کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

بێ‌مافییەکی کە بە بیانووی شەڕەوە پاساوی دەکەن

IMG 5627

لەو ڕۆژانەدا کە بەرپرسانی ڕژێم جەخت لەسەر پێویستیی پاراستنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان و خۆڕاگریی شارەکان لە هەلومەرجی شەڕدا دەکەنەوە، هەمان ئەو هێزانەی کە بارگرانیی ئەم خزمەتگوزارییانەیان لەسەر شانە، چەندین مانگە حەقدەستیان وەرنەگرتووە. ئەو کرێکارانەی کە دەبێت لەژێر مەترسیی بۆردوماندا لە شوێنی کار ئامادە بن، هیچکات حەقدەستەکانیان لە کاتی خۆیدا پێنادرێت.

بەپێی ڕاپۆرتیئیلنا، کرێکارانی فەزای سەوزی شارەداریی چابەهار ڕۆژی ۲۲ی پووشپەڕ ڕایانگەیاند  سێ مانگە حەقدەستیان وەرنەگرتووە، هێزەکانی پڕۆژە ئاوەدانییەکانی بەندەری بەهەشتی ڕۆژی ۲۴ی پووشپەڕ باسیان لە دەرکردن و دواکەوتنی حەقدەستی کرێکاران کرد و کرێکارانی یەکەی بەرهەمهێنانیسپید پلاستڕۆژی ۲۵ی پووشپەڕ وتیان کە دوای سێ مانگ کارکردن، تەنیا دە ملیۆن تمەنیان بەشێوەی پێشەکی وەرگرتووە و باقی داواکارییەکانیان بۆ داهاتوویەکی نادیار دواخراوە. ڕاپۆرتەکان لە بوشەهر و هورمزگانیشەوە باسی هەمان کێشە دەکەن: کرێکاران سەرەڕای ئامادەبوونی بەردەوام لەسەر کارەکانیان، بەڵام چەندین مانگ چاوەڕێی حەقدەستێک دەمێننەوە کە یاسای کار بە مافێکی بێ‌ئەملاوئەولای دەزانێت بەبێ دواکەوتن.

ئەم بارودۆخە لە کەشوهەوایەکی زۆر گەرم، بڕانی بەردەوامی ئاو و بەرق و گرانییەکی بێ‌سنووردا ڕوو دەدات، گوشارێکی کە لە پارێزگاکانی باشوور، هاوکات لەگەڵ لێکەوتەکانی ئەم شەڕەی دوایی، چەندقات بووەتەوە. خاڵی جێگەی سەرنج ئەوەیە کە هەمان ئەم کرێکارانە، یەکەم هێزن کە دوای هەر ڕووداوێکی شەڕ، بەرپرسیارێتی پاککردنەوەی ژینگە و گەڕاندنەوەی خزمەتگوزارییە شارستانییەکان بۆ دۆخی ئاسایی لەئەستۆ دەگرن، بەڵام خۆیان لە چەقی ئەم قەیرانەدا بەبێ‌ نان ماونەتەوە. لە شارەدارییەکاندا فەزای سەوز بە زیندوویی دەهێڵنەوە و کاری کۆکردنەوەی زبڵ و خاشاک ڕاناگرن، لە بەندەرەکان و ناوچە هەستیارەکانی باشوور لەژێر مەترسیی هێرشدا کار دەکەن و لە یەکە بچووکەکانی بەرهەمهێناندا، دوا ئەڵقەی ڕاگرتنی بەرهەمهێنانن، بەڵام چەندین مانگە مووچەکەیان یان هەر وەرنەگرتووە، یان تەنیا بەشێکی زۆر کەمیان بەشێوەی قیست وەرگرتووە.

دۆخی شەڕ لە بوشەهر، هورمزگان و سیستان و بەلووچستان، بێجگە لە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی گیانی خەڵک، بووەتە بیانوویەک لە دەستی خاوەنکاران و دامەزراوە بەرپرسەکاندا تا دواکەوتنی حەقدەستی پێ پاساو بکەن. ئەمە لە کاتێکدایە کە یاسای کار پێدانی بەوەختی حەقدەست بە مافێکی مسۆگەر دەزانێت و تەنانەت لە دۆخی نائاساییشدا، دابینکردنی گوزەرانی کرێکار ئەرکی خاوەنکار و دەوڵەتە. بەڵام لە کردەوەدا، شەڕ بووەتە قەڵغانێک بۆ شاردنەوەی خراپ‌بەڕێوەبەری و گەندەڵی و ئەولەویەتدان بە تێچووە سەربازییەکان. لەو شوێنەی کە باس لە بودجەی سەربازییە، هیچ کورتهێنانێک نییە، بەڵام کە نۆرە دەگاتە حەقدەستی کرێکارانی فەزای سەوز و بەندەرەکان، لەپڕ خەزێنە بەتاڵ دەبێتەوە.

کرێکاری باشووری ئێرانی ئەمڕۆ هاوکات سێ زەبر تەحەمول دەکەن: مەترسی شەڕ و نائەمنیی، دۆخی بژێویی سەخت و تاقەتپڕوکێن و گوشاری ئابووریی بەهۆی دواکەوتنی حەقدەستەکانیان. لە ئاوا دۆخێکدا، نەدانی حەقدەست شتێکی کەمتر لە هێرش بۆ سەر مافی ژیان نییە. کرێکارێک کە سێ مانگە حەقدەستی وەرنەگرتووە، مەترسی بێ‌ خانەولانەیی هەڕەشەی لێدەکات، سفره‌کەی بچووکتر بووەتەوە و تێچووی دەرمان و قوتابخانەی منداڵەکانی لەدەستداوە. لەم دۆخەدا، داواکردن لە کرێکاران بۆسەبر و دانبەخۆداگرتن بەخاتری مەسڵەحەتی وڵاتهیچ شتێک نییە بێجگە لە سووکایەتیکردن بە کەرامەتی ئینسانیی ئەوان.

