کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

قەیرانی کۆچی پزیشک و پەرستاران لە ئێران

P S D B 1.1.2023 1

ڕۆژنامەی عەسری ئێران چاپی تاران، ڕۆژی ٢٤ی بەفرانبار، ڕاپۆرتێکی سەبارەت بە کۆچکردنی ژمارەیەکی زۆر پزیشک و پەرستار لە ئێران بڵاو کردەوە. لەو ڕاپۆرتەدا لە زمانی یەحیا ئیبراهیمی، نوێنەر و ئەندامی کۆمیسیۆنی تەندروستی مەجلیسی ئیسلامییەوە هاتووە: سەرەڕای سنوورداربوونی ئیمکانی سەفەرکردن، ڕێژەی چوونەدەرەوەی پزیشکانلەدوای سەردەمی کۆرۆناوە دوو هێندە زیادی کردووە. ئەم ژمارەیە ٦ بۆ ١٠ هەزار پزیشک لە بوارە جۆراوجۆرەکانی وەک پزیشکی گشتی و تایبەتمەند و پسپۆڕ لەخۆ دەگرێت و هەروەها مامۆستایان و پزیشک و پەرستار و بوارەکانی تری پەیوەست بە بابەتی پزیشکیش دەگرێتەوە. بەگوێرەی ڕاپۆرتیڕوانگەی کۆچی ئێران، ساڵانە ٦٥ هەزار کەس لە ئێرانەوە کۆچ دەکەن. بە پێی ئامارێک کە لە ڕۆژنامەی فەرهیختەگاندا بڵاوکراوەتەوە، لە ساڵی ١٤٠٢دا ٢٣٠٠ پزیشکی پسپۆڕ و ٤٢٠٠ پزیشکی گشتی ئێرانیان بەجێهێشتووە کە ٣٠% زیاترە لە مامناوەندی ڕێژەی ئەو پزیشکانەی بە کۆی گشتی دێنە ناو بازاڕی کاری ئێرانەوە. ئێرانی ژێر دەسەڵاتی ڕژیمی ئیسلامی، یەکێکە لە ناوەندەکانی کۆچبەریی جیهان. هەرچەندە تا ئێستاش زۆرینەی کۆچبەرانی ئێران بریتین لە پەنابەری سیاسی و ئەو گەنجانەی کە بەدوای کاردا دەگەڕێن، بەڵام ئێستا ئیتر تەنانەت بەرپرسانی ڕژیمیش باس لە قەیرانی کۆچکردنی پزیشکان، پەرستاران، ڕۆژنامەنووسان و هونەرمەندان، وەرزشوانان، دەرچووانی خاوەن بڕوانامەی بەرزی زانکۆ و تەنانەت خاوەن سەرمایەکانیش دەکەن.

کۆچبەران و پەنابەرانی سیاسی ئێران لە دەست ستەم و سەرەڕۆیی، سەرکوت، هەڵاواردن، نەبوونی هەلومەرجی ژیانی ئینسانی، و بە ئومێدی بەدەستهێنانی ئەمنییەت و هەلومەرجێکی باشتری ژیان بۆ خۆیان و بنەماڵەکانیان، وڵات بەجێدەهێڵن. چوونەدەرەوە لە وڵات لە ڕێگە قاچاغ و نافەرمیەکانەوە گەلێک ئەستەمە. زۆربەیاندارونەداریخۆیاندەفرۆشنبۆئەوەیهەزینەیدەرچوونلەوڵاتیپێدابینبکەنوسەدانهەزارکەسلەمکۆچبەرانەلەوڵاتەکانیدراوسێیئێران،لەوانەتورکیە،

