لە ماوهی هەفتەی ڕابردوودا تاران و زۆربەی شارە گەورەکانی ئێران دژوارترین ڕۆژەکانی ساڵیان لەباری ڕێژەی پیسبوونی هەواوە تێپەڕ کرد. ڕۆژی چوارشەممە تێكڕای قوتابخانەکانی ئوستانی تاران داخران و بەرپرسانی ڕژیم هۆشداریان بە خەڵکدا کە تا ئهو جێیهی كه بۆیان دەکرێت لە ماڵەکانیان نەچنەدەرەوە. بە پێی ڕاگەیاندنی ئەندامێکی شوڕای شاری تاران، لە ماوەی ٣ هەفتەدا، لە سهرەتای مانگی خهزهڵوهرهوه ههتا ٢٣ی مانگ، ٤١٢ کەس بەهۆی پیسبوونی هەواوە گیانیان لەدەستداوە. ئەو وتی پیسبوونی هەوا تەنها تایبەت بە تاران نییە و لە ئێستادا خەڵکی ڕۆژئاوا و باشووریش بەهۆی گەردیلەکان و پیسبوونی هەواوە تووشی ئاسیبی گیانیی هاتوون. مەسەلەی ئالودەگی هەوا لە شارەکانی ئێران نە بابەتێکی نوێیە و نە مەسهلەیەکی کەم بایهخیش. مودیر عاملی ” شیرکەتی کۆنترۆڵی کەیفییەتی هەوای تاران” بە هەواڵنێریی “مێهر”ی وتووە کە ساڵانە ٢٦ هەزار حاڵەتی مردن لە ئۆستانی تاراندا بە هۆی پیسبوونی هەواوە تۆمار کراوە و لەمبارەیەوە تاران بە مەودایەکی زۆر لە سەرووی شارەکانی جیهاندایه،ئەگەرچی دەوترێت کە ئالودەگی هەوا زیاتر بۆ بەساڵاچووان مەترسیدارە، بەڵام لەڕاستیدا ئەوە منداڵانن کە زۆرترین ئاسیب و زیان دەبینن بەهۆی پیسبوونی هەواوە. ئەو منداڵانەی کە لە وەها هەوایەکی پیسدا گەورە دەبن، تووشی دەرد و ئازارێك دەبن كه سهرچاوهكهی پیسبوونی ههوایه. بەڵام بزانین هەڵسوکەوتی دەوڵەتی ڕوحانیی سەرۆک کۆماری ڕژیمی ئیسلامی لەگەڵ منداڵان لەمبارەیەوە چۆنە؟
ڕەوابتی عمومیی ئاموزش پەروەرشی شاری تاران ڕایگەیاند: لەگەڵ بەردەوامبوونی ڕەوتی ئالودەگی هەوا و زیاتربوونی ڕێژهی پیسکەرە غەیرەمەجازەکان و ئەو هەڵسەنگاندنانەی کراون، تێكڕای مەدرەسەکانی شاری تاران لە شیفتی بەیانی و دوانیوەڕۆدا لە سەرجەم قۆناغەکانی خوێندن، ڕۆژی چوارشەممە ٢٦ی مانگی خەزەڵوەر دادهخرێن. بەڵام هەر لەم ڕۆژەدا لە حاڵێکدا کە زۆرترین هۆشدارەکان لهسهر ڕێژەی پیسبوونی هەوای ئۆستانی تاران دراوە، بە هەزاران منداڵیان بۆ پێشوازیکردن لە ڕوحانی لە شاری ئەلبۆرز کۆکردبۆوە. هەواڵنێریی “فارس” له گوزارشێكیدا وتوویهتی کە خوێندكارانی شاری ئەلبۆرز لە حاڵێکدا چوون بە پێشوازی سەرۆک کۆمارەوە، کە ههموو ئوستان لە بارودۆخێكی نائاسایی و بەرزترین ئاستی هۆشدار بۆ ئالودەگی هەوا دا بووه. ئەو خوێندكارانهی کە لەم ڕۆژەدا دەبوو لە ماڵەوە بن، بۆ ڕەونەقدان بە مەڕاسمی فهرمایشیی پێشوازیكردن لە ڕوحانی خرانە بەر مەترسیی هەڵمژینی هەوای پیسەوە. ئایا ئەم حەڕەکەتە بێجگەلە جەنایەت دەتوانێ شتێکی تر بێت؟ ” سیاسەتێ روز”، رۆژنامەی سەرلەبهیانیی تارانیش بە تەنزهوه نووسیویهتی کە لەم ڕۆژەدا و لە کاتی سوخەنڕانیی ڕوحانیدا، بۆ لادانی ئالودەگی هەوا ” هەمووان هیوایان بە “تەدبیر”ی “با” وە بهند بهستبوو. ڕۆژنامەی “ئافتاب” چاپی تاران لەم بوارەدا گەلێک زانیاریی جێگای سهرنجی بڵاو کردووهتەوە کە دەتوانێ تەنها بەشێک لە واقعیەتەکە نیشان بدات، نهك ههمووی. ئەم ڕۆژنامەیە لە ژمارەی ڕۆژی چوارشەممەیدا نووسیویه: “ڕیژەی سەرانەی موبارزه لەگهڵ ئالودەگی هەوا لە ئێران” کەمترین ڕێژهی سەرتاسەری جیهانی ههیه. زیاتر لە ٣٥ دامهزراوه، ڕێكخراو و ناوەند، ساڵانە بۆ تهوهره فەرهەنگییهكان و ههروهها بۆ تەبلیغات بوودجەیان بۆ تهرخان دهكرێت. کۆی بوودجەیەک کە ئەم ٣٥ ناوەندە لە ساڵی ١٣٩٣دا پێیاندراوه، دهوری ٦ هەزار ملیارد تمەن بووه. ئەوە لە حاڵێکدایه کە لە هەمان ساڵدا سەرجەمی بوودجەی ژینگەی ئێران بە زیاتر لە ٦ هەزار پاسەوانی دارستان و کارمەندیشهوە، نزیکەی ١٧٥ میلیارد تمەن بووه. ئێستا پرسیار ئهوهیه كه ئایا بەم بڕه پارە و بوودجهیه دەکرێ بەر بە وشکبوونی دەریاچەی ورمێ بگیرێت؛ ڕووباری کاروون کە بووهتە زێراب و ئاوەڕۆی شار، ببوژێندرێتەوه؛ بەربە هاتنی شهپۆلی خۆڵبارین و گەردیلەکان بۆ خوزستان و ڕۆژئاوای ئێران بگیردرێ؛ تاڵاوی ئەنزەلیی کە بووهتە زەلکاو، دەژێتەوە؛ دهتوانرێت دۆخی ڕووبارەکانی گیلان و مازهندەرانی پێ باش بكرێت کە ئاوەڕۆ و زێرابی شارەکان و پیشەسازییهكانی باکووری دەڕژێننه ناو دەریای خەزەرەوە ؛ ڕێگه نهدرێت بهوهیكه هەوای تاران و باقی شارە گەورەکان پیس بێت؛ یان دهنا بەر بە ئاگرتێبەربوونی دارستانەکان بگیرێت و بەربە شۆرانەوە و فەرسایش یان با بڵێین سووانی خاک بگیردرێت؟”
ڕاستییەکەی ئەوەیە کە زیادبوونی بەرچاوی ڕیژەی پیسبوونی هەوا لە شارە گەورەکان، گەرفتێکی بێ چارەسەر نییە. ئەگەر لە ئێستادا جارێ لهمه زیاتر نەچینە سەر باسی رۆڵی کۆماری ئیسلامیی لە وێرانکردنی ژینگەی ئێران، تەنیا ئەم بابەتی پیسبوونی هەوایە، نیشانی ئەدات کە چۆن بە تەرخان کرانی کەمتر لە ١٠ لەسەد لە دەیان