ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاندووە کە لە سودان، تەنها لە ماوەی سێ مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٦دا، نزیکەی ٧٠٠ کەس لە هاووڵاتیانی مەدەنی لە ئەنجامی هێرشە درۆنەکاندا کوژراون.
جێگری سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بەشی کارە مرۆییەکاندا ئاماژەی بەوە دا کە جەنگ لە سودان چووەتە ناو چوارەمین ساڵی خۆی و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی نەیتوانیوە وەڵامێکی گونجاو بەم ئەم قەیرانە مرۆییە بداتەوە. بەپێی زانیارییەکان، نزیکەی ٣٤ ملیۆن کەس لە سودان پێویستیان بە یارمەتیی مرۆیی هەیە، هەروەها زیاتر لە ٢١ ملیۆن کەس توانای دەستڕاگەیشتن بە خواردنیان نییە. لە هەمان کاتدا، ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ژنان و کچان بە شێوەیەکی سیستەماتیک دەکەونە بەر توندوتیژی و دەستدرێژی. بەرپرسانی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایانگەیاندووە کە ئامانجیان ئەوەیە لەم ساڵەدا یارمەتی بە ٢٠ ملیۆن کەس بگەینن، بەڵام یارمەتییەکان زۆر کەم و نەگونجاون بە بەراورد بە قەبارەی قەیرانەکە.
