کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

بۆ ستایشی خەڵکێک کە لە رۆژگارێکی دژواردا دەچن بە هانای یەکتروە

شەپۆلی ناردنی یارمەتیە خەڵکییەکان بۆ بومەلەرزە لێدراوانی ئوستانی کرماشان هەروا درێژەی هەیە. هاوپشتی بەرینی خەڵکی توانیویەتی تا ڕادەیەک بارودۆخی نابەسامانی سەرچاوەگرتوو لەم بەڵا سروشتیەوە باشتر بکات. لەم نێوانەدا، نمونه‌یەک کە دوێنێ روویدا، نیشانەیەک لە هاوپشتی قوڵە کە لەم رۆژانەدا لە نێو خەڵکی کوردستاندا جارێکی تر خۆی نیشاندا. دوای ئەوەی کە ” ئەبوبەکر مەعروفی”، شۆفیری کامیۆنێک کە لە مەسیری یارمەتی گەیاندن بۆ بومەلەرزە لێدراواندا توشی رووداو هات و گیانی بەختکرد، شاهیدی کۆمەڵێک شانۆی پڕ شور و شەوق بووین کە وەربیر هێنەرەوەی رۆژەکانی قیام و ڕاپەڕینی خەڵکی ئێران لەدژی ڕژیمی پاشایەتی لە ئێرانن. ئاخێزی خەڵک بۆ ڕەوانە کردنی تەرمی ئەبوبەکر مەعروفی لە سەلاسی باوەجانی تا جوانڕۆ و کامیاران، لە کامیارانەوە تا سنە، لە دیواندەرەوە و تا سەقز و سەرئەنجام تا شاری لە دایک بوونی بۆکان، بوو بە شانۆیەکی شکۆدار لە بزوتنەوەی شۆڕشگێڕانەی خەڵکی کوردستان. دەیان هەزار کەس لەم مەسیرەدا لە مەراسمی قەدردانی لە ئینسانێک کە لە ڕێگای یارمەتی گەیاندن بە خەڵکێکی کارەسات دیتودا گیانی لەدەستدابوو، بەشداریان کرد. ڕژیم کە شاهیدی شور و شەوقی خەڵک بوو، سەرەتا هەوڵیدا تا تەرمەکە بە هێلی کوپتێر بگوازێتەوە بۆ بۆکان، بەڵام ناڕەزایەتیی خەڵکی ناوچەکە نەیهێشت. دواتر هەوڵیدا تا بەر بە رۆیشتنی تەرمەکە بەنێو شاری سنەدا بگرێت، ئەم هەوڵەشی بە هیممەتی خەڵکی گوندی “موچش”، پوچەڵ کرایەوە. لە شاری سنە هەزاران کەس بە دانی دروشم و خوێندنی سرود پێشوازیان لە تەرمی ئەبوبەکر مەعروفی کرد و تا دەرەوەی شار بەڕێیان کرد.
ئەم شانۆ گەورە جەماوەریە لە پاڵ شەپۆلێکی بەرین لە یارمەتی خەڵکی شار و دێهاتەکانی کوردستان بۆ بومەلەرزە لێدراوان، دیاردەیەکی هیوابەخشە کە نیشانەی زیندوو بوونی بزوتنەوەی شۆڕشگێڕانەی خەڵکی کوردستانە.

ڕیزی ئەو ماشێن و کامیۆنە باریانەی کە یارمەتی جەماوەری دەگوازنەوە بۆ ناوچە بومەلەرزە لێدراوەکان، بە شەو و بە رۆژ لە حەرەکەت دایە. خەڵک لە هەر شتێک کە هەیانە، مایە دادەنێن. بۆ نمونە کەسێک لە پیرانشار، لەسەر کەلوپەلێک کە پێشکەشی کردوە نووسیویەتی: “ئەم دیاریەم بە کۆڵبەری بە دەست هێناوە، ڕەنج و ئازاری ئێوە ئازاری منیشە.” گومانی تێدا نییە کە یارمەتی گەیاندنی کاریگەر، تەنیا لە ڕێگای ڕێکخستن و بەرنامەڕێژی ڕێک و پێک و هاوئاهەنگەوە مەیسەر دەبێت. بەڵام بابەتەکە ئەوەیە کە خەڵک متمانەیان بەم ڕژیمە و دامودەزگاکانی پێوەندیداریەوە نییە. ئەم بێ متمانەییە ڕیشەدارە و هۆکارەکانیشی دیارن. لە هەمان ساتەکانی سەرەتای روودانی بومەلەرزەکەوە، غەفڵەت، پشتگوێدان، کەم کاری، بێتوانایی، غافڵگر بوون، یان هەر ناوێکی دیکەی لێ بنێین، لە لایەن ڕژیمەوە، بۆ خەڵکی کوردستان ئاشکرا بوو. بە تەجروبە دەرکەوتبوو وە لەم بابەتەشدا بە تێپەڕ بوونی کات روون بۆوە کە دەوڵەت ئەو ئەرکانەی کە لەم کاتانەدا دەکەوێتە ئەستۆی، بە باشی بەڕێوەنابات. بەڵام خەڵکی کوردستان، بومەلەرزە لێدراوانی لە چاوەڕوانی یارمەتیە دەوڵەتیەکاندا ڕانەگرت. بە شێوەی سازماندراو و بەبێ ڕیکخستنیش، هێزی هاوکاری جەماوەری کەوتە کار. لەم جەریانەدا خەڵک هەم دەبوو بە خێرایی بچیت بە یارمەتی بومەلەرزە لێدراوانەوە هەم کارشکێنیەکانی دەوڵەت و بە تایبەت سپای پاسداران پوچەڵ بکاتەوە.

