کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

دەرچوون لەژێر بەرپرسیاریەتی کۆماری ئیسلامی لەبەرانبەر بەڵا سروشتیەکاندا

خەڵکی ئێران ساڵانە لە گۆشە و کەناری وڵاتدا لەگەڵ گەلێک رووداوی سروشتی و نا سروشتی وەک پیس بوونی هەوا، بومەلەرزە، سێڵاو، ئاگر کەوتنەوە، رووداوی شۆفیری و هیتردا بەرەو روو دەبنەوە. بەداخەوە بە سەرنجدان لە بێ بەرنامەیی و نەبوونی ئامادەیی ڕژیم، ئەم رووداوانە تەلەفات و زیانێکی زۆریش بدوای خۆیاندا دێنن. کۆماری ئیسلامی لە سەرجەم ئەم حاڵەتانەدا بەرپرسیاریەتی لەکۆڵ خۆی کردۆتەوە و سەبارەت بە چارەنووسی خەڵک و ئەوەی کە بەسەریاندا دێت بێ تەفاوەت بووە. بۆ نمونە دەزانین کە هەموو ساڵێک بە تایبەت لە وەرزی پاییز و زستاندا بە هۆی گۆڕانی ئاو و هەواوە و موشکلاتی مودیریەتی لە زۆرێک لە شارەکانی ئێران و بە تایبەت لە شارە گەورەکانی وەک تاران، تەورێز، ئیسفەهان، مەشهەد. شیراز، ورمێ و ئەهواز و شارەکانی دیکە، پەرەسەندنی مادەی پیسکەر لە هەوادا تا ئاستی مەترسیدار بەرز دەبێتەوە. دەرسەدی زیاد بوونی ئەم ماددانە لەم شارانەدا بە ڕادەیەک بەرزە کە ساڵانە دەبێتە هۆی مردنی بە هەزاران ئینسان و گیرۆدە بوونی سەدان هەزار کەسی دیکە بە گەلێک نەخۆشی قەلبی و ڕیە و نەخۆشینی دیکە.

بەپێی ستانداردەکانی بێهداشتی جیهانی، ئاستی ئیجازە پێدراوی گەردیلەکان لە هەوادا لە شەو و رۆژێکدا ٢٥ میکروگرەم لە میترێکی دووجا دایە. لە حالێکدا کە لەم رۆژانەدا رێژی مادەی پیسکەر لە تاران و بە تایبەت لە ناوچەکانی باشوری شاری تاران کە شوێنی نیشتەجێ بوونی کرێکاران و خەڵکی کەم داهاتە، گەیشتۆتە ١٨٥ میلی گرەم کە گەلێک مەترسیدارە. ئاماری تەلەفاتی بڵاو کراوە بە هۆی پیس بوونی هەواوە لە ساڵی ١٣٩٥ دا کە لە لایەن وەزاڕەتی ” بێهداشت، دەرمان و ئاموزشی پزیشکی” ڕژیمەوە بڵاو بۆتەوە، مەرگی ٤٨١٠ کەس لە دانیشتوانی تارانی تۆمار کردبوو. بە گشتی ئاماری گیرۆدەبوان بە نەخۆشی سەرچاوە گرتوو لە هەوای پیس لە ئێران، جەمعیەتێکی زیاتر لە ٣٥ ملیۆن کەس ڕاگەیەندراوە. لەم رۆژانەدا پیسی هەوا لە تاران و شارەکانی دەوروبەری لە ئاستێکدا بووە کە ناچار بوون بە درێژایی یەک حەوتوی ڕابردوو سەرجەم ناوەندەکانی ئاموزشی بە خوسوسی و دەوڵەتیەوە دابخەن.

