کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

ئەو دنیایەی کە تێیدا پەنابەران وەک کۆیلە دەفرۆشرێن

رۆژی شەممە ٢٥ی مانگی نۆوامبر به‌رابه‌ر له‌گه‌ڵ ٤ی مانگی خەزەڵوەر گاردی ساحلی لیبی ڕایگەیاند کە زیاتر لە ٣٠ کەس لە سەرنشینانی بەلەمێک نوقم بوون و ٦٠ کەسی دیکەش کە خۆیان بە لەتە تەختەکانی بەلەمەکەوە گرتبۆوە ڕزگاریان بوو. بەپێی ڕاپۆرتەکان ١٤٠ کەس لە بەلەمێکی دیکەدا و ٣٨٠ کەسیش لە سێهەم بەلەمدا لە لایەن گاردی ساحلی لیبیەوە تەحویلی پایەگای هێزی دەریایی لیبی دران. ئەم هەواڵە لە حاڵێکدا بڵاو دەکرێتەوە کە هێشتا وێنەکانی فیلمێکی ویدۆیی بڵاو کراوە لە لایەن کاناڵی تەلەویزیۆنی “سی ئێن ئێن”ەوە کە ١٠ رۆژ پێشتر لەپێوەند لەگەڵ فرۆشتنی پەنابەران لە بازاڕی کۆیلە لە دەوروبەری “تریپۆلی” پێتەختی لیبی بەسەر زەینی گشتیەوە قورسایی دەکرد. ئەم فیلمە ویدۆییە ڕواڵەتی خەمبار و پڕئازاری ئەو ئینسانانەی نیشان ئەدا کە لە پشت میلە ئەستورەکانەوە تێکدەهاڵێن، ئەژنۆکانیان لە باوەش گرتووە و یان لە پاڵ یەکتردا بۆ چەند خولەکێک خۆدزینەوە لە روئیا قورسەکانیان چاویان ناوەتەسەر یەک و گشت ئەم جەماوەرە لە ڕاستیدا حەبس کراوی زیندانێکی گەورەن کە ناوی کەمپ و یان بازداشتگای پەنابەرانە. تاوانی ئەمان ئەوەیە کە بۆ ڕزگار بوون لە کارەساتی برسیەتی لە ئافریقا، بۆ ڕزگار بوون لە شەڕە نێوخۆییەکان و لە کۆتاییدا ڕزگاربوون لە چنگ گروپە تیرۆریستیەکانی وەک ئەلشەباب و یان بوکوحەرام و بە هیوای گەیشتنیان بە قەڵای ئەروپا ڕێگایان گرتۆتەبەر. ئەگەر ئەم یان ئەو تابلۆی نەقاشی، ئەگەر ئەم یان ئەو وەسیلەی پاشماوە لە ئەکتەریک، دەرهێنەرێک، نووسەرێک لە ساڵۆنێکی ڕازاوەدا هەڕاج کراوە و بە ملیۆن دۆلار دەستاو دەست دەکرێن، بەڵام لە بەرانبەردا لە بازاڕی کڕین و فرۆشتنی کۆیلەدا لە دەوروبەری تریپۆلی پێتەختی لیبی ئەوە لاوانی ئەفریقایین کە هەراج دەکرێن. لێرەشدا وەک هەمیشە هەڕاجیەکان کەسێک روونکردنەوەیەکی کورت لە بارەیانەوە ئەدات و ئەم جۆرە ئینسانانە هەڕاج دەکرێن. چوار سەد دۆلار، چوار سەد و پەنجا، پێنج سەد، پێنج سەد و بیست و لە کۆتاییدا بە نرخی ٦٠٠ دۆلار و بەم شێوەیە کە لە ماوەی چەند دەقیقەدا ئینسانی ئافریقایی لە بازاڕی فرۆشتنی کۆیلەدا هەراج دەکرێت.