بەڵام ڕاستیەکەی ئەوەیە کە هێندێک کەلوپەل و ئیمکاناتی پێویست کە دەبوو بەخێرایی بکەونەکار، بە شێوەیەکی سروشتی لە بەردەست خەڵکدا نین. خەڵک هێلی کوپتێری نییە، تا شوێنە زیان لێکەوتوەکان بە تایبەت ئاواییە دوورەکان شناسایی بکەن و یان ئامبولانیسان نییە تا بریندارەکانی بە شێوەیەکی تەندروست پێ بەگەیەننە نەخۆشخانەکان. خەڵک نەخۆشخانەیان لە ئیختیاردا نییە تا دەست بکەن بە دەرمان کردنی بریندارەکان، خەڵک ماشێنی سەنگینیان لەبەر دەستدا نییە تا داروپەردوی ماڵە روخاوەکان لابدەن. تۆڕی ڕاکێشانی ئاو و ئاوەڕۆ بە یارمەتی جەماوەری ناکرێ سەرلەنوێ وەکار بخڕێتەوە. دابین کرانی بەرقی ناوچەکە، لە توانایی بزوتنەوە و حەرەکەتە خەڵکیەکاندا نییە. خەڵک سەگی تەربیەت کراویان بۆ دۆزینەوەی برینداران و گیانبەخت کردوان لە بەینی وێرانەکاندا نییە. ئەم جۆرە ئیمکاناتە کە ئەگەر بە شێوەی ڕێکخراو و بەرین بەکەوتایەنە کار، دەیانتوانی بەر بە زۆر بوونی ئاستی زیانه ئینسانیەکان بگرن. ڕەنگە تەنیا باسکردنی چەند نمونەیەک بۆ نیشاندانی ڕادەی گەندەڵی لە دامودەزگا دەوڵەتیەکانی کۆماری ئیسلامیدا، کە لە وەها بارودۆخێکدا ئاشکرا تر خۆ دەنوێنێ، بەس بێت:

“سازمانی مودیریەتی قەیران”ی سەربە وەزارەتی نێوخۆ، بە شێوەیەکی ڕەسمی ئەرکی سازمان دان و ڕیکخستن و هیدایەت کردنی کاروباری یارمەتی گەیاندنە لە وەها بارودۆخێکدا. سەرۆکی ئەم سازمانە کەسێکە بە ناوی “ئیسماعیل نەجاڕ”، ئەو کەسە کە زمان لوسی و چاپلوسیەکەی بە ناوبانگە، لە دەورەی ئەحمەدی نیژاد دا ئوستانداری کرمان بوو. لە کاتی بومەلەرزەکەی کرماندا لەبەردەم هەواڵنێران و لەبەر دوور بینە تەویزیۆنیەکاندا وتبوی: “ماڵێک کە سێ دیواری رووخابوو، دیواری چوارەمی کە وێنەی ئەحمەدی نیژادی پێدا هەڵواسرابوو، بە سالمی مابۆوە. ئەمە لوتفی خوداوەندە بە هۆی خزمەتەکانی سەرۆک کۆمار بە ئاواییەکانی وڵات . “بزانن کە وەها کەسێک کە پلەی بەرز بۆتەوە و جێگای متمانەی دەوڵەتی روحانیشە، لەمرۆدا قەرارە کاروباری ڕزگار کردنی بومەلەرزە لێدراوان رێکبخات و هیدایەت بکات؟!

تەلەویزیۆنی دەوڵەتی ئێران بە هەڵە چەند بەشێک لە فیلمێکی بڵاو کردەوە، کە تێیدا دوو کەس لە بەرپرسانی حکومەتی گۆیا خەریکی دانی خوێنن بە بریندارانی بومەلەرزەکە. لە هەمان ئەو تیکە فیلمەدا دەبیندرێت کە ئەسڵەن دەرزیەکیشیان بە دەستدا نەچووە و خوێنیشیان لێ وەرنگیراوە. ئەم سەحنە سازیە فریوکارانەیە لە تەبانی و پێکهاتن لەگەڵ پزیشکیاری وەرگری خوێندا کرابوو.