لە بەرانبەر وەها بارودۆخێکی مەترسیداردا کە لەژێر حاکمیەتی ناکارا و نا بەرپرسانەی کۆماری ئیسلامی بەسەر خەڵکی ئێراندا هاتوە، بەرپرسان و کاربەدەستانی ڕژیم گوێ نادەنە خەڵک. عیسا گەڵانتەری جێگری سەرۆک کۆماری و سەرۆکی بەناو ” سازمانی پاراستنی ژینگە”ی ڕژیم، رۆژی سێ شەممە ٢٨ ی مانگی سەرماوەز لە یەکەم ئیجلاسی ” میللی ڕاپۆرتی پێشکەوتنەکان و ڕێکارەکانی لابردنی کۆسپەکانی شارۆمەندی” دا ڕایگەیاند کە :” لە پێوەند لەگەڵ پیسبوونی هەوادا، دەوڵەت هیچ کارێکی لەدەست نایەت، لەبەر ئەوە ئێمە ناتوانین بەر بە هاتوچوونی ماشێنەکان بگرین. گرفتەکە، ئەو ماشێنە کۆنانەن کە بە گازۆیل کاردەکەن. گازۆیلێک کە ئەیدەن دەیان بەرابەر زیاتر لە ستانداردی جیهانی پیس ترە.”

عیسا کەڵانتەری کە گۆیا خاوەنی مەدرەکی بیوشیمی و فیزیولوژییە و لە دەوڵەتی ڕەفسەنجانیشدا پلەی وەزیری هەبووە، ناڕستەوخۆ سەبەبکاری ئەم گرفتە گرنگە کۆمەڵایەتیەی کە خەڵکی ئێران دەستەویەخەیەین، دەوڵەتانی پێشو ناساندوە. بەڵام ئەم دوکتۆرای بیولۆژیە ئیسلامیە وەک تەنیا ڕێکار لە بەرانبەر ئەم گرفتە گەورە کۆمەڵایەتیەدا، خەڵکی حەواڵەی خورافاتی مەزهەبی کرد و پێی وتن کە دۆعا بکەن تا بەڵکو با بێت و هەوا پاک بکاتەوە. ئێستا با ئەو هەوایە بۆ کوێ بەرێت بۆ کێی بەرێت لە ڕوانگەی جێگری سەرۆک کۆمارەوە گرنگ نییە. ئەم کاربەدەستە پلە بەرزەی کۆماری ئیسلامی بە خۆ لە نەزانی دان خۆی لە وڵامی ئەم پرسیارە ئەدزێتەوە کە کێ بێچگە لە باندەکانی قاچاخچی و دزی نێو حاکمیەت، گازۆئیلی پیس بە خەڵک دەفرۆشن؟ ئەو ناڵێ کە لە ماوەی ٤ دەیەی حاکمیەتی ئیسلامیدا بۆچی بیریان لە هۆکاری پیس کەرەکانی هەوا نەکردۆتەوە و تا ئەم ئاستە لەگەڵ ئیستانداردی جیهانیدا مەودا و جیاوازی هەیە؟ مەگەر لە باقی وڵاتاندا ترافیک و ماشێن بوونی نییە کە تا ئەو ڕادەیە هەوا پیس نییە؟

عیسا کەڵانتەری روو بە داهاتووش بەڵێنێکی بۆ هەنگاو نان لە بواری چارەسەری ئەم گرفتە کۆمەڵایەتیەدا نەدا و وتی:” چارەیەک نییە و دەبێ لە نێوان خراپ و خراپتردا یەکیان هەڵبژێرین. گواستنەوە و گەیاندن ناکرێ ڕابگرین، کەوایە دەبێ ئەم مەترسیە قەبوڵ بکەین.” ئەم هەڵوێستە بە واتای درێژەی بارودۆخی مەوجود بۆ خەڵکی ستەم دیتوی ئێران لە پێوەند لەگەڵ پیسی هەوا و تەلەفات و ئاسەوارەکانی سەرچاوە گرتوو لێوەیە. مەعلوم نییە لەم نێوانەدا دەور و نەخشی دەوڵەت چییە؟

بەڵام پیسی هەوا تەنیا بوارێک نییە کە ڕژیم سەبارەت بەو بێ تەفاوەتە. لە جەریانی بومەلەرزەی چەند حەفتە لەوە پێشی کرماشان و سەرپلی زەهاو و بومەلەرزەی رۆژی چوارشەممەی ڕابردوی تارانیش بە وتەی خۆدی خەڵک کۆماری ئیسلامی نەخش و حوزوری بێجگە لە مزاحمەت بۆیان هیچی تر نەبووە.

