کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

ژەهر خوارد کردنی کچان تۆڵەی دەسەڵاتدارانی ئیسلامیە

Untitled 12

سێ مانگە کە عەمەلەیاتێکی بەرینی تیرۆریستی ژەهر خوارد کردنی کچانی قوتابی لە نۆ ئوستانی وڵات درێژەی هەیە. ژمارەی ژەهر خوارد کراوان بە ئاماری خودی ڕژیم لانیکەم ٨٠٠ کچە. تەنیا لە ڕۆژێکدا هێرشێکی زنجیرەیی ڕێکخراو بۆسەر منداڵانی کچی قوتابی لە ٢٦ قوتابخانە و لە پێنج ئوستان بەڕێوەچووە.

  لە جەریانی ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی ژینادا لاوان بە تایبەت کچان دەورێکی بەرچاویان هەیە. کچان بە پەرێشان کردنی پرچەکانیان دژایەتی و ناڕەزایەتی خۆیان دژبە سوڵتەی داعشی شیعە نیشان ئەدەن و داعشی شیعە تۆڵەی خۆی لە کچانی قوتابی دەکاتەوە کە لە جەریانی ئەم ئاخێزەدا سەرپۆشی ئیسلامییان توڕهەڵدا، عەمامەی ئاخوندەکانیان فڕێدا و خوازیاری ڕوخانی کۆماری ئیسلامی بوون.

  دەزگای پۆلیسی و ئەمنیەتی ئێران کە دەیانوت بە پەهباد، بە دوور بینە ئیتلاعاتیەکان ناڕازیان شناسایی و دەستبەسەر دەکەن لە سێ مانگدا نەیانتوانی بکەرێکی ئەم سریالە تیرۆریستیە لەدژی کچانی قوتابی بگرن. عەمەلیاتی زنجیرەیی تیرۆریستی لەدژی کچانی قوتابی کاری خودی ڕژیمی ئیسلامی و یان باڵە ئەمنیەتی و نیزامیەکانیەتی. ئەوان نایانەوێ عاملین و سەبەبکارانی ئەم عەمەلیاتە تیرۆریستیە شناسایی و دەستبەسەر بکرێن.

  لە ئەسید پاشیەکانی ئیسفەهانیشدا لەدژی ژنان کەس نەگیرا. لەگەڵ ئەوەی هەموو خەڵکی شار دەیانزانی کە ئیمام جومعەی کۆنەپەرست و نوێنەری عەلی خانەیی، ئەرازل و ئەوباشی سەربە ناوەندە مەزهەبی و ئەمنیەتیەکان بکەری سەرەکی تیرۆر و ئەسید پاشی بوون.

  لە حاڵێکدا کە گرێکوێرە ژاراوی کردنە زنجیرەییە مەڕموزەکان لە قوتابخانەی کچانە لە شارە جۆراوجۆرەکان ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ توندتر دەبێت، بە هەمان ڕادەش ئاماری ئەو قوتابخانە و قوتابیانەش کە ژاراوی دەبن ڕوو لە زیاد بوونە. ئەم ڕوداوە لە حاڵێکدا ڕوو ئەدات کە هێشتا هیچ کاربەدەستێک وڵامێکی ڕەسمی و ڕوونی بۆ ئەو جۆرە ژاراوی بوونە و تێکرار بوونەوەی و هەروەها بکەران و بەڕێوەبەرانی ئەم هێرشە دەمارگرژانە و تیرۆریستیە بۆسەر قوتابخانەکان نەداوەتەوە. لەگەڵ زۆر بوونی هەستیاریەکان سەبارەت بە ژاراوی بوونی قوتابیان، هێندیک لە نوێنەرانی مەجلیس و تەنانەت یەکێک لە بەرپرسانی وەزارەتی بێهداشت ڕایگەیاند کە ” ئەم ژاراوی بوونە بە شێوەی ئانقەست و بە کەڵک وەرگرتن لە ئاوێتەیەکی شیمیایی لەبەر دەست ڕوویداوە. نوێنەری سەروەستان لە مەجلیس باسی لە دەرگیر بوونی ١٠ تا ١٥ شار لە ئوستانە جۆراوجۆرەکان لە ماجەرای ژاراوی بوونی قوتابیان کرد. نیگەرانیەکان سەبارەت بە ژاراوی بوون بە ڕادەیەکە کە زۆربەی کەسوکاری قوتابیەکان دەڵێن ئامادە نین منداڵەکانیان بنێرنە قوتابخانە.

  لە حاڵێکدا کە ژاراوی بوونی قوتابیان هەروا ڕووی لە زیاد بوونە و ڕۆژانە ئاستێکی تازە بە خۆیەوە دەگرێت، سەرئەنجام دوای تێپەڕ بوونی نزیک بە چوار مانگ ڕەد کردنەوە، وەدرۆ خستنەوە و ئادرەسی هەڵە دان، وەزاڕەتی بێهداشت ژاراوی بوونی قوتابیانی کچی لە شارە جۆراوجۆرەکان و دادستانی گشتی، عەمدی و ڕێکخراو بوونی ئەم هێرشانەی تەئید کرد. ئەم جەنایەتە بێ گومان لە لایەن باندەکانی ڕێکخراوی ئەمنیەتی، بەرنامەی بۆ داندراوە و بەڕێوەبراوە. هەوڵی مودیران و حەراسەتی قوتابخانەکان، هێزی ئینتیزامی، قوەی قەزاییە و سازمان و ناوەندە ئەمنیەتیەکان بۆ شاردنەوەی ئەم جەنایەتە و هەڕەشەی بەردەوام لە بنەماڵەکان بۆ ئەوەی ئەم بابەتە نەگەیەننە ڕاگەیەنەرەکان، نیشانەی ئەم ڕاستیەیە.

