کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

  شۆڕشی ئازادی خوازانەی خەڵکی ئێران و هیوایەک کە خوڵقاندویەتی

 

نوئام چامسکی، ڕوناکبیری چەپ و ناوداری جیهانی لە پەیامێکدا بۆ کۆنفڕانسی” بەهێزکردنی گوزاری شۆڕشگێڕانە لە ئێران” سەبارەت بە شۆڕشی ئێران ڕایەکی شایانی سەرنجی دەربڕیوە. پەیامەکەی چامسکی بەم شێوەیە:

” ماوەیەکی زۆرە کە ئێرانیەکان لەژێر دەسەڵاتی ڕژیمێکی بێ ڕەحم و توندڕەودا ئازار دەچێژن و لەم دەیانەی دواییدا بەدەست حوکمڕانێکی مەزهەبیەوە عەزابیان کێشاوە. خەباتی ئازایانە بۆ ژن، ژیان، ئازادی ئیلهامبەخشی کەسانێکە کە ئاواتیان گەیشتن بە دادپەروەری و مافەکانی مرۆڤ لە دنیایەکی بەدوور لە دەمارگرژی و سەرکوت دایە. ئازادی ئێرانیەکان، وەک بابەتێک وەدوا کەوتوە کە هیوادارین بە زووترین کات دەستەبەر بێت، ئەوش دەبێتە خاڵێکی ئەرێنی لە خەبات دا بۆ دەستڕاگەیشتن بە دنیایەکی باشتر و دەبێتە ئیلهامبەخشی هەموو ئێمەش.”

ئەمڕۆ هەشتی فێوریە، قەرارە سەندیکا و یەکێتیە کرێکاریەکان لە چەند وڵاتی ئوروپایی و کانادا بۆ پشتیوانی لە ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی خەڵکی ئێران خۆپیشاندانی بە پێوە ڕاوەستان بەڕێوەبەرن. ئەم ڕێکخراوە کرێکاریانە لە ئوروپا بریتین لە: هێندێک لە یەکێتیە کرێکاریەکان لە بریتانیا، فەڕانسە، ئیسپانیا، دانماڕک، نۆروێژ و سوئێد. کلکتیوی سەندیکایی لە فەڕانسە کە لەلایەن ٥ سەندیکای گەورەی فەڕاسەویەوە پێکهاتوە، بەیانیەیەکی بڵاو کردۆتەوە. لە بەشێک لەو بەیانیەدا هاتووە:

” سەرکوتی خۆپیشانەران ئاوێتەی خوێن ڕشتنە. لە ئێران داواکاری پێکهێنانی یەکێتیەکانی کرێکاران، خۆپیشاندان، مانگرتن و یان دەربڕینی ئەو بیروباوەڕانەی کە ببێتە هۆی ناڕەزایەتی حکومەت، وەک جورم و جەنایەت چاوی لێدەکرێت و حکومەت کەسەکان بە هەموو شێوازێک ئازار و ئەزیەت و ئەشکەنجە ئەدات و زیندانی درێژماوەیان بەسەردا دەسەپێنێ و بە ئێعدامکردنی سەرەڕۆیانە، سزیان ئەدات.”

ئەم پشتیوانیە بەرچاوانە بە شوێن ئەو خۆپیشاندانی دەیان هەزار کەسی و سەد هەزار کەسیانەدا ته‌رح بوون کە کەسانی پێشڕەو لە وڵاتانی شوێنی نیشتەجێ بوونی پەنابەرانی ئێرانیدا بەشدارییان تێدا کردن. پشتیوانیەکان لە دەرەوەی وڵات تەنیا بە خۆپیشاندان بەرتەسک نەبۆتەوە. ژمارەیەک لە هونەرمەندان، خاوەن بیران، چالاکانی بوارە جۆراوجۆرە کۆمەڵایەتیەکانی وەک توێژەرانی مافەکانی مرۆڤ و بزوتنەوەی ژنان و هەروەها ژمارەیەکی بەرچاو لە پارلمانتارە ئوروپاییەکان بە شێوەیەک لە شێوەکان و لەوانە وەئەستۆگرتنی وەکالەتی سیاسی زیندانیانی سیاسی مەحکوم بە ئێعدام و یان لەژێر مەترسی ئێعدامیان لە ئێران پشتیوانیان کردوە.

