کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

بەڕێوچوونی کۆبوونەوە بێ ئەنجامەکان بە بیانوی خەبات لەدژی گیرۆدەبوون بە مادەی هۆشبەر

رۆژ نییە کە هەواڵی بەڕێوەچونی سمینارێك و یان هەمایشێک سەبارت بە بابەتی ئیعتیاد بە مادەی هۆشبەرەوە لە ئێران بڵاو نەبێتەوە. ئەو کۆبوونەوانەی کە بۆ بەڕێوەبەرانیان نان پێوە خواردن و بۆ گیرۆدەبووان بێ ئاکامییە. بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵنێری ئیسنا، حەمید سەرامی مودیر کوللی دەفتەری توێژینەوە و ئاموزشی ستادی خەبات لەدژی مادەی هۆشبەر لە شەست و یەکەمین کۆبوونەوەی ستادی خەبات لەدژی مادەی هۆشبەردا، بە ئاماژە بە بارودۆخی مەسرەفی مادەی هۆشبەر لە ئێران وتی: ٥،٤ لەسەدی لە نێو جەمعیەتی ١٥ تا ٦٤ ساڵی ئێران گیرۆدەی مادەی هۆشبەرن کە لەم نێوانەدا کۆمەڵگەی کرێکاری لە شوێنە سەنعەتیەکاندا بە ٢٢،٣ لەسەد زیاترین بەکار بەری مادەی هۆشبەریان هەیە. ناوبرا هەروەها لەم دانیشتنەدا باسی لە ناکارا بوونی سیاسەتەکانی تا ئێستای خەبات لەدژی گیرۆدە بوون بە مادەی هۆشبەر، بە تایبەت لە بوارەکانی ئاموزشی و فەرهەنگیدا کرد. بێ گومان ئەو ئامارانەی دراون لە لایەن ئەو کەسەوە هیچ پێوەندیەکی بە ڕاستیەکانەوە نییە و بە کردەوەش تەرتیبێک دراوە کە بێجگە لە کەسانی شارەزا کەس ئاگاداری چەند و چوونی نییە. لەنێو ئەم وتانەدا مەسەلەی سەرەکی تەنیا ئیعتیراف بە ناکارا بوونی سیاسەت و پەرەسەندنی گیرۆدە بوونە. کۆماری ئیسلامی نە لەم بارەیەوە و نە لە زۆربەی حاڵەتەکانی تردا، بۆ پەردە پۆش کردنی ئەو موسیبەتانەی کە بەسەر کۆمەڵگەی ئێرانیدا هێناوە، ئیجازە نادات تا ئاماری واقعی ئەم موسیبەتانە بڵاو ببنەوە.

یەکێک لە بابەتە هۆشداری دەرەکان لە لابەلای ئەم وتانەدا داکشانی تەمەنی گیرۆدە بوونە. سەرچاوە نا حکومەتیەکان لەنێو خۆی وڵاتدا دەڵێن کە تەمەنی گیرۆدە بوون لە ئێران هاتۆتە خوار ١٣ ساڵیەوە و یەک ملیۆن کەس لە گیرۆدەبوان بە مادەی هۆشبەر لەژێر تەمەنی ١٩ ساڵیدان. یەکێکی تر لە بابەتە هۆشداری دەرەکانی تر کێشرانی ئینسانە بێ هیوا و بێ داهاتوەکان، بە تایبەت لاوان، بەرەو مادەی هۆشبەری سەنعەتی وەک شیشەیە. شیشە مادەیەکی هۆشبەری شیمیایی مەترسی دارە کە لە نێوخۆی ئێراندا بەرهەمدێت. کارگاکانی بەرهەمهێنەری شیشە، نە تەنیا ئەم مادەیە بە شێوەی تا ڕادەیەک هەرزان بۆ مەسرەفی نێوخۆ بەرەهەم دێنن، بەڵکو ئەو بۆ دەرەوەی وڵاتیش هەناردە دەکەن. خاوەنانی ئەم کارگایانە لە لایەن دەسەڵاتدارانەوە پشتیوانی دەکرێن. ئەوان بە دانی ڕشوەی کەڵان، توجاڕەتی جەنایەتکارانەی خۆیان بەبێ هیچ کۆسپ و بەربەستێک ئەنجام ئەدەن. کۆماری ئیسلامی بە شێوەی ڕاستەوخۆ و یان ناڕاستەوخۆ لە پەرە پێدانی ئیعتیاد دا دەستی هەیە. ئەم ڕژیمە وەک حکومەتێکی ئیستبدادی، خزمەتگوزاری نیزامی سەرمایەداری و هەم وەک گەورە ترین خاوەنکار لە ئێراندا، هۆکاری بێکاری، هەژاری، نا ئەمنی کۆمەڵایەتی، نەبوونی ئەمنیەتی سیاسی و بێ هیوایی سەبارەت بە داهاتوو لە کۆمەڵگادایە و ئەم موسیبەتانە لە بوارە سەرەکیەکانی بەرین تر بوونەوەی ئیعتیادن لە ئێران. لەگەڵ ئەوەشدا وەزاڕەتی ئیتلاعات و سپای پاسداران لە ساڵانێک لەوە پێشەوە دەستیان لە توجاڕەتی مادەی هۆشبەردا هەبووە. ئەم دوو دەزگا دەوڵەتیە هەم لە هاسانکاری گواستنەوەی مادەی هۆشبەر لە سنورەکانی رۆژهەڵاتەوە بەرەو مەرزی رۆژئاوا و باشور و هەم لە بڵاو کردنەوەی لە وڵاتدا دەوریان هەیە.

