڕاستەقینە نه لە سەرەوە، نه بە نێوەندگیریی زلهێزەکان و نه بە ئیرادەی باشی دەوڵەتەکان، بەڵکوو لە خوارەوە و لە ناو جەرگەی هێزی ڕێکخراوی جەماوەری زەحمەتکێشەوە دروست دەبێت. کرێکارانێکی کە ڕێکخراوە سەربەخۆکانی خۆیان هەیە، ژنانێک کە تۆڕە مەدەنییە سەربەخۆکانیان پێکهێناوە، خوێندکارانێک کە لە ئەنجومەنە ئازادەکانی خۆیاندا ڕێکخراون، ئەو موعەلیمانەی کە یەکێتییە پیشەییە سەربەخۆکانیان دامەزراندووە، و نەتەوە جیاوازەکانی نیشتەجێی ئێران کە لە مافی یەکسان و دانیپێدانراو بەهرەمەندن، ئەمانە کۆڵەکە ڕاستەقینەکانی ئاشتین، نەک بەیاننامە دیپلۆماسییەکان.
ئێران کۆمەڵگەیەکە پێکهاتوو لە نەتەوەکانی فارس، کورد، بەلووچ، عەرەب، تورک و گرووپە نەتەوەیی و زمانییەکانی دیکە. ئاشتیی بەردەوامی ناوخۆیی تەنها کاتێک شکڵ دەگرێت کە هیچ نەتەوەیەک هەست نەکات بۆ پاراستنی ناسنامە و مافەکانی ناچارە بە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ نەتەوەیەکی دیکە، و ئەم هەستە، خۆی بەرەنجامی جیاکارییەکی پێکهاتەییە کە دەوڵەتی ناوەندی، لە ناوچە کوردنشینەکانەوە تا بەلووچستان و خوزستانی عەرەبنشین، دەیان ساڵە پەرەی پێدەدات. یەکسانیی یاسایی، نەمانی هەڵاواردنی نەتەوەیی و زمانی، مافی بەشداریی سیاسیی یەکسان، و دانیپێدانانی فرەڕەنگیی کلتووری و زمانی، لە زومرەی پایە سەرەکییەکانی ئاشتیی ناوخۆیین. یەکگرتووییەکی کە بە زۆر و سەرکوت بسەپێندرێت، یەکگرتوویی نییە، یەکگرتوویی ڕاستەقینە، یەکگرتوویی مرۆڤە یەکسانەکانە. مافی دیاریکردنی چارەنووسی نەتەوەکان و خەباتی چینایەتی هاوبەشی کرێکارانی هەموو نەتەوەکان، نەک هەر دژبەیەک نین، بەڵکوو تەواوکەری یەکترن: تەنها کۆمەڵگەیەکی کە تێیدا هیچ نەتەوەیەک باڵادەست یاخود ژێردەست نەبێت، دەتوانێت یەکگرتوویی چینایەتی بەردەوامی لە بەرامبەر سەرمایە و دەوڵەتیش دا پێکبهێنێت.
ڕەهەندێکی دیکەی ئاشتی، بریتییە لە ڕەهەندە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکەی، کە لە گوتاری فەرمیی ئاشتیدا زۆرجار فەرامۆش دەکرێت. ئەگەر ملیۆنان مرۆڤ لە هەژاریدا بژین، ئەگەر حەقدەست بەردەوام لە تێچووی ڕاستەقینەی ژیان کەمتر بێت، ئەگەر گەنجان هیچ ئاسۆیەک بۆ داهاتووی خۆیان نەبینن، و ئەگەر شوێنینیشتەجێبوون، دەرمان و پەروەردە ببنە کاڵایەکی دوورەدەست بۆ زۆرینەی کۆمەڵگە، ئەو کۆمەڵگەیە تەنانەت لە نەبوونی شەڕی دەرەکیشدا لە دۆخی ڕاستەقینەی “نه شەڕ نه ئاشتی“دا بەسەر دەبات. ئەمە هەمان ئەو شتەیە کە نەتەوە یەکگرتووەکانیش، ئەگەرچی بە زمانێکی بەپارێزتر، ئاماژەی پێ دەکات: تەندروستی، پەروەردە، خۆراک و پاڵپشتی کۆمەڵایەتی، کۆڵەکەکانی ئاشتیی بەردەوامن. لە ئێران، نان، کار، ئازادی، دادپەروەری، یەکسانی و کەرامەتی مرۆیی، بەشە دانەبڕاوەکانی یەک پڕۆژەی ئاشتین، پڕۆژەیەکی کە ناکرێت تا ئاستی وەستانی کاتیی فیشەکەکان دابەزێندرێت.
ئەنجامی ئەم لێکۆڵینەوەیە، نه بێدەنگییە و نه چاوەڕوانی لە زلهێزەکان یاخود دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان، بەڵکوو جەختکردنەوەیە لەسەر ڕۆڵی خودی جەماوەر. ئاشتییەکی کە جەماوەر لە دروستکردنیدا بەشدار نەبن، لە باشترین حاڵەتدا ئاگربەستێکی کاتییە لە نێوان دوو چینی دەسەڵاتداردا کە بەردەوام ئەگەری ئەوە هەیە بگەڕێنەوە بۆ شەڕەکە. بەڵام ئاشتییەکی کە کرێکار، موعەلیم، ژن، گەنج، خوێندکار، خانەنشین و نەتەوە جیاوازەکانی ئێران لە دروستکردنیدا ڕۆڵی چالاکیان هەبێت، لە ڕێگەی ڕێکخراوە سەربەخۆ پیشەییەکان، تۆڕە مەدەنییەکان و هاوپشتیی چینایەتی سەروونەتەوەیی، دەتوانێت ببێتە ئاشتییەکی کۆمەڵایەتی و بەردەوام. ئەم ئاشتییە ناتوانرێت تەنها لە دەوڵەتەکان، چ کۆماری ئیسلامی و چ دەوڵەتە ڕۆژئاواییەکان، داوا بکرێت، بەڵکوو دەبێت لە ناو جەرگەی کۆمەڵگەدا، لە ناوەندەکانی کار، لە زانکۆ، لە گەڕەک و لە شەقامدا دروست بکرێت.
ڕۆژی جیهانیی ئاشتی، لەم ڕوانگەیەوە، نەک ڕۆژی وەبیرهێنانەوەی ئامانجێکی خەیاڵی، بەڵکوو دەرفەتێکە بۆ دووبارەکردنەوەی ئەم ڕاستییە سادەیە: شەڕی ئێران و ئەمریکا، وەک هەر شەڕێکی دیکەی جیهانی سەرمایەداری، شەڕی چینە دەسەڵاتدارەکان بووە، نەک شەڕی خەڵک. ئاشتیی ڕاستەقینە، نە دیارییەکە پێشکەشی خەڵک بکرێت و نه ڕێککەوتنێکە کە لە پشت دەرگا داخراوەکانی دیپلۆماسیدا ئیمزا بکرێت، ئاشتیی بەردەوام شتێکە کە خەڵک، بە وشیاری چینایەتی، هاوپشتیی نێونەتەوەیی و ڕێکخراوبوونی سەربەخۆی خۆیان، دروستی دەکەن و پارێزگاریی لێ دەکەن. تەنها لە ئاڕاستەیەکی لەو شێوەیەدایە کە ئاشتی لە ڕێککەوتنێکی کاتیی سەر کاغەزەوە دەبێت بە شێوازی ڕاستەقینەی ژیانی خەڵکی ئێران.
