کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

بزوتنەوەی متالباتی پەرستاران، کرانەوەی بەرەیەکی تر لەدژی کۆماری ئیسلامی

رۆژی سێشەممە ٥ ی مانگی رەشەممە، رۆژێکە کە لە ئێران لە لایەن کۆماری ئیسلامیەوە وەک “رۆژی پەره‌ستار” ناونراوە. هەموو ساڵێک لەم رۆژەدا کە، ساڵرۆژی لەدایک بوونی زه‌ینەب کچی فاتمەی هاوسەری عەلی کوڕی ئەبوتالبیشە، دەوڵەت هێندێک رێوڕەسمی فەرمایشی “بەناوی رۆژی پەرستار” بەڕێوەدەبات. ناونانی ٥ی رەشەمە وەک رۆژی پەره‌ستار لە لایەن کۆماری ئیسلامیەوە پێوەندیەکی بە خەباتی پەرستارانەوە نییە و بێ ئێرتیبات لەگەڵ رۆژی جیهانی پەرستارە. پەره‌ستاران بەڵام بەبێ سه‌رنجدانە ئەم ریکاریانەی رژیم، لە ناڕەزایەتی بە قازانج پەره‌ستی دەوڵەت و خاوەنکاران لە بەشی دەرمانیدا، ساڵانێکە لە شکڵ و شێوەی جۆراو جۆردا بۆ دەستەبەر کردنی مافەکانیان خەبات دەکەن.372

لە درێژەی ئەم ناڕەزایەتیەدا پەرستاران ڕایانگەیاندوە کە ڕێوڕەسمە دەوڵەتیەکانی رۆژی درۆینەی پەره‌ستار تەحریم دەکەن. لە پێوەند لەگەڵ تەحریمی مەڕاسمە دەوڵەتیەکانی ئەمساڵی رۆژی پەرستار “محەممەد شەریفی موقەدەم” دەبیری گشتی خانەی پەرستاران و ئەندامی کومیتەی پەیگیری متالباتی پەرستاران لە وتووێژ لەگەڵ هەواڵنێری کاری ئێران “ئیلنا” لە ٢٧ ی مانگی بەفرانباردا وتی: “بەهۆی بێ تەوەجوهی بەرپرسانی بڕیاردەر، کومیتەی پەیگیری کە لە ئێستادا بەشێوەی کیشوەری فەعالیەت دەکات، بڕیاریدا لە هەنگاوی یەکەمدا لەو بەرنامە جۆراوجۆرانەدا کە بە بۆنەی رۆژی پەره‌ستار ٥ ی ڕەشەممەوە بەڕێوەدەچن، بەشداری نەکات.”

 

ئاستی لەخوارەوەی حەقدەست و پێگەی شوغڵیی پەره‌ستاران لەژێر حاکمیەتی کۆماری ئیسلامیدا هاوسەنگیەکی لەگەڵ ئەو خزمەتگوزاریانەدا نییە کە پەره‌ستاران ئەیدەن بە کۆمەڵگە و بە شێوەی موشەخس بە نەخۆشان و نیازمەندانی خەدەماتی دەرمانی و مراقبەتی. لە ڕوانگەی قانوندانەرانی ئەم ڕژیمەوە پەره‌ستاریی، لە دەستەی بەندی کارییدا ناچێتە خانەی ئەو پیشانەوە کە بە کاری دژوار و مەترسیدار چاو لێدەکرێن.

پەره‌ستاران لە ناڕەزایەتی بە لەخوارەوە بوونی ئاستی حەقدەستەکان، دژواری کار و درێژماوه‌بوونی سه‌عات کارییان لە درێژەی خەباتی ناوچەییدا و لە شوێنی کاریان، لە ساڵی ڕابردودا ٣ حەرەکەتی ناڕەزایەتی سەرتاسەریان لە بەردەم ناوەندە دەوڵەتیەکاندا بەڕیوەبرد و داواکاری ئیجرای ئەو قانونانە بوون کە لە ئاکامی خەباتی خۆیاندا بەسەر ڕژیم و دەوڵەتی ئەوکاتیاندا سەپاندووە.

یەکەم حەرەکەتی ناڕەزایەتی ئەوان لەمساڵدا لە رۆژی ٧ ی خەزەڵوەر، بە حزوری کۆمەڵێکی زۆر لە پەره‌ستاران کە ژمارەیەکیان لە ئوستانەکانی دیکەوە هاتبون، لە بەردەم مەجلیس بەڕێوەچوو. دووهەمین حەرەکەتی ناڕەزایەتی ئەوان کە بەدوای دەستەبەر نەبوونی ویست و داواکاریەکانیاندا بەڕێوەچوو، حەرەکەتێک بوو لەبەردەم ناوەندی سەرۆک کۆماری کە لە رێکەوتی ٢٣ی مانگی سەرماوەز هاوکات لەگەڵ ژمارەیەکی تر لە ئوستانەکانی وڵات لەوانە مەشهەد، یەزد و ئێسفەهان بەڕیوەچوو. لەم کۆبونەوەیەدا ژمارەیەکی زۆر لە پەرستارانی کەرتەکانی دەوڵەتی و تایبەت لە تاران، ئیسفەهان، قوم، مازندەران و گیلان ئامادە بوون. ئاخرین حەرەکەتی ناڕەزایەتی پەره‌ستاران کە بەرینتر بوو لەوانی پێشوتر، رۆژی یەکشەممە ٣ی مانگی رەشەمە هاوکات لەگەڵ ناڕەزایەتی موعەلیمان لە ژمارەیەک لە ئۆستانەکانی وڵات لە بەردەم ساختمانی مەجلیسی رژیم بەڕێوەچوو.

