لە کۆماری ئیسلامیدا هەر جارناجارێک کاربەدەستان و باڵەکانی ڕژیم بە کەڵک وەرگرتن لە ئەهرۆمەکانی دەسەڵات بەشێک لە جەنایەت و پەروەندەکانی دزی و گەندەڵی “بەرپرسان و بەڕێوەبەرانی” دەزگای حاکمیەت ئاشکرا دەکەن. لەم دواییانەدا قوەی قەزاییە بەشێک لە پەروەندەکانی مەحمود ئەحمەدی نیژاد سهرۆك كۆماری پێشوو و هاوڕێ و نزیکەکانی دەرخستووە تا پێیان بڵێن هەوای گەڕانەوە بۆ دەسەڵات بە ئوپوزسیۆن بازی لەسەریان بکەنە دەرەوە. مانگی ڕابردوو قوەی قەزاییە، حەمید بەقایی جیگری ئیجرایی ئەوکاتی ئەحمەدی نیژادی لە پێوەند لەگەڵ پێڕاگەیشتن بە چەند پەروەندەی ماڵی بانگ کرد. حەمید بەقایی رۆژی ٢٤ی خەزهڵوەر بە جێگای ئامادە بوون لە دادگا بە پشتیوانی ئەحمەدی نیژاد و هاوڕێکانی لە شا عهبدۆل عهزیم شاریڕەی مانیگرت.
ئەحمەدی نیژاد مانگی پێشوو لە نامەیەکی کراوەدا، کاربەدەستانی قوەی قەزاییەی بە درۆزن ناوبرد و بە توندی ئەوانی دایەبەر ڕەخنە. ئەو نووسی کە: “قوەی قەزاییە حەمید بەقایی لە دوو قۆناغ دا بەشێوەی نا یاسایی و بە بێ بەڵگە گرتوە و بۆ ماوەی ٢٤٣ رۆژ لە سلولی تاکەکەسیدا بەندی کردوە.” ئەو هەروەها لە وتووێژێکدا قوەی قەزاییەی بە دیکتاتۆڕ ناوبرد کە هیچ چاودێریەک بەسەر كارهكانیدا نییە.” هەڵبەت ڕەخنەکانی ئەم دەورەیەی ئەحمەدی نیژاد لە نامە و وتووێژەکانی، زیاتر رووی لە چەند بنەماڵەیەک لە نێو قوەی قەزاییە و دەوڵەتی روحانی دایە. بەڵام ئەو بە باشی ئاگای لەوە هەیە کە لەگەڵ ناوەندی سەرەکی دەسەڵات له ئێران لەوانە سپای پاسداران و بەیتی ڕێبەری نە تەنیا دەرگیر نەبێت، بەڵکوو ڕیاکارانە لە ڕێبەری کە لە کاتی بەرپرسیاریەتیەکانی دا گەلێک جار لەبەرانبەریدا وێستابۆوە، تاریف و تەمجید دەکات و داوای یارمەتی لێدەکات. خامنەیی لەم پێوەندەدا تا ئێستا بێدەنگە. هەم بەو هۆکارەی کە پێشتر لە شەڕی دەسەڵاتدا لەگەڵ ڕەفسەنجانی، ئەحمەدی نیژادی بە هاوبۆچون و نزیك له خۆی ناو برد و هەم بە ئامانجی كونتڕۆڵی زیاتر لهسهر دەوڵەت و قوەی قەزاییە، بێ مەیل نییە کە وەها کێشەیەک لە حاکمیەتدا بوونی هەبێت تا لە کاتی خۆیدا بە قازانجی خۆی کەڵکی لێوەربگرێت. سپای پاسدارانیش لەبەر بەشێک لە ئیمکانات و مەوقعیەتی فەرماندەکانی کە كاتی خۆی ئەحمەدی نیژاد لە ئیختیاریاندا دانرابوو خۆیان بە قەرزداری ئەو دەزانن و لە ئێستادا بێدەنگیان هەڵبژاردوە.