  لە جەریانی ئاخیزی شۆڕشگێڕانەی ئەم دواییەدا لەدژی کۆنەپەرستی ئیسلامی، ناڕازیان و بەتایبەت ژنان و کچان بە شێوەیەکی بێوێنە و بە دروستی لە دروشمەکانی خۆیاندا خامنەیی و ویلایەتی فەقیەکەییان، بەهۆی بەرپرس بوونی ڕاستەوخی لە جەنایەتە حکومەتیەکاندا و بارودۆخێکی فەلاکەتبار کە ئێستا بەسەر وڵاتدا سەپاوە، کردۆتە ئامانج.

  خامنەیی لە ڕووی داماوی و ترسی لە پەرەسەندنی دروشمی ژن، ژیان، ئازادی، لە کەمتر لە یەک حەفتەدا، سێ جار پەنای بردۆتەبەر مەداحان و داوای لێکردون تەعمیر و گریس کاری ماشێنی سەرکوتی کۆماری ئیسلامی بکەن و ناڕاستەوخۆ داوای لە ماداحەکان کرد بە هەڵخڕاندنی هەستەکان بەشەکانی ئەم ماشێنە،( لایەنگرانی نیزام) تا ئەو جێگایەی دەتوانن بهێز بکەن. ئەو وێڕای ئاماژە بە دەوری مەداحەکان لە سەرکوتی ناڕەزایەتیەکانی ساڵی ١٣٨٨، داوای لێکردن پێگەی خۆیان بناسن و بە دەور گێڕان بە وتەی ئەو لە” خەبات لەدژی تاغوت و زاڵم و ئیستبار و گەندەڵی” لە خزمەتی شۆڕشدا بن و” خۆڕاگری لە بەرانبەر دوژمن یان هێرش بردن لەبەرانبەریدا” فەرهەنگ سازی بکەن.

  لەگەڵ زاڵ بوونی گوفتمانی نیزامی- مەداحی بەسەر نیزامی سیاسی وڵاتدا بە فەتوای خامنەیی زەمینەیەکی زیاتر بۆ کرداری گوروپە دواکەوتوەکان لە کۆمەڵدا فەراهەم بووە و ئەم هێزە هەوسار پچڕاوە خۆی بە مەیدان داری سەرەکی دەزانێ و بە ئەمنیەتی تەواوەوە مانۆڕ ئەدات و بە شێوەی ئاتەش بە ئیختیار کایە بە ئەمنیەت و سڵامەتی جەستە و دەروونی کۆمەڵگا دەکات و لە هەوڵی تۆڵە کردنەوە لە کچانی لاو و داسەپاندنی بیر و باوەرە دواکەوتوانەکانی خۆیدایە بەسەر کۆمەڵدا. کرداری تیرۆریستی کۆنەپەرستان و هێرشی شیمیایی بۆسەر قوتابیان هەوڵێکە بۆ گەڕانەوە بۆ سەردەمی جاهیلیەت و هەروەها جەنایەتێکە نیشانەی دڵڕەقی ئامران، عاملان و زەینیەتی نەخۆشی ئەوان دەردەخات و ئەمەش نیشانەی ئاخرین پەلەقاژەکانی جەنایەتکاران ژێر فەرمانی خامنەیی لە بەرانبەر ویست و داخوازی و ئیرادەی خەڵکی ئازادی خوازدایە و بێ گومان دروشمی ژن، ژیان، ئازادی وەها کاریگەریەکی لەسەر کۆمەڵگای ڕوو لە گەشەی ئیڕان داناوە کە ئەم کردارە کۆنەپەرستانە و خۆڕاگری لە ڕووی داماویەوە ناتوانێ ئیرادەی خەڵکێک کە عەزمیان جەزم کردوە بۆ گۆڕین و تێپەڕ بوون لە حاکمیەتی ڕەشی ڕژیمی ئیسلامی بە چۆکدا بێنێ.

  ئێمە هێرشی تیرۆریستی زنجیرەیی بەکرێگیراوانی کۆماری ئیسلامی و باندە مافیاییەکانی ئیسلامی بۆسەر کچانی قوتابی بە توندی مەحکوم دەکەین. خوازیاری شناسایی هەرچی زووتری ئەم لاتولوتانە و ناساندنی ڕێبەران و فەرماندەرانی ئەم جەنایەتەی باندە ڕەشە تیرۆریستیەکانین.

  ئێمە دڵنیاین کە حکومەتی ئیسلامی بە هیممەتی یەکێتی و یەکگرتویی خەباتگێڕانەی خەڵکی ئازادی خواز و بەرابەری تەڵەب دەڕوخیت و فەرماندەران و بەڕێوەبەرانی ئەم عەمەلیاتە تیرۆریستیە ئیسلامیە دادگایی و سزا ئەدرێن.