کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

سیناریۆیەک کە بۆنی شەڕ و خوێنی لێدێت!

لەم ڕۆژانەی دواییدا هێندێک لە کردار و تەبلیغاتی جەنگی سەرانی حکومەتی عەرەبستانی سعودی لەدژی کۆماری ئیسلامیی، نیگەرانی بەرپا بوونی شەڕێکی تر لە ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا پەرە پێئەدات. ئەم نیگەرانیانە دوای ئەوە زیاتر بوون کە ڕۆژی شەممە ١٣ی مانگی خەزەڵوەر بەرابەر لەگەڵ ٤ی نۆوامبر ڕاگەیەنرەکانی عەرەبستان ڕایانگەیاند کە پەدافەندی ‌هێزی هەوایی ئەو وڵاتە مووشەکێکی دوور هاوێژی لە نزیک فڕۆکەخانەی ڕیاز لەبەین بردووە. دوای ڕاگەیاندنی ئەم هەواڵە محەممەد بن سەلمان، وەلیعەهدی عەرەبستان لە وتووێژێکی تەلەفونیدا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی بریتانیا، ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی بە هۆکاری کرداری ڕاستەوخۆ لەدژی وڵاتەکەی ناساندووە و وتوویەتی، “کرداری ڕژیمی حاکم لە ئێران سەبارەت بە تەیار کردنی مووشەکی حووسیەکان لە یەمەن دەتوانێ وەک کردارێکی جەنگی چاوی لێبکرێت.”دوناڵد ترامپ” یش ڕۆژی یەکشەممە، هاویشتنی مووشەک لە یەمەنەوە بەرەو عەرەبستانی، بە کاری ڕژیمی ئیسلامیی ئێران زانی و وتی کە سیستمە دژی موشەکییەکانی ئەمریکایی جێگیر لە عەرەبستانی سعودی ئەو مووشەکەی خستووه‌ته‌ خوارێ. بەشوێن ئەودا هاوپه‌یمانێتی ژێر ڕێبەریی عەرەبستان ڕۆژی دووشەممە ١٥ی مانگی خەزەڵوەر لە ڕاگەیاندنێکدا ” دەور و نەخشی ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی لە پێوەند لەگەڵ هاویشتنی ئەو مووشەکەدا بە ” کردارێکی هێرش کارانەی ڕوونی نیزامی لێکدایەوە کە دەکرێ بە کردارێکی جەنگی لەدژی پاشایەتی عەرەبستانی سعودی دابندرێت.” ” فەرماندەیی ئیئتیلاف هەروەها جەخت دەکاتەوە کە پاشایەتی عەرەبستان مافی وڵامدانەوەی بە ئێرانی لەهەر کات و بە هەر شێوەیەکی گونجاوی هەیە.”

بەشوێن هەڵوێست گرتنەکانی عەرەبستان و هاوپه‌یمانێتی ژێر فەرمانی، محەممەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ڕژیمی ئیسلامیی ئێران وێڕای ڕەد کردنەوەی ئەم ئیدیعایانە، هەڵسوکەوتی دەوڵەتی عەرەبستانی بە هەڕەشە بۆ مەترسی روودانی شەڕ لە کەنداوی فارس دا زانی. محەممەدعەلی جەعفەری، فەرماندەی سپای پاسدارانیش، ئیدیعاکانی سەرانی عەرەبستان و سەرۆک کۆماری ئەمریکای وەدرۆ خستەوە و وتی:” کە ئیمکانی گوازرانەوەی مووشەک لە ئێرانەوە بۆ یەمەن بوونی نییە”. بە شوێن هەڕەشەکانی دەوڵەتی عەرەبستاندا، کاربەدەستانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی تەنیا کارێکی کردوویانە ڕەد کردنەوەی ئیدیعاکان نەبووە، بەڵکوو دادستانی تارانیش ڕۆژنامەی کەیهانی لەبەر بڵاو کردنەوەی بابەتی هەڵخڕێنەر کە سەبارەت بە هێرشی مووشەکی بۆسەر عەرەبستانی سعودی نووسیبوو وە لەبەر ” سەرنج نەدان بە ڕەچاو کردنی ئەمنییەت و بەرژەوەندییە نەتەوەییەکان” بۆ ماوەی دوو ڕۆژ ڕاگرت. ڕۆژنامەی کەیهان ڕۆژی دووشەممە لە بابەتێکدا نووسیبوی” ئێستا ئەوە ئەنسارۆڵڵا و شۆڕشگێرانی یەمەنن کە دیاری دەکەن دەبێ کوێ بدرێتەبەر مووشەکی دوور هاوێژ؛ ڕەنگە ڕیاز، جەددە، تائیف و ئارامکۆ ئامانجی دواتر بێت و یان ڕەنگە ئەنسارۆڵڵا نوکی مووشەکەکانی وەرگێڕێ بەرەو بەندەری شوشەیی تەڕو تەمیزی دوبەی”. بەپێی راپۆرتی هەواڵنیرییە حکومەتییەکان دادستانی تاران ڕۆژنامەی کەیهانی لەبەر شکایەتی شوڕای ئەمنییەتی نەتەوەیی ڕاگرتووە.

