له ماوه‌ی كه‌متر له یه‌ك حه‌فته‌ی ڕابردوودا، له ڕێكه‌وتی ١٤ تا ٢١ی مانگی خه‌رمانان، شایه‌دی ده‌یان ڕووداوی دڵته‌زێنی شوێنی كار له شوێنه جۆراوجۆره‌كانی ئێران بووین. هه‌ر له‌و ماوه كورته‌دا، له نه‌به‌ردی مان و نه‌ماندا، ده‌یان مرۆڤی شه‌ریف و زه‌حمه‌تكێش، ده‌یان كرێكار، كه ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تیی ئه‌مڕۆ، له‌سه‌ر شانی ئه‌وان ده‌گه‌ڕێ، گیانیان به‌خت كردووه و یان به‌سه‌ختی بریندار بوون. ڕۆژی هه‌ینی ٢١ی مانگی خه‌رمانان، له شاره‌كانی له‌نجان، ئیلام و ئه‌روه‌ندان، ٤ كرێكار گیانیان له‌ده‌ست دا و دوو كرێكاری دیكه‌ش به سه‌ختی بریندار بوون. ڕۆژی پێنجشه‌ممه ٢٠ی خه‌رمانان به‌هۆی چه‌ندین ڕووداوی شوێنی كار له شاره‌كانی ئابدانان، بانه و ڕه‌شت، ٢٨ كرێكار تووشی مه‌سموومیه‌ت بوون و دوو كرێكاری دیكه به‌هۆی نه‌بوونی كه‌ره‌سته‌ی ئیمه‌نیی پێویست گیانیان له‌ده‌ست دا. ڕۆژی چوارشه‌ممه ١٩ی خه‌رمانان دوو كرێكار له شاره‌كانی پاوه و كه‌ره‌ج گیانیان له‌ده‌ست دا و دوو كرێكاری دیكه له تاران بریندار بوون. ڕۆژی دووشه‌ممه ١٧ی خه‌رمانان به‌هۆی سێ ڕووداوی شوێنی كار له شاره‌كانی ئیلام، پیشوا و به‌نده‌ر لێنگه، ٥ كرێكار گیانیان له‌ده‌ست دا. ڕۆژی یه‌كشه‌ممه ١٦ی خه‌رمانان، ٩ كرێكار له شاره‌كانی كرمان، ئاران و بیدگۆل و كه‌ره‌ج تووشی ڕووداو هاتن و به‌هۆیه‌وه ٥ كرێكار گیانیان له‌ده‌ست دا. ڕۆژی هه‌ینی ١٤ی خه‌رمانان، ٩ كرێكار به‌هۆی چه‌ندین ڕۆداوی كاری جیاواز له شاره‌كانی پیشوا، سنه، شنۆ، سه‌روئاباد و دێگولان گیانیان له‌ده‌ست دا و بریندار بوون. پێویسته به‌و دیمه‌نه دڵته‌زێنه، گیان له‌ده‌ست دانی ٨ كۆڵبه‌ر و بریندار بوونی ١٩ كۆڵبه‌ری دیكه، كه له‌و ماوه كورته‌دا، له نه‌به‌ردی گیان له‌به‌رامبه‌ر نان دا، كرانه ئامانجی گولله‌ی پارێزه‌رانی كۆنه‌په‌رستی و چه‌وسانه‌وه، له سه‌ر سنووره‌كان، زیاد بكه‌ین.
