کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

شکستی کۆماری ئیسلامی لە داسەپاندنی فەرهەنگی ئیسلامی بەسەر کۆمەڵگەدا

ناڕەزایەتیە بەرینەکانی مانگی بەفرانبار، دیمەنگای دەرێژەی حاکمیەتی کۆماری ئیسلامی بۆ سەرانی باڵەکانی نێوخۆی ڕژیم زیاتر تاریک و لێڵ کردوە. دوای کپ بوونەوەی کاتی ئاخێزی جەماوەری لە شارەکانی ئێران، ئێستا هەر یەک لە باڵەکانی نێوخۆی حاکمیەت لەگەڵ بە خەتابار زانینی لایەنی بەرانبەر لە سەرهەڵدانی ناڕەزایەتیەکان، لەسەر دروستی ئیستراتیژی خۆیان بۆ مانەوەی ڕژیم زیاتر پێداگری دەکەن و ناکارایی ئیستراتیژی لایەنی بەرانبەر وەک یەکێک لە هۆکارە کاریگەرەکان لە سەرهەڵدانی ناڕەزایەتیەکان دەناسێنن.

لەم نێوانەدا جارێکی تر بابەتی بە ئیسلامی کردنی زانکۆکان، لە کۆڕ و کۆمەڵە حکومەتیەکاندا زیادی کردوە. نیگەرانی سەرانی ڕژیم لەم روەوە شیاوی دەرکە، دیمان ئاخێزی خەڵکی زەحمەتکێش و بێبەشی کۆمەڵگا لەدژی هەژاری و بێکاری و گەندەڵی، بەخێرایی لە زانکۆکاندا دەنگدانەوەی بووە و بزوتنەوەی خوێندکاری لە پاڵ بزوتنەوەی بێبەشانی کۆمه‌ڵگەدا قەراری گرت. بزوتنەوەی خوێندکاری لە پەرەسەندن و سەرتاسەری بوونەوەی ئاخێزەکانی مانگی بەفرانبار دەورێکی بەرچاوی هەبوو. بەپێی ئەو ئامارانەی ئیرایە دراون لەم جەریانەدا لانیکەم ١٣٠ کەس لە خوێندکاران گیراون، کە گەلێکیان هێشتا لە زیندانەکانی ڕژیمدان. باڵی ئوسولگەرای ڕژیم لە ڕاستای سیاسەتە سەرکوتگەرانەکانی بە ئیسلامی کردنی زانکۆکاندا، لە بەرەو روو بوونەوە لەگەڵ بزوتنەوەی خویندکاریدا جارێکی تر وێڕای ئەزیەت و ئازاری زیاتری خوێندکاران دەستی دایە دەرکردنی ژمارەیەکی تر لە مامۆستایانی زانکۆکان. فەرهاد ڕەهبەری سەرۆکی زانکۆی ئازادی ئیسلامی، کە لە دەورەی ئەحمەدی نیژاد دا ٦ ساڵ سەرۆکی زانکۆی تاران بوو وە پێشینەیەکی بێزراوی لە بەرخورد لەگەڵ خویندکاران و ئەستێرەدار کردنیان و دەرکردنی مامۆستایان و چەسپاندنی گەیتی ئەمنیەتی لە زانکۆدا هەیە، رۆژی چوارشەممە ٩ ی مانگی ڕەشەمە جارێکی تر بە پشتیوانی لە دەرکردنی مامۆستایان وتی:” مودیریەتی زانکۆ هیچ ئوستادێک کە ” لەتمە لە دین، قەورئان و پێغەمبەر بدات” تەحەمول ناکات. ئەوە لە درێژەدا وتی:” هێندێک لە مامۆستایان ئیعتقادی دانشجویان قەلع و قەمع دەوکەن و بە وڕێنە دەیانەوێ ئیمانی خوێندکاران بخەنە ژێر کاریگەری خۆیانەوە.” عەلی ئەکبەر ویلایەتی سەرۆکی هەیئەت ئومەنای زانکۆی ئازادیش هەمان رۆژ لە وڵام بە حەسەن روحانی وتی:” هندێک کەس سوئیستیفادە دەکەن. بابەت فیزیکی ئیسلامی و رۆژئاوایی نییە جیاوازی لە دنیا بینیەکاندایە. سیستمی ئاموزشی دەبێ خودا مێحوەر بێت.” ئەو بە سەرکەوتو ناوبردنی حەوزە عیلمیەکان وتی:” حەوزەکان نمونەی سەرکەوتون لەبەر ئەوەی نفوزی فەرهەنگی بێگانە لە حەوزەکاندا مومکین نییە. حەوتوی ڕابردو حەسەن روحانی لە جێژنوارەی خارزمی بە هێرشی ناڕاستەوخۆ بۆسەر سیاسەتی خامنەیی و باڵی ئوسولگەرا لە پێوەند لەگەڵ گەڵاڵەی بە ئیسلامی کردنی زانکۆکان و دەورێکی تر لە تەسویەی سیاسی مامۆستایان و خویندکاران وتی:” ئێمە دەبێ لە ڕشتەی تەخەسوسی عیلم و دانشدا پێوەندیمان لەگەڵ دنیادا هەبێت. دابەش کردنی زانست بە ئیسلامی و نا ئیسلامی نا دروستە. ئەمە راست نییە کە ئێمە بە مامۆستایان و توێژەرەوانی خۆمان بە گومان بین. ژمارەیەک کەس پێیان وایە پێویستمان بە زانکۆ نییە و بوونی حەوزەکان بۆ چارەسەری کێشەکان بەسە.” روحانی کە ئێستا بۆ بەدوادا چوونی سیاسەتە نیئۆلیبڕاڵیەکانی بەڕواڵەت لەگەڵ بە ئیسلامی کردنی زانکۆکان دژایەتی دەکات، سێ ساڵ لەوەپێش لە نامەیەکدا ڕێزی لە حوکمی خامنەیی لە پێوەند لەگەڵ ” موهەندیسی فەرهەنگی و ئاڵوگۆڕ لە زانستی ئینسانی و نیزامی ئاموزشی وڵات”، کە هەمان بە ئیسلامی کردنی نیزامی ئاموزشییە، گرتبوو. بەڵام ئێستا بە خەیاڵی خۆی بۆ پەیگیری کردنی سیاسەتە ئابووریەکانی دەوڵەتەکەی لە ڕاستای فەراهەم کردنی زەمینە بۆ ڕاکێشانی سەرمایە گوزاری دەرەکی ڕەنگ دەگۆڕێت و هێرش دەکاتە سەر باڵی ڕەقیبی کە:” زانست سنور ناناسێت و نابێ زانست بەسەر ئیسلامی و نائیسلامیدا دابەش بکرێت.”