لە ئاوا بارودۆخێکدا و بە لەبەرچاو گردتنی قەیرانی ئابووری و هەژاری و فەلاکەتێک کە کۆماری ئیسلامی بەسەر کرێکاران و جەماوەری خەڵکی زەحمەتکێشیدا سەپاندویە، خەڵکی ئێران گەلێک نیگەرانی داهاتوی خۆیان و زیان لێکەوتنیان لە بەرانبەر رووداوە سروشتیەکاندان. بێگومان بەشێکی زۆر لەم گرفتانە شیاوی چارەسەر کردنن بە مەرجێک کە مودیریەتێکی بەتوانا و بودجەی کافییان بۆ تەرخان بکرێت. بەڵام لەوێوە کە بەشێکی زۆری سەروەت و سامانی خەڵکی ئێران لە لایەن باندە دز و گەندەڵەکانی پاسداران و باقی کاربەدەستانی ڕژیمەوە دەدزرێت و بەشێکی دیکەیشی لە ئاستی درێژە و بەردەوام مانەوەی حاکمیەتی جەنایەتکارانەیاندا سەرفی پەرەدان بە دەزگا جۆراوجۆرەکانی سەرکوت و هەزینەی شەڕەکان و دەخاڵەتەکانی لە باقی وڵاتان دەکرێت، پوڵێک بۆ بەرنامە دانان بۆ پێشگیری لە خەسار و رووداوە سروشتیەکان نامینیتەوە. لە ئاوا بارودۆخێکیشدا هەموو بیر و خەیاڵی حاکمیەت نیگەرانییە لە سەرهەڵدانی ناڕەزایەتی جەماوەری خەڵک. لە وەها حاڵەتێکدا هێزە سەرکوتگەرەکانی ڕژیم بە جێگای یارمەتی گەیاندن بە خەڵک، بە داسەپاندنی فەزایەکی نیزامی و ئەمنیەتی دەست دەکەن بە کۆنترۆڵکردنی خەڵک و سەرکوت کردنی نارەزایەتیەکانیان.

کۆماری ئیسلامی سەبەبکاری سەرجەم کارەساتێکە کە خەڵک لە کاتی روودانی هەر رووداوێکی سروشتیدا بەرەو رووی دەبنەوە. بە درێژەکێشانی حاکمیەتی ئەم ڕژیمەی جەهل و خورافەی سەرمایەداری هەموو رۆژێ ژیانی ژمارەیەکی هەرچی زیاتر لە خەڵک بەرەو هەژاری و فەلاکەت و موسیبەت دەکێشرێت. بە روخاندنی شۆڕشگێڕانەی کۆماری ئیسلامی، بوار بۆ کەم کردنەوە و بەرگرتن لە تەلەفاتی ژینگەییش فەراهەم دەبێت.

بابەتی پەیوەندیدار

خەبات لە دژی هەژاری، لە سەر بەستێنی ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی ژن، ژیان، ئازادی

-

ڕۆژی مامۆستا لە ئێران بەرز ڕاگیرا

-

دروشمەکانی ڕۆژی جیهانی کرێکار، زیادکرنی حەقدەست و مووچە، ڕاگرتنی جینۆساید لە غەززە

-

نەریتی ڕێزگرتن لە ڕۆژی جیهانی کرێکار لە کوردستان

-

وتارێک بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی ئەمن کردنی کار

-

کەمپینی هاوپشتی لەگەڵ خەڵکی فەلەستین تا دێت بەربڵاوتر دەبێت

-