سه‌ر له‌به‌یانی ڕۆژی دووشه‌ممه ١٨ی مانگی گوڵان، حوكمی ئێعدامی دوو به‌ندكراو به ناوه‌كانی “یووسف مێهرداد” خه‌ڵكی ئه‌رده‌بیل و “سه‌درۆڵڵا فازلی زار‌ع” خه‌ڵكی یاسووج له زیندانی ناوه‌ندی ئه‌راك جێبه‌جێ كرا.
به‌پێی ڕاگه‌یاندنی ماڵپه‌ڕی “میزان”ی سه‌ر به ده‌زگای قه‌زایی ڕژیم، “یووسف میهرداد” به تۆمه‌تی ناڕه‌وای “دامه‌زراندنی گرووپی تلگرامی دژبه‌ری دین” و “بێڕێزی به پیرۆزییه‌كانی ئیسلامی” به ئێعدام مه‌حكووم كرابوو. هه‌روه‌ها “سه‌درۆڵڵا فازلی زار‌ع” به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ٢٠ كاناڵی ئاتئێستی له ئه‌ستۆ بووه و به تۆمه‌تی ناڕه‌وای بێڕزی به پیرۆزییه‌كانی ئیسلام سزای ئێعدامی به‌سه‌ر دا سه‌پێندرابوو. جێگای ئاماژه‌یه كه ڕۆژی ڕابردوو ١٥ به‌ندكراوی زیندانه‌كانی گه‌وهه‌رده‌شتی كه‌ره‌ج و شه‌یبانی ئه‌هواز به‌مه‌به‌ستی له‌سێداره‌دان بۆ به‌ندی تاكه‌كه‌سی ڕاگوێزراون كه ناسنامه‌ی به‌شێكیان بریتیه له: “مه‌سعوود سیری”، “عەلى مەجدەم “، “محەممەدڕەزا موقەدەم”، “موعین خەنفەرى”، “حەبیب دۆریس”، “عەدنان غەبیشاوی ” و “سالم موسەوی”.