کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
وتاری ڕۆژ

تراژدی کۆچەبەران و پەنابەرانی ئەفغانستانی لە ئێران

15860088 902

گوشار بۆسەر ئەفغانستانیەکانی دانیشتوی ئێران رۆژ لەگەڵ ڕۆژ توند تر دەبێتەوە. ئەمرۆ ١٠ ی مانگی گەلاوێژ ئاخرین ڕۆژە کە ئەفغانستانیەکان مافی ئەوەیان هەیە لە ئوستانی کرماشاندا بمێننەوە و کار بکەن. ئەم بڕیارە لە کۆتایی مانگی پوشپەڕ لە لایەن وەزارەتی نێوخۆوە بە بەرپرسانی پەیوەندیدار لە ئوستانی کرماشان ڕاگەیەندرا. مەئمورەکانیش لە ڕۆژی ٢٨ ی مانگی پوشپەڕەوە گەڵاڵەی شناسایی کردنی ئەوانیان دەست پێکردوە و تا ئەمڕۆ دەرفەتیان پێداون خۆیان بناسینن و دوای ئەوە وەک تاوانبار هەڵسوکەوتیان لەگەڵ دەکرێت.

بەپێی ڕاپۆرتەکان مانەوە و دانی کار بە شارۆمەندانی ئەفغانستان، کە زۆربەیان کرێکارن، لە ١٦ ئوستان بە تەواوی قەدەغە کراوە و لە زۆرێک لە شارەکانی ئێرانیش مانەوەیان قەدەغە ڕاگەیەندراوە. ئامارێکی ورد لە ژمارەی کۆچبەرانی ئەفغانستانی لە ئێران بڵاو نەکراوەتەوە. بەڵام وەزیری نێوخۆی کۆماری ئیسلامی بەم دواییانە وتویەتی کە ٥ ملیۆن ئەفغانستانی لە ئێراندا نیشتەجێن.

کۆماری ئیسلامی هەر جار ناجارێک بۆ گوشار خستنەسەر حکومەتی تالیبان و توند کردنەوەی کۆشارەکان بۆسەر کرێکارانی ئەفغانستانی ئەوان ئازار و ئەزیەت و دەستبەسەر دەکات و دەیانگێڕێتەوە بۆ وڵاتە وێرانەکەیان. ڕۆژی دووشەممە ٩ ی مانگی گەلاوێژ فەرماندەی ئینتیزامی خۆراسانی شومالی دانی بەوە دانا کە لە ماوەی ٦ ڕۆژدا ٧ هەزار و ٥٦٣ پەنابەر و کۆچبەریئەفغانستانی گەڕێندراونەتەوە بۆ وڵاتەکەیان. بە وتەی ئەو کاربەدەستە ئەم گوروپە لە کۆچبەرانی ئەفغانستانی کەلە شوێنە جۆراوجۆرەکانی وڵاتدا شناساییکرابوون درانەوە دەست نوێنەری وڵاتی ئەفغانستان. بە قەولی نوێنەری زابول لە مەجلیسی ئیسلامی ئەم گوشارانە خراونەتە سەر حاکمیەتی ئەفغانستان تا حەق ئابەی ئێران لە ڕوباری هیرمەند بدات.

کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی ٤٤ ساڵە کە کۆچبەرانی ئەفغانستانی بە هەموو شێوەیەک ئازار و ئەزیەت ئەدەن و مافەکانیان پێشێل دەکەن و هاوکات هێزی کاری هەرزانی ئەوان دەخەنە ئیختیار سەرمایەداران و ناوەندەکانی سەربە سپای پاسدارانەوە. خاوەنکارانی کەرتی تایبەت و دەوڵەتیی کرێکارانی ئەفغانستانی، کە لە هەموو جۆرە مافێک بێبەشن، بە حەقدەستی کەم، کە جاری واهەیە نیوەی حەقدەستی کرێکارێکی ئێرانیە، بەکار دێنن. کاتێک کە ئەم کرێکارانە توشی ڕووداوی کار دەبن یان باسی ڕووداوەکە ناکرێت و یان خودی قوربانیەکە وەک خەتاکار دەناسێندرێت. بۆ نمونە کارێکی زۆر پڕ مەترسی وەک بیرلێدان، بە تایبەت لە زەویە نەرمەکانی ناوچەی تاران بەوان دەسپێرن. لەم ڕوەوە پەیمانکاران و وەزارەتی خانەکان و ناوەندە دەوڵەتیەکانی ئێران زیاتر لایەنگری بەکار هێنانی کرێکاری ئەفغانستانین تا کرێکاری ئێرانی.