به‌ڵام ئه‌مه ته‌نیا حه‌فته‌یه‌ك نییه كه هه‌واڵی ئه‌م ڕووداوانه له لابه‌لای هه‌واڵه‌كاندا ون ده‌بن. له هه‌موو حه‌فته‌كانی گشت ژیانی كرێكاراندا، به‌رده‌وام ڕووداوه دڵته‌زێنه‌كان دووپات ده‌بنه‌وه. به شێوه‌ی مامناوه‌ند ساڵانه هه‌زار كرێكار ته‌نیا له ڕشته‌ی بیناسازیدا گیانیان له‌ده‌ست ده‌ده‌ن و چه‌ند به‌رابه‌ری ئه‌م ژماره‌یه‌ش له‌و مه‌یدانه‌دا بریندار ده‌بن. یه‌كیان له داربه‌سته‌وه به‌رده‌بێته‌وه و قه‌تعی نۆخاع ده‌بێ، ئه‌وی دیكه به خشت سه‌ری ده‌شكێ و ئه‌ویتریان ده‌كه‌وێته ژێر داروبه‌ردی بینای نیوهكارهدا و گیانی له‌ده‌ست ده‌دا. له نوێترین ژماره‌ی یه‌كێك له بڵاوكراوه‌كانی ناوخۆی وڵات له گۆشهیهكیدا، هه‌واڵنێرێك ده‌نووسێ:
“عه‌بدوڵڵا، چه‌ند ڕۆژێك بوو كه ته‌مه‌نی گه‌یشتبووه ٣٠ ساڵ، هه‌موو ڕۆژێ له ماڵه‌كه‌ی، كه له شووش به‌كرێی گرتبوو، ده‌هاته ده‌رێ. له‌گه‌ڵ هاوڕێكانی ده‌ڕۆیشتنه سه‌ر داربه‌ستی فلێزیی بینایه‌كی نیوه‌كاره نیاوه‌ران، تا خشتێك له‌سه‌ر خشتێكی دیكه دانێن. به‌ڵام هه‌ر ئه‌م داربه‌سته فلێزیانه چه‌ندین هاوڕێیانی كوشتووه و یان كه‌م ئه‌ندامی كردوون. ڕاپۆرت نووس ده‌ڵێ: “خۆم بینینم كه پای هه‌ڵخلیسكا و به‌ربۆوه خوارێ و قه‌تعی نۆخاع بوو. ئه‌و نه بیمه‌ی بوو و نهپووڵ. بنه‌ماڵه‌كه‌شی پووڵیان نه‌بوو. ئیتر ئه‌وم نه‌بینیه‌وه”. “
ههواڵنێریه ڕه‌سمیه‌كانی ئێران، هێندێك جار هه‌واڵی دوو خه‌تی سه‌باره‌ت به ڕووداوه‌كانی شوێنی كار بڵاو ده‌كه‌نه‌وه كه زۆرجار له لابه‌لای ڕووداوه‌كانی دیكه‌دا ون ده‌بن و پانتایی ڕاسته‌قینه‌ی كاره‌ساته‌كه شاراوه ده‌مێنێته‌وه. له زۆربه‌ی ئه‌و ڕاپۆرتانه‌دا، باس له‌و ڕووداوانه‌ی كه به‌هۆی نه‌بوونی ئیمه‌نی شوێنی كار، ده‌بنه هۆی بریندار بوون و كه‌م ئه‌ندام بوونی كرێكاران، ناكرێ. مه‌رگی به‌ره‌به‌ره و به‌شێنه‌یی كرێكاران به‌هۆی ناسالم بوون و ناته‌ندرووست بوونی شوێنه‌كانی كار، له هیچ جێیه‌كدا تۆمار ناكرێ. هیچكات باس له پیری پێشوه‌ختی سه‌رچاوه‌گرتوو له كاره سه‌خت و زیانباره‌كان ناكرێ. زۆربه‌ی ڕووداوه‌كانی شوێنی كار، له كارگه جیاجیاكانی بیناسازی، كه كرێكاران تێیدا به ڕۆژمزد خه‌ریكی كارن و له بیمه و باقی خزمه‌تگوزاریه‌كان بێبه‌رین، هیچ ڕهنگدانهوهیهكیان نییه. ئه‌و ڕووداوانه‌ی كه به‌هۆیه‌وه كرێكارانی ئه‌فغانستانی و منداڵانی كار گیانیان له‌ده‌ست ده‌ده‌ن، له لایه‌ن هه‌واڵنێرییه ڕه‌سمیه‌كانی ئێرانه‌وه هیچكات باسیان لێناكرێ.