توند بوونەوەی ئەم ناکۆکیانەی نێوان عەرەنستان و ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی هاوکات بووە لەگەڵ دەست لەکار کێشانەوەی سەعد حەریری سەرۆک وەزیری لوبنان. دوا نیوەڕۆی ڕۆژی شەممە ١٣ی مانگی خه‌زه‌ڵوه‌ر، سەعد حەریری لە حاڵێکدا کە چووبوو بۆ عەرەبستان دەست لەکار کێشانەەی خۆی لە سەرۆک وەزیری لوبنان ڕاگەیاند. ئەو لە وتارێکدا ئیستعفاکەی بە دەربڕینی نیگەرانی سەبارەت بە نائەمنی گیانی خۆی، ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی بە هۆکاری دەست تێوەردان لە کاروباری لوبناندا ناساند.

دەست لەکار کێشانەوەی سەرۆک وەزیری لوبنان کە بێ گومان لەژێر گوشار و بەپێی نەخشەی دەوڵەتی عەرەبستانی سعودی و لە بەرانبەرکێ لەگەڵ مێحوەری حیزبۆڵڵا ، سوورییە و ڕژیمی كۆماری ئیسلامیی ئێران ئەنجام دراوە ئەم پرسیارە دێنێتە ئاراوە، کە ئایا ئیستعفای حەریری سەرەتایەکە بۆ ئەوەی لوبنانیش ببێتە مەیدانی شەڕێکی نیابەتی هێزە کۆنەپەرستەکانی عەرەبستانی سعودی و ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی لە ڕێگای هاوپەیمانەکانیانەوە؟ ئایا دوای شەڕە نیابەتیەکان لە سوورییە، عێڕاق و یەمەن و کوشتار و ئاوارە بوونی خەڵکی ئەم وڵاتانە، ئەمجار نۆرەی خەڵکی لوبنانە کە ببنە قوربانی ئاگر بارانی دەوڵەتی ئیسڕائیل و شەڕی وێرانگەری حکومەتە سەرمایەداریە ئیسلامییەکانی عەرەبستانی سعودی و ڕژیمی كۆماری ئیسلامیی ئێران لە خاکی خۆیاندا؟ ئایا دەوڵەتی عەرەبستان بە توند کردنەوەی ئەم ناکۆکیانە و گەورە کردنەوەی ڕۆڵی ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی لە قەیرانی یەمەن و سوورییەدا دەیەوێ پێی ئەمریکا بکێشێتە بەرەو ڕووبەرووبوونەیەکی ڕاستەوخۆی نیزامی لەگەڵ ئەم ڕژیمە لە ئاستی ناوچەکەدا؟ ئەگەرچی لەم سیناریۆیانەدا بۆنی شەڕ و خوێن بەر لوت دەکەوێ، بەڵام بارودۆخی پڕ لە ئاڵوگۆڕ و مەوقعیەتی لە حاڵی گوزاری ناوچەی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، ئەو قەیرانە قوڵە ئابووری و حکومەتیانەی کە ڕژیمی عەرەبستانی سعودی و کۆماری ئیسلامیی لە ئاستی نیوخۆیی و لە ئاستی ناوچەکەدا لەگەڵی دەستەویەخەن و لە لایەکی دیکەوە هەوڵی دەوڵەتی ئەمریکا بۆ بە دەست هێنانەوەی مەوقعیەتێک کە بۆتە بەشێک لە مێژوو، ئەگەری ڕوودانی ئەم سیناریۆیەی زیاتر کردووە. ڕوودانی سیناریۆی بەرەو ڕووبوونەوەی ڕاستەخۆی ئەمریکا لەگەڵ ڕژیمی ئیسلامیی هەرچەند بە هۆی ئەو فاکتۆڕ و کۆسپانەی لەسەر ڕێدا هەن لاواز دەبیندرێت، بەڵام بە سەرنجدان بە ئاستێکی کارەساتبار کە ڕوودانی ئەم سیناریۆیە دەتوانێ بە دوای خۆیدا بێنێ لە ئێستاوە هەستیاری سەرجەم هێزە شۆشگیڕەکان، و ئینسانە ئازادیخوازەکان دەخوازێت.