بەڵام مونتەزیری دادستانی گشتی وڵات یەکشەممەی ڕابردو ئەحمەدی نیژاد و شەریکەکانی تاوانبار کرد کە کۆمەڵێک کرداری پێچەوانەی یاسایان لە کاتی سەرۆ کۆمار بوونیدا ئەنجام داوە. لەوانە:” “چاوپۆشی له ئیختیلاس و ههروهها تەبانی لە معامەلاتی دەوڵەتیدا کە یەکێک لە نمونەکانی ٢ ملیۆن یۆرۆ بووە کە دەبوو لە ئیختیار شوێنێک بندرێت و نەکراوە” ( هەڵبەت بەبێ ناوبردنی ئەو شوێنە)، كهچی ئێستا وەها کەسێک باسی مافی خەڵک دەکات و قوەی قەزاییە بە دیکتاتۆڕ ناودەبات.” ئیژەیی وتەبێژی قوەی قەزاییەش سێ شەممەی ڕابردو ئەحمەدی نیژادی ” بە هەرزە وێژ، درۆزن و لاتێک” ناوبرد کە ماوەیەکی زۆرە لەبەرچاوان کەوتوە و وتی زمانی عادەتی بە درۆکردن گرتوە. ئیژەیی هۆکاری نەگیرانی ئەحمەدی نیژادی بە ” حیکمەتی سەبر” زانی. گۆیا كاسهی ئەم حیکمەتی سەبرەی ئیژەیی کە هێشتا پڕ نەبووە، بهڵام له ڕاستیدا گرفت لهوهدایه كه خامنەیی ماوەیەک لەوەبەر بە درێژ کردنەوەی ئەندامیەتی ئەم ” هەرزە وێژە” لە مەجمەعی تەشخیسی مەسڵەحەتی نیزامدا پێ داگیر كرد. یان لە پیاهەڵدانی کەسانێکی وەک میسباحی یەزدیەوە کە دەوڵەتی ئەحمەدی نیژادی بە نێعمەتی ئیلاهی بۆ کۆماری ئیسلامی دەزانی.
ئەگەرنا ئەحمەدی نیژاد و هاوڕێکانی چۆن دەتوانن دەزگای قەزایی ڕژیم کە رۆژانە بە هەزاران کرداری جەنایەتکارانە ئەنجام ئەدات، بە دزی، پەروەندە سازی، پێکهێنانی داگای فەرمایشی، وەرگرتنی ئێقرار و ئیعتیڕاف لە تاوانباران بە ترساندن و گوشار، پێشێل کردنی ئاشکرای مافەکانی خەڵک، دەرکردنی ئەحکامی لە پێشدا دیاری کراو تاوانبار بکات، بەڵام ههروهك باسمان كرد به هۆی گیرۆده بوونی تهواوی دام و دهزگای كۆماری ئیسلامی به ههموو ئهم ڕاستیانه تا ئێستا کاسەی سەبری ئەم دەزگایە پڕ نەبووبێت.
ئەوە بەشێک لە سیفاتێک بوو کە مقاماتی سەرەوەی ڕژیمی ئیسلامی لە هەردوو لاوە دەیخەنە پاڵ یەکتر. بە ڕێکەوت تەنیا لەم حاڵەتەدا، هەردوو لایان ڕاست دەکەن. بەڵام هەردوو لا تەنیا بەشێک لە ڕاستیەکان باس دەکەن. دەنا ٣٨ ساڵە ئەم جەنایەتکارانە بە پشت بەستن بە سەرکوت و ئیختیناق و دیکتاتۆڕی لە ئێراندا، سەرگەرمی تاڵان و بڕۆ و دزی و سوئیستیفادەن لە سەروەت و سامانی خەڵک. سەرجەم باڵ و بەرپرسانی ئەم ڕژیمە لەم ماوەیەدا دەیان هەزار ئینسانیان داوەتە دەست جوخەکانی ئێعدام، سەدان هەزار کەس لە ئینسانە تێکۆشەر و ئازادی خوازەکانیان لە سیاچاڵەکاندا ئەشکەنجە کردوە و ساڵانێکی زۆر زیندانیان کردون. جێگای خۆیەتی پرسیار لەم ڕێبەرانەی کۆڵەکەی نیزامی ئیسلامی بکرێت کە ئەوە چ نیزامێکە وا لات و هەرزە وێژێکی درۆزن کە زمانی عادەتی بە درۆکردن گرتوە، ٨ ساڵ سەرۆک کۆماری بووە؟ ئەوە چ نیزامێکە کە تاقمێک ئینسانی درۆزن، دیکتاتۆڕ، و دز کە سەرۆکەکەیان زیاتر لە ٦٠ ژمارە حیسابی شەخسی هەیە و پوڵەکانی قوەی قەزاییەی تێکردون، پەروەندە بۆ خەڵک دروست دەکات و خهڵك مەحکوم دەکات و دەستور بە قازی ئەدات حوکمەکەی دەربکات، خەڵک زیندانی و ئێعدام و جەریمە و شێلاق کاری و ئەشکەنجە دەکات و بۆ ماوەی دور و درێژ ئەوان لە زیندانی تاکە کەسیدا ڕادەگرێت، و سەرۆکی قوەی قەزاییەکەشیەتی؟