هەوڵدان بۆ بە ئیسلامی کردنی زانکۆکان و ناوەندە ئاموزشیەکان لە سەرەتای هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامیەوە بەردەوام لە دەستوری کاری ئەم ڕژیمەدا بووە. لە ساڵی ١٣٥٩ دوای هێرش کرانەسەر زانکۆی تاران بە فەرمانی بەنی سەدر بە ئامانجی سەرکوتی خویندکارانی چەپ و کومونیست، خومەینی دەستوری دامەزراندنی” ستادی شۆڕشی فەرهەنگی” بە ئامانجی ئیسلامی کردنی زانکۆکان دەرکرد. ئەم ستادە کۆنەپەرستە کە دواتر بوو بە ” شورای باڵای ئینقلابی فەرهەنگی”، بە ئەمنیەتی کردنی فەزای زانکۆکان و ئەستێرەدار کردن و دەرکردنی خویندکاران و مامۆستایانی چەپ و هێرش کردنە سەر دەفتەری تەشەکولە سەربەخۆ خویندکارییەکان و دروست کردنی ئاڵوگۆڕ لە ڕاستای بە ئیسلامی کردنی ناوەرۆکی کتێبە دەرسیەکان دەرێژەی پێدرا. گەلێک ئۆرگان و ناوەندی سەرکوت و بڵاوکەرەوەی جەهل و خورافەیان لە زانکۆکاندا دروست کرد. بۆ سەرکوت و کۆنترۆڵ کردنی خوێندکاران کۆمیتەی ئینزباتی، حەراسەتی زانکۆ، دەفتەرەکانی ئیتلاعات و سپا و وەزارەتی ئیتلاعات، ناوەندی نوێنەرایەتی ڕێبەری لە هەموو زانکۆیەکدا بە هەزینەی زۆرەوە دامەزران. لە راستای بە ئیسلامی کردنی زانکۆکان، نوێژی هەینیەکان کێشرانە نێو زانکۆکانەوە. ئەمانە بەشێکن لەو هەوڵانە کە ڕژیم لەترسی بزوتنەوەی خوێندکاری ئەنجامی داون.

