کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

خامنەیی کانونی مەترسی ڕاستەقینە دەناسێت

هەواڵنیریەکان ئیعتیڕافاتی سێ حەفتە لەوە پێشی خامنەیی بە گێڕانەوە لە وێب سایتی ڕەسمی ئەو لە پێوەند لەگەڵ ناڕەزایەتیە کرێکاریەکانیان، دوێنێ لە ڕیزی هەواڵە گرنگەکانی خۆیاندا بڵاو کردوە. خامنەیی ئەم بابەتانەی لە دیدار لەگەڵ ئەندامانی ” ستادی ناوەندی کۆنگرەی چواردە هەزار شەهیدی کۆمەڵگەی کرێکاری وڵات” تەرح کردوە و وتویەتی:” بەندە گەلێک جار ئەمەم لە سوخەنڕانیەکاندا، روو بە کرێکارانی خۆشەویستمان وتوە کە دژی شۆڕشی وڵات لە سەرەتاوە چاوی بڕیبووە کرێکاران تا بەڵکو بتوانێ کۆمەڵگەی کرێکاری بە جۆرێک لەدژی کۆماری ئیسلامی هەڵخڕێنێ؛ لە یەکەم رۆژەوە، ئەم حاڵەتە بوونی هەبووە.” ئەو لە درێژەدا دەڵێ:” یەکێک لە کارە بنەڕەتیەکانی دوژمنانمان ئەوەیە کە ڕەنگە بتوانن لە کارخانەکانماندا، بە تایبەت لە کارگا گەورەکاندا، ڕکودێک، سستیەک لە لایەن کرێکارانەوە دروست بکەن.” لەم دواییانەشدا خامنەیی بە دواکەوتنی حکومەتی ژێر ڕێبەریەکەی لە بواری دابین کردنی دادپەروەریدا ئێقراری کردوە و وەعدەی دابوو کە بە هیممەتی بەرپرسان و خەڵک، کۆماری ئیسلامی لەم بوارەدا پێشڕەفت دەکات.

پرسیار ئەوەیە بە چ هۆکارێک ئەم قسانە لەمرۆدا و بە ٣ حەفتە درەنگ کەوتنەوە بڵاو دەکرێتەوە؟ چاوێک بە ڕەوتی روو لە بەرز بوونەوەی ناڕەزایەتیە کرێکاریەکان، لە ماوەی ٣ حەفتەی ڕابردودا و زۆر بوونی قسە وباس سەبارەت بە حەقدەستەکان و هێڵی هەژاری ڕاستەقینە، لەم ماوەیەدا لەگەڵ ترسێک کە لە ئاخێزی مانگی بەفرانبار لەسەر دڵی سەرانی ڕژیم نیشتوە، حیکمەتی بڵاو بوونەوەی قسەکانی خامنەیی لەم سەردەمەدا روون دەکەنەوە. چاوگێڕانێکی خێرا بە لیستی مانگرتنە کرێکاریەکاندا، نیشانی ئەدات کە قسەکانی خامنەیی، نەک بۆ خاڵی نەبوونی عەریزە، بەڵکو ڕەنگدانەوەی مەترسیەکی ڕاستەقینەن.

