کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

دەستکەوتەکانی تا ئێستای مانگرتنی سەرتاسەری شۆفیر کامیۆنەکان

231

شەپۆلی سێهەمی مانگرتنی سەرتاسەری شۆفیر کامیۆنەکان و کامیۆنداران ڕۆژی چوارشەممە ١٨ مانگ چووە نێو ١٩ هەمین ڕۆژی خۆیەوە. ئەم مانگرتنە سەرتاسەریە کە ڕۆژی سێشەممە ٣١ی مانگی خەرمانان لە ناڕەزایەتی بە دەستەبەر نەبوونی داخوازیەکانیان دەستی پێکرد، سەرەڕای هەڕەشەی بەردەوام و گرتن و زیندانی کردنەکان و هەوڵدانی بەرینی ڕژیم بۆ شکست پێهێنانی ئەم مانگرتنە هەروا درێژەی هەیە و تا ئێستا زیاتر لە ٣٠٠ شاری ئێرانی گرتووه‌تەوە. بە پێی ڕاپۆرتەکان لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی بۆ بەرەنگار بوونەوەی ئەم مانگرتنە زیاتر لە ٢٥٠ کەسی لە ئوستانە جۆراوجۆرەکان گرتووە. تاوانی ئەم کەسانە” فەسادی فیلئەرز”، ” تێکدانی نەزم و ئەمنییەت” و ” گرتنی جاددەکان” ڕاگەیەندراوە. محەممەد جەعفەر مونتەزری، دادستانی کولی ڕژیمیش لەم ڕۆژانەی دواییدا و بەدوای تەرحکردنی ئەم تاوانانەدا، هەڕەشەی لە گیراوەکان کرد بە دەرکردنی ئەحکامی قورس و وتی کە ” سزای ئەم حوکمە دەتوانێ تەنانەت ئێعدام بێت”. ڕژیم وێڕای ئەم هەڕەشە و گرتن و زیندانی کردنانەی مانگرتووان لە لایەکی دیکەوە بە ڕاگرتنی کارتی سوتەمەنی هۆشمەند و زیرەکی سوتەمەنی ماشێنەکانی ئەوان و یان بە تەماع وەبەرنانی هێندێک لە خاوەنانی تانکێرەکانی هەڵگری بێنزین و کامیۆنەکانی هەڵگری بار و ئیسکۆرت کردنیان لە جادەکاندا بە وەسیلەی هێزە ئینتیزامییەکان بۆ شکست پێهێنانی ئەم مانگرتنە لە بەکارهێنانی هیچ شێوە و شگردێک خۆی نەپاراستوە. بەهۆی درێژەی مانگرتنی سەرتاسه‌ری و کەم بوونی سوتمەنی لە پۆمپی بێنزینەکاندا ڕژیم بۆ سێهەمین جار لە ٤ مانگی ڕابردوودا ناچار بووە تا لە تانکێڕەکانی سپای پاسداران و ئەڕتەش بۆ گەیاندنی سوتەمەنی کەڵک وەربگرێت. سەرەڕای گشت هەڕەشە و گوشارەکانی ڕژیم و سەرەڕای گەلێک گرفتی ئابووری کە بۆ دابین کردنی بەڕێچوونی بنەماڵەی شۆفیر کامیۆنەکان بەدی هاتووە، ئەوان بە درووست کردنی سندوقی مانگرتن و جەخت کردنەوە لەسەر هاوپشتی خەباتکارانەیان هەروا درێژە بە مانگرتنەکەیان ئەدەن تا دەستەبەر بوونی بەتەواوەتی داخوازیەکانیان. شۆفیر کامیۆنەکان ڕایانگەیاندووە کە تا دەستەبەر بوونی داخوازیەکانیان لەوانە “کەم بوونەوەی نرخی تەگەر و لەوازمی یەدەکی، زیاد بوونی ٧٠ لەسەدی نرخی کرێ، کەسری حەقی پەرداختی بیمەی شۆفیرەکان، لابردنی دەڵاڵ و واسیتەکان لە پایانە و باربەریەکان، زیاد بوونی حقوقی خانەنشینی و کاری دژوار”، دەرێژە بە مانگرتنەکەیان ئەدەن.

لە حاڵیکدا کە ڕۆژی ١٨ی مانگی ڕەزبەر شەپۆلی سێهەمی مانگرتنی سەرتاسەری شۆفیر کامیۆنەکان و کامیۆنداران چووە نێو ١٩ هەمین ڕۆژی خۆیەوە، کەسەبە و بازاڕیەکان لە شارە جۆراو جۆرەکان بۆ سێهەمین ڕۆژی بەردەوام لە ناڕەزایەتیی بە نا سەقامگیری نرخی ئەرز، گرانی، ڕکودیی بازاڕ و زیاد کرانی نرخی تەوەڕوم و هەروەها پشتیوانی لە مانگرتنی شۆفیر کامیۆنەکان خۆیان لە کردنەوەی دوکانەکانیان بوارد. بەپێی ڕاپۆرتەکان لە هێندێک لە شارەکانی ئێران، شۆفیر تاکسییەکان بە پشتیوانی لە مانگرتنی سەرتاسەری شۆفیر کامیۆنەکان دەستیان لەکار کێشایەوە.

