کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

تێپەڕبوونی سەد ساڵ بەسەر بەیانییەی بالفوور دا

دۆژی پێنجشەممە ٢ی مانگی نۆوامبر به‌رابه‌ر له‌گه‌ڵ ١١ی مانگی خەزەڵوەر، سەد ساڵ بەسەر بڵاو بوونەوەی بەیانیەی “بالفوور” دا تێپەڕی. بەیانییەیەک کە لە ڕێكه‌وتی ٢ی نۆوامبری ١٩١٧دا لە لایەن “ئارتوور جەیمز بالفوور” وەزیری دەرەوەی بریتانیا ڕوو لە “والتێر رۆتشیلد” نوێنەری مەجلیسی بریتانیا و خاوەن بانکی بە ناوبانگەوە نێردرا. ئەم بەیانییەیە ڕەزامەندی بریتانیا بۆ ” درووست کردنی ماڵی نه‌ته‌وه‌یی بۆ یەهودیەکانی لە سەرزەوی فەلەستین”ی تێدا هاتبوو. ئەم بەیانیەیە یەکەم بەردی بناغەی دامەزراندنی وڵاتی ئیسڕائیل و هاوکات بەردی بناغەی شکڵ گرتنی تڕاژیدیەکی مێژوویی و ئینسانی لەدژی نەتەوەی فەلەستین بوو. هەرچەند کە لەم بەیانیەدا باس لە ” دروست کرانی ماڵی نەتەوەیی بۆ یەهودیەکان” نەکراوە، بەڵام لە هەمان ساڵەکانی کۆتایی سەدەی نۆزدەوە گرایشاتی ڕاست و دژی یەهودی لە زۆربەی حاڵەتەکاندا خاڵی دەست پێکی خۆیان ڕزگار بوون لە ” شەڕی” یەهودیەکاندا ئەبینی. لەخۆڕا نییە کە لە یەکەم کۆنفڕانسی یەهودییەکان لە ساڵی ١٨٩٨ لە شاری “بال”ی سوئیس بابەتی درووست کردنی دەوڵەتی یەهود دەبێتە یەکێک لە باسە سەرەکییەکانی کۆنفڕانسەکە و باس لە هێندێک شوێنی وەک ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، رووسییە، هێندێک لە وڵاتانی ئەمریکای لاتین و ئۆگاندا دەکرێت وەک ئەو جێگایانەی دەکرێت دەوڵەتی یەهودیان تێدا درووست بکرێت. بەڵام زیاتر لە گشتیان گەڕانەوە بۆ فەلەستین بە ئاماژە بە ڕیوایاتی مەزهەبی تەوڕات واتە نیشتەجێ بوون لە داوێنی كێوی سەهیون لە نەزەردا بوو. لە ڕاستیدا وشەی سەهیونیزم بە واتای گەڕانەوە بۆ سەهیون لێرەوە سەرچاوە دگرێت. دەوترێت ” سەرزەوییه‌ك بوونی هەیە کە خەڵکی تێدا نییە و خەڵکێکیش هەن کە سەرزەمینیان نییە.” ئەم ڕستەیە گەورە ترین ته‌زویری مێژووییه‌ کە بنەمای فکریی و مادی گواستنەوەی یەهودییەکان بۆ فەلەستین ئامادە دەکات. دوای ئەو کۆنفڕانسە ” ئاژانسی یەهودیەکان” پێک دێت کە ئەرکەکەی ئامادەکاری لۆجستیکی بۆ گواستنەوەی یەهودییەکانە بۆ فەلەستین. ‘ ئاژانسی یەهودییەکان” لە گشت ئیمکاناتێک بۆ گواستنەوەی یەهودییەکان کەڵک وەردەگرێت. تەبلیغاتی بەرینی کۆکردنەوەی یارمەتی دارایی تەنانەت لەو مەسیحیانەی کە خوازیاری ڕزگار بوون لە ” شەڕی” یەهودن گرتویەتی تا هەڕەشە و تەنانەت لەسەر بنەمای مێژوویی، ئاگردانی کەنیسەکانی یەهودی لە وڵاتانی جۆراو جۆر ڕەچاو دەکرێن تا گەڕانەوە بۆ فەلەستین وەک تاکە بەدیل بخرێتە بەردەمیان.

لەم ڕەوتەدایە کە جەریانی سەهیونیستی وەک گرایشێکی سەرەکی شکڵ دەگرێت کە لەسەر بنەمای ئیدئۆلۆژیەکی ڕەگەزپەرستانەیە. “هێرتسل” وەک یەکێک لە دامەزرێنەرانی بزوتنەوەی سەهیونیستی روو بە ئوروپاییەکان ئەڵێ:” ئێمە وەک دیوارێکی پاراستن بۆ ئۆرووپا دەجوڵێینەوە. دیوارێک کە ئەرکەکەی پارێزگارییە لە فەرهەنگی ئۆرووپایی لە بەرانبەر بەڕبەڕیەتی ئاسیاییەدا دەبێت”.

