کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

“جلیقە زەردەکان” کێن و چیان دەوێ!

بزووتنەوەیەک کە له‌ فه‌ڕانسه‌ لە ڕێكه‌وتی ٢٦ی مانگی خەزەڵوەر به‌رابه‌ر له‌گه‌ڵ ١٧ی نۆوامبرەوە دەستی پێکردووە ئێستا چۆتە نێو پێنجەمین حەفتەی خۆیەوە. کاتێک کە یەکەم نیشانەکانی ئەم بزووتنەوە ناڕازەیەتییە چەند مانگ له‌مه‌وبه‌ر لە دێیەکی دوورە دەست لە مێدیای مەجازیدا بڵاو بۆوە و تازە چەند حەفتە دواتر کەوتە بەر سەرنج و لە ماوەی چەند ڕۆژدا یەک ملیۆن کەس ناوی خۆیا لەژێردا نووسی، ڕەنگە بە دژواری دەکرا گومان بگرێت کە دەبێتە بزووتنەوەیەک کە نە تەنیا شه‌قام داگیر دەکات و گەلێک لە ناوچەکان دەشێوێنێ، بەڵکوو توانایی ئەوەشی هەیە کە سنوورەکانی فەڕانسە تێپەڕێنێ و ناڕازیان لە بێلژیک، هولەند، مەجارستان، بوڵغارستان، عێڕاق و تورکییەش جلیقه‌ زەرد لەبەرکەن. فەڕانسە ئەو تایبەتمەندییەی هەیە. فەڕانسە دڵی ئۆرووپایە. لە زەینیەتی مێژوویی خۆیدا شۆڕشی بۆرژوایی ١٧٨٩، ڕاپەڕین و ناڕەزایەتییە کرێکاراییەکان و شۆڕشی ١٨٤٨، کۆمۆنی پاریس، یەکەم دەوڵەتی کرێکاری دنیا له‌ ساڵی ١٨٧١ و تا شۆڕشی ملیۆنی خوێندکاران و کرێکارانی فەرانسە لە ساڵی ١٩٦٨ به‌خۆیه‌وه‌ بینیوه‌. هەڵبەت نابێ لەبیر بکرێت کە بوونی یەکێتییە کرێکارییە بەهێزەکان و هێندێک جار ڕادیکاڵ و بوونی ئەحزابی چەپی تا ڕادەیەک بە هێز بە بەراوەرد لەگەڵ باقی وڵاتانی سەرمایەداریدا بارودۆخێکی تا ڕادەیەک لەبار تری لە فەرانسەدا بەدی هێناوە. ئەمەش گەلێک جار ڕوویداوە کە کرێکارانی فەرانسە لە ئاستی بەرینی چەند سەد هەزار کەسیدا دەست بدەنە ناڕەزایەتیی و مانگرتنی چەند ڕۆژە کە ئاخرین نمونەی لە مانگەکانی ئەمساڵدا لەلایەن کرێکارانی ڕێگای ئاسنی دەوڵەتییەوە لە ناڕەزایەتی بە خوسوسی سازی بەڕێوەچووه‌. ئێستا ٦٠ ساڵ دواتر جارێکی دیکە کۆمەڵگای فەرانسە ڕاپەڕیوە. بزووتنەوەیەک کە لە ناڕەزایەتیی بە بەرزبوونەوەی ماڵیات بەسەر سوتەمەنی دا دەستی پێکرد، ئێستا خوازیاری دەست لەکار کێشانەوەی مەکرۆنە.

بزووتنەوەی”جلیقه‌ زەردەکان” دەنگدانەوەی شۆڕش و ڕاپەڕێنی بەشێک لە کۆمەڵگایە کە بە ڕیوایەتی بەشدارێک “نیگەرانی کۆتایی مانگه‌”. ئەوە فەرانسەی پەڕاوێز نشینه‌كه‌ خەریکی شۆڕشە. بزووتنەوەی بێوێنه‌، خۆڕسک و لە حاڵی تەقینەوەیه‌‌. ناکرێت ئەمانە بخەیتە نێو چوارچێوەی چینێکی دیاری کراوەوە. ئەمانە کەسانێک بوون کە لە پرۆسەی سڕینەوەی پیشەسازیدا فڕێدراونەتە پەڕاوێزی شارەکانەوە، شوێنێک کە جێگای ژیانی چینە بێبەشەکان و کەسانێکە کە ناچارن ڕۆژانە دەیان کیلۆمیتر بڕۆن تا بگەنە سەرکارەکانیان و لەم ڕووەوە یەکەم قوربانیانی زیاد بوونی ماڵیات بەسەر سوود و سوتەمەنیدان.

