کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

درێژەی جەنایەت لەدژی بەشەرییەت لە سوورییە

لە ماوەی حەفتەی ڕابردوودا ڕژیمی ئەسەد لە سوورییە بە هاوکاری لەگەڵ دەوڵەتانی پشتیوانی بە بۆمباران کردنی ئاسمانی و تۆپخانەیی و عەمەلیاتی زەوینی لە چەند بەرەدا، دەورێکی تازەی لە کوشتاری خەڵکی بێ دیفاع لە ناوچەی غوتەی شه‌رقی دەست پێکردووە. ئه‌م ناوچه‌ شەڕ لێدراوە بە جەمعییەتێکی نزیک بە ٤٠٠ هەزار کەس لە ڕۆژئاوای ده‌مێشق هەڵکەووتوە و لە ساڵی ٢٠١٢ وە لەژێر کۆنترۆڵی گورووپە تیرۆریستیە ئیسلامییەکان لەوانە ” جەیشی ئیسلام” و “تەحریرشام” و گورووپە جیهادییەکانی دیکە دایە. لەم پێوەندەدا ڕێكخراوی ” پزیشکانی بێ سنوور” بە بڵاو کردنەوەی ڕاگەیاندنێک وتی کە، بە هۆی بۆمبارانەکانی ڕژیمی سوورییەوە لە ماوەی ٤ ڕۆژدا، ١٣ نه‌خۆشخانه‌ی ئەم ڕێكخراوه‌ لە ١٠ شار و ئاوایی غوتەی شه‌رقی وێران بووە. ئەم ڕێكخراوه‌ هەوەها ڕایگەیاندووە کە لە بەیانی ڕۆژی چوارشەممە ٢ ی مانگی ڕەشەممە ئەو بۆمبارانانە زیاتر بوون و تا ئێستا نزیکەی ٤٠٠ کەس کوژراون و زیاتر لە ١٧٠٠ کەسیش بریندارن کە ژمارەیەکیان منداڵن.

ئەوە لە حاڵێکدایە کە ناوچەی غوتە یەکێک لەو چوار ناوچەیە کە لە ڕێككه‌وتنی نێوان دەوڵەتانی ڕووسییە، سوورییە، تورکییە و کۆماری ئیسلامیدا وەک بەناو ” ناوچەی ئەمن و بە دوور لە توندوتیژی” بەڕەسمیەت ناسراوە و قەرار بووە تێیدا عەمەلیاتی نیزامی بەڕێوە نەچێت. خەڵکی بێ دیفاعی غوتەی شه‌رقی لە چەند ساڵی ڕابردوودا بەردەوام لەبەر مەترسی کوشتار و وێرانی چە لە لایەن دەوڵەتی ئەسەد و هاوپەیمانەکانییەوە و چ لە لایەن گورووپە تیرۆریستییەکانەوە بوون. دەوڵەتی بەعسی سوورییە لە ساڵی ٢٠١٣ ئەو ناوچه‌یه‌ی بۆمبارانی شیمیایی کرد و لە ئاکامدا سەدان کەس کوژران و به‌ سەدان كه‌سی دیکەش بریندار بوون. لە ساڵی ٢٠١٢وە تا ئێستا خەڵکی ستەم دیتوی ئەم ناوچەیە لەژێر گەمارۆی ڕژیمی سوورییەدان و ئەم ڕژیمە دژی بەشەرییە جگە لە یەک حاڵەت هیچ كات ڕێگه‌ی بەو گورووپ و ناوەندە یارمەتیدەر و مرۆڤدۆستانە نەداوە مادەی خۆراکی و دەرمان و باقی پێداویستییەکانی ژیان بگەیەننە دەست خەڵک.

وێنە بڵاو کراوەکان لە وێرانییەکانی ئەم ناوچه‌ گەوره‌یە و دەنگی تەقینەوەی بۆمبە بەردەوامەکان و هاواری ژنان، پیاوان و منداڵانی وەحشەت دیتو، وێژدانی هەر ئینسانێک دەهەژێنێ. گورووپە ئیمدادگەرەکان لە ناوچەکەدا ڕایانگەیاندووە کە:” خەڵک بە چەشنێک کەوتونەتە گەمارۆوە کە نە ڕێگایەکیان بۆ هەڵاتن هەیە و نە خۆراکێک بۆ خواردنیان ماوەتەوە.” ئەوان هیوادار بوون ئاگر بەسی پێشنیار کراوی ڕێكخراوی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان کە قەرار بوو ڕۆژی دووشەممە ٣٠ی مانگی ڕێبەندان بە کردەوە دەربێت، دەرفەتێک بدات بە خەڵک تا ئەوێ بەجێبێڵن و یان یارمەتییە ئینسانییەکان وەربگرن. بەڵام بە داخەوە نە ئاگربەس کرا و نە کۆبوونەوەی شوڕای ئاسایش لەم پێوەندەدا كه‌ ڕۆژی پێنجشەممە ٣ ی مانگی ڕەشەممە گیرا، بەهۆی دژایەتی ڕووسییه‌ لەگەڵ تەرحی پێشنیار کراو ئاگر بەسی لێکەوتەوە.

