ئێوارەی ڕۆژی شەممە ٥ ی مانگی ڕەشەممە هەر ١٥ ئەندامەکەی شوڕای ئەمنییەتی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکان لەگەڵ ئاگر بەسێکی ٣٠ ڕۆژە بۆ غوتەی شهرقی لە سوورییە ڕازی بوون. هەوڵدان بۆ پەسند کردنی بڕیارنامهیهك لەم بارەیەوە لە یەکشەممەی ڕابردوەوە بە پێشنیاری دەقێک لە لایەن کوهیت و سۆئێدەوە دەستی پێکرد. ئەوان خوازیاری ئەوە بوون کە ڕۆژی دووشەممە ئەم بڕیارنامهیه پەسند و بهكردهوه دهربێت. بە وتەی ڕێكخراوی نهتهوهیهكگرتووهكان، ٤٠٠ هەزار کەس لهخەڵکی ئەم ناوچەیە لە حەفتەیەک لهمهوبهرهوه لە ژێر بۆمباران و ئاگری تۆپخانەی هێزەکانی پشتیوانی بەشار ئەسەد دا گیریان خواردەوە. ئەو وێنانەی كه لە مێدیاکانی دنیادا بڵاوبوونهتهوه سیمای وەحشەتناک و موسیبەر باری ناوچەیەک وێنا دەکەن کە سەدان هەزار کەس لە خەڵک لە چنگ شەڕێکی نیابەتی خوێناویدان. وێنەکان نیشانەی بەڕبەڕیەتێکە کە وێژدانی هەر ئینسانێکی بەرپرس شەرمەزاری خۆی دەکات. ئەو ماڵانەی کە بەسەر دانیشتوانیدا وێران دەکرێن، ئەو تەرمانەی کە لە نێو دارووپەردو و خۆڵ و خاکدا دەردەکێشرێن، ئەو منداڵانەی بە ڕواڵەتی خوێناوی و ناباوەڕیانەوە چاویان ئەبڕنە عەدەسی كامێراکان و ئەو نەخۆشخانانەی كه لە هەر ئان و ساتێکدا دەتوانن ببنە ئاماجی هێرشی ئاسمانی و زەوینی. دەوترێت لە ماوەی حەفتەی ڕابردوودا نزیکەی ٥٠٠ کەسی مهدهنیی لەوانە ١٧٠ منداڵ گیانیان لەدەست داوە. لە خۆڕا نییە کە بهڕێوهبهری گشتیی ڕیکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکان باسی “دۆزەخێک لەسەر زەوی” دەکات. ململانێ لەسەر پەسند کرانی ئەم بڕیارنامهیه لە شوڕای ئاسایشدا کە لە ڕاستیدا ڕەنگدانەوەی بەرەوڕوو بوونەوەکانی مەیدانی شەڕ بوو، نزیک بە یەک حەفتەی پێچوو تا پەسند کرا. دەوڵەتی سوورییە دەڵێ کە هێرشەکانی بۆسەر ئەو ناوچەیە وهڵام دانەوەیە بەو هێرشانەی لە لایەن نەیارانی چەکدارییەوە کە ئەو ناوچەیان لە کۆنتڕۆڵ دایە، بۆسەر دهمێشق ئەنجام دەدرێت. ئەو ناوچەیە کە له لایهن کۆمەڵێک له گوروپی سەربە بەرەی نوسرە و هەیئەت تەحریر شام لقی ئهلقاعیدە کۆنترۆڵ دهكرێت. دەبێ بوترێت کە غوتەی شهرقی دوایین ناوچەی گەورەی ژێر کۆنترۆڵی هێزە جیهادییەکان و نەیارانی چەکداری ڕژیمی ئەسەدە.
دەوڵەتی ڕووسییە دەڵێ بە هاتنە ئارای ئاگر بەسێک کە ئامانجی یارمەتی دانی غەیرە نیزامیەکان و دەرمان کردنی بریندارەکان بێت ڕازی بووە و هاوکات نابێ گوروپە جیهادییەکان لە غوتەی شهرقی بگرێتەوە. پێشنیاری ڕووسییە بۆ چوونهدهرهوهی جیهادییەکان لەم ناوچەیە بەرەوڕووی دژایەتی ئهوان بۆتەوە. ئەوان ئامادە نین وەک ئەوەی لە حەڵەب و حومس روویدا بە ئاگر بەس و وتووێژ ئەو ناوچەیە چۆڵ بکەن. وڵاتانی ڕۆژئاوایی لە تەواوی ماوەی ئەو حەفتەیەدا ڕووسییە و ئێرانیان لەوەی کە شەریکی جەنایەتەکانی بەشار ئەسەدن داوەتە بەر هێرش و ڕووسییەیان تاوانبار کردووە كه لە ڕاستای پەسند کرانی بڕیارنامهكهدا کار شکێنی دەکات. جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران دهڵێت: کۆمەڵێک پێوەندیان بە سوورییە، ڕووسییهڕ و تورکییەوە کردووە بۆ کۆتایی هێنان بە قەیرانی ئینسانی لە غوتەی شهرقی. هەڵبەت گۆیا سەرجەمی ئەم یاریکەرانە، وێنەی تانکەکانی تورکییەیان کە خەڵکی عەفرین تۆپباران دەکەن و یان فرۆکەکانی تورکییەیان کە بۆمب بەسەر خەڵکدا دەبارێنن، نابینن. ئەوەیکە پەسند کرانی بڕیارنامهیهک نزیکەی حەفتەیەکی پێدەچێت هیچ شتێک نییە جگە لە