میلیارد دۆلار کە ساڵانە سهرفی سیاسەتی سەرکوتگەرانە و ئاژاوهگێڕانهی نیزامیی و پیلان و گەڵاڵەی تیرۆریستیی دهكرێ لێرەو و لەوێی جیهان ، ئایا دەکرێ كارێكی بەرچاو بۆ باشتركردنی بارودۆخی هەوای تاران و شارە گەورەکانی دیكه ئهنجام بدرێت؟! بۆ نموونە، ئەو توێژینەوانەی كه لە لایەن ” شێرکەتی کۆنترۆڵی کەیفییەتی هەوای تاران”ەوە کە دامەزراوەیەکی دەوڵەتییە كراون، باسلهوه دهكات کە ڕێژەی “ئالایەندە”کان لە شاری تاران، سێ هێندەی ئیستانداردی جیهانییەكهیهتی. هەروەها ئەم توێژینەوەیە نیشانی دەدات کە نزیکەی ٩٠ لەسەدی پیسبوونی هەوای تاران سەرچاوەگرتوو لە پیسکەرەکان وهك وەسایلی حهمل و نهقڵ و مەسرەفی بەنزینی ناستانداردە، کە لەنێو وڵاتدا بەرهەم دێت. مەسرەفی سووتەمەنیی ماشێنە کۆنەکان سێ هێندهی ماشێنە تازەکانە و ڕێژەی “ئالایەندە”گیشیان چەندین بەرابەری ئەوانە. بەڵام زۆربەی ماشێنەکانی بەرهەمی نێوخۆ ئیستانداردی پێویستیان نییه. لە حاڵێکدا کە شەقامەکانی تاران زەرفییەتی دوو میلیۆن ماشێن زیاتریان نییە؛ بەڵام ٣ میلیۆن ٥٠٠ هەزار ماشێن بە مەسرەفی بەنزینی ناستانداردەوە لە شاری تاراندا خەریکی هاتۆچۆن.
با سهرنج بدهینه نموونهیهكی دیكه، بە پێی ڕاگەیاندنی کارناسانی کاروباری ئیداریی ڕۆژانە ٢٤٤ هەزار کەس لە شاری تاراندا هاتوچۆی ئیدارە دەوڵەتییەکان دەکەن. ئەم کارناسانە لەسەر ئەو باوهڕهن کە بە کەمکردنەوەی تەنها ١٠٠ هەزر حاڵەتی سەردانکردنی ڕاستەوخۆ بۆ ئیدارەکانی تاران، نەك ههر ٤١ لەسەد لە سەردانی ڕۆژانە کەم دەبێتەوە، بەڵکوو ڕۆژانە ٧٠ میلیۆن لیتر بەنزینیش کەمتر مەسرەف دەبێت. ئایا ناکرێ کاروباری ئیداریی بەشیوەیەک ڕیکبخرێت کە بەبێ ئەو هەموو سەردانکردنانه و بەبێ ئەو گشتە بێنه و بهره ناپێویستە بەنێو شاردا، کاروباری خەڵک ڕایی بکرێت؟ ئایا گەندەڵیی ئیداریی، ڕشوەخۆریی، پارتیبازیی و کاغەزبازیی، ڕێگه دەدات کە بە شێوازێکی دیکە لهجیاتی سەردانی ڕاستەوخۆی خەڵک بۆ ئیدارە و دامەزراوەکان، کاروبارەکانیان ڕایی بکرێت؟
کۆماری ئیسلامیی کە ئێرانی بۆ زۆربەی خەڵکی ئەم وڵاتە کردووهتە زیندانێکی گەورە، سەبەبکاری سەرەکیی هەموو کارەساتەکانی ژینگەیە. ههر بۆیه به ههر ڕاده كه ئەم ڕژیمە زیاتر دریژە بە تەمەنی نگریسی بدات، زیاتر ژیانی ئەم نەسلە و بەرەکانی دوایی ئەم وڵاتە بەرەو لهناوچوون دەبات.