هەواڵنێری دەوڵەتی تەسنیم وێنەی کارووانێک لەو ماشێنە باریانەی بڵاو کردۆتەوە کە گۆیا یارمەتیە دەوڵەتیەکان دەگەیەننە دەست بومەلەرزە لێدراوان. کاربەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان، ئاشکرایان کردوە کە ئەم وێنەیە هی ئەو کامیۆنانەیە کە ساڵێک لەوە پێش لە چاوەڕوانیدا وێستاون لە سنوری بازرگان و ئەمساڵ بە بەرنامەی فتوشاپ بە شێوەی کامیۆنەکانی یارمەتی گەیاندن ڕەنگ کراون!

لە نمونەیەکی دیکەدا، هەواڵنێری دەوڵەتی مێهر رۆژی ٧ ی خەزەڵوەر باس لە جێگیر بوونی ٨٠٠ دەزگا ئامبولانس لە مەسیری حەرەکەتی عەزادارانی ئەڕبەعین بۆ کەربەلا کە لە ئوستانی کرماشانەوە تێدەپەڕین دەکات، دوو حەفتە دواتر هەوڵانێری تەسنیم لە زمان ئوستانداری کراماشانەوە باسی لە کەم بوونی ئامبولانس بۆ گواستنەوەی بریندارەکان بۆ نەخوشخانەکان کردوە. ئەگەر ئەزمونی بومەلەرزەکانی تر لە شوێنە جوراو جۆرەکانی ئێرانیش کە کارنامەی کۆماری ئیسلامی لەواندا، پڕە لە گەندەڵی و بێ کیفایەتی، لەبەرچاو نەگرین، ئەم چەند نمەنەیە وەک مشتێک لە خەروار نیشانی ئەدات کە خەڵک حەقیانە ئینسانە هاو چارەنووسەکانیان لە ناخی وەها بەڵایەکدا لە چاوەڕوانی هەنگاوەکانی ڕژیمدا بە تەنیا نەهێڵنەوە.

روودانی بومەلەرزە لە کوردستانی عێڕاقیش گەلێک وێرانی بەشوێنەوە بوو وە چەندین کوژراو و بە سەدان برینداری لێ کەوتەوە. لە وڵاتی عێڕاقیش کە گەندەڵی و بێ لیاقەتی دەستێکی کەمی لە کۆماری ئیسلامی نییە، حەرەکەتێکی بەرچاو لە لایەن دەوڵەتی ناوەندیەوە بۆ یارمەتی دانی بومەلەرزە لێدراوان ئەنجام نەدرا. لێرەشدا لەراستیدا ئەوە خەڵک بوون کە چوون بە هانای یەکترەوە و ڕەنج و ئازارەکانی یەکتریان هێور کردەوە.

بەڵام هاوپشتی کردن لەگەڵ خەڵکی سەدەمە دیتو، لێرەدا کۆتایی نایەت. زستان لە پێشدایە و سەرپەناکان وێران بوون. دروست کردنەوەیان و بنیاد نرانەوەی ناوچە وێران بووەکان ئەرکی دەوڵەتە. پێویستە کە لەوە بەدواوە هاوپشتی سەرتاسەری بۆ خستنە ژێر گوشاری ڕژیم بۆ بە خێرایی ئیجرا کرانی پرۆژەی دروستکردنەوەی ناوچە سەدەمە دیتوەکان درێژەی هەبێت. نابێ ئیجازە بدرێت کە ڕژیم لە هیچ بیانو و پاساوێک بۆ ئەنجامدانی خێرای ئەم ئەرکەی خۆ بدزێتەوە. ئەگەر گەورە ترین پرۆژە نیزامیەکان لە قەڵایی زەویدا بە ئامانجی ماجەرا جویانە و دژی خەڵکی، لە ماوەیەکی کورتدا بەڕێوەئەبات، بەکردەوە نابێت بنیاد نرانەوەی ناوچە سەدەمە لێدراوەکانیش لە کورت ترین ماوەدا کارێکی دژوار بێت. بەڵام کۆماری ئیسلامی ڕژیمێک نییە کە دڵخوازانە ئەولەویەتەکانی لە هەزینە نیزامی و سەرکوتگەرانەکاندا بگۆڕێت بۆ سەرلەنوێ بنیاد نانەوەی وێرانیەکان. ئەوە کارێکە کە تەنیا لە توانایی پەرەدان بە ناڕەزایەتیە خەڵکی و جەماوەریەکاندایە.

بابەتی پەیوەندیدار

لە١٤ هەمین ساڵیادى ئێعدامی فه‌رزادی كه‌مانگه‌ر و هاوبه‌نده‌كانی دا

-

پەرەسەندنی پشتیوانی کرێکاران لە بزووتنەوەی دژە جینۆساید

-

پەرەسەندنی ڕێکخراوە جەماوەرییەکان، ئامرازێکن بۆ پێشڕەوی و گەرەنتی پاراستنی دەستکەوتەکان

-

پشت بەستن به جەلاد و پەتی سێدارە بەمەبەستی مانەوەی ڕژیم، بێ سەمەرە

-

خەبات لە دژی هەژاری، لە سەر بەستێنی ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی ژن، ژیان، ئازادی

-

ڕۆژی مامۆستا لە ئێران بەرز ڕاگیرا

-