مانگرتنی سەرتاسەری شۆفیر کامیۆنەکان و کامیۆنداران، تا ئەم ساتە هێزی یەکێتیی و هاوپشتی خەباتکارانەی لە ڕیزی مانگرتواندا بەهێز کردووە و هەستی هاو چارەنووسی لەنێو بنەماڵەکانیاندا هەڵخڕاندووە. ئەم مانگرتنە سەرتاسەریە ئاگاهی بە ماهیەتی چینایەتی و عەمەلکەردی ڕژیمی حاکمی لە ڕێزی مانگرتواندا پەرە پێداوە. شۆفیر کامیۆنەکان لە جەریانی ئەم ٣ شەپۆلەی مانگرتنی سەرتاسەریدا زیاتر لە هەر کاتێکی تر بڕوایان بە هێزی هاوپشتی خۆیان هێناوە، و ئێستا ئەوان دەزانن کە بەبێ کاری ئەوان، بەبێ کاری ئەو کرێکارانەی کە لە پیشەسازی گواستنەوە و گەیاندندا کار دەکەن ئەویش لە ئێرانێکدا کە خەبەرێک لە سیستمی ڕیگای ئاسنی بەرین نییە هیچ کالایەک ناگاتە ناوەندەکانی دابەش کردن و بە دەستی به‌كارهێنه‌ران ناگات، ئەوان دەزانن کە توانایی ئیفلیج کردنی سیستمی گواستنەوە و گه‌یاندنی سەرمایەداری ئێرانیان هەیە. دەزانن کە ئەم مانگرتنە سەرتاسەریە بە هیممەت و لێهاتویی ڕێبەرەکانی تا ئێستا توانیویەتی بەسەر شگردەکانی ڕژیمدا زاڵ بێت بۆ توشی شکست کردنی ئەم مانگرتنە و سەرجەم پیلانەکان پووچەڵ بکاتەوە و بە بەردەوام بوونی لەسەر فەزای سیاسی و خەباتکارانەی کۆمەڵگا کاریگەریەکی هەست پێکراوی هەبێت. شۆفیر کامیۆنەکان و کامیۆنداران بە مانگرتنی سەرتاسەری خۆیان توانیویانە تا ئەم ساتە کۆمەڵێک دەستکەوتی بە نرخ لە مێژوی بزوتنەوەی خەباتکارانەیدا تۆمار بکەن. ئێستا شۆفیر کامیۆنەکان بە هیممەتی هەڵسوڕاوان و ڕێبەرانی کە ئاڵا هەڵگری ئەم بزوتنەوەیەن لە پێگەیەکی گەلێک گونجاو تر دان بۆ هەنگاونان بە ئاڕاستەی پێكهێنانی ڕێكخراوه‌ چینایەتی و سەرتاسەرییەکانیان.

لە بارودۆخی ئێستادا درێژەی ئەم مانگرتنە سەرتاسەرییە و ڕاکێشانی پەشتیوانی بە کردەوەی کرێکارانی باقی ڕشتەکانی پیشەسازی و خزمەتگوزاری هەنگاوێکی گرنگە بۆ زەمانەت کردنی بەرەو پێش چوون و دەستەبەر کردنی سەرجەم داخوازییەکانی ئەم مانگرتنە و ئازادی بێشەرتومەرجی گیراوەکان. بۆ نمونە پشتیوانی بە کردەوەی شۆفیر ئۆتۆبووسەکان لە ئاستێکی سەرتاسەریدا و یان کرێکارانی باقی دامەزراوەکانی بەرهەمهێنان و خزمەتگوزاری لە شکڵ و شێوەی بەرپا کردنی مانگرتنی پشتیوانیدا دەتوانێ شۆفیر کامیۆنەکان و کامیۆندارەکان بخاتە پێگەیەکی لەبار تروە بۆ دەستەبەر بوونی داخوازییەکانیان.

لە بارودۆخی نەبوونی ڕێكخراوه‌ جەماوەری و چینایەتییە سەرتاسەرییەکانی کرێکاراندا کە بتوانن لە وەها هەلەمەرجێکدا بە بانگەواز کردن بۆ بەرپا کردنی مانگرتنی پشتیوانی کە پێشڕەوی و سەرکەوتنی خەبات لە ڕشتەیەکی دیاری کراودا زەمانەت دەکات و بزوتنەوەی کرێکاری لە هەیکەلێکی یەک پارچەدا بێننە مەیدان، ئەوە ڕێبەران و هەڵسوڕاوانی کرێکاری لە ناوەندە جۆراوجۆرەکانی پیشەسازی و خزمەتگوزاری دان کە لە پێوەند و هاوکاری لەگەڵ یەکتر و بە پێكهێنانی ڕێكخراو و ناوەندەکانی وەک شوڕای هاوکاری دەتوانن تا ئاستێک کەلێنی نەبوونی ڕێكخراوه‌ جەماوەری و سەرتاسەرییەکانی کرێکاران پڕ بکەنەوە.