کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

دەوری دووهەمی سەرۆک کۆماریی ڕووحانیی، بەردەوام بوونی دۆخی مەوجوود

ڕۆژی پێنجشەممە ١٢ی مانگی گەلاوێژ لە ڕێوڕه‌سمێكدا بە ئامادە بوونی سەران و کاربەدەستانی ڕژیم، خامنەیی حوکمی دووهەمین دەورەی سەرۆک کۆماریی ڕووحانیی واژۆ کرد. ڕۆژی شەممە ١٤ی مانگی گەلاوێژیش ڕێوڕه‌سمی سۆند خواردن بەڕێوەچوو. لەم دوو شانۆ ڕیاکارانەیەدا خامنەیی و ڕووحانیی هەر یەکە و وەک نوێنەری یەکێک لە باڵەکانی نێوخۆی ڕژیم، دەستی کرد بە سوخەنرانی و بە مەوعیزەی سەرمینبەری، بە تاریف کردنی ڕژیم. هێندێک ئیمتیازیان لەیەکتر وەرگرت و بەیەکتردا. ئەمجارە هەواڵێک لە تانە و تەشەرەکانیان لە یەکتر نەبوو. هەردووکیان لە هەڵوێستی سازش و نەرمی نواندنی ڕیاکانەوە بەرانبەر بەوی كه‌ جوڵانەوە. خامنەیی کە چەند حەفتە پێشتر هەڕەشەی لە ڕووحانی دەکرد بەوەی کە گیرۆدەی چارەنووسی بەنی سەدر دەبێ و بەسیجییەکانی هان ئەدا بۆ ” ئاتەش بە ئیختیار”، ئەمجارە ئەوی بە:” دانشمەندی بەڕێز جەنابی حۆجەتۆئیسلام ئاغای دۆکتوور حەسەن ڕووحانیی” ناوبرد.

ڕوون و ئاشکرایە کە” سەرۆک کۆمار” لە مەوقعیەتی ئێستای ڕژیمی کۆماری ئیسلامیدا نە تەنیا دەسەڵاتێکی بۆ ئەنجامدانی ئاڵوگۆڕەکانی جێی سرنجی خۆی نییە، بەڵکوو تەنانەت ئیختیاری دایاریکردنی ژومارەیەکی زۆر لە وەزیرەکانی کابینەکەشی نییە. ئەم ڕاستییە لە پێکهاتەی نوێی کابینەی دەوڵەتەکەشیدا دەکرێ ببیندرێت. لەگەڵ گشت ئەمانەدا، ئەمجار نەرمی نواندنی هەردوو باڵەکە لە بەرانبەر یەکتردا بە ئامانجێکی دیكه‌ ئەنجام ئەدرێت. لە قسەکانی هەردووکیاندا کۆمەڵێک نیشانە لە نیگەرانی لە بارودۆخێکی زۆر قەیراناوی و دژواری نێوخۆیی و نێونەتەوەیی دەبیندرێت. قەیرانێک کە هەڕەشە لە درێژەی حاکمییەتەکەیان دەکات. لە سوخەنڕانی هەردوکیاندا ترس و نیگەرانی لە دواهاتی قەیرانی ئابووریی، بێکاریی و هەژاری رۆژ لە رۆژ زیاتری جەماوەری خەڵک دەبیندرێت، کە ڕەنگە لە هەر ئان و سات لە ئاستێکی میلیۆنیدا بڕژێنە سەر شەقامەکان و بەساتی حاکمییەتەکەیان كۆبكه‌نه‌وه‌.

خامنەیی و ڕووحانیی لە سوخەنرانییەکانیاندا دانیان بە دۆخی شپرزەی ئابووریی، هەژاریی و بێکاردا نا. بەڵام لە قسەی هیچکامیاندا به‌ڵێنێك بۆ باشتر بوونی بارودۆخی ئابووریی و بەرنامەیەک بۆ دەرباز بوون لەم قەیران و دۆخە فەلاکەتبارەی کە بۆ خەڵکیان درووست کردووە نەبوو. قسەیەک لە ژیانی دەیان میلیۆن لە خەڵکی په‌ڕاوێزنشین، کارتۆن خەو و گۆرخەو و کۆڵبەر نەکرا. هەواڵێک لە کەم بوونەوەی دۆخی دیکتاتۆڕی و ئیختیناق و کەشی پۆلیسی و کەم بوونەوەی سەرکوت و ئێعدام و ئەشکەنجەی به‌ندكراوانی ناڕازی نەبوو و ته‌نانه‌ت به‌ڵێنێكیش بۆ هەنگاونان لەدژی گەندەڵی و دزی و ئیختیلاسی کاربەدەستانی دەوڵەتی و نیزامی لە ئارادا نەبوو. ڕێکاری خامنەیی لەم پێوەندەدا تێکرار کردنەوەی قسە بێ نرخەکانی پێشوی واتە” پەیڕەوی کردن لە ئابووریی خۆڕاگرانە بە لەبەرچاو گرتنی ڕەخساندنی هەلی کار و بەرهەمهێنانی نێوخۆیی” و ” ئیجرای ئەحکامی ئیسلامیی ناب و پشت بەستن بە پێناسەی شۆڕشگێڕانە و کاری جیهادی لەبەرانبەر شگردی ئەوانەی دژی دینن و نەیاران و دوژمنان” دا بوو، کە بە وتەی ئەو ” لە بەرانبەریاندا نابێ دەست لەسەر دەست دابنێن و ئارام بگرن.”191