بەڵام لەم دەورەی ئاخردا و دوای شکستی نیزامیی داعش، ئەوە تەنیا غوتە نییە کە دەکەوێتە بەر هێرش و بۆمباران. ئەگەر خەڵکی سوورییە لە چەند ساڵی ڕابروودا لەگەڵ ماشێنی جەنگی ڕووسییه‌ و ئه‌ڕته‌شی به‌شار ئه‌سه‌د بە هاوکاری ئێران و حیزبۆڵڵا و ئۆپۆزسیۆنی ژێر پشتیوانی دەوڵەتانی تورکییە و عەرەبستان و دەوڵەتانی کەنداو دەکوژران و ماڵەکانیان وێران دەکرا، ئیستا دەوڵەتانی تورکییە و ئەمریکاش ڕاستەخۆ هاتونەتە مەیدانی شەڕ و کوشتاری سوورییەوه‌ و گرفتی خەڵکی ئەو وڵاتەیان چەندین بەرابەر کردووە. بەم جۆرە وادیارە سوورییە دوای داعش و تەنانەت دوای لە مەیدان دەرکرانی باقی گورووپە تیرۆریستیە ئیسلامییەکانیش هەروا وەک یەکێک لە شوێنە قەیراناوییەکان و پڕ لە ئاڵۆزی نێوان هێزە ئیمپڕیالیستی و دەوڵەتانی هاوپەیمانی ناوچەییان لەسەر بەرژەوەندی و حیساب لەیەک دەرکرنیان لەگەڵ یەکتر ماوەتەوە. ئەم دەوڵەتانە بە هەزینە کردن لە خوێن و ژیان و سامانی خەڵکی ئازار دیتوی سوورییە، بەدوای درێژە و ئیجرای نەخشە و سیاسەتە فراوان خوازانە و دەستدرێژی کارانەکانیانەوەن.

هەرکام لەوان لە هەمانحاڵدا کە لایەنی بەرانبەر بە خەتاباری درێژەی شەڕ و کوشتار و وێرانی لە سوورییە دەناسێنێ، خۆی لە جێگایەکی دیکە جەنایەتی جەنگی هاوشێوە ئەنجام ئەدات. ڕووسییه‌ کە دەڵێ لە بۆمبارانەکانی ئەم دواییەی غوتەدا دەوری نییە و ڕۆژی چوارشەممە نوێنەرەکەی لە ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکان خوازیاری ” پێهکاتنی جەلەسەی شوڕای ئاسایش بۆ هەڵسەنگاندنی بارودۆخی غوتە و دۆزینەوەی ڕێگایەک بۆ دەرچوون لێی” دەبێت، ڕۆژی دواتری لە جەلەسەی شوڕای ئاسایشدا دژایەتی لەگەڵ تەرحی ئاگر بەسی یەک مانگە لە غوتە دەکات و ئەو تەرحە توشی بونبەست دەکات. ئەمریکا کە دەبێتە چوارچێوەی پارێزەری مافەکانی مرۆڤ و بە وتەی خۆی” هێرشی وەحشیانەی” ڕژیمی ئەسەد بۆسەر غوتە مەحکووم دەکات و خوازیاری کۆتایی هێنان بە” بێڕەحمی زیاتر و خۆبواردن لە بە ئامانج گرتنی دامەزراوە ئیمدادی و پزشیکییەکان لە غوتە”یە، خۆی ڕوژی سێشەممە یەکی مانگی ڕەشەممە بە بۆمباران کردنی ناوچەیەک لە ڕۆژهەڵاتی ” دەیرەلزوور” بۆتە هۆی مەرگی ١٦ کەس و بریندار بوونی دەیان کەسی دیكه‌ی مه‌ده‌نی و وێران کردنی ماڵ و حاڵیان. یان ئەوەی کە دەوڵەتی فاشیستی تورکییە بە بیانوی دابین کردنی ئەمنییەتی سنوورەکانی کە لە ٧ ساڵی ڕابردوودا قەت لە لایەن “ده‌سه‌ڵاتی خۆبەڕیوەبەری کوردەکانی سوورییە و هێزەکانی پاراستنی گەل و پارستنی ژنەوە توشی مەترسی نەهاتووە، بە لەشکرکێشی بۆسەر عەفرین، ئەمنییەت و ئاسایشی ٧ ساڵەی ئەو ناوچەیەی تێکداوە و بۆتە هۆی کوشتار و وێرانی و ئاوارە بوونی خەڵک. ئێستا ماوەی ٣٥ ڕۆژە بە وەڕێخستنی شەڕێکی جەنایەتکارانە لەدژی “ڕۆژئاوا” بدوای قەرەبووی شکستی سیاسەتە نێوخۆیی و دەرەکییەکانییەوەتی. هەڵبەت عەفرین بۆ ئه‌ردۆغان پارویەک نەبووە بتوانێ قوتی بدات. خۆڕاگری قارەمانانەی خەڵکی عەفرین و تێکۆشەرانی پشتیوانیان لە بەرانبەر هێرشی وەحشیانەی دووهەمین ئەڕتەشی ناتۆدا تا ئێستا بۆتە هۆی بێ ئیعتیباری و شکست و بێ هیوایی زیاتری ئه‌ردۆغان لە دەستەبەر کردنی ئامانجە دەستدرێژی کارانەکەیدا.