لە ساڵەکانی یەکەمی سەدەی بیستدا بۆ گەلێک لە خەڵک ئاشکرا بوو کە دنیا بەرەو دابەش بوونی ناوچەی نفوز دەچێتە پێش و بەم شێوەیەش هیوای ” ئاژانسی یەهودییەکان” لەسەر ئەو ئاڵوگۆڕانە بوو کە ڕەوتی ئەم دابەش بوونە سەرلەنوێیە بە قازانجی گوازرانەوەیان بۆ فەلەستین و درووست کردنی دەوڵەتی ئیسڕائیل، لە حاڵی شکڵ گرتندا بوو.

دەوڵەتی بریتانیا هەڵبەت ئامانجی گرینگتری دیکەشی لە سەردا هەبوو لەوانە خستنە ژێر گوشاری دەوڵەتی ئەمریکا لە لایەن یەهودییەکانەوە بۆ چوونە نێو شەڕەوە و هاوکات درووست کردنی دەوڵەتێک لە ناوچەیەکدا کە ڕێگای تێپەڕینی دەریایی بۆ ئامانجی بریتانیا بەرەو موستەعمەرەکەی وڵاتی هێند دەکردەوە. دەستپێکی شەڕی جیهانی و ئەگەری لێک هەڵوەشانی ئیمپڕاتۆڕی عوسمانی، قەراردادی سایکس- پیکۆ لە نێوان فەڕانسە و بریتانیا لە ساڵی ١٩١٦ بۆ دابەش کردنی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و لە کۆتاییدا قیومیەتی بریتانیا بەسەر فەلەستیندا ئەو بارودۆخە گۆڕاوە بوون کە پێویستی بەیانییەی بالفوور و بە کرداری کردنی دەردەبڕی. تێک شکاندنی هێڵی بەرەی فەلەستینی دەوڵەتی عەسمانی و داگیرکردنی نیزامی فەلەستین لە لایەن هیزەکانی بریتانیاوە لە ڕۆژی ٣٠ ئۆکتۆبری ١٩١٧، ئەو رۆژەیە کە مەجلیسی بریتانیا بەیانیەی بالفووری تێدا پەسند کرد کە دوو ڕۆژ دواتری ڕوو بە واڵتێر روتشیلد بڵاو دەکرێتەوە.

لەگەڵ کۆتایی هاتنی شەڕ لە ڕوانگەی بریتانیا و ئاژانسی یەهودییەکانەوە، کاتی ئەوە بوو کە هەنگاوی بەرز بۆ ” درووست کردنی ماڵی نەتەوەیی یەهودییەکان لە سەرزەمینی فەلەستین” هەڵبگیرێت. لەم نێوانەدا هەڵبەت بابەتێک کە هیچ حیسابێکی بۆ نەدەکرا چارەنووسی بە ملیۆن خەڵکێک بوو کە لە فەلەستین دەژیانه‌. بەڵام خۆڕاگری لێبڕاوانەی خەڵکی فەلەستین بەربەستێک بوو لەبەردەم بەکردەوە دەرهاتنی ” ماڵی یەهودییەکان” لە کورت ماوەدا. لە ڕاستیدا ساڵەکانی ١٩٢٠ تا ١٩٣٦ ساڵی چەندین شۆڕش و مانگرتنی خەڵکی فەلەستین لەدژی حاکمیەتی بەریتانیا و مهاجرەتی یەهودییەکان بۆ فەلەستینە. هێندێک لەم مانگرتنانە لەوانە لە ساڵی ١٩٢٦ بۆ ماوەی ٦ مانگ درێژەی کێشا. دەوڵەتی بریتانیا بۆ تێکشکاندنی خۆڕاگریی دانیشتوانی فەلەستین، یارمەتی بێ دریغی بۆ درووست بوونی سازمانە نیزامییە تیرۆریستییە سەهیونیستییەکان خستە بەردەستیان. بەپێی دەستورالعەمەلەکانی حاکمی بریتانیایی فەلەستین، هەڵگرتنی چەکی سارد و گەرم بۆ فەلەستینییەکان قەدەغە کرا و بە پێچوانە گروپە سەهیونیستیەکان ئیجازەیان پیدرا کە تەیار بە چەکی سارد و گەرم بن. چالاکییە سەرکوت گەرانەکانی ئەم گروپە نیزامی – تیرۆریستیانە، ناڕەزایەتی بەرینی لە دنیای عەرەبدا و شەپۆلی کۆچبەری یەهودییەکانی تا ساڵی ١٩٤٧ بوو بە هۆی ئەوەی کە پلانی دابەش بوونی ئەم سەرزەویە لەنێوان یەهودییەکان و فەلەستینیەکاندا لە لایەن رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووکانەوە تەرح کرا. لەگەڵ ئەوەیکە یەهودییەکان ٣٣ و ٦ ده‌هۆمی دانیشتوانیان پێکدەهێنا، ٥٦ و ٤ ده‌هۆمی سەرزەمین و فەلەستینیەکان کە ٦٦ و ٤ ده‌هۆم لە دانیشتوانیان پێکدێنا تەنیا ٤٣ و ٦ ده‌هۆم لە سەرزەمینەکانیان پێدرا. ڕاگەیەندرانی بەڕەسمی پێکهاتنی دەوڵەتی ئیسڕائیل لە ساڵی ١٩٤٨ خاڵی کۆتایی لەسەر بە کرداری بوونی بەیانییەی بالفوور دانا. لەم تاریخە بەدواوە فەلستینیەکان لەگەڵ دەوڵەتێکی سەرکوتگەردا بەرەوڕوو بوون کە لە قامەتی دەوڵەتێکدا هەم وەک قەڵای قایمی پاراستنی بەرژەوەندی ئیمپڕیالیستییەکانی ڕۆژئاوا لە ناوچەکەدا و هەم وەک دەوڵەتێکی ڕەگەز پەرست، پاکسازی قەومی بەرەو پێش بردووە.

