کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

بەڕێوەچوونی کۆنفڕانسەکان سەبارەت بە قەیرانی سوورییە بەبێ ئامادەبوونی نوێنەرانی خەڵک

لەگەڵ شکستی داعش لە گۆڕەپانی شەڕدا لە سوورییە هەنگاوە دیپڵۆماتیکەکانی دەوڵەتانی بەشدار لە شەڕی نیابەتی سوورییە خێراتر بووەتەوە و کۆمەڵێک هەوڵی چڕ بۆ بەردەوامیدان بە وتووێژەکانی پێشو لە لایەن لایەنە دەرگیرەکانەوە لە شەڕی سوورییەدا لە ئارادان. دەبێ لە بەینی زلهێزەکان و دەوڵەتانی ناوچەکەدا پێکهاتنێک بە دەست هاتبێت.

ڕۆژی دوو شەممە ٢٩ی مانگی خەزەڵوەر بەشار ئەسەد بە شێوەیەکی چاوەڕوان نەکراو لەسەر داوای پوتین چوو بۆ سووچی لە ڕووسییە تا پوتین بڕیارەکانی خۆی لە پێوەند لەگەڵ وتووێژەکانی ئاشتی سوورییەی پێ ڕابگەیەنێت. ئەگەرچی وردەکاری ئەوەی لەنێوان پوتین و ئەسەد دا باس کراوە بڵاونەبۆتەوە، بەڵام لەم دیدارەدا پوتین وێڕای وەبیر هێنانەوەی دەور و نەخشی خۆی لە بەرگرتن لە لێک هەڵوەشانی دەوڵەتی سوورییە، بەشار ئەسەدی لە بڕیارەکانی بۆ بەرپا کردنی کۆبوونەوە بە بەشداری لایەنە دەرگیرەکان لە شەڕی سوورییەدا ئاگادار کردووه‌تەوە و پێی وتووە، شەڕ لەگەڵ داعش بەرەو کۆتایی دەچێت و دەبێ داهاتووی سەقامگیری سیاسی دەست پێبکرێت. بەم مەبەستە دەبێ سەرجەم لایەنەکانی شەڕ لەوانە دەوڵەتی سوورییە لەبەرانبەر یەکتردا دەست بەرداری کۆمەڵێک مەرج و داخوازی بن و تەنازول بکەن تا ئەنگیزە لە هەموو گروپەکانی ئوپوزسیۆندا بۆ پێکهاتن دەستەبەر بێت.” دوای ئەوە پوتین لە پێوەندیەکی تەلەفونیدا ئاکامی دیدارەکەی لەگەڵ ئەسەد بە ئاگاداری ترامپ، مەلەک سەلمان و نەتانیاهوش گەیاند. لەو پێوەندیە تەلەفونییەدا پوتین دڵنیایی داوەتە نەتەنیاهو کە حوزوری نیزامی ئێران لە سوورییە بەرتەسک دەبێتەوە بە خەبات لەدژی تیرۆریزم و دوای ئەوە، هێزە نیزامییەکانی ئێران خاکی سوورییە بەجێدێڵن. ئەو ڕایگەیاند کە ئاسۆی سەقامگیری سیاسی بۆ قەیرانی سوورییە لەسەر بنەمای بریارنامەی ٢٢٥٤ ی شوڕای ئاسایشی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکان دەبێت. لەم بریارنامەیەدا لەسەر پێویستی پاراستنی حاکمییەت، سەربەخۆیی و یەکپارچەیی خاک سوورییە جەختکراوەتەوە و پێکهاتنی ناوەندێکی حکومەتی ئینتیقالی گشتگیر بە تەنیا ڕێگای مومکین دەزانێ..

