بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی یادی گیانبەختکردووان، سەرەڕای گوشاری وەحشیانەی کاربەدەستانی ڕژیم، زیاتر پەرەی سەندووە و بەربڵاوتر بووە. بەڕێوەچوونی مەراسیمەکانی یادکردنەوە لە یەک گیانبەختکردوو، بۆتە مەراسیمی یاد کردنەوە لە چەندین گیانبەختکردوو و لەوەش گرنگتر یاد کردنەوە لە گیانبەختکردووانی شارێک. لێرەدا ئاماژە بە چەند نموونەیەک لە بەڕێوچوونی ڕێوڕەسمەکانی ڕۆژەکانی پێنجشەممە و هەینی دەکەین: ڕۆژی هەینی ٢٦ی خەزەڵوەر، ژمارەیەک لە کاسبکاران و دادخوازانی خەباتکاری بوکان لە ڕایانگەیانێکدا ڕۆژی شەممەیان وەک ڕۆژی بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی یادی گیانبەختکردووانی شۆڕشی ژینا لەو شارە دیاریکرد. هێزەکانی ڕژیم ڕۆژی شەممە بە مەبەستی پێشگرتن لەو حەرەکەتە خەباکارانەیە ئارامستانی شارەکەیان گەمارۆ دا. لەبری ئەوە دایکانی دادخواز لە ماڵی یەکێک لە دایکە ناسراو و تێکۆشەرەکانی ئەو شارە، بە ناوی دایە مینا، دایکی گیانبەختکردوو شەهریار محەممەدی کە بە “شێری شارەکە” ناودێر کراوە، کۆبوونەوە و بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک، لەسەر یەکگرتوویی دادخوازان و دەرێژدەان بە ڕێبازی جگەرگۆشەکانیان جەختیان کردەوە. دایە مینا لەو گردبوونەوە ڕێکخراوەدا وتارێکی پێشکەش کرد و لە قسەکانی دا ڕوو لە بەرپرسانی ڕژیم وتی: “ئێوە توانیتان ئەمڕۆ ڕێگری بکەن لە کۆبوونەوە لە سەر گڵکۆی ئازیزانی گیانبەختکردوومان، بەڵام ئەوان لەناو دڵماندان، شانازییان پێوە دەکەین و یاد و بیرەوەرییەکانیان هێز و ورەمان پێ دەبەخشێت بۆ درێژەدان بە خەبات و تێکۆشان لەدژی ستەم و ستەمکاران. ڕۆژی هەینی ٢٦ی خەزەڵوەر، ڕێوڕەسمی یادی گیانبەختکردووانی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی “ژن، ژیان، ئازادی“، حوسێن عەبد پەناه، حەمید گوڵێ و عیسا بیگلەری لە لایەن بنەماڵە و ژمارەیەک لە تێکۆشەرانەوە بە پێش چاوی مەئموورانی سەرکوتگەر لە بەهشتی محەممەدی سنە بەڕێوەچوو. هەر لەو ڕۆژەدا بنەماڵە و کۆمەڵێک لە خەڵکی ئازادیخواز لە شاری مەهاباد و یەکێک لە گوندەکانی دەوروبەری ئەو شارە یادی گیانبەختکردووان مێهران ڕەحمانی و دوکتۆر “ئازاد حسێن پوری“یان بەرز ڕاگرت. ڕۆژی پێنجشەممە ٢٥ی خەزەڵوەر، ژمارەیەک لە دایکانی بوێر وێڕای کۆمەڵێک لە خەڵکی ئازادیخوازی مەریوان لە سەر گڵکۆی چوار گیانبەختکردووی شۆڕشی ژینا، واتە بورهان مەنسوورنیا، عوسمان نادری، مێهران تاک و بێهرووز مەلەکی کۆبوونەوە و گوڵبارانیان کردن. هێزە سەرکوتگەرەکانی ڕژیم نەیانوێرا هیچ کاردانەوەیەک لە خۆیان نیشان بدەن. ڕۆژی پێنجشەممە ٢٥ی خەزەڵوەر، سەرەڕای حزووری بەرچاوی هێزە ئینتزامییەکانی ڕژیم، ساڵڕۆژی گیانبەختکردوو “ئارمان عیمادی“، لە گۆڕستانی گوندی عیماد ئابادی، “مەرودەشت” بەڕێوەچوو. هەر ئەو ڕۆژە ڕێوڕەسمی یادی ٢٢ ساڵەی لەدایکبوون و یەکەمین ساڵیادی گیانبەختکردنی سپێهر ئیسماعیلی لەسەر گڵکۆی ئەو گیانبەختکردووەی ڕێگای ئازادی لە گۆڕستانی بەهەشتی حسێنی قەزوین بەڕێوەچوو. ڕۆژی پێنجشەممە ٢٥ی خەزەڵوەر، ڕێوڕەسمی ساڵڕۆژی گیانبەختکردنی “ئارشیا ئیمامقولیزادە” بە ئامادەبوونی بنەماڵە و کەسوکاری لە گۆڕستانی “وادی ڕەحمەت عەلەمدار لە تەورێز بەڕێوەچوو.