خاوهنكاران به‌هۆی قازانج په‌ره‌ستی و ته‌ماعكاری، نه به‌نیازن ئاستی ئه‌منییه‌تی شوێنه‌كانی كار به‌رنه‌سه‌رێ و نه به‌خاتری نائه‌من بوونی شوێنه‌كانی كار، نیگه‌رانی گیان له‌ده‌ست دانی كرێكارانن. ئه‌وان ته‌نانه‌ت نیگه‌رانی ئه‌وه‌ش نین كه كرێكاران له ترسی گیانیان پیشه‌كانیان به‌جێبێڵن. له‌به‌ر ئه‌وه‌یكه هه‌ركات بیانهه‌وێ، ده‌توانن له ناو له‌شكری ملیۆنیی ئه‌رته‌شی پاشكه‌وتی كاردا، كرێكارانی دیكه به‌كار بگرن و له هه‌مان شوێنه ناستاندارد و نائهمنهكهی جاران، هه‌موو جۆر كارێكی دژوار و زیانباریان به‌سه‌ردا بسه‌پێنن.
له ڕاستیدا، تا كاتێك كه خرۆشی شۆڕشی كرێكاران و جه‌ماوه‌ری زه‌حمه‌تكێش، بارگه و بنه‌ی ڕژیمی كۆماری ئیسلامی و نیزامی سه‌رمایه‌داری تێكهوهنهپێچێت، ئه‌وه كرێكاران خۆیانن كه ده‌بێ بیر له‌خۆیان بكه‌نه‌وه و به هاوپشتیی خۆیان، خاوهنكاران و ده‌وڵه‌ت ناچار به دابین كردنی ئه‌منییه‌تی شوێنی كاره‌كه‌یان بكه‌ن. كوشتنی كرێكار له شوێنی كار پێویسته قه‌تڵی لهئهنقهست به‌ئه‌ژمار بێت. له‌م بواره‌دا خواستی ده‌ستبه‌جێ و خێرای چینی كرێكار بریتییه له:
بیمه كردنی كامڵی كرێكاران له‌به‌رامبه‌ر خه‌سار و زیانه‌كانی كار، چ له شوێنی كار یان له ده‌روه‌ی شوێنی كار ڕوو بدات، به بێ ئه‌وه‌یكه كرێكار پێویستی به سه‌لماندنی كه‌مته‌رخه‌میی خاوه‌نكار یان به‌ڕێوه‌به‌ری ناوه‌ندی به‌رهه‌مهێنان بێت. دانی خه‌ساره‌ت به‌و كرێكارانه‌ی كه به‌هۆی ڕووداو و زیانه‌كانی كار تووشی نه‌خۆشیی و كه‌م ئه‌ندام بوون ده‌بن و یان توانای كار كردن له‌ده‌ست ده‌ده‌ن، ئه‌ویش به هه‌زینه‌ی خاوهنكاران و ده‌وڵه‌ت و له‌ڕێگه‌ی لێكۆڵینه‌وه و چاوه‌دێریی نوێنه‌رانی هه‌ڵبژێردراوی كرێكاران. دانی هه‌زینه‌ی زه‌مانه‌تی ئیمه‌نی و سڵامه‌تی شوێنی كار و هێنانه‌خواره‌وه‌ی مه‌ترسیه‌كانی شوێنی كار بۆ كه‌مترین ئاستی خۆی، چاوه‌دێری و پشكنینی پزیشكی به‌رده‌وام له به‌رامبه‌ر مه‌ترسی و نه‌خۆشیه‌كانی سه‌رچاوه‌گرتوو له جۆری كار، له لایه‌ن خاوهنكاران و ده‌وڵه‌ت. هه‌ڵبژاردنی هه‌یئه‌ته‌كانی لێكۆڵینه‌وه‌ی كرێكاری به ده‌نگی ڕاسته‌وخۆی كرێكاران، كه به‌كرده‌وه ده‌رهاتنی ئه‌م داخوازیانه ده‌خه ژێر لێكۆڵینه‌وه و حیسابڕه‌سی.