ڕۆژی چوارشەممە ئەوەڵی مانگی سەرماوەز بەشوێن کۆبوونەوەی ڕۆژی پێشتری وەزیرانی درەوەی ڕووسییە، کۆماری ئیسلامی و تورکییەدا، چاوپێکەوتنێک لە نێوان سەرۆک کۆمارەکانی ئەم سێ وڵاتەدا لە سووچی ڕووسییه‌ بەڕێوەچوو. بەدوای ئەو دیدارەدا پوتین لە وتووێژێکی مەتبوعاتیدا بە ئامادەبوونی ڕووحانی و ئۆردوغان ڕایگەیاند ” ئێمە هەرسێ دەوڵەت پێکهاتوین کە” کۆنگرەی نەتەوەکانی سوورییە” بۆ ئاشتی و کۆتایی هێنان بە شەڕی ٦ ساڵە بە بەشداری نەیارانی سوورییە لە سووچی بەڕێوەبەرین.” ئەو وتی کە بەشار ئەسەدیش پێبەند دەبێت بە ڕەوتی ئاشتی، بریتی لە دیاریکرانی پێکهاتەی داهاتووی سوورییە، ئەنجامدانی ڕیفوڕم لە یاسای بنه‌ڕه‌تی سوورییەدا و بەڕێوەبردنی ” هەڵبژاردنێکی ئازاد.” ئەو داوای لە دەوڵەتی سوورییە و نەیارەکانی کرد تا بە شێوەیەکی سازەندە لەم کۆنگرەیەدا کە تەواوکەری وتووێژەکانی ئاشتی ژێنێڤ ٨ دەبێت، بەشداری بکەن. هەڵبەت هێشتا تاریخی بەڕێوەچوونی کۆنگرەکە و ئەو گوروپانەی بەشداری تێدا دەکەن دیاری نەکراوە. ڕۆژنامەی گاردیەن لەم پێوەندەدا نووسیه‌تی، ” هێندێک لە دیپلۆماتە ڕۆژئاواییەکان و ئۆپۆزسیۆنی سوورییە ترسیان لەوە هەیە کە پوتین وتووێژەکانی ئاشتی ژێنێڤ دەور بداتەوە و سەرجەم نەیاران لەم پڕۆسە سیاسیەدا نەگونجێنێ..

لە لایەکی دیکەوە عەرەبستانی سعودیش لە ڕۆژەکانی چوارشەممە و پێنجشەممە ١ و ٢ ی مانگی سەرماوەز، کۆنفڕانسێکی لە ڕێکخراوەکانی ئۆپۆزسیۆنی سوورییەی لایەنگری خۆی و تورکییەی بە ئامادەبوونی ستیڤان دیمستورا نوێنەری نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ ئاشتی سوورییە، نوێنەری پوتین و به بەشداری نوێنەرانی ئەمریکا لە ڕیاز بەڕێوەبرد. ئەم کۆنفڕانسە بە ئامانجی فەراهەم کردنی زەمینە و بواری گونجاو بۆ کۆنفڕاسی “ژێنێڤ ٨ ” کە قەرارە ٧ ی مانگی سه‌رماوه‌ز لە ژێنێڤ لەژێر چاودێری و پشتیوانی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکاندا بەڕێوەبچێت و هەروەها گرتنە پێشی هەڵوێستێکی هاوبەش و هەڵبژاردنی هەیئەتێک لە لایەن ڕەوتە ئۆپۆزسیۆنەکانەوە بۆ بەشداری کردن تێیدا بەڕێوەبچێت. دیمستۆرا دوای ئەم کۆنفرانسە ڕۆژی هەینی بۆ ئامادەکارییە سەرەتاییەکانی ئاشتی ژێنێڤ بەرەو مۆسکۆ کەوتە ڕێ. هەڵبەت یەکێکی دیكه‌ لە باسە مێحوەرییەکانی ئەم کۆنفڕانسە لە قسەکانی سەرجەم بەشداراندا بەرەنگار بوونەوەی دخاڵەت و خراپکاریەکانی کۆماری ئیسلامیی و حیزبۆڵڵای لوبنان لە ناوچەکەدا بوو. بەڵام لەوێوە کە پێکهاتەی ئەو ڕێکخراوە ئۆپۆزسیۆنانە زۆر جیاواز و جۆراوجۆرە، بەر لە بەڕێوەچوونی ئەم کۆنفڕانسە ١٢ کەس لە ڕێبەرانی ئۆپۆزسیۆنی سوورییە لەوانە “ڕیاز حیجاب” سەرۆکی کۆمیتەی باڵای وتووێژەکان لە ناڕەزایەتیی بەوەی ئەوان بە سازش لەسەر مانەوەی بەشار ئەسەد و نا کارایی ئەم کۆنفرانسەیان دەزانی، دەستیان لەکار کێشایەوە و بەشداری کۆبونەوەکانی ڕایازیان نەکرد. بەڵام لە ڕاگەیاندنی کۆتایی ئەم کۆنفڕانسەدا کە ڕۆژی پێنجشەممە بڵاو کرایەوە، لەسەر دەست لەکار کێشانەوەی بەشار ئەسەد بەر لە دەورەی ئینتیقالی جەختکراوەتەوە. .

