ڕۆژی یەکشەممە ٢٨ی ڕەشەمە، “سەعدوڵلا ئایینی” دەستبەسەرکراوی خهڵكی دێهلۆڕان، لە گرتووخانهی ئیتلاعاتی ئیلام هەوڵی خۆکوژی دا و بۆ نەخۆشخانە ڕاگوێزرا.
بەپێی زانیارییهكان، گوشارەکان بۆ سەر دەستبەسەرکراوانی دیهلۆڕان لە گرتووخانهی ئیتلاعاتی ئیلام زیادی کردووە و بەهۆی ئەم گوشارانەوە “سەعدوڵلا ئایینی” هەوڵی خۆکوژی داوە. شایانی باسه كه “عەزیم یادگاری”، “فەرشاد ئایینی”، “سەعدوڵلا ئایینی”، “حسێن باپیروەند” و “سەفوورا مەلەکی” لە ڕێکەوتی ٢٥ی ڕێبەندانی ئهمساڵ لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتهوه دەستبەسەر و بە مەبەستی لێپرسینەوە بۆ گرتووخانهی ئیتلاعاتی ئیلام ڕاگوێزرابوون. ڕۆژی شەممە ٢٧ی ڕەشەمە، “سەفوورا مەلەکی” بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازاد کرا بەڵام چوار هاووڵاتییەکەی دیکە بۆ وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ لەژێر گوشار و ئەشکەنجەدان.