بزوتنەوەیەک کە لە پەڕاوێزی شار و دێهاتەکانەوە دەستی پێکردبوو، ئێستا بە پەیوەست بوونی کرێکارانی پاڵاوگە و بەندەرەکان، پەرستاران و شۆفیر ئامبولانسەکان، خانه‌نشینان و چین و توێژەکانی مامناوەندی کۆمەڵگا گەیشتووه‌تە شارە گەورەکان لەوانە پاریس. بزووتنەوەی ناڕەزایەتیی دژ بە فەلاکەتی سەرچاوەگرتوو لە نیئۆلیبڕالیزم، لەدژی بەرزبوونەوەی ماڵیات لەسەر سوتەمەنی، لەدژی ناسەقامگیری کار- هەمان گه‌ڵاڵه‌ی ڕێفۆڕم لە بازاڕی کاردا کە مەکرۆن بە پشت بەستن بە یاسای تایبەت بە پەسندی گەیاندووە- ئاسته‌نگی له‌ به‌رامبه‌ر خزمەتگوازاری گشتی و کۆمەڵایەتی، لەدژی کەم بوونەوەی زۆری سەرچاوەی دارایی شارەدارییەکان، لەدژی چاكسازی نیزامی خانەنشینی، زیاد بوونی ١٠ بەرابەر لە پێشو زیاتری شەهریەی خوێندکاران لە یەکەمی مانگی داهاتووەوە و لە کۆتاییدا لەدژی خوسوسی سازی مەدرەسەکان.

ئێستا پاریس ئیتر تەنیا شه‌قامی” شانزەلیزە” و ” بورجی سەرکەوتن” نییە. پاریس هاوکات ئێستا پاریسی جلیقە زەردەکان و پاریسی پیشاندانی توانایی سەرکوتی بۆرژوازییە. کاتێک کە لە حه‌فته‌ی سێهەمی ناڕەزایەتیەکاندا بڵێسەکانی هەڵچوون و ناڕەزایەتی گەیشتە هەموو شوێنێک، سەرۆک وەزیرانی فەرانسە ڕایگەیاند کە بۆ ٦ مانگی داهاتوو زیاد بوونی ماڵیات دوا دەکەوێت و هاوکات هەڕەشەی لە ناڕازیان کرد کە ئەگەر نەزمی گشتی تێکبدەن بەره‌نگاریان دەبنەوە و داوای لێکردن نوێنەریان دیاری بکەن تا وتووێژیان لەگەڵ بکەن. بەڵام بزووتنەوەکە لەوە لەپێشتر بوو کە بەم جۆرە بەناو بەخششانە ڕازی بێت. دەوڵەت پەنای بردە بەر شگردی سەرکوت و ئەو ڕواڵەتەی لەخۆی نیشاندا کە ئەوانەی بەرۆک بۆ دێمۆکراسی بورژوازی دادەدڕن بەردەوام خەریکن دەیشارنەوە. ئەوان دیکتاتۆڕەکانی دنیای دەوروبەر بە ڕووی ئێمەدا دەکێشن بەڵام لەبیریان دەچێتەوە کە ئەو دیکتاتۆڕانەش سەرچاوە گرتوو لە ڕادەی گەشەی سەرمایەداری ئەم بەشە لە دنیایە کە بۆرژوازیش بۆ دەستەبەر کردنی زێده‌بایی لە سەرکوتی بێ پەردە کەڵک وەردەگرێت. بەڵام کۆمەڵگای پێشکەوتووی سەرمایەداری وەها ئەهرومێکی پێویستی بۆ بە بەند کێشانی هێزی کار لە پرۆسەیەکی درێژ ماوەدا نیهادینە کردووە کە ئیتر نیازی بە سەرکوتی بە ئاشکرا نییە. بەڵام هاوکات گشت ئەم کۆمەڵگایانە نیشانی دەدەن کە ساتێک کە هەست بە مەترسی دەکەن و بەرەوڕووی شۆڕشی برسییەکان دەبنەوە و دەرێژەی حەیاتی نیزامی کۆیلەداری مۆدێڕنیان لەژێر هەڕەشەدا دەبینن، بە خێڕایی دەیان هەزار هێزی تایبەتی سەرکوت دەڕژێننە سەر شەقامەکان و دەست دەکەن بە گرتنی بەرینی خەڵکی ناڕازی، هەمان ئەو کارەی کە دەوڵەتی بۆرژوایی فەرانسە دەی کات. جێگیر کردنی ٩٠ هەزار پۆلیس و هێزی تایبەت، دەیان تانکی زڕێپۆش، زیاتر لە ٢ هەزار دەستبەسەر کراو و پێنج کوژراو، کارنامەی بۆرژوازی فەرانسە لە حەفتەکانی ڕابردوو دایە. بڵندگۆکانی بۆرژوازی بێشرەمانە لەوەیکە دوکانە لۆکسەکان، هێرشیان کراوەتەسەر هەراوهۆریایان خستۆتە ڕێ و لە سەرزەنشت کردنی بەناو توندووتیژی بزوتنەوەکە بەگەلەیین و داوا لە ناڕازیان دەکەن نەزمەکە تێکنەدەن. ئەم مێدیایە بەڵام ئاگاهانە لەبیری دەباتەوە کە بەبێ توشی هەژاری کردنی خەڵک لە ئاستی ملیۆنیدا، ئەم فرۆشگا لۆکسانە بۆ کەمینەیەک کە سەروەتی میلیاردیان سەریەک ناوە، دروست نەدەکران. ئەم خەڵکە توڕەیە مافی خۆیانە کە لە قامەتی ئەم فرۆشگا لۆکسانەدا چینێک ببینن کە ئەم نایەکسانییە گەورە و بەرینەیان بەدی هێناوە کە تۆوی نەفرەتیان لەنێو دڵی خەڵکی پەڕاوێز خراودا چاندووە.