ڕووحانیش بە باس کردن له‌و موسیبەتانەی کە لە لایەن ئەم نیزامەوە بەرەوڕووی جەماوەری خەڵک بۆتەوە، هەوڵیدا لە پێگەی کەسێکی نا بەرپرسیاردا دەربکەوێ کە گۆیا ئەو لە درووست کردنی ئەم موسیبەتانەدا هیچ ڕۆڵێكی نەبووە. ئەو وتی، ” ئامانجی ئێمە ڕه‌خساندنی ده‌رفه‌تی گەشە و پشتیوانی یەکسان و بە دوور لە گەندەڵی، بۆ هەمووانە. هەبوونی نیزامێکی پشتیوانی کۆمەڵایەتی. دەست ڕاگەیشتنی خەڵکە بە مافەکانیان. ڕیشەکێش کردنی هەژاری و گەندەڵییە. هەوڵی دەوڵەت ئەوەیە کە خەڵک دەستیان بە مافەکانیان ڕابگات. دەست ڕاگەیشتن بە زانیاری و هەبوونی داهاتویەکی جێی دڵنیایی و دەربڕینی ڕا و بۆچوون مافی خەڵکە.” ڕووحانیی نەیوت کە ئەم حەق و حقوقانە لە ماوەی ٣٨ ساڵی ڕابردوودا لە لایەن کام هێز و دەسەڵاتەوە لە خەڵک زەوت کراوە؟ جگه‌ له‌وه‌یكه‌ ئەم مافە سەرەتاییانە، دەوڵەتانی وەک ئەو و ڕژیمێک کە خۆی لە سەرەتاوە تا ئێستا یەکێک لە مۆرە سەرەکییەکانی بووە، لە خەڵکیان زەوت کردووە.

ڕووحانی ئیدیعای کرد و وتی کە ” کۆماری ئیسلامیی دەستکەوتێكی زۆر گرینگی لە بواری سڕینەوەی هەژاریدا هەبووە. دەوڵەت و باقی ناوەندەکانی نیزام خزمەتگوزاریەکی بەرینیان پێشکەش کردووە تا خۆشبژێوی گشتی لە ناوچە جۆراوجۆرەکانی وڵاتدا فەراهەم بێت.” کێ باوەڕ بەم ئیدیعایە دەکات؟ ئایا دەوڵەتێک کە لانیکەمی حەقدەستی چوار جار لەژێر هێڵی هەژاریدای بەسەر کرێکاراندا سەپاندووە دەتوانێ ئیدیعای دادپەروەری کۆمەڵایەتی هەبێت. نیزامێکی ئیسلامیی کە تێیدا بە میلیۆن کەس لە منداڵان بە جێگای تەفریح و کایە و خوێندن بۆ دابین کردنی پێداویستییەکانی ژیانیان ناچارن خەریکی کاری دژوار و تاقەت پڕوکێن بن، لە نیزامێکدا کە ئینسانەکان ناچار بە فرۆشتنی بەشێک لە جەستەی خۆیانن، بە میلیۆن کەس گیرۆدەی ماددەی هۆشبەر و لەشفرۆشی بوون، چۆن دتوانێ باس لە ڕیشەکێش کردنی هەژاری بکات؟ لە ” خەڵک سالاری جێی شانازی خامنەیی و ڕووحانیدا، ٦ هەزار پەروەندەی دزی و ئیختیلاسی هەزاران ملیاردی کاربەدەستان و بەرپرسانی دەوڵەتی بوونی هەیە کە ڕۆژانە بە ژومارەیانەوە زیاد دەبێت.

ڕێکاری حەسەن ڕووحانی لە دەورەی دووهەمی سەرۆک کۆماریەکەیدا هەمان ڕێكاری پێشوە. ئەو بە تێکرار کردنەوەی قسەکانی ڕابردووی وتی، ” ئێمە ئێستا بە باوەڕ بەخۆیی زیاترەوە لەسەر تەعامول و هەڵکردنی بنیادنەر و کاریگەر لەگەڵ دنیا لە چوارچێوەی یاسای بنه‌ڕه‌تیدا جەخت دەکەینەوە. دەوڵەتی دوازدەهەم ئەولەویەتی سەرەکی خۆی لە زیاد کردنی بەرهەمی ئیشتیغاڵدا دەبینێ و لە درێژەی حەرەکەتی دەوڵەتی یازدەهەمدا بەرنامەی ئابووری خۆی لەسەر سیاسەتە گشتییەکانی نیزام بە تایبەت ئابووری خۆڕاگرانه‌ و ئەسڵی ٤٤ و بە ئامانجی درووست کردنی شۆڕشێکی ئابووری، داڕشتووە.” ئاماژەی ڕووحانی بە بنەمای شۆڕشە ئابوورییەکەی به‌كرده‌وه‌ ده‌رهێنانی ئەسڵی ٤٤، واتە كردنه‌ كه‌رتی تایبه‌ت و هەوڵدان بۆ ڕاکێشانی سەرمایەی دەرەکییە. ئەوەش هەمان نوسخەی ئابووری نیئۆلیبڕاڵی ناوەندە ماڵیە نێونەتەوەییەکانە کە لە ئێران بەروڕووی بەربەستی ئابووری شێوە دەوڵەتی و نیزامیی ژێر کۆنترۆڵی سپای پاسداران بۆتەوە.

کرێکاران و جەماوەری خەڵک ناتوانن بە برسییه‌تی چاوەروانی ئاکامی بەرنامە ئابووریە دژی کرێکارییەکانی کۆماری ئیسلامیی و حەسەن ڕووحانیی بن. ئەوان تەوەهوم و گومانێکیان سەبارەت بە ماهیەتی دژی ئینسانی کۆماری ئیسلامیی نییە. بۆ ئەوان ڕێگایەک بێجگە لە هەوڵدان بۆ ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی نەماوەتەوە کە بۆ دەستەبەر بوونی ئەم ئامانجەشیان دەبێ ئامادەکاری پێویستیان کردبێت.