حەوتەمین رۆژی مانگرتنی کرێکارانی گوروپی میللی ئەهواز، دووهەمین رۆژی مانگرتن و ناڕەزایەتی کارمەندانی پاڵاوگەی گازی ئیلام، مانگرتنی کرێکارانی کارخانەی هپکۆ ی ئەراک، مانگرتنی کرێکارانی ڕێگای ئاسنی ئیسفەهان، ناڕەزایەتی و مانگرتنی کرێکارانی ماشێن سازی تەورێز، ناڕەزایەتی بەردەوامی کرێکارانی بەشە جۆراو جۆرەکانی شیرکەتی نەیشەکەری هه‌فت تەپە، ناڕه‌زایه‌تیی كرێكارانی كاشی نیلوی نه‌جه‌ف ئاباد، مانگرتنی كرێكارانی كارخانه‌ی ڕۆنی نه‌باتی جه‌هان له‌ زه‌نجان، كۆبوونه‌وه‌ی كرێكارانی كارخانه‌ی كیان كۆرد، درێژەی مانگرتنی کرێکارانی شیرکەتی سەدرا ی بوشەهر، کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی شۆفیرانی شیركه‌تی واحیدی ئه‌ندامی پڕۆژه‌ی سپیدار، مانگرتن و ناڕەزایەتی موعەلیمانی حەقو التەدریسی لە ئەندیمشک، دەست پێکردنی مانگرتنی گشتی لە بانە و پێرانشار، مانگرتنی کرێکارانی خزمەتگوزاری فەزای سەوزی شارەداری شاری کەرەج، مانگرتن و کۆبوونەوەی ناڕازایەتی کرێکارانی پیتروشیمی بوعەلی سینای ماهشەهر،- نارەزایەتی بەردەوامی کرێکارانی بەردی پاسارگاد، کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی کرێکارانی فولادی قەزوێن و پارس ئاڕمانی شەفەق لەبەردەم فەرمانداری تاکستان، ناڕەزایەتی کرێکاران و کارمەندانی شارەداری مهاباد، ئەم لیستە دوور و درێژە لە ماوەی ئه‌م ٣ حەفتەیەدا کە خامنەیی ئاشکرا کردن یان نەکردنی ئەم قسانەی هەڵدەسنگاند، دەتوانێ دیسانیش دەرێژەیان هەبێت.

بەڵام لایەنی فریوکارانە و ڕیاکارانەی قسەکانی خامنەیی با لەولاوە بوێستێ، ڕاستیەکەی ئەوەیە کە ئەم جۆرە دان پێدانانە، بابەتێکە کە لە کۆماری ئیسلامیدا و لە لایەن سەرانی ڕیزی یەکەمی ڕژیمەوە کەم وێنەن و لە ئێستادا بەر لە هەر شتێک، نیشانەی رۆشنی هەست کردن بە لاوازی و بێتوانایی ئەوانن. ئەوان باش دەزانن کە شگردی سەرکوت لە بەرانبەر مانگرتندا، چ وەک حەرەکەتێکی سینفی بۆ گەیشتن بە کۆمەڵێک داخوازی دیاری کراو، و چ وەک تاکتیکێکی سیاسی بۆ خستنە ژێر گوشاری سەرجەم مەوجودیەتی ڕژیم، کاراییەکی بەرتەسکی هەیە.

پەرەسەندنی خەباتی کرێکاری لە حاڵێکدایە کە ڕژیم هەڵبەت، ئەمری سەرکوتی لە شێوازێکی ئالۆزتردا بە ئامانجی کۆنترۆڵ کردنی خەباتی کرێکاری بەکردەوە دەردێنێ له‌وانه‌، ڕێکخستنی تۆڕە سیخوڕیە ئیسلامیەکان لە ناوەندەکانی بەرهەمهێناندا، سازمان دانی تەشەکولە زەردەکان، نیزامی کردنی شوێنەکانی کار، نایاسایی ڕاگەیاندنی مانگرتن، بەکار هێنانی هێزی زەخیرەی کار بۆ ده‌ركردنی به‌ كۆمه‌ڵی كرێكاران، گرتنی پێشڕەوانی کرێکاری و هیتر، بەڵام هیچکام لەم کردارانە بۆ پێشگرتن به‌ مانگرتنی كرێكاران تا ئێستا کارێکی ئەوتۆیان بۆ نەکراوە و ڕژیم لەم مەیدانەدا لە ڕاستیدا هەست بە داماوی دەکات. لەمرۆکەدا مانگرتن بۆتە بەشێک لە واقعیەتی بزوتنەوەی کرێکاری و بۆتە چەکی کارای کرێکاران لە خەبات لەگەڵ سەرمایەداران و خاوەنانی پیشەسازیەکان و ڕژیمی پشتیوانیان.

