کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

شەپۆلی بێکار سازییەکان لەگەڵ قەرارداده‌ کاتییه‌كان

ڕۆژی پێنجشەممە ٦ی مانگی پووشپەڕ، محەممەدڕه‌زا تاجیک سەرۆکی “مەجمەعی نوێنەرانی کریکاران” ی ڕژیم لە ئوستانی تاران لە وتووێژێکدا لەگەڵ” ئیلنا” هەواڵنێریی کاری کۆماری ئیسلامیی ئیعتیڕافی کرد کە:” دەنگی ١٧٩ی دیوانی عەداڵەتی ئیداری، بووه‌تە هۆی ئەوەیکە قەراردادە کاتییەکان بەرەبەرە ببنە جێگرەوەی قەراردادە دایمەکان. ئەو وتی خەسارەتی لە کرێکاران و چەرخەی بەرهەمهێنان داوە. لەبەر ئەوەی ئەمنیەتی پیشەیی کرێکارانی لەبەین بردووە. لەسەر بنەمای دەنگی دیوانی ” عەداڵەتی ئیداری” لەگەڵ بە ڕەسمییەت ناسرانی قەراردادی کاتی و تەنانەت سپی ئیمزا لە نێوان خاوەنکاران و کرێکاراندا لە لایەن دەوڵەتەوە، خاوەنکاران دەتوانن هەر کاتێک بیانەوێ کرێکاران بەبێ هیچ بەربەستێک دەربکەن. قەراردادی کاتی یەک مانگە ئەو ئیمکانە دەداتە خاوەنکاران کە دوای کۆتایی وادەکە، قەرادادی جیدی لەگەڵ کرێکار یان کرێکارانێک کە بە دڵی خاوەنکاران نین نەنووسن. واتە خاوەنکاران دەتوانن بەبێ سەرئێشە ئەوان دەربکەن. ئەم ئیمتیازەیە کە دەوڵەوتی ئیسلامیی لە ژیان و سفرەی بەڕێچوونی کرێکاران، بە سەرمایەداران دەرەکی و نێوخۆیی دەبەخشێت تا بە خەیاڵی خۆی ئەوان هان بدات بۆ سەرمایەگوزاری کردن لە ئێران. ئەمە چرا سەوزێکە ڕژیم ئەی دات بە سەرمایەداران تا بەبێ هیچ هەزینەیەک لە هێزی کاری هەرزانی کرێکاران کەڵک وەربگرێت و هەرکاتێک ویستی بتوانێ کرێکاران بەبێ دانی مافی بیمەی بێکاری و یان دانی بازخەرید دەربکات.

لەوێوە کە لە ئێرانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی ڕژیمی ئیسلامیی، زۆربەی سەرمایەداران و خاوەنکاران لە بەرپرسان و کاربەدەستان و کەسانی سەربە دەوڵەت و سپای پاسداران و روحانییەکانن، پەسه‌ند کردنی ئەم جۆرە یاسایە بە قازانجی سەرمایەدار و لەدژی بەرژەوەندی کرێکاران چاوەڕوان کراوە. ڕەنگە لەم ڕێگایەدا هه‌ندێک مۆرە لە کاربەدەستانی ڕژیمیش کە بەهەر هۆکارێک پەسه‌ند کرانی ئەم جۆرە یاسایە بە زیانی کرێکاران بناسێنن، لەگەڵ دەم و دەزگا قەزایی و ئەمنییەتییەکانی ڕژیمدا ڕوو بە ڕوو دەبنەوە. پەروەندە سازیان بۆ دەکەن و بە تاوانی ناسراوی بڵاو کردنەوەی درۆ و شێواندنی زەینی گشتی ڕەوانەی دادگا و زیندان دەکرێن.

بەڵام ڕەوچاو کرانی ئەم سیاسەتە لە لایەن ڕژیمەوە یانی قوربانی کردنی بەرژەوەندی کرێکاران و بە ڕەسمییەت ناسینی قەراردادە کاتییەکان تا ئێستا نە تەنیا لە ئێران، بەڵکوو لە هیچ وڵاتێک نەبووه‌تە هۆی ڕاکێشان و ئەنگیزە بۆ گوازرانەوەی سەرمایە بۆ ئەو وڵاتانە. سەرمایەداران کە بەردەوام لە بیری پاراستن و ئەمنییەتی سەرمایەکانیاندان، چۆن ئامادەن سەرمایەکانیان بەرنە وڵاتێکی وەک ئیران کە ئابووریەکی لە حاڵی وەرشکست بوونیدا هەیە؟ ئەوەی تا ئێستا هه‌ندێک لە کەسانی سەربە ڕژیم لە ناوەندە کرێکاریەکانی دەست سازیدا نیگەران کردووە و بۆتە هۆی ئەوەی ڕەخنە لە ئیجرای سیاسەتی قەرادادی کاتی بگرن، نەک دڵسۆزی بۆ کرێکاران و دیفاع لە ئەمنییەتی پیشەیی ئەوان، بەڵکوو لە سەرهەڵدانی ئاخێزە گەورە کۆمەڵایەتییەکانە لە هەموو جێگایەکی ئێراندا کە بەساتی ده‌سه‌ڵاتی ڕژیم تێکەوە پێچێ. بۆیە ئەوان دەبینن کە بێکار سازییەکان بە تایبەت لە بارودۆخێکدا کە توانایی کڕینی کرێکاران بە هۆی قەیرانی قوڵی ئابووریەوە ڕۆژانە کەم دەبێتەوە، چلۆن برسیەتی و هەژاری بە تەواوەتی لە کۆمەڵگایدا زیاد کردووە.

