شه‌وی پێنجشه‌ممه ٢٢ی مانگی گوڵان، ژماره‌یه‌كی به‌رچاو له هاووڵاتییانی شاره‌كانی ئێران هه‌ر وه‌ك ئه‌ندیمشك، ئیزه، دزفوول، جونقان، كرماشان، سه‌رپێڵی زه‌هاو، لوڕستان، ئیسفه‌هان، شاری كورد، و ماهشه‌هر و …هتد له ناڕه‌زایه‌تی به گرانبوونی مادده خۆراكییه‌كان له ماوه‌ی چه‌ند ڕۆژی ڕابردوو ڕژانه سه‌رشه‌قامه‌كانی ئه‌و شارانه.
به‌پێی ئه‌و دیمه‌نانه‌ی كه له لایه‌ن هاووڵاتییانی ئه‌و شارانه‌وه تۆمار كراوه، ناڕه‌زایه‌تییه‌كان له چه‌ند شارێكدا هه‌تا دره‌نگانی شه‌و درێژه‌ی هه‌بووه و له زۆربه‌ی ئه‌و شارانه دروشمی دژی ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌م ڕژیمه ده‌وترایه‌وه. هه‌ر به‌پێی ئه‌و دیمه‌نانه، له تاران و كه‌ره‌ج هێزێكی زۆری ئه‌منیی له نێو شه‌قامه‌كاندا بڵاوه‌یان پێكراوه و ئه‌م ناڕه‌زایه‌تییانه له ماوه‌ی چه‌ند ڕۆژ له‌مه‌وبه‌ره‌وه به‌هۆی گرانبوونی نرخی نان، شیره‌مه‌نی، گوشت و ڕۆن و چه‌ند كاڵایه‌كی دیكه‌وه ده‌ستی پێكردووه. هه‌تا كاتی بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌م هه‌واڵه هیچ زانیاریه‌ك له‌سه‌ر ده‌ستبه‌سه‌ركران یان برینداربوونی هاووڵاتییان له‌به‌رده‌ستدا نییه.