ڕۆژی شەممە دووی خاکەلێوەی ١٤٠٤ بە بیانووی بۆنەیەکی ئایینی تایبەتی شیعە، کۆمەڵێک لە خەڵکی تورکزمانی شاری ورمێ، بەپێی بانگەوازی مەلایەکی شیعە کۆبوونەوە. ئەم کۆبوونەوەیە کە دەیتوانی چالاکییەکی ئاسایی و ساڵانەی پەیڕەوانی ئەم ئایینە بێت، بە شێوەیەکی ئاگاهانە لەلایەن ناسیونالیستە پان تورکەکانەوە کرایە ئامرازێک بۆ دروستکردنی ناکۆکی و دووبەرەکی لە نێوان خەڵکی کورد و تورکی ورمێ. وەک هەمیشە بە چاوپۆشی و تەنانەت هاوکاری ناوەندە ئەمنیەکانی کۆماری ئیسلامی و چەند کەسێک لە ئەندامانی شۆڕای شار و کۆمەڵێک کەسی دەمارگرژ و “ئاتەش بە ئیختیار”ی کۆماری ئیسلامی کە بۆ خەڵکی ئێران ناسراون، بە پاس لە ناوچە جیاوازەکانی ئازەربایجانی ڕۆژاواوە کۆکرابوونەوە و هێنرابوونە شوێنی کۆبوونەوەکە. ئەوان کە بە ژمارەیەکی زۆر خۆیان خزاندبووە نێو جەماوەرەکە، بەپێی پلانێکی لەپێشدا داڕێژراو، کۆپاڵ بەدەست دەستیان کرد بە دانی دروشم لە دژی خەڵکی کورد.
سێ ڕۆژ پێشتر، ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی کورد کە لە نێویاندا کۆمەڵێکی بەرچاو خەڵکی تورکزمانیش بەشداربوون، ڕێوڕەسمێکی شکۆداری نەورۆزیان لە مەیدانی تیری ورمێ بەڕێوەبرد. ئەو ڕێوڕەسمە نەورۆزییە کە هەڵپەڕکێ و گۆرانی و داگیرساندنی ئاگر و دەربڕینی شادی و خۆشی لەخۆگرتبوو، لە کەشێکی ئارام و بەدوور لە هەر چەشنە دروشم و ئەکتێکی نەخوازراوی نەتەوەیی یان ئایینی، بەڕێوەچوو. لەم نێوەندەدا پان تورکەکان کە لەلایەن ناوەندە ئەمنیەکانی کۆماری ئیسلامییەوە هاوکاری و پشتگیری دەکرێن، دەرفەتەکەیان بۆ داڕشتنی پیلانێکی دزێو و مەترسیدار، بە گونجاو زانی و هەوڵیان دا کە ئاڵۆزییەکی فیرقەیی و نەتەوەیی لە ئاستی شاردا دروست بکەن. بەڵام بەخۆشییەوە هەواڵەکان لە ورمێوە ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەم پیلانە بە وشیاری جەماوەری تورک و کوردی ئەم شارە، پووچەڵ کراوەتەوە.
ورمێ لە مێژە شارێکی فرە نەتەوە بووە و خەڵکی کورد و تورک و ئەرمەنی، پەیڕەوانی شیعە و سوننی و مەسیحی، بەردەوام لە پەنای یەکتردا بە ئاشتی ژیاون. لە شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادیشدا پێکەوە بوون. ئەوان خەڵکێکی هاوچارەنووسن کە کۆماری ئیسلامی بە پێشێلکاری مافە سەرەتاییەکانی خۆیان دەزانن. کۆماری ئیسلامی بە شێوازی جۆراوجۆر هەوڵ دەدات ئەم یەکگرتووییە تێکبدات.
سەدان ساڵە خەڵکی کوردزمان و تورکزمان لە دراوسێتی یەکتردا ژیاون. لە چیاکانی ڕۆژاواوە تا دەشتەکانی ئازەربایجان، ئەم پێکەوەژیانە نەک هەر نیشاندەری کارلێکی کلتووری، زمانی و کۆمەڵایەتییە، بەڵکوو بەڵگەیە لەسەر توانایی کۆمەڵگە جیاوازەکان بەپێی شوناسی هاوبەشی مرۆڤایەتی، بۆ دروستکردنی داهاتوویەکی هاوبەش. بەڵام بەم حاڵەشەوە لە ماوەی ٤٦ ساڵی ڕابردوودا، لەلایەن کۆماری ئیسلامی و کۆنەپەرستانی خۆجێیی کورد و تورکەوە هەوڵێکی زۆر دراوە بۆ تێکدانی ئەم پەیوەندییە دێرینەیە.
ناوچەکانی ڕۆژاوا و باکووری ڕۆژاوای ئێران، لە ورمێ و نەغەدەوە تا میاندواو، بەستێنی یەکگرتووییەکی قووڵی نێوان کورد و تورکن. لەم ناوچانەدا، جیاوازییە زمانی و ئایینییەکان نەک وەک بەربەست، بەڵکوو وەک دەرفەتێک بۆ دەوڵەمەندیی کلتووریی ڕۆڵیان گێڕاوە. پەیوەندی ئابووری و بەشداریکردن لە جەژن و ڕێوڕەسمە خۆجێییەکان، نیشاندەری ئاستی بەرزی متمانە لە نێوان هەر دوو بەشی ئەم خەڵکەدایە. بەتایبەتی لە شارەکانی وەک ورمێ، بنەماڵەکانی کورد و تورک چەندین دەیەیە بە پێکهێنانی پەیوەندی خزمایەتی، شوناسی خۆیان سەرلەنوێ لە چوارچێوەیەکی بەدەر لە نەتەوەیی، پێناسە کردووەتەوە. ئەم ڕاستییە، بەڵگەیەکی حاشاهەڵنەگرە لەسەر هەڵە بوونی ئەو لێدوان و ڕەوایەتە توندڕەوانەی کە ناکۆکییەکان بە پرسێکی بنەڕەتی و چارەهەڵنەگر دەزانن.