هەواڵنێریی ئیلنا حەفتەی ڕابردوو لە زمان تۆفیقیی سەرۆکی” کومیتەی حەقدەستی کانونی بالای شوڕا ئیسلامییەکانی کاری” ڕژیمەوە ڕایگەیاند کە:” سەوه‌ته‌ی بەڕێچوونی بنەماڵە کرێکارییەکان لە مانگی گوڵانی ئەم ساڵەوە بە نیسبەت بە ٢ مانگی پێشتر زیاتر لە ٧٢ لەسەد گران بووە و گەیشتۆتە، ٦ ملیۆن و ٤٨٠ هەزار تمەن.” کاتێک کە کومیتەی حەقدەستی ژێر سەرۆکایەتی ئەم جیرە خۆرانەی رژیم لە مانگی ڕابردوودا لانیکەمی حەقدەستی مانگانەی کرێکاران بۆ ئەمساڵی یەک ملیۆن و ٥١٧ هەزار تمەن دیاری کرد، سەوه‌ته‌ی بەڕێچوونی بنەماڵەیەکی کرێکاری بە بەرئاوردی ئەو ٣ ملیۆن و ٧٦٠ هەزار تمەن بووە. هەڵبەت ئامار و ئەڕقامی ڕژیم مەسڵەحەتی و غەیرە قابیلی متمانەن. لە هەمان کاتدا کە” کومیتەی سێگانەی دروست کراوی ڕژیم، لانیکەمی مانگانەی کرێکارانی بە یەک ملیۆن و ٥١٧ هەزار تمه‌ن دیاری کردووە، سه‌وه‌ته‌ی بەڕێچوونی بنەماڵەیەکی ٤ کەسی، ٥ هێنده‌ی ئەو واتە ٧ ملیۆن تمەن بووە. ئێستا تەنانەت ئەگەر هەمان ئەڕقامی پێشکەش کراو لە لایەن ڕژیمەوە و هەمان رەوتی ڕوو لە زیاد بوون لەبەرچاو بگرین، سەبەدی بەڕێچوونی بنەماڵەیەک زیاتر لە ٨ ملیۆن دەبێت. لە حاڵیکدا کە لانیکەمی حەقدەستی کرێکارێکی شاغڵ تا کۆتایی ساڵ هەڵبەت ئەگەر کارەکەی لەدەست نەدات، هەمان یەک ملیۆن و ٥١٧ هەزار ته‌مه‌ن دەبێت. ئەوە لە حاڵیکدایە کە بەپێی یاسای کاری بێ ناوەرۆکی ڕژیمی ئیسلامی” لانیکەمی حەقدەستی کرێکاران نابێ لە سەبەدی بەڕێچوونی یەک بنەماڵە کەمتر بێت.” و بەپێی هەمان یاسای کاری ڕژیم” دەوڵەت ئه‌ركداره‌ ئەمنییەتی پیشەیی کرێکاران لە کاری دایمدا زەمانەت بکات. بەڵام ئێستا به‌ پێی ئاماری خودی ڕژیم، ٩٦ لەسەدی کرێکاران تەنانەت لە کاری دایمیشدا بە قەرادادی کاتی کاردەکەن و دەوڵەت بەرپرسایه‌تی لە پێوەند لەگەڵ ئەوان وە ئەستۆ ناگرێت. بەپێی یاسای کاری کۆماری ئیسلامی، کار بە قەراردادی کاتیەوە تەنیا کاتێک ئیجازە پیدراو دەبێت کە خاوەنکار تەنیا بۆ بەڕیوەبردنی کارێکی کاتی و کورت ماوە ژمارەیەک کرێکار دابمەزرێنێ.

بارودۆخی شپرزەی ئابووری کۆماری ئیسلامی بووه‌تە هۆی په‌ره‌سه‌ندنی خێراتری بێکاری کرێکاران لە مانگەکانی ڕابردوودا. ئەحمەد تەوەکولی ئەندامی مەجلیسی دیاریكردنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی نیزام ئیعتیڕاف دەکات کە توانایی کڕینی کرێکاران نیوە بووە و لە ٩ مانگی ڕابردوودا، ٧٤٤ هەزار کرێکار کارەکانیان لەدەست داوە. بەم جۆرە دەوڵەتی درۆ و فریوی ڕووحانی نە تەنیا نەیتوانیوە گرفتی بێکاری چارەسەر بکات، بەڵکوو ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ ژمارەیەکی زیاتر لە خەڵکی ئێران بە سەفی ئۆردوی بێکارانەوە پەیوەست دەبن و بە ناخی هەژاری بە تەواوەتیدا دەچنە خوارێ. هەژاری و بێکاری لە ئاسەوارەکانی قەیرانی سیاسی و ئابووری نیزامی سەرمایەدارییە و تەنیا بە تێکەوەپێچرانی ده‌سه‌ڵاتی ئەم نیزامە زاڵمانەیە و دامەزرانی ده‌سه‌ڵاتی کرێکاری شوڕایی دەسردرێتەوە

بابەتی پەیوەندیدار

ڕژیم، بە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ، گۆڕی خۆی زیاتر هەڵدەکەنێ

-

بەرەو بەرزڕاگرتنی هەرچی شکۆدارتری ڕۆژی جیهانی کرێکاران

-

توندتربونەوەی گوشارەکانی کۆماری ئیسلامی بۆسەر مامۆستایانی مافخواز

-

ڕژیمی ئیسلامی لە سەنگەری سەپاندنی حیجابی ئیجباری، پاشەکشەی پێدەکرێت

-

شەڕ ئامرازێک لە دژی خەڵک، لە خزمەت مانەوەدا

-

ناڕەزایەتی جیهانی لەدژی بەردەوامبوونی جینۆسایدی ئیسرائیل لە غەززە

-