کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

حزوری سەرانی “خانەی کارگەر” لە نوێژی هەینیدا هیچ پێوەندیەکی بە رۆژی جیهانی کرێکارەوە نییە

رۆژی دووشەممە ٣١ی مانگی خاکەلێوە، عەلیڕەزا مەحجوب، یەکێک لە کابەدەستانی رژیم لە مەجلیس و دەبیری “خانەی دژی کارگەر”ی کۆماری ئیسلامی، لە کۆنفڕانسێکی خەبەریدا بەرنامەکانی “حەفتەی کرێکاری” خانەی کارگەری راگەیاند. بەشوێن ئەودا، رۆژی سێشەممە ئەوەڵی مانگی گوڵان، ئەبوالحەسەنی فیروزئابادی” قایمقامی وەزیری کار لە کۆبونەوەیەکی هەواڵنێریدا کە لە شوێنی وەزارەتی کار بەڕیوەچو وردەکاری مەڕاسمە هاوبەشەکانی دەوڵەت و خانەی کارگەری شیکردەوە. محەممەد باقری نەوبەخت وتەبێژی دەوڵەتیش لە وڵام بە پرسیاری هەواڵنێرێکدا کە سەبارەت بە کۆبونەوەی کرێکاران لە رۆژی جیهانی کرێکاردا پرسیاری لێ کردبو، بەبێ ئەوەی بەڵێنیەک سەبارەت بە دانی ئیجازەی بەڕێوەچونی رێپێوان لە رۆژی جیهانی کرێکاردا بدات، وڵام ئەداتەوە و دەڵێ:” لەم بارەیەوە وەزارەتی نێوخۆ، روون کردنەوە ئەدات. لە ئاغای رەحمانی فەزڵی وەزیری نێوخۆ دەپرسین.”مەحجوب لە رەوزە خوێنی فریوکارانەی ٣١ی مانگی خاکەلێوەدا سەبارەت بە ژیان و پێگەی کرێکاران لە بەشێک لە قسەکانیدا وتی:” بە لەبەرچاو گرتنی ئەوەیکە بەپێی تەقویمی ساڵی ٩٤ ئاخرین رۆژ لە حەفتەی کرێکار (١١) ی گوڵان کەوتۆتە رۆژی هەینیەوە و لەم رۆژەدا لە سەرتاسەری وڵاتدا رێ و رەسمی نوێژی هەینی بەڕیوەدەچێت بەتەماین بەشێوەیەک مەراسمەکانی رێپێوانی رۆژی جیهانی کرێکار بەڕیوەببەین کە کرێکارانی بەشدار لەم مەڕاسمەدا بتوانن لە مەراسمی عیبای سیاسی هەینیشدا ئامادە بن.”ئەم هەوڵە تاکتیکێکە لە راستای بەتاڵ کردنی رێژە و مەراسمەکانی رۆژی جیهانی کرێکار لە ناوەرۆک و مەزمونی خەباتکارانە و چینایەتیەکەی لە لایەن دەوڵەت و ناوەندە دژی کرێکارەیەکانی خانەی کارگەر و شوڕا ئیسلامیەکانی کارەوە.بەرنامە هاوبەشەکانی حەفتەی کرێکاری خانەی کارگەر و دەوڵەت لە ساڵی ٩٤ دا کە، لەژێر ناوی ” ستادی بەرز راگرتنی حەفتەی کرێکار” دا ڕێکخراوە و بەڕیوە دەچێت، جیاوازیەکی ئەوتۆی لەگەڵ بەرنامەکانی ساڵانی پێشوتر نییە. ئەم بەرنامانە کۆمەڵێک تەشریفاتی دەوڵەتین کە بە ئامادە بوونی ژمارەیەک لە جیرە خۆرانی حکومەتی خانەی کارگەر و شوڕا ئیسلامیەکان لەسەر گۆڕی خومەینی دەست پێدەکات و بە بینینی خامنەیی کۆتایی دێت. ئەم تەشریفاتە بەتاڵە لە ناوەرۆکی چینایەتی، هیچ پێوەندیەکی بە چینی کرێکاری ئێرانەوە نییە. تەنیا جیاوازی ئەمساڵ لەگەڵ ساڵانی رابردو لەوەدایە کە، رۆژی جیهانی کرێکاری ئەمساڵ لە باری زەمەنیەوە کەمێک دوای بەسەرەوەنانی جامی ژەهری سازش لەگەڵ ئامریکا لە لایەن خامنەییەوە دێت.414