بڵاو کرانەوەی فیلمە ویدۆییەکەی “سی ئێن ئێن” شەپۆلێک لە ناڕەزایەتی لە وڵاتانی ئافریقاییدا بەدوای خۆیدا هێنا. ڕێپێوانێکی ناڕەزایەتیی لە مالی بە دروشمی “نا بۆ کۆیلەتی لە لیبی” بەڕێوەچوو. یەکێک لە بەشداران وتی” ئێمە دەزانین کە لەگەڵ برا و خوشکەکانمان لە لیبی بەدڕەفتاری دەکرێت، بەڵام دەمانزانی کە ئەوان لە کەنارەکانی “لۆمپدوزا”ی سنوری ئیتالیادا دەمرن، ئێمە دەمانزانی کە ئەوان دەفرۆشرێن بەڵام ئەم وێنانە توشی داچڵەکانێکی ڕاستەقینەی کردین.” لە کۆتاییدا لە ماوەی چەند رۆژدا سەرجەم ئەو بازیگەرانەی سەبەبکاری ڕاستەقینەی ئەم کارەساتە ئینسانیەن هاتنە قسە و فرمێسکی درۆینەیان ڕشت. وڵاتانی مالی، بورکینافاسۆ و نیجێر لەژێر گوشاری بیرورای گشتی و ناڕەزایەتیەکاندا، سەفیرانی خۆیان لە لیبی بانگ کردەوە بۆ وڵاتەکانیان. سەرۆک کۆماری نیجێر کەسێک کە هەر ئەمساڵ سەدری ئەعزەمی ئاڵمان قەراردادی گێڕانەوەی پەنابەرانی لەگەڵ مۆر کردبوو، خوازیاری ئەوە بوو کە لە جەلەسەی هاوبەشی سەرۆکی دەوڵەتانی ئوروپایی و ئافریقایی لە حەفتەی داهاتودا، لەسەر پێشێل بوونی مافەکانی مرۆڤ لە لیبی قسە بکات. ئەو هەروەها خوازیاری ئەوە بوو کە تریبونالی نێونەتەوەیی لاهە لەدژی بەرپرسانی ئەم جەنایەتە شکایەت بکەن. سەرۆکی یەکێتی وڵاتانی ئافریقایی ڕایگەیاند کە ” ئێمە لە ئاستی وڵاتانی ئافریقاییدا کۆمەڵێک سیاسەت لەدژی ئەو دەوڵەتانەی کە ئیزنی ئەم جۆرە کردەوانەیان داوە، دەگرینەبەر.” وەزیری دەرەوەی فەڕانسە خوازیاری کۆبوونەوەیەکی خێرای ڕێكخراوی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان لە رۆژانی داهاتودا بوو. ماکرون سەرۆک کۆماری فەرانسە وتی” وێنە پیشاندراوەکان وەک سەلمێنەری توجاڕەتی ئینسان بە حیساب دێن.” خانمی موگرینی وتەبێژی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئوروپا وتی “ئێمە ناتوانین ئەم جۆرە هەڵسوکەوت و کردارانە لەبەرچا نەگرین ئەو لە درێژەدا وتی کە بە داخەوە توجارەتی کۆیلە لە لیبی دیاردەیەکی نوێ نییە و ئەو بە تایبەت وەک ئیتالیاییەک کۆمەڵێک ڕاپۆرتی لەو پەنابەرانەی کە خۆیان گەیاندۆتە دوڕگەی لۆمپدوزا، بیستوە.

بێ گومان هەموو ئەوانەی کە تا ئێستا بە داخەوەبوونی خۆیان دەربڕیوە، خۆیان شەریکی ئەم جەنایەتەن. مەگەر هەر چەند مانگ لەوە پێش نەبوو کە یەکیتی ئوروپا لەگەڵ وڵاتانی وەک نیجێر، مالی، سودان، میسر و لیبی قەراردادێکی کەڵانیان بۆ دروستکردنی کەمپەکانی پەنابەری بۆ گێڕانەوەی ئەو پەنابەرانەی کە لە ئاوەکانی مەدیتەرانەدا دەکەونە چنگ ناوەکانی یەکێتی ئوروپا و یان گاردی ساحلی لیبی و یان ئەگەر شانسیان هێنا و خۆیان گەیاندە قەڵای ئوروپا، مۆر کرد. مەگەر جگه‌له‌وه‌یه‌ك کە گەلێک جار ئەو پەنابەرانەی کە لە گرتوخانە مەترسیدارەکانی لیبی هەڵهاتوون و خۆیان گیاندۆتە شوێنێکی ئەمن باسیان لە بارودۆخی فەلاکتبار و دژی ئینسانی ئەم کەمپانە، لە دەست درێژی بۆسەر ژنان و یان فرۆشتنیان و هەراج کردنی پیاوانی لاو نکردبوو؟ مەگەر جگه‌له‌وه‌یه‌ کە “سازمانی مهاجرەت”ی سەربە ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکان لە مانگی ئاوریلی ئەمساڵدا لە راپۆرتێکیدا هەراج کرانی پەنابەرانی باس کردوە؟ ئەوە نییە لە مانگی ئۆکتۆبری پارەکەدا گۆڤاری تایمز نووسیویەتی کە، “کەمپەکانی پەنابەری لە لیبی بوونەتە ناوەندی دابەشکردنی پەنابەران بۆ کاری کۆیلەتی”، ئەوە نییە لە ڕاپۆرتە نێو خۆییەکانی دیپلۆماتە ئاڵمانیەکاندا بۆ وەزاڕەتی دەرەوەی ئاڵمان باسی ئەوە دەکەن کە “پەنابەران لە کەمپەکانی لیبیدا بەشێوەی سیستماتیک ئازار و ئەزیەت ئەدرێن”. ئەو دیپلۆماتانە تەنانەت باسیان لە “بارودۆخێکی وەک ئۆردوگاکانی مەرگی سەردەمی نازی” کردوە.