ئەوەی کە ئەمرۆ بەرپرسانی جەنایەتکاری قوەی قەزاییەی ڕژیم بەسەر دز و جەنایەتەکارە هاوکار و هاو دەستەکانی دوێنێی خۆیان وەک ئەحمەدی نیژاد و بەقایی و مەشایی دێنن، ٣٨ ساڵە خراپ ترهكهی بەسەر خەڵکی بێ دیفاع و ستەم دیتوی ئێرانیان هێناوە. بەڵام ئەوە تەنیا ئەحمەدی نیژاد نییە کە لە زەد و بەندەکانی مافیایی ڕژیمدا ئەم چارهنووسهی بەسەر هاتوە. لە سەرەتای هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامیەوە گەلێک لە بەرپرسان و ڕێبەران و کاربەدەستانی ڕژیم، لە زەد و بەندەکانی ئاڵقەی مافیایی ناو دەسەڵاتدا توشی ئەم چارەنووسە سوکایەتی پێكردنه هاتون. هەر جارە و مۆرەیەک لە نێو ئاڵقەی پیلان و جەنەیەت لە سەرۆک کۆمار و سەرۆک وەزیرانەوە بگره تا سەرۆکی مەجلیس و کاسانی نیزیکی نیزام بە شێوەی جۆراو جۆر لادراون. سادق قوتبزادە ئێعدام کرا. بازگان یەکەم سەرۆک وەزیر، دوای ٩ مانگ بە دەستوری خومەینی بۆ هەمیشە لە دەسەڵات لادرا و دوای ئەوە قەت سەلاحیەتی بۆ هیچ پۆستێک تەئید نەکرا. بەشوێنیدا بەنی سەدر یەکەم سەرۆک کۆماری ئیسلامی کە بە پشتیوانی خومەینی بوو بە فەرماندەی کوللی قوا و سەرۆکی شوڕای باڵای ئەمنیەتی نەتەوەیی، دوای ١٨ مانگ لە ترسی گیانی هەڵات. مونتەزیری ” جێگری مقامی ڕێبەری و یارە نزیکەکەی خومەینی و فەقیەی والا مقام”یش خرایە زیندان خانگیەوە. میرحسێن موسەوی سەرۆک وەزیری کاتی شەڕ و مێهدی کەڕوبی سەرۆکی کۆنەکاری مەجلیسیش ئێستا لە زیندانی خانگیدان. ڕەفسەنجانی کە ساڵانێک لە بانترین ئاستدا، گرنگ ترین بەرپرسیارەتیەکانی هەبوو وە خۆی لە لادانی ژمارەیەکی زۆر لە کەسەکاندا دەستی هەبوو، خرایه پهراوێزهوه و دواتر وەک ئەحمەدی خومەینی بە شێوەیەکی شارەزایانە کوژرا و محەممەد خاتەمیش کەوتەبەر غەزەب و بۆی نەبوو لە هیچ کاناڵ و رۆژنامەیەکدا دەربکەوێ. ڕەنگە ئەحمەدی نیژادی هاو بۆچوونی ڕێبەر و شەریکە دزەکانیشی لە کێشمەکێشە مافیاییەکانی دەسەڵاتی نیزامدا یان ڕەوانەی زیندانی خانگی بکرێن و یان بەشێوەیەک لابدرێن. بەڵام ئەم بابەتە یانی ڕسوایی ناو باڵهكانی ڕژیم، گرفتێک لە باری کێشەکانی جەماوەری خەڵکی ستمدیتوی ئێران چارەسەر ناکات. بەڵکوو تەنیا ڕێگای ڕزگاربوونی خەڵک لە دەست ئەم جەنایەتکارانەی دەسەڵاتدار روخاندنی شۆڕشگێڕانەی سەرجەم ڕژیمە لە لایەن کرێکاران و جەماوەری خەڵکی زەحمەتکێشەوە و دامەزراندنی حاکمیەتی خۆیان.