كۆمه‌ڵگه‌ی ئێران به‌شێوه‌ی رێژه‌یی خاوه‌نی زۆرترین جه‌معییه‌تی لاوی جیهانه. بێبه‌شی و ئازاری كۆمه‌ڵایه‌تی له هه‌مووان زیاتر به‌نه‌سیبی ئه‌م به‌شه له كۆمه‌ڵگای ئێران ده‌بێت. یه‌كێك له سه‌ره‌كیترین كێشه‌كانی لاوانی ئێران بێكارییه.
یه‌كێك له تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی بێكاری له ئێران بوونی له‌شكری به‌رینی خوێنده‌وارانی بێكاره كه زانكۆ و قۆناغی مامناوه‌ندیان ته‌واو كردووه. لاوانی نێوان ته‌مه‌نی ١٥ تا ٣٠ ساڵ یه‌ك له‌سه‌ر سێی جه‌معییه‌تی ئێران واته ٢٥ تا ٣٠ ملیۆن كه‌س پێك دێنن. به‌پێی ئاماره بڵاوكراوه‌كانی ڕژیم هه‌تا ئێستا نزیكه‌ی ١٢ ملیۆن له جه‌معییه‌تی ئێران یان خوێندنی زانكۆیان ته‌واو كردووه و یان له حاڵی خوێندن دان. بێكاری لاوانی خوێنده‌وار له ئێران گه‌یشتووه‌ته زیاتر له ٥٠ له‌سه‌د. ئه‌گه‌ر هه‌تا دۆینێ بنه‌ماڵه‌كان لایان وابوو كه ڕۆڵه‌كانیان ده‌نێرنه زانكۆ تا له داهاتوودا پیشه‌یه‌كی گونجاویان هه‌بێت، ئه‌مڕۆ ده‌بینن كه نه‌ته‌نیا ئه‌م ئامانجه‌یان وه‌دی نه‌هاتووه به‌ڵكوو خوێنده‌واریی زانكۆ بووه‌ته كێشه‌یه‌ك بۆ دۆزینه‌وه‌ی كار بۆ لاوانیان.
به‌ڵام بێكاری و په‌ره‌سه‌ندنی ئازاره كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و له‌وانه گیرۆده‌بوون به مادده‌ی هۆشبه‌ر ته‌واوه‌ن پێكه‌وه په‌یوه‌ندییان هه‌یه. لاوێك كه به هه‌زار ئاوات و ئاره‌زووه‌وه دوای تێپه‌ركردنی ده‌یان كێشه و كۆسپ كه ڕژیم و یان هه‌ژاریی بێسنووری ماددی خستوویه‌ته سه‌ر ڕێی، سه‌ره‌نجام بڕوانانه‌ی خوێندنی قۆناغی مامناوه‌ند، هونه‌رستان یان زانكۆ وه‌رده‌گرێت و پاش وه‌رگرتنی بڕوانامه و دانانی دوو ساڵ له وه‌ختی خۆی بۆ ده‌وره‌ی سه‌ربازیی ڕژیم، دیسان هیوایه‌كی به دۆزینه‌وه‌ی پیشه‌یه‌كی گونجاو به‌و بڕوانامه‌یه‌ی نییه، هه‌موو ئاواته‌كانی خۆی به‌فیڕۆچوو ده‌بینێت. حاڵ و ڕۆژی لاوێك كه به‌خاتری نه‌بوونی سه‌رچاوه‌ی ماڵیی سه‌ربه‌خۆ و بێكاری، خۆی به سه‌رباری بنه‌ماڵه ده‌زانێت و ته‌نانه‌ت توانای دابینكردنی خه‌رجیی هاوسه‌رگیری و پێكهێنانی بنه‌ماڵه‌ی نییه، ده‌بێ چۆن بێت؟ له ئێرانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی كۆماری ئیسلامی‌دا لاوان نه له خۆشی و گوڕوتینی لاوی به‌هره ده‌به‌ن و نه ده‌رفه‌تی بردنه‌سه‌ره‌وه‌ی ئاستی تواناكانیشیان بۆ هه‌ڵده‌كه‌وێت. له وه‌ها باروودۆخێكدایه كه ده‌بینین زیاتر له یه‌ك ملیۆن كه‌س له گیرۆده‌بووانی مادده‌ی هۆشبه‌ر ته‌مه‌نیان له‌ژێر ١٩ ساڵ دایه و ته‌مه‌نی مامناوه‌ندی گیرۆده‌بوون به‌م مادده‌یه له ئێران گه‌یشتووه‌ته ١٣ ساڵ. ئاستی ده‌روون‌په‌رێشی، دڵه‌ڕاوكێ و خه‌مۆكی، له‌ناو لاوان‌دا به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو زیادی كردووه.