بەشوێن توند بوونەوەی ناکۆکییەکانی نێوان ڕژیمی کۆماری ئیسلامی و عەرەبستانی سعودی بە پێچەوانەی هەڵوێست گرتنی ئەمریکا، فدریکا موگرینی، بەرەپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئۆرووپا ڕۆژی سێشەممە ١٦ی مانگی خەزەڵوەر بەرابەر لەگەڵ ٧ ی نۆوامبر لە دیدار لەگەڵ کاربەدەستانی ئەمریکایی لە واشنگتۆن وتی کە ناکۆکی ئێستای ڕۆژهەڵاتی ناوه‌ڕاست لە نێوان عەرەبستان و ئێراندا دەتوانێ دواهاتی گەلێک مەترسیداری بەدواوە بێت. ئەو جەختیکردەوە ” ناکۆکی ئێستا لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوه‌ڕاستدا دەکرێ کاریگەری واوەتری لەو ناوچەیە هەبێت و بیتەنێتەوە بۆ دەرەوەی ناوچەکەش.” ئەم هەڵوێست گرتنەی یەکێتیی ئۆرووپا، دژایەتی دەوڵەتی تورکییە وەک هاوپەیمانی ئەمریکا لە ناتۆدا و دژایەتی دەوڵەتی رووسییە لەگەڵ ئیجرای وەها سیناریۆیەک، دەتوانێ بەرەو پێش چوونی نەخشەی دەوڵەتی عەرەبستان و هاوپەیمانە ناوچەییەکانی بۆ ڕاکێشانی ئەمریکا بۆ نێو بەرەوڕوو بوونەوەیەکی راستەوخۆی نیزامی لەگەڵ ئێران توشی کۆسپی جیدی بکات. بێجگە لەوانە نە ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی و نە هیج ڕژیمێکی دیكه‌ تەنیا بە هێرشی ئاسمانی سنووردار بۆسەر چەند له‌نگه‌رگا و دامەزراوەی نیزامی ناڕووخێت، ڕەنگە ڕژیمی ئیسلامیی بە نێعمەتی چەند هێرشی سنوورداری هەوایی گیانێکی تازەی وەربێتەوە. ئەگەر قەرارە شەڕێکی فەرسایشی و بە تەواو ماناش ڕوو بدات، ئەمریکا ناتوانی تەنیا بە پشت بەستن بە هێزی پیادە نیزامی هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکە بەرەو پێشی بەرێت. لە وەها شەڕێکدا بە ناچار بابەتی گیانی سەربازانی ئەمریکایی و هەزینەی قورسی مادیش دێتە گۆڕێ، شەڕێک کە ئەمریکا بە هاسانی ناتوانێ هەزینە قورسەکەی دابین بکات. ئەگەری ئەوەی کە تەڕاحانی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕازی بن بە وەها شەڕێک گەلێک لاوازە.

ئەگەرچی لە جەریانی ناکۆکییەکانی ئەم دواییەدا ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی وادیار بوو کە ترسی لێنیشتوە و لە پێگەیەکی بە تەواوی دیفاعیدا بوو، بەڵام گومانی تێدا نییە کە ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی بە سیاسەتە کۆنەپەرستانەکانی و دخاڵەتگەری وەک پایەکی سەرەکی بارودۆخی مەترسیداری ئێستا بە حیساب دێت. سیاسەتی گشت لایەنەکانی دەرگیر لەم ناکۆکیانەدا ماهیەتی سەرمایەدارانە و کۆنەپەرستانەی هەیە و لە دژایەتی لەگەڵ بەرژەوەندی خەڵکی ناوچەکە دان. لە بەرانبەر ئەم سیناریۆ کارەسات بارانەدا کە هێزە سەرمایەداریە ناوچەیی و جیهانییەکان لە ڕقابەت بۆ دەستەبەر کردنی پێگەیەکی بانتر لە نەزمی داهاتووی ڕۆژهەڵاتی ناوه‌ڕاستدا، خستویانەتە بەردەم خەڵکی ستەم دیتوی ئەم ناوچەیەوە، تەنیا بە هاتنە مەیدانی بەهێزی بزوتنەوەی کرێکاری و جەماوەری ئازاردیخواز و هێزە پێشڕەوە و شۆڕشگێڕەکان لە وڵاتانی ناوچەکە دایە کە دەکرێ داهاتویەکی بە دوور لە شەڕ و خوێن ڕشتن و ڕزگاریدەر بۆ خەڵکی ڕۆژهەڵاتی ناوه‌ڕاست دیاری بکرێت.

بابەتی پەیوەندیدار

لە١٤ هەمین ساڵیادى ئێعدامی فه‌رزادی كه‌مانگه‌ر و هاوبه‌نده‌كانی دا

-

پەرەسەندنی پشتیوانی کرێکاران لە بزووتنەوەی دژە جینۆساید

-

پەرەسەندنی ڕێکخراوە جەماوەرییەکان، ئامرازێکن بۆ پێشڕەوی و گەرەنتی پاراستنی دەستکەوتەکان

-

پشت بەستن به جەلاد و پەتی سێدارە بەمەبەستی مانەوەی ڕژیم، بێ سەمەرە

-

خەبات لە دژی هەژاری، لە سەر بەستێنی ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی ژن، ژیان، ئازادی

-

ڕۆژی مامۆستا لە ئێران بەرز ڕاگیرا

-