دواکەوتنی حەقدەست، نەبوونی ئەمنییەتی پیشەیی، گرێبەستە کاتییەکان، و بێ‌بایەخی بەرامبەر بە سەلامەتی ژینگەی کار، هەموویان ئەڵقەکانی یەک زنجیرەی یەکگرتوون. زنجیرەی چەوساندنەوەیەکی کە ئامانجەکەی بریتییە لە گواستنەوەی تێچووەکانی شەڕ و گەمارۆدان و قەیرانی ئابووریی بۆ سەر شانی کرێکاران. ئەزموونی ساڵانی ڕابردوو لە کارگەکان، پاڵاوگەکان، شارەداریی و بەندەرەکان دەریخستووە کە هیچ ڕێنمایی و بڕیارنامەیەک لە سەرەوە و هیچ بەڵێنێکی ڕاگەیاندنەکان بە تەنیا کارساز نییە، تەنیا هێزێک کە بەڕاستی دەتوانێت لە بەرامبەر دواکەوتنی حەقدەستدا بوەستێتەوە، خودی کرێکارانن، بە پشتبەستن بە هاوپشتی و ڕێکخستنی بەکۆمەڵ.

یەکەم هەنگاو، بریتییە لە پێكهێنانی کۆڕ و کۆمەڵی هاوپشتیی لە شوێنی کاردا، کۆبوونەوەی جێگیر و بەردەوام بۆ گفتوگۆ و بڕیاردانی هاوبەش کە بتوانن لیستی وردی داواکارییەکان ئامادە بکەن، کەناڵی پەیوەندیی ئەمن دروست بکەن و نوێنەرانی ڕاستەقینەی خۆیان هەڵبژێرن، نەک نوێنەرە ڕاستەوخۆ سەپێنراوەکانی خاوەنکار. ئەزموونەکان دەریانخستووە کە سکاڵای تاکەکەسی یان دانوستانی یەک کەسیی لەگەڵ خاوەنکار، لە باشترین حاڵەتدا دەبێتە ئازارشکێنێکی کاتیی و زۆرجاریش بە دەرکردن وەڵام دەدرێتەوە، بەڵام کاتێک دەیان یان سەدان کرێکار بە شێوەیەکی هۆشیارانە و هاوئاهەنگ داواکارییەکانیان تۆمار بکەن، بە یەکەوە دەست لەکار بکێشنەوە یان کۆبوونەوەی ئاشتییانە ڕێکبخەن و ناڕەزایەتیی خۆیان بگەیەننە بیروڕای گشتی، توانای داواکارییان چەندین بەرامبەر دەبێت.

کرێکارانی شارەداری، بەندەرەکان، پیشەسازیی نەوت و پترۆشیمیاییەکان و یەکە بەرهەمهێنەرەکان، هەموویان قوربانیی یەک سیاسەتی هاوبەشن، تێکشکاندنی ئەم سیاسەتە پێویستی بە بوونی پەیوەندی نێوان نوێنەرانی کرێکارانی یەکە جیاوازەکان، دەرکردنی بەیاننامەی هاوبەش و دیاریکردنی ڕۆژانی هاوبەشی ناڕەزایەتییە. ئەم بەستێن و پەیوەندییانەن کە دەتوانن ببنە هێزێکی ئەوتۆ تر لە هر یەکەیەکی بەجیا. کرێکاران زیاتر لە هەر شتێک پێویستییان بە پشتیوانی مەعنەوی، دارایی و کرداریی هاوچینەکانی خۆیان هەیە: کرێکارێ کە حەقدەستەکەی وەرگرتووە دەتوانێت لە پەنای ئەو کرێکارەدا بوەستێت کە چەندین مانگە حەقدەستی پێنەدراوە، بنەماڵە کرێکارییەکان دەتوانن لە گەڕەکەکاندا تۆڕی پشتیوانی لە یەکتر دروست بکەن و خانەنشینان، موعەلیمان، پەرستاران و زەحمەتکێشانی تر دەتوانن تۆڕە پەیوەندییەکانی خۆیان پەرە پێبدەن.

حەقدەستی دواکەوتوو لە هەلومەرجی شەڕدا واتە کرێکار هم لەژێر هەڕەشەی فیشەکدایە، هم لەژێر هێڵی برسییەتیدا، ئەمە دیارترین شێوازی بێ‌مافی و سووکایەتییە. وەڵامی ڕاستەقینە بۆ ئەم دۆخە نەک چاوەڕوانیی بەزەیی لە سەرەوە، بەڵکوو بریتییە لە هاوپشتیی وشیارانە لە خوارەوە. تا ئەو کاتەی کرێکاران پەرتەوازە و پرشوبڵاو بن، بێگومان دۆخەکە لەوەش خراپتر دەبێت، بەڵام لە هەر شوێنێک کرێکاران لە پەنای یەکدا وەستان، مانیانگرت و دەنگی خۆیان یەکخست، لانی‌کەم توانییان بەشێک لە مافە دزراوەکانی خۆیان وەربگرنەوە. هیچ ڕێگەیەکی تر بوونی نییە.