ئەم پشتیوانیە بەرین و ئیلهامبەخشە لە ناوەرۆکی چەپ، دژی دیکتاتۆڕی مەزهەبی و داکۆکی بە تەواو مانای شۆڕش لە دابینبوونی سەرجەم مافەکانی ژنان، نەتەوەکان و کەمینە مەزهەبیەکانەوە سەرچاوەی گرتوە. ڕاستیەکەی ئەوەیە کە زۆربەی خەڵکی دنیا و لەوانە کرێکاران لە دەست سیستمی قەیران لێدراوی سەرمایەداری، دەوڵەتەکانیان و گەشە کردنی ڕەوتە دەستە ڕاستی، فاشیستی و ڕەگەزپەره‌ستەکان وەگیان هاتون. ئەوان لە ئێستاوە مەترسی وێرانبوونی ژینگەیان بەهۆی لافاوەکان، ئاگر کەوتنەوەکان، شەپۆلی سەرما و گەرمای زۆر هەست پیکردوە. ئەوان بە چاوی خۆیان دەبینن کە ژمارەیەکی کەم لە سەرمایەداران بە هۆی کەڵک وەرگرتن لە هێزی کاری هەرزانی کرێکاران، بەخشینی ماڵیات لە گیرفانی جەماوەری خەڵک لەلایەن دەوڵەتەکانەوە، هەڵگیرساندنی شەڕ و فرۆشتنی چەک لەلایەن ئەوانەوە، داسەپاندنی هەڵاوسانی هەوسارپچڕاو و گرانی کەمەرشکێن، کۆکردنەوەی سود و قازانجی زۆر لە مردن و نەخۆشی خەڵک، بەرزکردنەوەی سودی بانکی و شتی لەم بابەتانە بە تڕلیۆن دۆلاریان سەروەت وەسەریەک ناوە. لە حاڵێکدا کە ٩٠ لەسەدی خەڵکی دنیا هەژار و هەژارتر بوون تا ئاستێک کە یەک ملیارد کەس لەوان برسین و ئەم هەژاری و برسێتیەش ڕوو لە زیادبوونە. شۆڕشی ئێران خەریکە لە شۆڕشێکی سیاسیەوە بەرەو شۆڕشێکی گۆمەڵایەتی دەچێت.

حوزوری زیاتری کرێکارانی مانگرتو و خۆپیشاندەر بە داخوازی هێرشبەرانە و ئاکسیۆنە حەوفتانەکان و بە کۆمەڵی خانە نشینکراوانی کرێکاری و خەباتی زیندانیانی سیاسی ژن و پیاوی چەپ دەرخەری ئەم ڕاستیەیە. ناوەرۆکی چەپی شۆڕشی ئازادیخوازانەی خەڵکی ئێران خەریکە هەرچی زیاتر خۆی پیشان ئەدات. ئەمەش بۆتە هۆی ئەوەی کە ژمارەیەکی بەرچاو لە یەکێتی و سەندیکاکان دەست بدەنە دانی پەیامی جێگای دڵگەرمی و بەڕێوەبردنی ئاکسیۆنی سیاسی و پشتیوانی کردن. ئەم ڕستە مانادارە لەلایەن بیرمەندێکی گەورەی وەک نوئام چامسکیەوە هەر لەم ڕاستیەوە سەرچاوەی گرتوە کە نووسیویەتی:

” ئازادی ئێرانیەکان، وەک بابەتێک وەدوا کەوتوە، کە هیوادارم بە زووترین کات دەستەبەر بێت، خالێکی ئەرێنیش دەبێت لە خەبات بۆ دەستەبەربوونی دنیایەکی باشتر و دەبێتە ئیلهامبەخشی هەموو ئێمەش.”

 

 

 

 

 

بابەتی پەیوەندیدار

ناڕەزایەتی جیهانی لەدژی بەردەوامبوونی جینۆسایدی ئیسرائیل لە غەززە

-

داماویی و بێدەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی لە ئاست ژنانی ئازادپۆش

-

بۆ یادی قوربانیانی کۆمەڵکوژی ئەنفال

-

بەهەموو هێزەوە دژ بە شەر ئەنگێزان؛ پێویستی ئاپارتایدی یەهوودی و ئاپارتایدی شیعە بە شەڕ، ڕاگەیاندنی هاوبەشی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و ڕێکخراوی کرێکارانی شۆڕشگێڕی ئێران (ڕاهی کارگەر)

-

هێرشی سپای پاسداران بۆ سەر ئیسرائیل: شەرمەزارکردنی شەڕخوازی هەردوولا

-

نوێژی بێ ڕەونەقی هەینی تاران، گەندەڵکار پاداشتیش وەردەگرێت

-