ئەوەی کە ئێستا بۆ فەلستینییەکان ماوەتەوە تەنانەت کەمترە لە ١٨ لەسەدی ئەو ناوچانەی کە بەپێی تەرحەکەی رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان لە ساڵی ١٩٤٧ دا دەبوو بخرێتە ئیختیار فەلەستینییەکانەوە. تازە ئەم بڕەش لە ڕێگای کولۆنییە یەهودی نشینەکانەوە و دیواری درووست کراو لە یەکتر جیا کراونەتەوە. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەوە گومانێکی پوچە ئەگەر مێژووی خەبات و خۆراگری نەتەوەی فەلەستین بۆ دیاریکردنی چارەنووسی لەبەرچاو نەگیرێت. ئەوەی کە بە ڕاشکاوی دەتوانین بیڵێین ئەوەیە کە نە گەندەڵی حاکم بەسەر دەوڵەتی خۆ بەڕێوەبەری مەحموود عەباس لە لێوارەی ڕۆژئاوا و نە حاکمیەتی ڕەوتی کۆنەپەرستی حەماس لە لێوارەی غەزە، هیچکامیان نوێنەری خەبات و خۆڕاگری قارەمانانەی ئەم نەتەوەیە نین. جیاوازی و دووری ونزیکی ئەوان بە یەکەوە و ئەوەیه‌ کە ڕۆژێک بەر لە سەدەمین ساڵگەردی بەیانییەی بالفوور، حەماس حاکمیەتی غەزەی دایەوە دەست دەوڵەتی خۆ بەڕیوەبەر، هەرچەند کە دەتوانی کەمێک لە ئێش و ئازارەکانی خەڵکی گرفتار لە زیندانی گەورەی غەزەدا کەم بکاتەوە، بەڵام خاڵی کۆتایی دانان لەسەر ئەم تراژیدیە سەد ساڵەیە، تەنیا و تەنیا لە گرەوی خۆڕاگری و خەباتی خەڵکی فەلەستین و دیفاعی بەرەی ئینسانییەتی پێشکەوتنخواز و شۆڕشگێڕ لە مەسلەی ڕەوای ئەم خەڵکە دایە.

بابەتی پەیوەندیدار

لە١٤ هەمین ساڵیادى ئێعدامی فه‌رزادی كه‌مانگه‌ر و هاوبه‌نده‌كانی دا

-

پەرەسەندنی پشتیوانی کرێکاران لە بزووتنەوەی دژە جینۆساید

-

پەرەسەندنی ڕێکخراوە جەماوەرییەکان، ئامرازێکن بۆ پێشڕەوی و گەرەنتی پاراستنی دەستکەوتەکان

-

پشت بەستن به جەلاد و پەتی سێدارە بەمەبەستی مانەوەی ڕژیم، بێ سەمەرە

-

خەبات لە دژی هەژاری، لە سەر بەستێنی ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی ژن، ژیان، ئازادی

-

ڕۆژی مامۆستا لە ئێران بەرز ڕاگیرا

-