لەم نێوانەدا بەرپرسی کۆموسیۆنی مافەکانی مرۆڤی ڕیکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان بە ئاماژە کردن بەم فیلمە ویدۆییە وتی کە “یەکێتی ئەروپا لە بەدیهاتنی ئەم بارودۆخەدا خەتابارە. یەکێتی ئوروپا بە بەهێز کردنی هێزە ئینتیزامیەکان و گاردی ساحلی لیبی فاکتۆڕێکی ئەساسیە بۆ بەند کردنی ئەو پەنابەرانە و بارودۆخێکی فەلاکەتبار کە هەیانە لە گرتوخانەکانی لیبیدا.”

ئایا مافی ئەوەمان نییە بڵێین ئەوە تەنیا سەبەبکارانی ئەم کۆیلەتییە نین کە دەبێ لە دادگای لاهەدا دادگایی بکرێن، بەڵکوو گشت ئەوانەی کە قاڕەی ئافریقایان تاڵان کرد، هەموو ئەوانەی کە پشتیوانیان لە دیکتاتۆڕەکانی وڵاتانی ئافریقایی کرد، گشت ئەوانەی کە بە دانی بوجەیەکی کەڵان بە دەوڵەتی لیبی بۆ دروستکردنی گرتوخانە مۆری تەئیدیان بە زەجر کوژ کردنی ئەوانەوە ناوە، شەریکی ئەم جەناتە دژی ئینسانیەن.

هەموو ئەمانە دەزانن کە لیبی تێپەڕگایەکی ناوەندیە بۆ تێپەڕبوونی کۆچبەران و ئەو پەنابەرانەی لە ژمارەیەک لە وڵاتانی ئافریقاوە بە تایبەت لە سنگاڵ، گینە، مالی، نیجێر، نیجێریە و گامبیاوه‌‌ دێن. هەموویان ناچارن بە هیوای گەیشتن بە قەلای ئوروپا بەم گوزەرگا وەحشەتناکەدا تێپەڕن. شەڕی نێوخۆیی ئێستا لە لیبی لە نێوان سێ هێزی کۆنەپەرستدا واتە دەوڵەتی جێگیر لە تریپولی، دەوڵەتی جێگیر لە بن غازی، کەسانی چەکداری سەربە ئەلقاعیدە و داعش، نە تەنیا هەموو شیرازەی ئەم وڵاتەیان تێکداوە، بەڵکوو ئەو پەنابەرانەش کە ناچارن بەوێدا بڕۆن بەردەوام دەکەونەبەر بێ ڕەحمانە ترین دەست درێژی و مەترسیەکان.

پیشاندانی ئەم ویدئۆیە هەرچەند کە ڕەنج و ئازارەکانی ئەو پەنابەرانەی کە فرۆشراون و ئەوانەی کە لە گرتوخانەکانی لیبیدا بە ئازارەوە دەمرن کەم ناکاتەوە، بەڵام لانیکەم ئەمە وێنەیەکی بچوک لە دنیایەک پیشان ئەدات کە رۆژانە بە ملیۆن ئینسان لەژێر چەرخ و دەندەکانیدا دەهاڕدرێن. ئەگەر ئەم وێنانە بریسکەیەک بن بۆ نەبەردی کۆتاییهێنان بەم کۆیلەتی مۆدێڕنە، کەوایە شیاو و سزاواری نرخ و ئەرزش بۆ دانانێکی گەورەیە.

بابەتی پەیوەندیدار

گەندەڵی ئیداری، دارایی، ئەخلاقی و سیاسیی ڕژیمی ئیسلامی، لە سەرەوە دەست پێدەکات

-

خەباتی ژنانی ئێران لەپێناو بەدەستهێنانی ئازادی و بەرابەری، لە چوارچێوەی ئازاد پۆشی تێدەپەڕێت

-

خانەنشینان لە پێناو بژێوی ژیان و ئازادیدا خەبات دەکەن

-

کۆماری ئیسلامی لە دوژمنایەتی لەگەڵ خەڵکدا هیچ سنوورێک ناناسێت

-

بەرز و بەڕێز  بێت یادی قوربانیانی شیمیابارانی مقەڕەکانی ناوەندی کۆمەڵە لەلایەن ڕژیمی بەعسی عێراقەوە

-

دەوری دووەمی گاڵتە جاری هەڵبژاردنی مەجلیسی دوازدەیەم وپەرەسەندنی ناکۆکییە ناوخۆییەکانی بەرپرسانی ڕژیم

-