دەزگا ئەمنیەتیەکان و قوەی قەزاییەی رژیم لە هەوڵدان کە ئاسەواری بەسەرەوەنانی جامە ژەهرەکە بە هێرش بۆسەر کرێکاران و هەڵسوڕاوانی بزوتنەوە کۆمەڵایەتیەکان پوچەڵ بکەنەوە و بە دروست کردنی ژینگەیەکی پڕ لە ترس و وەحشەت ئاستی تەوەقوع و چاوەڕوانیەکانی جەماوەری خەڵک هەروا لە خوارەوە رابگرن. به‌ر بە بەرزبوونەوەی دروشمی چینایەتی، بەتایبەت لە رۆژی جیهانی کرێکاردا بگرن. رۆحیە و ئامادەگی بەرپا کردنی بزوتنەوەیەکی متالباتی وەک هەنگاوێکی پێشگیرانە، تێکبشکێنێت.دەوڵەت و خانەی کارگەر و لەسەروشیانەوە ” مەحجوب” دەبیری خانەی کارگەر و ” رەبیعی” وەزیری کار کە هەردوکیان لە ئەندامانی هەیئەت مودیرەی خانەی کارگەرن، بە ئیجرا کردنی گەڵاڵەیەکی هاوبەش لە هەوڵدان لە هەڵکەوتنی ١١ی گوڵان لە رۆژی هەینیدا لەوپەڕی ریاکاریدا بەهرەبەرداری بکەن. ئەوان دەیانەوێ لە کۆتایی شانۆگەری بێزراوی “حەفتەی کرێکار” ی دەوڵەتیدا کۆمەڵێک لە بەکرێگیراوانی خانەی کارگەر، شوڕا ئیسلامیەکانی کار، سازمانی تەئمینی ئیجتماعی و کارمەندانی وەزاڕەتی کار بەشێوەی ڕێپێوان بەرەو مەراسمی نوێژی هەینی لە دانشگای تاران و لە شارەکانی تریش بەرەو مزگەوتەکان بەرن و ئەم شانۆ دژی کرێکاریە ناوبنێن بەڕێوەچونی رێپێوانی رۆژی جیهانی کرێکار. بەم جۆرە بەربە هەموو مەراسمێکی سەربەخۆی کرێکاری لەم رۆژردا بگرن.مەحجوب لە رۆژێکدا باس لە کرێکار، پێگەی کرێکار و رۆژی جیهانی کرێکار دەکات کە، هێشتا مووڕەکەبی ئیمزای حەقدەستی کۆیلەئاسای کرێکاران بۆ ساڵی ٩٤ لە لایەن نوێنەرانی تەشەکولەکانی ژێر فەرمانیەوە لە شوڕای باڵای کار وشک نەبۆتەوە. کەسانێک لە سەرودەمی ئەوەڵی مانگی مەیدا باس لە کرێکاران و رۆژی جیهانی کرێکار دەکەن کە ئەمساڵیش لە یاریەکی ڕیاکارانەدا دیاریکردنی حەقدەستی کرێکارانیان تا ساتەکانی کۆتایی درێژە پێدا و لە ئاخریشدا بە راگەیاندنی حەقدەستێکی لە پێشدا دیاریکراو کە سێ جار لەخوار هێڵی هەژاریدایە ژیانی کرێکاران و بنەماڵەکانیان بەقوڕدا بردەخوارێ. مەحجوب کە لە پیلانێکی شاراوە لەگەڵ رەبیعی و هاوبەشە دژە کرێکاریەکانیاندا لە یاری وتووێژ کردن سەبارەت بە حەقدەستەکانی ئەمساڵ هێرشیان کردبووە سەر سفرەی بەتاڵی کرێکاران، لە یەکەم کۆبونەوەی دەبیرانی خانە کارگەریەکانی کۆماری ئیسلامی لەساڵی ٩٤ دا کە لە رۆژی ٢٠ ی مانگی خاکەلێوەدا بەرێوەچو وتی:” جێژنی نەورۆزی کرێکاران رۆژی کرێکارە و لێرەدایە کە دەبێ زەرفیەتە جێی سرنجەکانی خۆمان پیشان بدەین. و هیوای خواست کە حوزوری کرێکاران لە بەرنامەکانی پێوەندیدار بە رۆژی کرێکارەوە بەرچاو بێت.”