بەم جۆرە لایەنە جۆراو جۆرەکانی شەڕی ٦ ساڵەی سوورییە کە بۆتە هۆی مردنی نیو ملیۆن کەس و ئاوارە بوونی دەیان ملیۆن ئینسان و وێران بوونی بەشێکی بەرینی سوورییە، دەیانەوێ بە دوور لە دخاڵەتی جەماوەری خەڵکی سوورییە لە چارەنووسی خۆیاندا، ئاڕاستە و چارەنووسی داهاتویان بۆ دیاری بکەن. دەوڵەتی سوورییە لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی و حیزبۆڵڵای لوبنان و دوای ماوەیەک ڕووسییەش بەشوێن بەرژەوەندی خۆیاندا، لەگەڵ ڕەقیبەکانی وەک عەرەبستان و ئەمریکا و ژمارەیەکی دیكه‌ لە دەوڵەتانی ڕۆژئاوایی و گرووپە کۆنەپەرست و جەنایەتاکارە ئیسلامییەکان ئەم شەڕەیان بەسەر خەڵکی ستەم دیتوی سوورییەدا سەپاند. خەڵکێک کە لە ساڵی ٢٠١١ دا خەباتێکی ڕەوا و سیاسی و ئاشتیانەیان لەدژی ڕژیمی بەشار ئەسەد دەست پێکرد بەو هیوایەی کە لەدەست ئەو ڕژیمە دیکتاتۆڕە و لەدەست هەژاری و بێکاری و فەلاکەت ڕزگاریان بێت..

ڕوون و ئاشکرایە کە ئامانجی هەرکام لەم دەوڵەتانە لەم سازش و بەرپا کردنی ئەم بەناو ” کۆنفرانسانەی ئاشتی” هاوتەریب و کۆتایی هێنان بە قەیرانی سوورییە، دابین کردن و بەرەو پێش بردنی سیاسەتی به‌رژه‌وه‌ند خوازانه‌ و دخاڵەت گەرانەیانە. لە قسە و دەربڕێنەکانیان و هەڵوێستی هیچکامیاندا شوێنەوارێک لە کەم کردنەوەی شەڕ یان لەسەر خەڵکی ئازارچەشتوی سوورییە و باشتر بوون لە بارودۆخی ژیانیاندا بەرچاو ناکەوێت. ئەمریکا کە لەم دواییەدا بۆ پڕکردنەوەی کەلێنی سەرچاوەگرتوو لە غەیبەتی تا ئێستای لە مەیدانی ڕقابەتەکانی سوورییەدا بە هاوکاری هێزەکانی “یه‌په‌گه‌” جێگا پێیەکی لە سوورییە کردۆتەوە، لەم وتووێژانەدا لە لایەکەوە هەوڵ ئەدات بە دیفاع کردن لە عەرەبستان و هاو پەیمانەکانی مەوقعیەتی سیاسی و ئابووری لەدەست چووی بگەڕێنێتەوە و لە لایەکی دیکەوە لەم دەرفەتە بۆ بەرەوپێش بردنی سیاسەتەکانی لە پێوەند لەگەڵ گوشار هێنان و بەرتەسک کردنەوەی زیاتری دەخاڵەتەکانی کۆماری ئیسلامیی لە ناوچەکەدا کەڵک وەربگرێت. ئەمەش ئامانجی سەرەکی عەرەبستان و باقی دەوڵەتانی عەرەبی و تەنانەت تورکییەشە لە وتووێژەکانی ئاشتی سوورییەدا. لە تازەترین ئاڵوگۆڕدا، هەر ئەوجۆرەی کە چاوەڕوان دەکرا دەوڵەتی ئەمریکا بۆ ڕازیکردنی دەوڵەتی تورکییە ڕایگەیاندوە کە یارمەتییە نیزامییەکانمان بۆ هێزەکانی سوورییەی دێمۆکراتیک ڕادەگرین. بەم جۆرە نیشانە سەرەتاییەکانی، مەترسیەک کە ئێمە بەردەوام سەبارەت بەو هۆشداریمان داوە، ئاشکرا ئەبێت و دەوڵەتی ئامریکا لە کۆتاییدا بەرژەوەندیەکانی لە پێوەند لەگەڵ ڕازیکردنی دەوڵەتی تورکییەدا دەبینێ، نەک دیفاع کردن لە داخوازییەکانی خەڵکی کورد و هێزەکانی دێمۆکراتیکی سوورییە. .

