کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

شەپۆلی نوێی ئێعدامەکان لە زیندانەکانی ئێران

شەپۆلی نوێی ئێعدامەکان لە زیندانەکانی ئێران کە لە مانگی پووشپەری ئەمساڵەوە دەستی پێکردووە هەروا به‌رده‌وامه‌. ڕاپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە تەنیا لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا، ٢ به‌ندكراو لە زیندانەکانی ئێرانشار و به‌ندكراوێك لە زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج، ٤ به‌ندكراو لە زیندانی زاهیدان و زابول ئێعدام کراون.

ئێعدام کراوەکان لە مەحکومانی دادگا ئاساییەکان بوون، بەڵام ئەم مەسەلەیە ناتوانێ ئامانجی سیاسیی لە پشت دەرکردن و ئیجرای ئەم حوکمانەوە بشارێتەوە. ئێعدامی به‌ندكراوانی سیاسیی لە زیندانەکانەکاندا، ئێعدامی لاوانی ژێر ١٨ ساڵی، ئیجرای ئێعدام له‌ بەرچاوی خەڵک، شه‌لاق لێدان بە بەرچاوی خەڵکەوە، توند بوونەوەی گوشارەکان بۆسەر هەڵسوڕاوانی بزوتنەوە مەدەنیی و کۆمەڵایەتییەکان، دەرکرانی ئەحکامی زیندانی درێژماوە بۆ کەسانێک کە لە چوارچێوەی هەڵسووڕانی ئاشکرا و تەنانەت یاساییدا لەوانە هەڵسووڕاوانی کرێکاریی، وەکیلانی مدافع، ڕۆژنامەنووسان و هەڵسووڕاوانی بواری مافەکانی مرۆڤ، ئەمانە بەگشتی ئاڵقەکانی زنجیرێکن کە ئامانجی کۆنترۆڵ کردنی کۆمەڵگای لە حاڵی کوڵان و هەڵچوون دایە بە زەبەری زۆر و سەرکوت.

لە حاڵێکدا کە هەموو ڕۆژێک بە ژومارەی ئەو وڵاتانەوە زیاد دەبێت کە لە ئاکامی خەباتی خەڵکدا سزای ئێعدام تێیاندا هەڵدەوەشێتەوە، کۆماری ئیسلامیی پله‌ی باڵاتر لە بواری دەرکردن و ئیجرای حوکمی ئێعدام بە دەست دێنێ، بە شێوەیەکە کە ئێستا بە نیسبەتی جەمعیەت لەم بارەیەوە ئێران لە سەروی وڵاتانی دەنیا دایە.

پاساوی ڕژیم بۆ دەستدانە ئەم کارە لە ئاستێکی بەریندا ئەوەیە کە گۆیا لەم ڕێگایەوە یەکەم ئەمنییەتی کۆمەڵایەتیی دەبەنە سەرێ و دووهەم دادپەروەری بە کردەوە دەردێنن. هەردووی ئەم پاساوانە فریوکارانە و درۆن.

لە بواری ئەمنییەتی کۆمەڵایەتییدا، یەکەم ئەوە خودی کۆماری ئیسلامییە کە ئەمنییەتی لە ژیانی خەڵک هەڵگرتووە لەبەر ئەوەی ئاستی ڕەچاو کردنی توندووتیژی و کوشتاری وەحشیانە لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە بە هیچ شێوەیەک لەگەڵ ڕێژەی توندووتیژییەکان و ئەو جەنایەتانەی بە شێوەی تاکە کەسی ئەنجام دەدرێن شیاوی بەراورد کردن نییە. ئاستی بڵاو کردنەوەی ماددەی موخه‌ددێر لە کاناڵە مافیاییەکانی ژێر کۆنترۆڵی سپای پاسداران و دەزگا ئەمنییەتییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە بە هیچ شێوەیەک لەگەڵ قەبارەی فەعالییەتەکانی قاچاقچیانی فەردیدا شیاوی بەراورد کردن نییە. ڕێژەی زەوت کرانی ئەمنییەت لە ژیانی خەڵک لە لایەن ڕژیمەوە لە ڕێگای ئەو دخاڵەتە بەردەوامانەوە کە لە حەوزەی ژیانی تایبەتی خەڵکدا بە وەسیلەی بەسیجییەکان و گەشتەکانی ئەمر بە مەعروف و نەهی لە مۆنکەر و لیباس شەخسییەکان لەکوێدا وەک یەکە، لەگەڵ ڕێژەی ئەنجامدانی تاوانێکی فەردی کە بە ئەنگیزەی شەخییەوە بەڕێوە دەچن. 180

