به پێی ڕاپۆرتی ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، هێزهكانی ئینتزامی کرماشان لە گەڕەکی “دەوڵەت ئاوای” ئەمشارە تەقەیان لە ئۆتۆمبێلی هاووڵاتییەک کردووە و لەئاکامدا تازهلاوێكی ١٧ ساڵ تهمهن گیانی لە دەست داوە و تازهلاوێكی دیکەش بە سەختی بریندار بووە.
بەپێی ئهم ڕاپۆرته، ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە ٢٤ی ڕەزبەر، هێزهكانی ئینتزامی جێگیر لە پایگای دەوڵەت ئاوای کرماشان ئۆتۆمبێلێکی سهوارییان داوەتە بەر دەستڕێژی گوللە و لە ئاکامی ئەو دەستڕێژەدا، شۆڤێری ئۆتۆمبێلەکە کە تازهلاوێكی تەمەن ١٧ ساڵه بووه به ناوی “ئەشکان عەزیزی” گیانی لەدەست داوە و تازهلاوێكی تەمەن ١٧ ساڵانیش بە ناوی “بورهان عەزیزی” بە سەختی بریندار بووە. شایانی باسه، “بورهان عەزیزی” چووەتە کۆماوه و ئێستا لە ژێر چاوەدێریی چڕی پزیشکیدایە. ئەو دوو تازهلاوه خەڵکی گەڕەکی” دەرەدرێژ”ی کرماشان بوون و هیزە ئینتزامییەکان بە بیانووی ئەوەی کە ئۆتۆمبێلەکەیان پڵاکی نییە تەقەیان لێیان کردووە.