رۆژانە شاهیدی دەیان مانگرتن و ناڕەزایەتی کرێکاری لە گۆشە و کەناری ئێرانین، هەرکام لەم ناڕەزایەتی و مانگرتنانەی کە بەڕێوەدەچن بە ڕادەیەک پشتیان بە سازمانیابی بەستوە، بەڵام ئاشکرایە کە ئەم سازمانیابیانە بەردەوام و سەقامگیر نین و بە کۆتاییهاتنی هەر خەباتێک تەمەنی ئەوانیش کۆتایی دێت. لەوێوە کە خەباتی چینی کرێکار لەگەڵ سەرمایەداران و ڕژیمی پشتیوانیان رۆژانە و دائیمیە، کرێکاران پێویستیان بە تەشەکولی چینایەتی پایەدار و بەردەوامە. کومونیستەکان و ‌هەڵسوڕاوان و پێشڕەاوانی بزوتنەوەی کرێکاری بە هەست کردن بەم نیازە چینایەتیە و ناسینی بوارە عەینیەکانیەتی، کە هەوڵدان بۆ سازمانیابی و تەشەکولیابی چینی کرێکار دەخەنە دەستوری کار و ئەولەویەتی خۆیانەوە. ئەم ڕاستیە حیکمەتی بەشێکی تر لە قسەکانی خامنەیی پێکدێنێت. قسەکانی خامنەیی نیشانی ئەدات کە نیگەرانیەکانی قوڵتر لە تەنیا نیگەرانی لە پەرەسەندنی مانگرتن و ناڕەزایەتی کرێکارییە. ئەو لە عەینی حاڵدا لەم ڕێگایەوە ئادرەسێکی دیکەی مەترسیش پیشانی ڕیزی پشتیوانانی ڕژیم ئەدات. ئەو بە زمانی بێ زمانی هۆشدار ئەدات کە مەترسی نفوزی کومونیستەکان لە بزوتنەوەی کرێکاریدا جیدییە و بەجیدی بزانن. ” ئەو دوژمنانەی” کە ئەو باسیان ئەدەکات، ناکرێ هێزە دەرەکیەکان و پشتیوانانی نێوخۆیی ئەوان بێت. لەبەر ئەوەی کە نە لە ئەدەبیاتی ئوپوزسیۆنی ئەوان و نە لە تاکتیکی سیاسی ئەواندا، لە باشترین حاڵەتدا بێجگە بوون لە حاشیە، نێشانەیەک لە بزوتنەوەی کرێکاری نابیندرێت. ئەوە کومونیستەکانن کە فەلسەفەی بوونی خۆیان لە بوونی چینی کرێکار و لە خەباتی ئەو چینە لەدژی نیزامی سەرمایەداری و بۆ دەستەبەر کردنی دەسەڵاتی سیاسی وەردەگرن. لەم روەوە خامنەیی کانونی مەترسی ڕاستەقینەی بە دروستی ناسیوە.

بابەتی پەیوەندیدار

خەبات لە دژی هەژاری، لە سەر بەستێنی ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی ژن، ژیان، ئازادی

-

ڕۆژی مامۆستا لە ئێران بەرز ڕاگیرا

-

دروشمەکانی ڕۆژی جیهانی کرێکار، زیادکرنی حەقدەست و مووچە، ڕاگرتنی جینۆساید لە غەززە

-

نەریتی ڕێزگرتن لە ڕۆژی جیهانی کرێکار لە کوردستان

-

وتارێک بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی ئەمن کردنی کار

-

کەمپینی هاوپشتی لەگەڵ خەڵکی فەلەستین تا دێت بەربڵاوتر دەبێت

-