بەرپا بوونی کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکان و خەباتی کرێکاران بۆ وەرگرتنی حەقدەستە دواخراوەکان لە ناوەند و یەکە بەرهەمهێن و خزمەتگوزارییە جۆراو جۆرەکاندا، بووه‌تە بابەتێکی ئاسایی و ڕۆژانە. رۆژ نییە كه هەواڵی پێوەندیدار بەم ناڕەزایەتییانە بڵاو نەبنەوە. لەم ماوەیەدا مانگرتنی کرێکارانی شیرکەتی ” ئارسا ساختمان” بۆ وەرگرتنی هەقدەستی دواخراو، ناڕەزایەتیی کرێکارانی پەیمانکاریی ” شیرکەتی پیتڕۆشیمیی ئیلام” لە ڕۆژی یەکی مانگی ڕەزبەردا کە سه‌ركه‌وتووانه کۆتایی پێهات، مانگرتن و ناڕەزایەتیی کرێکارانی پاڵاوگەی ” ستارەی خەلیجی فارس” کە توانییان هەقدەستی دواخراوی ٣ مانگیان وەربگرن، هه‌روه‌ها مانگرتنی کرێکارانی کارخانەی ” گۆندلەسازیی ئەردەکانی یەزد” کە ئەم مانگرتنەش دوای درانی بڕی ٢ مانگ لە هەقدەستی دواخراو کۆتایی پێهات، تەنها چەند نموونەیەک بوون لەو دەیان مانگرتن و ناڕەزایەتییه کرێکارییه‌ی كه بۆ وەرگرتنی هەقدەستی دواخراو خرابوونهڕێ.
ئەم حاڵه‌ت و نموونانە پیشانده‌ری ئه‌وه‌ن کە ئه‌وه ته‌نها مۆته‌كه و کابووسی بێکاریی نییە کە کرێکاران ئازار ئەدات. یەکێک لەو گرفتە جیددییانەی كه هاوکات لەپاڵ مەترسیی ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ زیاتری بێکارسازییەکان، هەڕەشە لە ژیانی کرێکاران دەکات، هەقدەستە دواخراوەکانیانە. لەگەڵ وەدواکەوتنی هەقدەستەکان لە ناوه‌ندێكی بەرهەمهینان و پیشەسازیدا، کرێکاران زۆر زوو هه‌ست به‌وه ده‌كه‌ن کە مۆتەکەی بێکاریش بەسه‌ر سەریانەوە دەسوڕێتەوە، لەبەر ئەوەیكه مەعموولەن یەکێک لە بیانووە باوەکانی خاوەنکاران بۆ نەدانی سه‌روه‌ختی حەقدەستەکان، موشکلاتی ئابوورییە و ئەمەش دەتوانێ سەرەتای داخرانی ئەو ناوه‌نده و به‌دواشیدا ” بێکار سازیی” واتە دەرکرانی سەرجەم کرێکارەکانی بێت. ئه‌گینا له‌ڕێگه و بەناوی ” هاوسەنگ کردنی هێزی کار” ده‌ست ده‌كه‌ن به ده‌ركردنی بەشێک لە کرێکارەکان.
مۆته‌كه و کابووسی بێکار بوون و نەدرانی هەقدەستەکان، کەم تا زۆر کرێکارانی تێكڕای کارگه و کارخانە دەوڵەتیی و نادەوڵەتییەکانی گرتووه‌تەوە و ڕۆژانە هەواڵێکی تازە لەمبارهوە دەبیسترێت. لە ماوه‌ی ئه‌م ڕۆژانەدا، کرێکاران نەك هه‌ر بە ده‌ست هەقدەستی چوار جار لەژێر هێڵی هەژاریی، بێکاریی و نائەمنیی شوغڵییهوه ئازار دەکێشن، بەڵکوو نەدرانی سه‌روه‌ختی هەقدەستەکانیش ئەوانی خستووه‌تە ژێر گوشارەوە. کەمتر کارگه و کارخانە و ناوەندێکی کاریی هەیە کە هەقدەستی کرێکارەکانی بە تەواویی و سه‌روه‌خت بدات.
لە هه‌ندێک لە ناوەندەکانی بەرهەمهێناندا، دواکەوتنی هەقدەستەکان سنووری ٢ ساڵیشی به‌زاندووه. لە وەها حاڵەتێکدا تەنانەت ئەگەر خاوەنکار دوای ئەم ماوەیە، بەبێ کەم و کەسر هەقدەستی دواخراوی کرێکاران بدات، بە لەبەرچاو گرتنی هه‌ڵاوسان واته تەوەڕرۆم و بەرز بوونەوەی نرخەکان، بەم ئاسته كه‌مه‌ی حقوقه‌وه بە هیچ جۆرێک ناتوانن ئه‌و كالایانه‌ی کە ٢ ساڵ له‌مه‌وبه‌ر دەیانتوانی دابینی بکەن، بیکڕن و بیبەنەوە بۆ ماڵ و منداڵیان. هه‌ر بۆیه خودی ئه‌مه به واتای ئه‌وه دێت كه لەم ماوەیەدا، بەشێکی دیکە لە هەقدەستەکان چووه‌تە گیرفانی خاوەنکارانەوە. لە ناوەندێکدا کە قازانج یان با بڵێین سودئاوەرییەکەی ڕوو لە دابەزینە، دواخستنی دانی حەقدەستەکان به ئانقه‌ست و ئاگاهانه‌یه و خاوەنکارانی ئەو ناوەندانەش کە لە لێواری وەرشکست بووندان، له‌ڕێگه‌ی ڕاگەیاندنی وەرشکست بوونه‌وه، بەکردەوە شانه لە ژێر باری دانی هەقدەستی کرێکاران خاڵی ده‌كه‌ن و خۆیانی لێ بێ مه‌سئولییه‌ت دەكه‌ن. کەوایە دەبینین کە به چ شێوه‌یه‌ك به‌شێكی بەرین لە کرێکاران سەرەڕای کاری دژوار و تاقەتپڕوکێن، لە سەرەتایی ترین مافی کرێکاریی كه وه‌رگرتنی سه‌روه‌خت و ته‌واو و كه‌ماڵی حەقدەستەکانیانه، بێبه‌ش ده‌كرێن.