دەوڵەت بە مەحرەمانە لەقەڵەمدانی ئاماری گیرۆدە بوان و بڵاو نەبوونەوەی بە کردەوە خەسار ناسی ئەم موسیبەتەی نا مومکین کردوە. بەڵام لە هەمان حاڵدا ناچارە لە ئاستی نێوخۆییدا نیشانی بدات کە لەدژی ئیعتیاد و پەرەسەندنی خەبات دەکات. هەڵبەت بەڕێوەچوونی ئەم هەمایشانەش لە دەفتەری کردارەکانیدا وەک خەبات لەگەڵ مادەی هۆشبەر تۆمار دەکات.

کۆماری ئیسلامی موعتاد نەک وەک قوربانی بارودۆخی کۆمەڵایەتی، سیاسی و فەرهەنگی بەڵکو وەک تاوانبار چاو لێدەکات. لەوەی کە ڕژیم ناچارەبووە چەند ناوەندێک بۆ چارەسەری گیرۆدە بووان فەراهەم بکات، ئەوان وەک زیندانی بەڕێوە دەبات و بۆتە هۆی هەڵاتنیان لەو شوێنانە و ترک نەکردنی ئیعتیاد، ئەو گیرۆدە بوانەش کە بارودۆخی پۆلیسی ناوەندەکانی تەرکی ئیعتیاد تەحەمەل دەکەن بە شێوەیەکی ڕێژەیی پاش ٣ مانگ سەرلەنوێ گیرۆدە دەبنەوە. هۆکاری ئەمەش روونە، کەسانی گیرۆدە بوو کە بە هۆی بێکاری، هەژاری، نەبوونی ئەمنیەتی کۆمەڵایەتی و سیاسی روویان کردۆتە مادەی هۆشبەر دوای بەرەو روو بوونەوە لەگەڵ ئەو موسیبەتانە سەرلەنوێ گیرۆدەی دەبنەوە.

خەبات لەدژی ئیعتیاد، وەک توجارەتێکی پڕ سود و قازانچ بۆ قاچاخچیە گەورەکان و هەروەها وەک وەسیلەی سەرکوت لە دەست ڕژیمدا، لە گرەوی خەبات لەگەڵ کۆماری ئیسلامی و نیزامێک دایە کە ئەم ڕژیمە پاریزەریەتی. لەم مەسیرەدا دەبێ ڕژیم ناچار بکرێت تا بە جێگای بەکار هێنانی بودجەی وڵات لە خزمەت سەرکوتی مادی و مەعنەوی خەڵک و یان دزینی، ئەو پوڵانە سەرفی باشتر کردنی ژیان خەڵک بکات. خەبات لەدژی سەرمایەداری، خەبات لەدژی ڕژیم و خەبات بۆ باشتر کردنی بارودۆخی ژیان ئاڵقەکانی یەک خەباتن. بەرەو پێش بردنی بوارە جۆراو جۆرەکانی ئەم خەباتە دەتوانێ هیوا بە گۆڕانی بارودۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتی بە هێز بکات و دیمەنگایەکی روون بە رووی خەڵک و بەتایبەت لاواندا بکاتەوە. ئەوان لەسەر بەستێنی ئەم دیمەنگا هیوابەخشە دەتوانن بە جێگای تەسلیم بوون لە بەرانبەر ناهەمواریەکاندا، ڕێگای خەبات و لەنێو بردنی هۆکارەکانی گیرۆدە بوون به مادە هۆشبەرەکان ، نەک پەنا بردنە بەر ئیعتیاد و لەنێوبردنی خۆیان هەڵبژێرن.

بابەتی پەیوەندیدار

خەبات لە دژی هەژاری، لە سەر بەستێنی ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی ژن، ژیان، ئازادی

-

ڕۆژی مامۆستا لە ئێران بەرز ڕاگیرا

-

دروشمەکانی ڕۆژی جیهانی کرێکار، زیادکرنی حەقدەست و مووچە، ڕاگرتنی جینۆساید لە غەززە

-

نەریتی ڕێزگرتن لە ڕۆژی جیهانی کرێکار لە کوردستان

-

وتارێک بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی ئەمن کردنی کار

-

کەمپینی هاوپشتی لەگەڵ خەڵکی فەلەستین تا دێت بەربڵاوتر دەبێت

-