توانایی شۆڕشی” جلیقە زەردەکان” مەکرۆنی ناچار کرد کە لە تەلەویزیۆندا دەرکەوێ و ڕابگەیەنێت کە دەنگی ئەوانی بیستووە. پاشەکشەی ئەو سەبارەت بە هەڵوەشاندنەوەی ماڵیات لەسەر قازانج، زیاد بوونی لانیکەمی حەقدەست و هەڵوەشاندنەوەی ماڵیات لەسەر خانەنشینان بێ گومان تاکتیکێکی زوو تێپەڕە بۆ دەرچوون لەم بارودۆخە دژوارە. هەڵبەت نابێ لەبیر بکرێت کە مەکرۆن دژی کەم بوونەوەی ماڵیات نییە. ئەو قارەمانی نیئۆلیبڕاڵی ئۆرووپایە و لە بارودۆخێکدا کە هەر ئەمساڵ ٣ هەزار بنەماڵەی دەوڵەمەندی فەڕانسەوی بڕی زیاتر لە ٤ میلیارد یۆرۆیان معافیەتی ماڵیاتی وەرگرت، دەبوو ئەوانەی خوارەوە بە زیاد بوونی ماڵیات مەحکووم بکرایەن.

لەگەڵ ئەوەدا کە بەشداران بە درووشم و هانده‌ر و داخوازی جۆراوجۆرە هاتوونەتە مەیدان، بەڵام ڕاستییەکەی ئەوەیە کە ئەوەی ئەوانی لە دەوری یەک کۆکردووەته‌وه‌ بە کورتی ناڕەزایەتیی بە دابەش بوونی سەروەتە. ئاخێزی ئەوان هەڵبەت دەتوانێ لە لایەن ڕەوتە فاشیستیەکان و ڕاسیستەکانی وەک” بەرەی میللی”یەوە کەڵکی لێوەربگیرێ بەڵام نابێ لەبیر بچێتەوە کە بزووتنەوەی”جلیقه‌ زەردەکان” بە پێچەوانەی بزووتنەوە ڕاسیستییەکانی مەوجود لە ئەمریکا و گەلێک لە وڵاتانی ئۆرووپایی وەک ئاڵمان، ئیتالیا، ئینگلس و مەجارستانه‌، نەک لە ڕووی دژایەتی لەگەڵ کۆچبەران و ئەو کەمینانەی کە لە ڕووی بەرەو هەژاری چوونەوەیە. ئەوە جیاوازیەکی گەورەیە کە دەتوانێ لە ئەگەری دروست بوونی ڕێبەریەکی گوناجاو و ئاسۆیەکی پێناسە کراودا، نە تەنیا ڕواڵەتی فەرانسە بەڵکوز ئۆرووپاش بگۆڕێت.

بابەتی پەیوەندیدار

پشت بەستن به جەلاد و پەتی سێدارە بەمەبەستی مانەوەی ڕژیم، بێ سەمەرە

-

خەبات لە دژی هەژاری، لە سەر بەستێنی ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی ژن، ژیان، ئازادی

-

ڕۆژی مامۆستا لە ئێران بەرز ڕاگیرا

-

دروشمەکانی ڕۆژی جیهانی کرێکار، زیادکرنی حەقدەست و مووچە، ڕاگرتنی جینۆساید لە غەززە

-

نەریتی ڕێزگرتن لە ڕۆژی جیهانی کرێکار لە کوردستان

-

وتارێک بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی ئەمن کردنی کار

-