ئەم ریاکارە حیرفەییە کە ٣٧ ساڵی بەردەوامە دەنگی کرێکاران کپ دەکات. لەوێدا کە پێویستە دەنگی کرێکاران ببیسترێت و بۆ زیاد بوونی حەقدەستەکانی بڕژێتەسەر خیابان، کرێکاران بێدەنگ دەکات و دەیانکاتە کۆیلەی موزدیی دەوڵەتەکەی، بەڵام دوای ئارام بوونەوەی بارودۆخەکە لە حاڵێدا کە خۆدی کرێکاران چارەیەکیان بێجگە لە هاتنە مەیدان نییە و دێنە مەیدان، هەوڵ ئەدات ژمارەیەک جیرەخۆر بەناوی کرێکار ببات بۆ نوێژی هەینی تا پێشگیری لە هاتنە مەیدانی کرێکاران بکات. بەپێی ئاخرین راپۆرتەکان، سەرەڕای ئەو هەموو هەزینە سەرسوڕ هیێنەرانە و ئیستخدام کردنی بەکرێگیراو لە دامەزراوە ماڵی ئابووریەکانی سەربە خانەی کارگەر و شوڕا ئیسلامیەکانی کاردا ژمارەی ئەندامانی ئەم ناوەندانە بەشێوەیەکی بەرین لە حاڵی هەڵوەریندان.خاڵێکی تری جێی سرنج ئەوەیە کە، ئایا کرێکاران و هەڵسوڕاوانی بزوتنەوەی کرێکاری ناتوانن لەم هاوکاتیەی ( هەڵکەوتنی ١١ی گوڵان لە رۆژی هەینیدا) هەوڵە دژی کرێکاریەکان پۆچەڵ و رێسوا بکەن؟ ناتوانن بە دەستدانە ئیبتیکار و تاکتیکی گونجاو بەربە مسادرە بوونی تەنیا رۆژەکەیان، لە لایەن ئەم جەنایەتکارە دژی کرێکاریانەوە بگرن و ئەم روداوە بکەنە دەرفەتێک بۆ پیشاندانی هێز و تواناییەکانیان؟ۆچەڵ کردنەوەی ئەم ریاکاریە و دانەوەی وڵامێکی پتەو و یەکگرتوانە بە کاربەدەستانی سەرمایەداری پێویست و ئیمکانپەزیرە. ئەوەڵی مانگی مەی رۆژی پێشاندانی وەحدەت و هاوپشتی چینایەتی، رۆژی پیشاندانی رێژەیەک لە سازمانیابی و قودرەتی بەسیجی کرێکاری بۆ پەیگیری دروشم و داواکاریە چینایەتیەکانە. بەرێوەچونی مەراسمی سەربەخۆی ئەوەڵی مانگی مەی و لەقاودانی ئەم شانۆیانە و ریسوا کردنی بەڕیوەبەرانی بەشێکە لە ئەرکەکانمان. لە ئێراندا کە دیکتاتۆڕی حاکم بەسەریدا لە ناوی ئەوەڵی مانگی مەی دەترسێ و هەموو جۆرە زەرفیەتێکی جەنایەتکارانەی بۆ سەرکوتی خەباتی کرێکاران لەخۆی پێشانداوە، تەنیا پیشاندانی هێزە کە قسەی کۆتایی دەکات. لە وڵام بەم شانۆ دژی کرێکارایانە، و لە حاڵێکدا کە تیمی ئابووری ژوری بازرگانی و دەوڵەتی رۆحانی لەهەوڵدان بە ئیجرا کردنی بەتەواوەتی سیاسەتە ئابووریە نیئۆلیبڕالیستیەکان لەژێر ناوی ” ئابووری مقاومەتی” دا باری رزگار بوونی نیزام و دەرچون لەم قەیرانە هەرچی زیاتر بەسەر شانی کرێکاراندا بشکێننەوە، چاوەڕێی ئەوە دەکڕێت کە، کرێکاران و رێکخراوە سەربەخۆ کرێکاریەکان ئەمساڵیش بە لەبەرچاو گرتن و ئەوەلەویەتدانی بەرژەوەندی گشتی کرێکاران بەسەر هەر بەرژەوەندیەکی تردا، بچن بەپیر بەڕێوەچونی رێوڕەسمە شکۆدارەکانی ئەوەڵی مانگی مەیەوە لە سەرتاسەری ئێراندا. ئەمە تەنیا وڵامێکی بەچێیە؟، بە فریوکاری خانەی کارگەر و نوێژکەرانی خانەی کارگەر.