خۆڕاگری کۆبانی و عەفرین نیشانیدا کە تەنیا ڕێگای ڕزگاری جەماوەری خەڵکی ستەم دیتو لە سەرتاسەری سوورییه‌ لە شەڕ و دەخاڵەتی زل هێزە سەرمایەدارییەکان و دەوڵەتانی گەندەڵ و جەنایەتکاری ناوچەکە و گورووپە تیرۆریستیە ئیسلامییەکان، وەک ئۆلگو چاو لێکردنی ئەزمونی کۆبانی و عەفرینە لە ئاستی سەرتاسەری دا بۆ دیفاع لە خۆیان. ٧ ساڵ شەڕ و کوشتار و شەڕ و وێرانی و ئاوارەیی نیشانی داوە کە بە دەست لەسەر دەست دانان و بە هیواداربوون بە دەخاڵەتی ئەم دەوڵەت ئەو دەوڵەت، ناکرێ لە چاوەڕوانی کۆتایی هاتنی شەڕ و ئارام بوونەوەی ناوچەکەدا مایه‌وه‌. ڕووخاندنی دەوڵەتی جەنایەتکاری ئەسەد و حاکم کردنی ئیرادەی جەماوەری خەڵکی سوورییه‌ بەسەر چارەنووسی خۆیدا هەر بەو مەسیرەدا دەڕوات. هاتنە مەیدانی لێبڕاوانەی جەماوەری خەڵکی یەکگرتوو و ڕێکخراو لە ئاستی ملیۆنیدا لە سەرتاسەری سوورییه‌ بۆ دیفاع لە خۆیان و بنیادنانی حاکمیەتیان، ئەو هێزە دەبێت کە توانایی خۆڕاگری و سەرکەوتن بەسەر دوژمنیدا بە شوێنەوە دەبێت. ڕێكخراو بوونی پێشڕەوان و هەڵسوڕاوانی چینی کرێکار لە حیزبی چینایەتی خۆیاندا و ڕێكخراو بوونی باقی پێشڕەوان و هەڵسوڕاوانی بزوتنەوە کۆمەڵایەتییەکان لە ڕێكخراو و ناوەندە جەماوەرییەکاندا و لە هاوڕێیەتی کردن لەگەڵ کرێکاران و جەماوەری خەڵکی زەحمەتکێش دەبێتە زامنی سەرکەوتن لە خەبات لەدژی دەوڵەتان و گورووپە کۆمەڵایەتییە کۆنەپەرستەکان و ئوپوزسیۆنی بێ خاسیەتی مەوجود و دامەزراندنی حاکمیەتێکی شوڕایی.

بابەتی پەیوەندیدار

خەبات لە دژی هەژاری، لە سەر بەستێنی ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی ژن، ژیان، ئازادی

-

ڕۆژی مامۆستا لە ئێران بەرز ڕاگیرا

-

دروشمەکانی ڕۆژی جیهانی کرێکار، زیادکرنی حەقدەست و مووچە، ڕاگرتنی جینۆساید لە غەززە

-

نەریتی ڕێزگرتن لە ڕۆژی جیهانی کرێکار لە کوردستان

-

وتارێک بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی ئەمن کردنی کار

-

کەمپینی هاوپشتی لەگەڵ خەڵکی فەلەستین تا دێت بەربڵاوتر دەبێت

-