ڕۆژی پێنجشه‌ممه ٢٩ی پووشپه‌ڕ، كامیۆندارانی شاری ئیزمیر له توركیا دژبه گرانی نرخی سووته‌مه‌نی ده‌ستیان له كار كێشایه‌وه و مانیان گرت.
به‌پێی ڕاپۆرتی میدیاكانی توركیا، نزیكه‌ی ٣٠٠ شۆفێری كامیۆن و تانكه‌ری سووته‌مه‌نی له ئوستانی ئیزمیر بۆ دووهه‌مین ڕۆژی به‌رده‌وام دژبه گرانی نرخی سووته‌مه‌نی مانیان گرت. ده‌ستپێكی ئه‌و مانگرتنه له دوای بڕیاری ده‌وڵه‌ت بۆ گران كردنی بێسابیقه‌ی نرخی سووته‌مه‌نی بوو و ئێستا نرخی هه‌ر لیتر به‌نزین بۆ ٣٧ لیر به‌رز بووه‌ته‌وه. بردنه‌سه‌ره‌وه‌ی نرخی سووته‌مه‌نی ناڕه‌زایه‌تی به‌رینی كۆمه‌ڵگای توركیای لێكه‌وتۆته‌وه و هاوئاراسته له‌گه‌ڵ گرانی سووته‌مه‌نی نرخی شت و مك له‌و وڵاته دوو هێنده چووه‌ته سه‌ره‌وه و زۆرترین كاریگه‌ری له‌سه‌ر ژیانی چینی هه‌ژار و كرێكار بووه.