کۆماری ئیسلامی ئێران، بە پەیڕەوی لە سیاسەتی کۆلۆنیالی ناسراوی “ناکۆکی بنێوە و حکومەت بکە” بە سیاسەتە جیاکارییەکانی خۆی، بە ئانقەست گرژی و ناکۆکی نەتەوەیی پەرە پێداوە. لەلایەکی ترەوە، حکومەتەکانی تورکیە و ئازەربایجان، بە سوودوەرگرتن لە لێدوان و ڕەوایەتی پان تورکیزم، هەوڵ دەدەن ناسنامەی تورکەکانی ئێران بکەنە ئامرازێک بۆ کاریگەری ژیۆپۆلیتیکی خۆیان لە ناوچەکەدا. نابێت ئەوەش لەبیر بکەین کە گرووپ و لایەنە ناسیونالیستەکانی کوردیش بەوپەڕی کورتبینی و بەپێی بەرژەوەندی بەرتەسکی خۆیان، لە هەندێک حاڵەتدا ئاگری ئەم ناکۆکیانەیان باوەشێن کردووە.
دانیشتووانی کورد و تورکی ئێران، سەرەڕای جیاوازییە زمانییەکان، هەردووکیان لە زومرەی قوربانیانی سیستەمێکی سەرکوتگەرن. ئابووری لاواز، نایەکسانی لە گەشەپێدانی ژێرخان، کۆسپ و لەمپەرە کلتوورییەکان و پێشێلکرانی مافەکانی هاووڵاتی بوونیان، لە زومرەی ئەو بەربەستانەن کە هەردوو لا لە گەڵیدا بەرەوڕوون. بۆ نموونە، بێکاری گەنجان لە شارە کوردنشین و تورکزمانەکاندا وەک یەک، لە ئاستی قەیراندایە، ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی ژن، ژیان، ئازادی، نموونەیەکی بەرچاوی هاوپشتی خەباتکارانەی کۆمەڵانی خەڵکی خاوەن شوناس و ناسنامەی جیاواز بوو. ئاخێزی خەزەڵوەری ٩٨ کە تەقینەوەی ڕق و تووڕەیی پەنگخواردووی جەماوەر بوو لە دژی هەژاری و دیکتاتۆری، سنوورە نەتەوەییەکانی تێپەڕاند. ئەم ڕاستییانە دەیسەلمێنن کە یەکگرتوویی خەڵکی کورد و تورک، نەک هەڵبژاردەیەک، بەڵکوو پێویستییەکی ستراتیژییە بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ ڕەگ و ڕیشەی هاوبەشی ئەو ستەمانەی کە بەرامبەر بەم دوو نەتەوەیە بەڕێوە دەچێت.
بە پشتبەستن بە هاوپشتی و هاوخەباتی مرۆڤە هاوچارەنووسەکان، دەبێت دژ بە سیاسەتی پیلانگێڕی و دووبەرەکی نانەوە ڕابوەستین. پێویستە پڕوپاگەندەی ژەهراوی گرووپە ناکۆکیخوازەکانی سەر بە هەردوولایەن، بە بەهێزکردنی گوتاری هاوبەش، پووچەڵ و ڕیسوا بکرێنەوە. لەو شار و ناوچانەی کە خەڵکی کورد و تورک لە پەنای یەکتردا دەژین، دەبێت هەوڵی دروستکردنی ناوەند و دامەزراوە فرە نەتەوەییەکان بدرێت بە مەبەستی چارەسەرکردنی کێشە خۆجێییەکان. پێویستە کرێکارانی کورد و تورک هاوپشتی و هاوخەباتی خۆیان لە ڕێکخراوە چینایەتییەکاندا پتەوتر بکەن. ژنان کە لە هەردوولا بە یەک ئەندازە ستەمی پیاوسالاری و سیستەمی کۆنەپەرستی حاکم، لەسەر شانیان قورسایی دەکات، دەبێ بۆ ڕزگاربوون لەم ستەمە کارەساتبارە، دەست لەناو دەستی یەکتر بنێن. ئەو خەڵکەی کە لە هەردوو لا ئازاری ستەمی نەتەوەیی دەچێژن، نەک هەر نابێت ببنە یاریی دەستی دوژمنە هاوبەشەکانیان، بەڵکوو بە پشتبەستن بە خاڵە هاوبەشەکانیان، سەنگەرێکی هاوبەش لە بەرامبەر دیکتاتۆری و کۆنەپەرستیدا دابمەزرێنن. تەنها لەمڕووەوەیە کە دەکرێ دڵخۆش بە داهاتوویەک بین کە تێیدا “جیاوازییەکان”، نەک وەک هەڕەشە، بەڵکوو وەک دەرفەت چاوی لێبکرێت.