عێراق، گورجستان، هیندستان، پاکستان و تەنانەت ئەفغانستانیش، لە دۆخێکی زۆر دژواردا دەژین و لە چاوەڕوانی چوون بۆ وڵاتانی ڕۆژئاوادا بەسەر دەبەن. بەداخەوە بەشێک لەو کۆچبەر و پەنابەرانە هیچ کات ناگەنە شوێنی مەبەست و لەناو دەریاکان، لەناو ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرەکان و تەنانەت ناو ساردخانەی گواستنەوەی خۆراک یان لە بیابان و دارستانەکاندا گیانیان لەدەست دەدەن. بەڵام بەشێک لەو کەسانەی کە لە ئێرانەوە بەرەو هەندەران کۆچ دەکەن، هێزی خوێندەوار و پسپۆڕن، کە بە واتایەک بە هەڵاتنی مێشک و نوخبە لە بوارە جیاجیاکاندا دەناسرێن. تەنها لە ئەمریکا زیاتر لە نۆ هەزار پزیشکی ئێرانی کاردەکەن، ژمارەی پسپۆڕانی بوارەکانی دیکەش بە زیاتر لە یەک ملیۆن کەس مەزەندە دەکرێت. ئێستا کەم زانکۆ هەیە لە جیهاندا کە مامۆستا و پرۆفسۆری ئێرانی، تیایاندا وانە نەڵێتەوە.

هەزاران پزیشک و پسپۆر، هەزاران ڕۆژنامەنووس، نووسەر، سینەماکار، پەرستار، زانایانی بوارە جۆراوجۆرەکانی زانست و خوێندکاری خاوەن بڕوانامەی بەرز، لەم ساڵانەدا ناچار بوون ئێران جێبهێڵن. لە هەلومەرجێکدا کە نەخۆشخانەکانی ئێران لەگەڵ کەمی کادری پسپۆڕ و لێهاتوو بەرەوڕوون، کوالێتی و ئاستی خوێندن لە ناوەندەکانی پەروەردەدا دابەزیوە، ژینگە پێویستی بەپەلە و هەنووکەیی بە کەسانی کارناس و پسپۆڕ هەیە، پەرەسەندنی ڕۆژ لە دوای ڕۆژی کۆچکردنی ئەو هێزە خوێندەوارە، هەزینەیەکی قورس بەسەر خەڵکی ئێراندا دەسەپێنێت. ڕژیم نەک هەر لە هەوڵی کەمکردنەوە و پێشگرتن لە کۆچکردنی خوێندەواران و هێزی لێهاتووی کار لە ئێرانەوە نییە، بەڵکوو بەکردەوە ڕێگای بۆ خۆش دەکات. نیو ملیۆن ئاخووند و خوێنداری مشەخۆر و کۆنەپەرستی ئایینی، دەسەڵاتدارانی دز و گەندەڵ و لات و چەقۆکێشی ئیسلامی، وڵات بە موڵکی شەخسی خۆیان دەزانن. وڵاتی ئێران هی کۆمەڵانی خەڵکە و ئەگەر بڕیار بێت کەسێک وڵات بەجێبهێڵێت، ئەوا، ئەو تاقمە دز و جینایەتکارانەن کە دەستیان بە خوێنی خەڵکی ئێران سوور بووە و سەروەت و سامانی وڵاتیان تاڵان کردووە. ڕژیمی ئیسلامی، ئێرانی کردووە بە دۆزەخێکی ڕاستەقینە بۆ بەشێکی زۆر لە دانیشتوانەکەی. هۆکاری سەرەکی پەرەسەندنی ڕۆژ لە دوای ڕۆژی کۆچبەرانی ئێران، بریتییە لە ئیفلاسی سیاسی، فەرهەنگی، ئابووری و کۆمەڵایەتی لەجۆری حکوومەتی ئیسلامیی. بە ڕووخانی ئەم حکوومەتە کۆنەپەرستە، ملیۆنان کۆچبەر کە بە هۆکاری سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری ناچار بوون وڵات جێبهێڵن، بەو ئەزموون و ئیمکاناتە بەرفراوانەی کە بەدەستیان هێناوە، دەتوانن ڕۆڵێکی جددی و کاریگەر لە ئاوەدانکردنەوەی وڵاتدا و بنیاتنانی نیزامی ئازاد و یەکسان و خۆشگوزەرانی داهاتوودا بگێڕن.