لەم نێوانەدا ئۆردوغان هەوڵ ئەدات بوونی ڕیکخراوە جەماوەرییە چالاکەکانی کوردستانی سوریە بکاتە بیانوی درێژەی حوزور و لەشکرکێشی بۆ سوریە. تا لە ڕقابەت لەگەڵ کۆماری ئیسلامی و عەرەبستاندا دوانەکەوێ. تەنیا خواستی ئەو لە کۆبونەوەی لەگەڵ پوتین و روحانیدا لە سووچیش لادانی نوێنەرانی کورد لە کۆنفڕانسەکانی تایبەت بە ئاشتی سوریە بوو. هەڵبەت ئەم داخوازیەش بە سەرنجدان بە قورسایی و پێگە و تواناییە سەلمێندراوەکانی ” ی پ گ” و ” پ ی د” لە گۆڕەپانی کرداریدا، بەرەو رووی دژایەتی پوتین بۆتەوە. روسیە ڕایگەیاند سەرەڕای دژایەتی تورکیە وتووێژەکانی سووچی بە ئامادەبوونی کوردەکان بەڕێوەدەچێت..

ئەوەی کە کۆماری ئیسلامیش لە پێشنیاری وتووێژی ئاشتی پوتیندا بەشوێنیەوەیەتی، هەوڵدانە بۆ درێژەدان بە حوزور و دەخاڵەتگەری لە ناوچەکەدا لە لایەک و پوچەڵکردنەوەی ئەو گوشار و بەربەستانەیە کە لەم دەورەی دواییدا لە لایەن ئەمریکا و عەرەبستان و گەلێکی تر لە دەوڵەتەکانەوە خراوەتە سەر ڕژیمی ئیسلامیی. بەڵام خەڵکی سوورییە ناتوانن هیوادار بن کە پێکهاتنی ئەم جۆرە کۆنفرانسانە لە لایەن هەڵگیرسێنەرانی شەڕ و خوێنڕشتنەوە ببێتە هۆی کۆتایی هاتن بە قەیرانی سوورییە و ڕزگار بوونیان لەم بارودۆخە فەلاکەتبارە.

بابەتی پەیوەندیدار

گەندەڵی ئیداری، دارایی، ئەخلاقی و سیاسیی ڕژیمی ئیسلامی، لە سەرەوە دەست پێدەکات

-

خەباتی ژنانی ئێران لەپێناو بەدەستهێنانی ئازادی و بەرابەری، لە چوارچێوەی ئازاد پۆشی تێدەپەڕێت

-

خانەنشینان لە پێناو بژێوی ژیان و ئازادیدا خەبات دەکەن

-

کۆماری ئیسلامی لە دوژمنایەتی لەگەڵ خەڵکدا هیچ سنوورێک ناناسێت

-

بەرز و بەڕێز  بێت یادی قوربانیانی شیمیابارانی مقەڕەکانی ناوەندی کۆمەڵە لەلایەن ڕژیمی بەعسی عێراقەوە

-

دەوری دووەمی گاڵتە جاری هەڵبژاردنی مەجلیسی دوازدەیەم وپەرەسەندنی ناکۆکییە ناوخۆییەکانی بەرپرسانی ڕژیم

-