دووهەم ئەزمونی گشت کۆمەڵگاکان و ئەو ئامار و زانیاریانەی جێگای پشت پێبەستنن نیشانی دەدەن کە لە هیچ کۆمەڵگایەکدا ئەمنییەتی خەڵک لەم ڕێگایەوە زیادی نەکردووە، بەڵکوو بە پێچەوانە نەفسی ئێعدام هەستی تۆڵەستاندنەوە و ڕەوانناسی بە هێز دەکات. کاتێک کوشتن لە بەرانبەر کوشتندا لە لایەن دەوڵەتەوە ئیجازە پێدراو بێت، بۆچی کەسانی دیكه‌ هان نەدرێن کە بە دەستی خۆیان ئەم بەناو دادپەروەرییە ئیجرا نەکەن؟ هەڵوەشانەوەی سزای ئێعدام بە واتای ئەوەیە کە گیانی ئینسان خۆی لە خۆیدا بە نرخە و بە هەڵوەشانەوەی سزای ئێعدام سەرەتا گیانی ژمارەیەکی زۆر پارێزراو دەبێت، لە حاڵێکدا کە ئیجرای ئەم مجازاتە نە تەنیا دەور و نەخشێکی لە کەم کردنەوەی ڕێژەی جورم و جەنایەتدا نییە، بەڵکوو کاتێک دەوڵەتەکان بە شێوەی یاسایی دەست دەدەنە کوشتنی ئینسانەکان لەژێر ناوی سزای ئێعدام لە ڕاستیدا بە داشکاندن لە ئەرزشی پاراستنی ژیانی ئینسان ڕێگا بۆ تێکرار بوونەوەی لە کۆمەڵگادا خۆش دەکات.

ئەو پاساوانەی کە لەم بوارەدا بۆ سزای ئێعدام بوونی هەیە درۆیەکی ئاشکرایە و هیچی كه‌، لەبەر ئەوەی یەکەم ئینسانەکان بە شێوەی زاتی گزی کار، قاتڵ، قاچاقچی و جەنایەتکار لە دایک نابن، بەڵکوو لە لێکدانەوەی دوایی ئەم بارودۆخە مادییەی ژیانی کۆمەڵایەتییه‌دایە کە ئەوان بەرەو لای گزیکاری و خراپکاری پاڵ پێوەدەندرێن و دەوڵەتەکان و چینی دەسەڵاتدار، بەرپرسی داسەپاندنی ئەم بارودۆخە مادییەن بەسەر ژیانی زۆربەی خەڵکەوە. کەسانێک شیاوی سزا درانن کە خوڵقێنەری بوارە کۆمەڵایەتییەکانی هاتنە ئارای کرداری جەنایەتکارانەن.

بەڵام ئیدیعای ئیجرای عەداڵەت لە ڕێگای سزای ئێعدامەوە لەوەش بێ بنەماترە. ئەگەر قەرار لەسەر ئیجرای عەداڵەت بێت تاوانباری ڕەدیفی ئەوەڵ خودی ڕژیمی کۆماری ئیسلامییە کە هەزاران ئینسانی لەبەر بیر و بۆچوونیان و لەبەر خەبات بۆ باشتر کردنی بارودۆخی ژیانیان لەم کۆمەڵگایەدا و ماشێنی جەنایەت و کوشتاری بۆ ڕۆژێکیش ڕاناوەستێت. ئیجرای عەداڵەت چۆن دەبێ لە وەها ڕژیمێکی جەنایەتکار چاوەڕوان بکرێت؟

دەبێ شگردی ئینسان کوشتنی حکومەتەکان بە ناوی دابین کردنی ئەمنییەتی گشتیی لە دەستیان دەربێت و هەمووان باوەڕ بەم ڕاستیە بێنن کە تێکراری قەتڵی نەفسی دەوڵەتی بە ناوی سزای بەرگریکارانە تەنیا مەشروعییەت بە جەنایەتی ئێعدام دەبەخشێت و نیهادینەی دەکات. ئەم ڕژیمە بۆ مانەوەی خۆی پێویستی بە ماشێنی قەتڵ و کوشتار هەیە. ئەم ماشێنە دەبێ تێک بشکێندرێت و ڕابگیرێت. تەنیا بە ڕووخاندنی ئەم ڕژیمەش ئەم ماشێنە دەکرێت بوەستێندرێت.

بێ گومان لە سبەی ڕۆژەدا کە کۆتایی تەمەنی جەنایەتکارانەی کۆماری ئیسلامیی بە ڕەسمی تێدا ڕادەگەیەندرێت، نەتەنیا لەژێر هیچ پاساوێکدا حوکمی زەوت کرانی حەیاتی شەخسی قەبوڵ ناکرێت، بەڵکوو بە فەرمانی شوڕاکانی خەڵک، جەنایەتی جەنایەتکارانی ورد و درشتی کۆماری ئیسلامیی لە ڕێگای دادگاکانی خاوەن سەڵاحییەتەوە شیاوی بەدوادا چوون دەبێت، بەڵام لەدژی هیچ کەس حوکمی ئێعدام ده‌رناکرێت.