ئەگەر لە هه‌ندێک لە ناوەندەکانی کاردا کە کرێکاران به پێی قەرارداد لە ئیستخدامی ڕەسمیدان، شانسێکیان بۆ وەرگرتنی حەقدەستی دواخراو هه‌یه،ئەو دەستەیە لە کرێکاران کە بە قەرادادی کاتیی یان سپی ئیمزا دامەزراون، هیچ زەمانەتێک بۆ درانی هەقدەستە بەبارمتەگیراوەکانیان نییە و ئەگەری زۆره کە بەرهەمی کار و زەحمەتی چەندین مانگەیان بە تاڵان بچێت. خاوەنکاران بەهۆی نەدانی سه‌روه‌ختی هەقدەستەکان و دانی وەعدە و بەڵێنی پڕۆپووچ و هاتوچۆ پێکردنی بەردەوام، بەکردەوە هەوڵ دەدەن کە کرێکاران ناچار بە قەبوڵ کردنی بارودۆخێکی نامرۆڤانەتر بکەن، هه‌تا لە ترسی لەدەستدانی کار و هەقدەستە بە بارمتە گیراوەکانیان، تەسلیمی ئیرادەی خاوەنکاران بن. لە ڕاستیدا بەگرەوگرتنی هەقدەسته‌كان ، شێوازێك و یه‌كێك لە پیلانه‌كانی خاوەنکاران لەدژی کرێکارانه کە بە پشتیوانیی دەوڵەت بەڕێوەدەچێت.
لەگەڵ ئەوەدا کە لە ماوەی چەند ساڵی دواییدا کرێکاران بەردەوام بۆ وەرگرتنی هەقدەستە دواخراوەکانیان خەباتیان کردووە، بەڵام بە شێوەی واقعیی به هۆی ئه‌وه‌یكه ئەم خەباتە، پڕژوبڵاوە و لاواز بووە، کەمتر سەرکەوتوو بوون و خاوەنکاران بەردەوام لە شگرد و فێڵ و ته‌ڵه‌كه بۆ بەگرەوگرتنی هەقدەستەکان وەک ئامرازێکی گوشار بۆ داسەپاندنی بارودۆخێکی ناهەموار بەسەر کریکاران کەڵکیان وەرگرتوە. لەم نێوانەدا دەوڵەت کە خۆی گەورەترین خاوەنکاری وڵاتە، نەك هه‌ر لەو کرێکارانەی کە بەمشێوەیە مافەکانیان پێشێل دەکرێت پشتیوانیی ناکات، بەڵکوو خۆی له‌ڕێگه‌ی جێبەجێ نەکردنی سه‌روه‌ختی تەعەهودەکانی بە شیرکەتە واسیتە و وابەستەکانی دەوڵەت، بەکردەوە لەو بەبارمتەگرتنهی هەقدەستی کرێکاراندا دەور و نەقشی هەیە.
ڕاستییەکەی ئەوەیە کە دووپاتبوونەوەی ئەم بە گرەوگرتنهی هەقدەستان، تا کاتێک کە خەباتێکی لێبڕاوانە و بەرین لە ئارادا نەبێت، هەروا درێژەی دەبێت و بە خەباتی پڕژوبڵاو، هیچ کارێک بەرەوپێشەوە ناچێت. زیادكرانی هەقدەستی کرێکاران و درانی له سه‌روه‌خت و كاتی خۆیدا، یەکێک لە داواکارییە گرنگەكانی کرێکارانە کە زەمانەتی دەستەبەر بوونیشی، لە گرەوی ئیرادەی یەکگرتووانەی کرێکاراندایە لە ئاستی سەرتاسەریدا. ئەم ئیرادە یەکگرتووانهیه، دەبێ لە خەباتێکی یەکگرتووانە و ڕیکخراو و هاوئاهەنگی ئەو کرێکارانەدا خۆی ده‌ربخات کە هەقدەستیان بە بارمتە گیراوە و به هه‌مان ڕاده‌ش ده‌بێ پشتیوانیی کرێکارانی ناوەندە كلیدیی و سه‌ره‌كییه‌كانی کار و بەرهەمهێنانیشی له پشت بێت.