کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

“تەقە مەکە”  لە سبەینێیەکی حەتمی کە دادێت بترسە!

ناڕەزایەتی دژە حکوومەتی لە شارە جۆراوجۆرەکانی خوزستان لەوانە ئابادان، ئەهواز و مەسجد سلێمان هەروا بەردەوامە. ڕۆژی ڕابردوو گروپێک لە هۆزە عەرەبەکان بە بەدەستەوەگرتنی ئاڵای هۆزەکەیان، لە شەقامەکانی ئابادان دەستیاندایە خۆپیشاندان و هاوپشتی خۆیان لەگەڵ خەڵکی ئەو شارە دەربڕی. شارەداری ئابادان، بەمەبەستی گۆڕینی ڕەوتی ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی ئەو شارە، لەنزیک شوێنی ڕووداوەکەی میترۆپۆل ڕێوڕەسمێکی ماتەمینی بەڕێوەبرد. بەڵام خەڵکی ئابادان بە بەشداریی لەو ڕێوڕەسمەدا و بەرزکردنەوەی دروشم لەدژی بەرپرسان و دامەزراوەکانی کۆماری ئیسلامی، ڕێوڕەسمەکەیان کرد بە کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتی. هێزە نیزامی و لیباس شەخسییەکان تەقەیان لەو جەماوەرە ناڕازییە کرد. بەگوێرەی هەواڵەکان چەند کەسێک بریندار و ژومارەیەک لە لاوانی ناڕازیش دەستبەسەرکراون.

بەدرێژایی شەوی دووشەممە ناڕەزایەتی و شەڕ و ڕاوەدوونان زۆربەی شەقامەکانی ئابادانی گرتبۆوە و بەردەوام دەنگی تەقە دەبیسترا. چەند وێنەیەکیش لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو بۆتەوە کە لاوێک بە فیشەک پێکراوە و کەوتۆتە سەرزەوی. لەیەکێکی تر لەو ویدئویانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوکراوەتەوە، لاوێکی خەڵکی ئەهواز دەنگێکی بەرز بە یەکێک لەو مەئموورانەی کە بەرەولای ئەو تەقە دەکات، دەڵێتتەقەم لێ مەکە مافی خۆم دەوێ“. دوابەدوای ئەوە خەڵک هاوار دەکەن: ” تەقە مەکە، تەقە مەکەدواڕۆژێک هەیە، لە سبەینێ بترسە جەنابی یەگانی تایبەت“!

چەندین ساڵە کە کۆڵبەرانی کوردستان و  سوختبەرانی سیستان و بەلووچستان بە فیشەکی بەکرێگیراوانی کۆماری ئیسلامی دەکوژرێن و بریندار دەکرێن و ئێستاش ئینسانکوژەکانی ڕژیم لە شارە گەورە و بچووکەکان تەقە لە خۆپیشاندانی هێمنانە و ئاشتیخوازانەی جەماوەری خەڵکی ناڕازی دەکەن و داواکارییتەقە مەکە، خەریکە ببێت بە دروشمێکی گشتگیری جەماوەری ڕاپەڕیو لە سەرتاسەری ئێران.

هێزە چەکدار و سەرکوتگەرەکانی حکوومەتی ئیسلامی و بەتایبەت سپا و بەسیج، بەدرێژایی چواردەیە لە کوردستان بێ سڵکردنەوە تەقەیان لە کۆڵبەران و خەڵکی بێدیفاع کردووە و بەهەزاران کەس لە زەحمەتکێشانی ناوچەکەیان داوەتەبەر گوللە. لەو ماوەی چواردەیەدا تەنانەت بۆ یەکجاریش داگایەکی ئاشکرا بۆ بکوژانی خەڵک و فەرماندە جینایەتکارەکان پێک نەهات و بەهەزاران پەروەندە و لەوانە پەروەندەی کوشتاری بەکۆمەڵی ئاواییەکانی قاڕنێ و قەڵاتان هەتا ئێستاش بەدواداچوونیان بۆ نەکراوە.