بەم حاڵەوە ئێستا دەبینین سەرانی ڕژیم لە گشت باڵەکان دانی پێدادەنێن کە حکومەتی ئیسلامی لە بەروپێش بردنی سیاسەتی بە ئیسلامی کردنی زانکۆکان و چەسپاندنی ئاموزشی ئیسلامی شکستی خواردوە. هەریەک لە باڵەکان تاوانی ئەم شکستە دەخاتە ئەستۆی ئەویتر. بەڵام لە ڕاستیدا ئەوە بێ ڕەبتی و خورافی بوونی تەفەکوری کۆنەپەرستانەیە کە لە بەرانبەر بەرەوپێش چوونی زانستی مادی و فەننیدا شکست دێنێ. کۆماری ئیسلامی نەیتوانیەوە و نەیویستوە ڕەوتی تەکامولی کۆمەڵگا بگێڕێتەوە بۆ دواوە. لە سەدەی بیست و یەک دا سەرانی ڕژیم بێهودە هەوڵ ئەدەن، لە زانکۆکانی ئێراندا دەرسەکانی وەک” قورئان و سیاسەت، سیرەی سیاسی پێغەمبەر و ئیمامەکان، ئەندیشەی سیاسی خومەینی و خامنەیی، دەفاعی موقەدەس، و بەناو ڕەنگدانەوەی شۆڕشی ئیسلامی” بە جێگای زانسی بنەرەتی ئابووری، فەلسەفە، تاریخ و بنەماکانی مافی سیاسی و مەدەنی و کۆمەڵناسی زانستی، دەرخواردی خوێندکاران بدەن. سەرانی حکومەت بە نەزانیەوە هەوڵ ئەدەن هۆکاری شکستی سیاسەتە فەرهەنگیەکان و فەراری مەغزەکان بگێڕنەوە بۆ دەستێوەرادنی بێگانەکان و پیلانی دوژمنانی نێوخۆیی و دەرەکی نیزام بەلای خەڵکەوە. ئیسلامی سیاسی چ لە شێوەی ئیفراتی و داعشیەکەیدا، چ لە شێوەی محافزەکار و ئوسولگەراکەی و چ لە شێوەی لیبڕاڵ و ئیسلاح خوازەکەیدا، لە بەرانبەر نیازی کۆمەڵگا بە تەکامول و کامڵ بوون، وه‌ستاوه‌ته‌وه‌.

ماهیەتی چەوسێنەرانە و سەرمایەدارانەی ڕژیمی ئیسلامی و سیاسەتە کۆنەپەرستانە و دژی ئینسانیەکانی ڕژیم لەکەس شاراوە نییە. زانکۆکان هەمیشە سەنگەری خۆڕاگری و یەکێک لە ناوەندە سەرەکیەکانی ناڕەزایەتی و خەبات لەدژی حاکمیەتی دیکتاتۆڕی و یاسا کۆنەپەرستەکان بووە و دەبێت. کردار و سیاسەتەکانی ئەم ڕژیمە بەردەوام لەگەڵ دیواری پتەوی خۆڕاگریی خوێندکاران و دانش ئاموزان، مامۆستایان و موعەلیمانی تێکۆشەر و ئازادی خواز بەرەو روو بۆتەوە. زۆری پێناچێت کە بزوتنەوەی خوێندکاری لەگەڵ بزوتنەوەی کرێکاری و باقی بزوتنەوە کۆمەڵایەتیەکان لە ئاخێزڕکی گشتیدا، ترس و نیگەرانی ڕژیم دەکەنە ڕاستی و حکومەتی ئیسلامی سەرمایەش بە تۆفانی ڕوخێنەری خۆیان دەخەنە زبڵدانی مێژوەوە.

بابەتی پەیوەندیدار

خەبات لە دژی هەژاری، لە سەر بەستێنی ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی ژن، ژیان، ئازادی

-

ڕۆژی مامۆستا لە ئێران بەرز ڕاگیرا

-

دروشمەکانی ڕۆژی جیهانی کرێکار، زیادکرنی حەقدەست و مووچە، ڕاگرتنی جینۆساید لە غەززە

-

نەریتی ڕێزگرتن لە ڕۆژی جیهانی کرێکار لە کوردستان

-

وتارێک بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی ئەمن کردنی کار

-

کەمپینی هاوپشتی لەگەڵ خەڵکی فەلەستین تا دێت بەربڵاوتر دەبێت

-