لە نێو سەرجەم ئەو حەرەکەتە قارەمانانە و خەباتکارانەی کە ئاماژەیان پێکرا، بەیاننامەی دادخوازان و دایکانی گیانبەختکردووانی شاری بۆکان پێویستی بە وەبیرهێنانەوە و جەخت لەسەر کردنەوەیە. چەند ڕۆژ بەر لە بڵاوبوونەوەی ئەو بەیاننامەیە، بنەماڵەی دادخوازانی ڕاپەڕینی خەزەڵوەر و بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانە و سەرتاسەریی ١٤٠١ بە بڵاوکردنەوەی پۆستێکی هاوبەش لە پەیجی ئینستاگرامدا ڕایانگەیاند کە “ئابان بەردەوامە“. بنەماڵەی دادخوازان وێڕای بڵاوکردنەوەی وێنەیەک کە لەسەری نووسرابوو “ئابان درێژەی هەیە“، دەقێکی هاوبەشیان لە لاپەڕەکانی ئینستاگرامدا بڵاوکردەوە. بنەماڵەی دادخوازانی ئاخێزی “ژن، ژیان، ئازادی” لەو بەیاننامە هاوبەشەدا وتیان: “ئازیزانی ئێمە ڕێگایەکیان گرتەبەر کە پێشتر بە خوێنی منداڵانی ئابان سوور ببوو؛ ئەوان ڕێگایەکیان گرتەبەر کە ترس تیایدا مانای نەمابوو وە بۆ ئەوەی بگەن بە ژیان دەبوو بە مەرگدا تێپەڕن. ڕێگایەکی کە کەسانێکی وەک موحسین محەممەدپوور و پویا بەختیارییەکان ئاڵاهەڵگری بوون و هەزاران کەس گیانی ئازیزیان لە پێناویدا بەخت کرد.
ڕێگایەککەنەخەزەڵوەریتایبەتبووبەبەنزینونەگەلاوێژیبەحیجاب. ڕێگایەک کە کۆتاییەکەی بریتییە لە ئازادی و کۆتایی هێنانی ستەم“.
بەرپرسانی ڕژیم لە کاتێکدا لەژێر گوشاری قەیرانە جۆراوجۆر و لێک هەڵپێکراوەکاندا ڕۆژ بە ڕۆژ لاوازتر دەبن و بێتواناییان لە بەڕێوەبردنی کۆمەڵگادا تادێت قووڵتر و ئاشکراتر دەبێت، زیاتر لە هەرکاتێکی تر لە هەر چەشنە حەرەکەتێکی ناڕەزایەتی دەترسن. بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی یادکردنەوەی گیانبەختکردووان لە لایەن بنەماڵە و هاووڵاتییانی ئازادیخواز و بوێرەوە، یەکێکە لەو مەیدانە ناڕەزایەتیانەی کە بەرپرسان و کاربەدەستانی ڕژیم لە ئەگەری پەرەسەندنی گەلێک دەترسن. لەمڕووەوە بەردەوام و بە تایبەتی لە سەروبەندی ساڵڕۆژی گیانبەختکردوواندا هەموو هێزی سەرکوتگەرانەی خۆیان بەکاردەهێنن بۆ ڕێگریکردن لە بەڕێوەچوونی هەر چەشنە مەراسیمێکی کە هێمایەک بێت لە هاوخەباتی و یەکگتوویی و بە بەردەوامیش شکستیان هێناوە. بنەماڵەی دادخوازان و بە تایبەتی دایکانی داغدار، لەناو قووڵایی کۆمەڵگا و لە ناخی کۆمەڵانی خەڵکی ئازادیخوازدا ڕەگ و ڕیشەیان داکوتاوە و ترسی بەرپرسانی ڕژیم لەوان واقیعییە. ئەوان بە بێ سڵکردنەوە لە هەر هەوڵێکی سەرکوتگەرانەی دام و دەزگا ئیتلاعاتی و قەزاییەکان، بە کۆمەڵگایان نیشانداوە کە لەم قۆناغەدا پێشەنگ و ئاڵاهەڵگری شۆڕشی ژینان. بنەماڵەی دادخوازانی ڕاپەڕینی ئابان و بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانە و سەرتاسەری ١٤٠١ نووسییان “ئابان بەردەوامە“. بەڵام ئێستا دەکرێ ئەوەش بڵێین کە خەباتی ئیلهامبەخشی دادخوازان و لە سەرووی هەموویانەوە دایکانی داغدار، مژدەی ئەوەمان پێدەبەخشێت کە شۆڕش تا لەگۆڕنانی کۆماری ئیسلامی و دامەزراندنی نیزامێکی دادپەروەرانە و جەماوەریی، هەروا بەردەوامە.