به‌ڵام وێنه‌ی ژیانی لاوان به بێ ته‌ئكید له‌سه‌ر واقعییه‌تێكی هیوابه‌خش كامڵ نابێت. ڕژیم گه‌لێك پڕۆژه‌ی جۆراوجۆری بۆ زاڵبوون به‌سه‌ر جه‌سته و ده‌روونی لاوان به‌كرده‌وه ده‌رهێنا. به‌ڵام هه‌موو ئه‌م پڕۆژانه له به‌رامبه‌ر حه‌ره‌كه‌تی ڕوو له گه‌شه‌ی كۆمه‌ڵگه‌دا بوونه بلقی سه‌ر ئاو. له‌ڕاستیدا هه‌موو سه‌مایه‌گوزارییه‌كانی ٤٣ ساڵی ڕابردووی ڕژیمی ئیسلامی له‌م بواره‌دا به‌فیڕۆ چووه. له‌م ڕووه‌وه ڕژیم به‌رده‌وام خه‌ریكی تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه له‌و لاوانه‌یه كه له ده‌ورانی مه‌دره‌سه و قۆناغی مامناوه‌ندا نه‌یتوانیوه به‌پێی پێوه‌ری خۆی، بێ‌مێشك و ملكه‌چ و بێ‌وره باریان بێنێت.
لاوانی ئێران ئه‌گه‌ر بێكارن و ئه‌گه‌ر له سه‌ره‌تاییترین ده‌رفه‌ته‌كان بۆ به‌هره‌مه‌ندبوون له خزمه‌تگوزاریی سرووشتیی قۆناغی لاوی بێبه‌رین، به‌ڵام له به‌رامبه‌ردا ته‌سلیمی ئه‌م باروودۆخه نه‌بوون و ڕێگای خه‌باتیان دژبه‌م ڕژیمه گرتووه‌ته به‌ر. ئه‌م واقعییه‌ته كاتێك ئاشكرا ده‌بێت كه لاوان تا ده‌رفه‌تێكیان بۆ هه‌ڵده‌كه‌وێت هێرش ده‌كه‌نه سه‌ر هه‌موو بنه‌ماكانی كۆماری دیكتاتۆری ئیسلامی. لێره‌دا پێویسته له‌سه‌ر ئه‌م ڕاستییه‌ش ته‌ئكید بكرێت كه ئه‌گه‌رچی لاوانی ئێران به‌هۆی ده‌سه‌ڵاتداریه‌تیی ئه‌م ڕژیمه كۆنه‌په‌رست و دژه‌ئازادییه‌وه، خاوه‌ن كێشه‌ی هاوبه‌شن، به‌ڵام به‌و هۆكاره كه له چینه جۆراوجۆره‌كان پێكهاتوون، كێشه و گرفته‌كانیان وه‌كو یه‌ك وانییه. ئاشكرایه كه كێشه‌ی لاوانی چینی كرێكار له‌گه‌ڵ لاوانێك كه چه‌تری پارێزگاریی بنه‌ماڵه‌یه‌كی خۆشبژێویان به‌سه‌ره‌وه‌یه جیاوازه. به‌ڵام په‌ره‌سه‌ندنی خه‌باتی چینی كرێكاری پێكهاتوو له ژن و پیاو و به‌ساڵاچوو و پیر و لاو و ڕزگاریی ئه‌م چینه له چنگ ڕژیمی ئیسلامی و موناسباتی چه‌وسێنه‌رانه‌ی زاڵ، بێگومان ده‌بێته هۆی ڕزگاریی لاوانی ئێران له‌و باروودۆخه نائینسانییه‌ی كه ئه‌م ڕژیمه به‌سه‌ریانیدا سه‌پاندووه. لاوێك كه تواناكانی له‌لایه‌ن ڕژیمێكی كۆنه‌په‌رسته‌وه به به‌ند كێشراوه، لاوێك كه باشترین ساڵه‌كانی ته‌مه‌نی خۆی له مه‌دره‌سه و زانكۆكاندا له‌ژێر گوشاری فێركاریی دژه‌زانستی و كۆنه‌په‌رستانه‌دا به‌فیڕۆچووه، لاوێك كه ته‌نانه‌ت ئازادیی هه‌ڵبژاردنی پۆششی لێ زه‌وت كراوه، ئه‌و كچه لاوانه‌ی كه بۆ به‌ده‌ستهێنانی مافی ته‌ماشاكردنی یاریی وه‌رزشی ده‌بێ قوربانی بده‌ن، لاوێك كه به‌خاتری چكۆله‌ترین ناڕه‌زایه‌تی دژبه نه‌هامه‌تی و گرفته سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان به به‌ند ده‌كێشرێت و ئه‌شكه‌نجه ده‌درێت، لاوێك كه له مافی سه‌ره‌تایی هاونشینیی ئینسانی له‌گه‌ڵ ڕه‌گه‌زی به‌رامبه‌ری خۆی بێبه‌ری ده‌كرێت، هه‌موو ئه‌م لاوانه له‌گه‌ڵ لاوانی چینی كرێكار و زه‌حمه‌تكێش ژانی هاوبه‌شیان هه‌یه و ڕزگارییان له‌م باروودۆخه نائینسانییه له ڕێگه‌ی هاوپشتی له‌گه‌ڵ خه‌باتی چینی كرێكاره‌وه مسۆگه‌ر ده‌بێت.