دەربڕینی ئاشکرای بەرژەوەندی جۆراوجۆری هێزە دەرگیرەکان لە سوورییە و هاوکات پیشاندانی ستڕاتێژی ئەم هێزانە بە ئاڕاستهی سازماندانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە دەورانی دوای داعشدا. لەم دەورە نوێیەدا هاوپهیمانێكی تازە جێگای هاوپهیمانهكانی ڕابردوو دەگرێتەوە. بەپێی ئەوەی لە ئێستادا لە سوورییە لە ئارادایە چ لە پێوەند لەگەڵ غوتەی شهرقی و چ لە پێوەند لەگەڵ عەفرین فاکتۆڕەکانی دەورەی نوێ واتە قۆناغی دوای داعشە. لەم شەڕ و ململانێدا هەم لەگەڵ ئامانجی ستڕاتێژیک و هەم لەگەڵ ئامانجی تاکتیکی هێزە دەرگیرەکان لە سوورییەدا بەرەو ڕووین. لە ڕاوانگەی ستڕاتێژیکیەوە هیچکام لە هێزە دەرگیرەکان ئامادە نین یەکلا کردنەوەی چارەنووسی سوورییە بدەنە دەست خەڵک و ئەمە گرنگ ترین دەرسە بۆ خەڵکی ئەو ناوچەیە.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بە شێوەی ئاشکرا دەڵێ کە ویلایەتە یەکگرتوەکان قەسدی مانەوەی لە سوورییەدا هەیە و بەرەنگار بوونەوە لەگەڵ نفوزی ئێران خێرا ترین ئەولەویەتی ستڕاتێژی دەوڵەتی ترامپ لە سوورییەی دوای بەرەنگار بوونەوەی داعشە. لە ڕوانگەی ڕووسییەوە گرنگی سوورییە نە تەنیا لەبەر خاتری بوونی تەنیا پێگەی نیزامی ڕووسییە لە ڕۆژهەڵاتی ناوهڕاستدایه، بەڵکو یەکێک لە دەروازەکانی چوونی ڕووسییە بۆنێو معادلات و ململانێ جیهانییەكان دوای قۆناغێكی ناچالاك پاش لێک هەڵوەشانی بلۆکی ڕۆژهەڵاته.
بۆ کۆماری ئیسلامیی سوورییە ئاڵقەیەکی گرنگە لە مێحوەری شیعە و تەنانەت دیفاع لە درێژەی حەیات و سەقامگیر بوونی خۆیەتی لە ئێراندا. قسەی فەرماندەکانی سپا سەبارەت بە قوڵایی ستڕاتێژیکی دیفاع لە ئێران لە سوورییە دەربڕی ئەم بارودۆخەیە. بۆ ئەردۆغان ژیاندنەوەی ئیمپڕاتۆڕی عوسمانی و بوونە ڕێبەری دنیای سوننی بە تایبەت “ئێخوانۆلمۆسلێمین” بابەتێکی ستڕاتێژیکە. هێرشی وەحشیانەی دەوڵەتی تورکییە بۆسەر عەفرینیش وڵامێکی ستڕاتێژیکی ئەم دەوڵەتەیە لە دەورانی دوای داعشدا و هەمیش پەرەدانە بە شەڕی دەیان ساڵەی سەرکوتگەرانە لەدژی نەتەوەی کورد بۆ دەرەوەی سنوورەکانی تورکییە.
لە ناخی ئەم بارودۆخە دایە کە دەوڵەتی سوورییە هێزێکی نیزامی بۆ یارمەتیدان بە پارێزەرانی عەفرین و بەرەنگار بوونەوە لەگەڵ داگیرکەرانی تورکییە ناردووە. چوونی ئەو هێزە بۆ ناوچەی عەفرین لەمرۆدا لەسەر هەر بهرژهوهندییهكی تاکتیکی، سیاسی و نیزامی بەڕێوە چووبێت، مەترسی بۆ سەر درێژەی حەیات و سەقامگیر بوونی کانتۆنە خۆبەڕیوەبەرەکان دەبێت لە داهاتوودا.
بوونی بەرژەوەندی هێزە دەرگیرەکان لە سوورییە کارەساتی سوورییە ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ بەرینتر و قوڵتر دەکاتەوە. زلهێزە جیهانیی و ناوچەییەکان بۆ دەستەبەر کردنی سەهمی زیاتر لە دیاری کردنی چارەنووسی داهاتوی سیاسی سوورییەدا هێشتا مەیلێکی جیدی بۆ کۆتایی هێنان بەم کێشمەکێشانە لە خۆیان نیشان نادەن. لەگەڵ ئەوەشدا تەنانەت کاتژمێرێک ئاگر بەس بەرابەرە لەگەڵ کاتژمێرێک کارەساتی کەمتر بۆ خەڵکێک کە لە ماوەی ٧ ساڵی ڕابردوودا بوونەتە قوربانی شەڕی نیابەتی ئێستای سوورییە. بەڵام ئەگەر قەرارە ئاڵوگۆڕێکی چۆنایەتی لە بارودۆخی ئەم خەڵکەدا بەدی بێت و خاڵی کۆتایی لەسەر بارودۆخی فەلاکەتباری ئێستا دابندرێت، پێویستی بە هەنگاونانە لە مەسرێکدا کە خەڵکی ناوچەی ڕۆژئاوا گرتویانەتە بەر، واتە دیفاع لە خۆیان لە ئاستێکی سەرتاسەریدا و ڕێکخستنی کاروباری ژیان بە دەستی بەتوانای خۆیان.