داواکاری سەرەکی پەرستاران لە هەرسێی ئەو کۆبونەوانەدا کە ئاماژەیان پێکرا، زیاد کرانی حەقدەست، کەم کرانەوەی ساعات کاری و بەڕەسمی ناسرانی پیشەی پەره‌ستاری وەک یەکێک لە کارە دژوار و مەترسیدارەکان بوو. بەشێوەی روونتر، پەره‌ستاران خوازیاری زیاد بوونی حقوق و ئیجرای ” قانونی تەعره‌فە گوزاری خزمەتی پەره‌ستاری” پەسند کراوی مانگی پوشپەڕی ساڵی ١٣٨٦ ن. بەپێی ئەم قانونە کە تائێستا لەسەر کاغەز ماوەتەوە، دەبێ جیاوازی حقوقی پەره‌ستاران لەگەڵ پزیشکان کەم بکرێتەوە. لە ئێستادا پزیشکەکان بەشێوەی مامناوەند زیاتر لە ٣ بەرابەری پەره‌ستاران حقوق وەردەگرن.

بەڵام لەگەڵ بوونی ئەم ناڕەزایەتیانەدا نە دەوڵەت، نە مجلیس و نە خاوەنکارانی کەرتی تایبەت و دەوڵەتی نەک تەنیا هیچ ئاوڕێکیان لە ویست و داواکاری رەوای پەره‌ستاران نەداوەتەوە، بەڵکو بەجێگای ئەوە، لە جەریانی حەرەکەتە نارەزایەتیەکاندا ژمارەیەک لە ڕێکخەرانی ناڕەزایەتی پەرستارانیان دەستبەسەر و زیندانی کردوە. هاوتەریب لەگەڵ خەباتێکی پەره‌ستاری کە لەئارادایە، ژمارەیەکیان بێ هیوا و سەرخوردە لە کرداری ستەمگەرانەی دەوڵەت و خاوەنکارانی کەرتی تایبەت، ڕێگای گۆڕێنی پیشەکەیان و تەنانەت کۆچ کردنیان گرتۆتەپێش. دەوترێت کە ژمارەیەکی زۆر لە پەره‌ستارانی ئێرانی لە ئێستادا لە کەرتی دەرمانی وڵاتی تورکیە خەریکی کارن و ژمارەیەکی تریش چوون بۆ ئوروپا و ئامریکا. سیاسەتی ستەمگەرانەی دەوڵەت لەدژی پەره‌ستارانی کەرتی دەرمانی ئێرانی بەرەوڕووی کەمبودی جیدی پەره‌ستار و کادری دەرمانی کردۆتەوە.

پەرستاران ئەو زەحمەتکێشانەن کە خۆشەویستی هەموان و خاوەنی رێز و حورمەتێکی تایبەتن لە کۆمەڵگەدا، بەڵام هیچ کاتێک پاداشتی ڕاستەقینەی خزمەتەکانیان وەرناگرن. ئەمانە کە شەو و رۆژ بە شیفتی کاریی تولانی و بە کاری پڕ لە ئیسترێسەوە، دڵسۆزانە و سەبورانە لە خزمەت نەخۆش و سەدەمەدیتوان و بێتواناکاندان، بەردەوام بە جەستە و رۆحێکی ماندوەوە و دنیایەک لە دڵەڕاوکێ دەگەڕێنەوە بۆ ماڵ، تا خۆیان بۆ رۆژێکی تر و شیفتێکی تر ئامادە بکەن. یەکێک لە ئازارەکانی رۆژانەی پەره‌ستارانی زەحمەتکێش، گوشاری کاری زۆر و بێتوانییە لە وڵامدانەوە بە گشت پێداوستی نیازمەندانی حەوزەی کارییان.

ئەگەر باقی شوغڵەکان لەگەڵ هەموو دژواری و هەستیاریەکانیاندا سەروکاریان لەگەڵ ئامراز و ئامێرەکاندا هەیە، ئەمەیان ڕاستەوخۆ سەروکاری لەگەڵ گیانی ئینسانەکان و ژیان و حەیاتیاندا هەیە. بەهیچ پێوانەیەک ڕەوانییە کە پەره‌ستاران، هەم لە سڵامەت و گیان و حەسانەوەی شەو و رۆژیان، مایە دابنێن و هەم دەرگیری غەمی نان و نیگەرانی ژیانی خۆیان و بنەماڵەکانیان و داهاتووی مندالەکانیان بن. پیشەی پەره‌ستاری کە لە زومرەی کارە دژوارەکانە، ناکرێ بە شیفتی تولانی کار، بەبێ لەبەرچاو گرتنی پشوی هه‌فتانه‌، بە بەهرەمەند نەبوون لە حقوقی کافی، سەخت و دژوارتر بکرێت.

بابەتی پەیوەندیدار

ڕژیم، بە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ، گۆڕی خۆی زیاتر هەڵدەکەنێ

-

بەرەو بەرزڕاگرتنی هەرچی شکۆدارتری ڕۆژی جیهانی کرێکاران

-

توندتربونەوەی گوشارەکانی کۆماری ئیسلامی بۆسەر مامۆستایانی مافخواز

-

ڕژیمی ئیسلامی لە سەنگەری سەپاندنی حیجابی ئیجباری، پاشەکشەی پێدەکرێت

-

شەڕ ئامرازێک لە دژی خەڵک، لە خزمەت مانەوەدا

-

ناڕەزایەتی جیهانی لەدژی بەردەوامبوونی جینۆسایدی ئیسرائیل لە غەززە

-