ئەو ستەم و بێ مافیانەی کە خاوەنکاران و ئۆرگانە دەوڵەتیەکان دژبە کۆچبەرانی ئەفغانستانی پەێڕەوی دەکەن گەلێک مەترسیدارە. ئەم گوشارانە بۆسەر جەستە لاوازەکانی منداڵەکانیان، بە تایبەت کرێکارمنداڵی زبڵگەڕ، مەترسیدار تر خۆی دەنوێنێ. منداڵانی ئەفغانستانی زیاتر لە کاری بیناسازی، زبڵگەڕی و جیاکردنەوەی زبڵەکاندا کاردەکەن. ویدۆی ئەم منداڵانە نیشانی ئەدات کە لە پیس ترین گاراجەکاندا بە حەقدەستێکی مەمرە و مەژیەوە و بە ئاگاداری کاربەدەستان زبڵەکان بۆ پەیمانکارانی شارەداری جیا دەکەنەوە.

تراژیدی کۆچبەران و پەنابەرانی ئەفغانستانی لە ئێران تراژیدیەکی غەمبارە کە لانیکەم مێژووی ٤٤ ساڵ ئاوارەیی و کوشتار و ماڵوێرانی ئەوان دەگێڕێتەوە. ئەوان بۆ دەورەیەک گۆشتی دەمی تۆپی ٨ ساڵ شەڕی کۆنەپەرستانەی ئێران و عێڕاق بوون، زەمانێکیش کە شەڕ کۆتایی هات ئەوانیان فڕێدایە پەڕاوێزی شارەکانەوە، ئەوانیان وادار بە کاری دژوار کرد و بە هەرزان ترین قیمەت هێزی کاری ئەوانیان کڕی و کردیاننە بێ ماف ترین بەشی چینی کرێکار لە ئێراندا. لە زۆربەی حاڵەتەکاندا خاوەنکاران لە دانی ئەو حەقدەستە کەمەش پێیان خۆیان دەبوارد. ئەوان لەژێر چەتری هیچ یاسایەکی کاردا نەبوون، لە ناخی تەبلیغاتی شۆوینیستی زاڵ بەسەر کۆمەڵدا هەموو جەنایەتێکیان بەسەر ئەواندا دەشکانەوە، بە شێوەی ڕەسمی بەریان بە چوونی منداڵەکانیان بۆ قوتابخانەکان دەگرت. پێیان وتن مەرجی مانەوەتان، بە ڕەسمی، لە ئێراندا پەیوەست بوونی پیاوانی بنەماڵەکانتانە بە ڕیزی باڵی دەرەوەی وڵاتی هێزەکانی سەربە کۆماری ئیسلامی و بەشدار بوون لە شەڕی کۆنەپەرستانەی سوریە لە چوارچێوەی لەشکری فاتمیوندا. ئەوان کە خۆیان لە شەڕی فیرقەیی و مەزهەبی و دەستدرێژی کارانەی ئیمپڕیالیستی لە ئەفغانستان ڕایان کردبوو، ئەمجار دەبوو ببنە گۆشتی دەمی تۆپی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە پێناو ئامانجە کۆنەپەرستانە ناوچەییەکانیدا.

ڕاستیەکەی ئەوەیە کە چارەنووسی خەڵكی ئەفغانستان لە زۆر لایەنەوە بەستراوەتەوە بە چارەنووسی خەڵکی ئێرانەوە. کرێکارانی ئەفغانستانی هاوچین و هاو چارەنووسی کرێکارانی ئێرانن. هەردووکیان لە ژێر چنگی حکومەتی وەحشی، ئیسلامیدا دەژین. خەڵکی ئازار چەشتو و سەرکوت کراوی ئەم دوو وڵاتە دەبێ جارێک و بۆ هەتا هەتایە لە چنگ تالیبان و کۆماری ئیسلامی ڕزگاریان بێت.