ئەگەر تەقەکردن لە کۆڵبەران و خەڵکی بێدیفاعی کوردستان و کوشتنی سوختبەرانی زەحمەتکێش و ئازارچەشتووی سیستان و بەلوچستان، لە ڕاگەیەنەرەکانی ناوخۆ و دەرەوەدا وەک پێویست دەنگدانەوە و ڕەنگدانەوەی نەبوو، بەڵام ناتوانن تەقەکردن لە خەڵکی ناڕازی لە شارە گەورە و بچووکەکان لەچاوی خەڵک و ڕاگەیەنەرەکان بشارنەوە.

تەقە مەکەدانی هۆشدارییەکی ڕاستەوخۆیە بە هێزە چەکدارەکان کە لەبەرامبەر خەڵکدا نەوەستنەوە و داهاتووی خۆیان و بنەماڵەکانیان بە مانەوەی دەسەڵاتدارانی ڕژیمی ئێسلامییەوە گرێنەدەن.

خەڵک ئەوەیان لێ قەبووڵ ناکات کە مەئموور بوون و مەعزوور، لەپاش ڕووخانی ڕژیمی ئێسلامی بەتاوانی جینایەت لەدژی خەڵکی ئێران دەدرێنە دادگا و نەنگێکی مێژوویی و درێژماوە بۆخۆیان هەڵدەبژێرن.

حکوومەتی ئیسلامی لە دەستپێکی کۆتایی خۆیدایە. ڕەوتی ڕوو لە نەمان و هەرەسهێنانی ڕژیم، خێراییەکی زیاتری پێوەدیارە وتەقە مەکەداواکارییەکی ڕەوا و ئینسانی خەڵکە لە هێزە سەرکوتگەرەکان بۆ ئەوەی ڕیزی خۆیان لە فەرماندە و بەرپرسە جینایەتکارەکان جیابکەنەوە و بە ڕیزەکانی جەماوەری خەڵک پەیوەست بن.

تا ئەو جێگایەی کە پێوەندی هەیە بە ڕووداوی داڕمانی بینای میترۆپۆلەوە، خەڵکی ئابادان چەند داواکارییەکی ڕەوایان هەیە کە پێویستە دەوڵەت بەخێرایی بۆیان جێبەجێ بکات. ئەم داواکاریانەی خوارەوە لەم ڕۆژانەدا بوونەتە وێردی سەر زمانی خەڵکی ئابادان: دەستبەسەرکردنی سەرجەم سەبەبکارانی ئەو کارەساتە، هەرلە فەرماندارەوە بگرە هەتا شارەدار و موهەندیس و پیمانکار و خاوەنانی پڕۆژەکە و ئەوانەش کە دوور و نزیک لەم ڕووداوەدا بەشدار بوون، قەرەبووکردنەوەی بنەماڵەی قوربانیان، ئازادکردنی سەرجەم دەستبەسەرکراونی ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییانەی ئابادان، پێکهێنانی کۆمیسیۆنێکی کارناسی و خەڵکیی، بەمەبەستی بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە لەو بینا و باڵەخانانەی تر کە بەشێوەیەکی ناپسپۆڕانە لە سەرانسەری ئێران درووسکراون بەمەبەستی پێشگرتن لە ڕوودانی کارەساتگەلێکی هاوشێوە.

بابەتی پەیوەندیدار

پشت بەستن به جەلاد و پەتی سێدارە بەمەبەستی مانەوەی ڕژیم، بێ سەمەرە

-

خەبات لە دژی هەژاری، لە سەر بەستێنی ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی ژن، ژیان، ئازادی

-

ڕۆژی مامۆستا لە ئێران بەرز ڕاگیرا

-

دروشمەکانی ڕۆژی جیهانی کرێکار، زیادکرنی حەقدەست و مووچە، ڕاگرتنی جینۆساید لە غەززە

-

نەریتی ڕێزگرتن لە ڕۆژی جیهانی کرێکار لە کوردستان

-

وتارێک بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی ئەمن کردنی کار

-