ڕۆژی چوارشەممە ٢٥ی مانگی گەلاوێژ محەممەد حسێن باقری، سەرۆکی ستادی هاوبەشی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی بۆ دیدارێکی سێ ڕۆژە گەیشتە ئانکارا. ئەو لەم سەفەرەدا چاوی بە کاربەدەستانی پلە بەرزی دەوڵەتیی تورکییە لەوانە ئهردۆغان، سەرۆکی ستادی گشتیی ئەڕتەشی ئەو وڵاتە، وەزیری بەرگری و سەرۆکی ڕێكخراوی ئەمنییەتی تورکییە ناسراو به “میت” یش کەوت. هاوکات لەگەڵ ئەم دیدارانە شاندێک لە وەزاڕەتی دەرەوەی تورکییە لە تاران لەگەڵ کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامیدا خەریکی وتووێژ بوون. دوو حەفتە لەمهوبهریش شاندێكی دیکەی سەربە ” میت” ی تورکییە لە تاران لەگەڵ کاربەدەستانی ئەمنییەتی و وەزارەتی دەرەوەی ڕژیمی ئیسلامیی دیدار و چاوپیکەوتنی بووە.
ههڵسووكهوتی کۆماری ئیسلامیی لەگەڵ دەوڵەتی تورکییە قەت باش نەبووە. بە تایبەت لەم ساڵانەی دواییدا و بەشوێن دەستێوەردانەکانی هەردوو لا لە شەڕی سوورییە دا ئاوێتەی هەڵوێستی جیاواز و دوژمنکارەنەش بووە. چۆنەکە لەم دواییانەدا ئەم جۆرە چاوپێکەوتنە نیزامی و ئەمنییەتیانە لە وەها ئاستێکدا لە نێوانیاندا بەڕێوەدەچێت کە کەمتر پێشینەی بووە؟
حسێن باقری لە ڕوونکردنەوەی ئامانجی ئەم چاوپێكەوتنە لەگەڵ ئهردۆغان وتی کە” بوونی مەسایل و موشکلاتی ئەمنییەتی نێوانمان لە ناوچە سنوورییەکان و هاوکاری کردن بۆ کۆنترۆڵ کردنی سنوورەکان و بەرەنگار بوونەوەی تیرۆریزم بە تایبەت بە لەبەرچاو گرتنی ئاڵوگۆڕکانی ئەم دواییەی ناوچەکە، لە زومڕەی ئامانجەکانی ئەم دیدارەیە.” ڕوون و ئاشکرایە کە ئامانجی لە ئاماژە کردن بە ” ئاڵوگۆرەکانی ئەم دواییە لە ناوچەکەدا” حوزور و دخاڵەتی نیزامی زیاتری ئەمریکا لە عێڕاق و سوورییە بە تایبەت دوای هاتنەسەرکاری ترامپە کە کۆماری ئیسلامیی و تورکییە ئەو بۆ زێدەخوازییەکانیان لە ناوچەکەدا بە گونجاو نازانن. کەوایە لاواز بوونی پێگەی تورکییە و کۆماری ئیسلامیی لە هاوسهنگی نێودهوڵهتیدا و شکستی سیاستە ناوچەییەکانیان دەتوانێ هۆکاری بەڕێوەچوونی ئەم دیدارانە بێت.
له ڕاستیدا ڕژیمەکانی کۆماری ئیسلامیی و تورکییە تا ئێستا لە زۆرێك لە کانوونەکانی قەیرانی ناوچەکەدا دخاڵەتیان کردووە و خۆیان ئاگر خۆشکەری شەڕ و کوشتار و نا ئەمنی بۆ خەڵک لە نێوخۆ و دەرەوەی وڵاتدا بووەن. ئەوان کە هەرکامیان سەر بە بلۆک بەندیەکی زلهێزە سەرمایەدارییەکانن، لە ڕقابەت لەگەڵ یەکتردا و لە ڕێگای دخاڵەت کردن لە کاروباری باقی وڵاتاندا خوازیاری سەهمی زیاتر لە هاوسهنگی سیاسی ناوچەکەدان، و بۆ گەیشتن بە ئامانجی فراوان خوازانە و درێژەدان بە حاکمییەتەکەیان لە ئەنجامدانی هیچ جەنایەتێک سڵ ناکەنەوە. پێشینەی ئەم ڕژیمانە لە ڕێكخستن، پشتیوانی و دیفاع لە ڕەوتە تیرۆریست و کۆنەپەرستەکانی ناوچەکە بۆ بەرەوپێش بردنی سیاسەتەکانیان حاشا هەڵنەگرە. تا ئێستا سیاسەتەکانی ئەم دوو ڕژیمە لە سوورییە، عیڕاق، هەرێمی کوردستان ، یەمەن و وڵاتانی کەنداو و شوێنەکانی دیكه بۆتە هۆی بەردەوامی و توند بوونەوەی شەڕکان و کوشتار و وێرانییەک کە قابیلی قەرەبوو کرانەوە نییە بۆ خەڵک.
بەم حاڵەوە سەرەڕای بوونی کێشمەکێش و كێشهوگرفتی زۆر کە ئەم دوو دەوڵەتە بە یەکەوە بوویانە، کۆمهڵیک خاڵی هاوبەش و بەرژەوەندی هاوبەش واداریان دەکات کە لە هێندێک بواردا هاوکاری یەکتر بکەن. ئەوان بۆ بەرەوپێش بردنی بەرنامە و سیاسەتەکانیان پێویستیان بە پێکهاتن و دان و ستان لە نێوان خۆیاندا هەیە و ئەمەش ئامانجێکی دیکەی دیدارە نیزامی- ئەمنییەتییەکانی ئەم دەورەی نێوان کۆماری ئیسلامیی و تورکییەیە. وەک نمونە لە سوورییە هەوڵی هەرکامیان بۆ کۆنترۆڵ کردنی ناوچەی زیاتر لەژێر ناوی ” ناوچەی ئەمن” بە ئامانجی قایمکردنی پێگە و بەرەوپێش بردنی سیاسەتە دخاڵەتگەرانەکانیان پێویستیان بە هاوکاری یەکترە. تورکییە کە لەگەڵ هەموو جۆرەێک لە خۆبەڕێوەبەری خەڵکی کوردستانی سوورییە دوژمنایەتی دەکات، دەیەوێ بە داگیر کردنی هێندێک ناوچە لە باکوری سوورییە لەژێر ناوی ” ناوچەی ئەمن” دا پێوەندی ” خۆبەڕێوەبەرییەکانی” خەڵکی کوردستان لە عەفرین، کۆبانی و جزیرە لێک داببڕێ و کۆسپ بخاتە بەردەم بەرێوەچوونی کاروبارەکانیان. لەم پیوەندەدا تورکییە پێویستی بە هاوکاری کۆماری ئیسلامیی هەیە. لە بەرانبەردا کۆماری ئیسلامیش بۆ دەست ڕاگەیشتن بە سنووری سوورییە لەگەڵ عێڕاق هەوڵ ئەدات ڕەزامەندی تورکییە بۆ چۆڵ کردنی هێندێک ناوچە لە ئیدلب لە گروپەکانی ” ئەڕتەشی ئازادی سوورییە” کە لەژێر پشتیوانی تورکیەدان، بەدەست بێنێ تا بتوانێ پێوەندی زەوینی هێزەکانی خودی سوورییە بە حەشدی شەعبیەوە لەو دیوی سنووری عێڕاق دابین بکات. ئەم پیلانانە نە تەنیا هیچ پێوەندییەکیان بە بەرژەوەندی خەڵکی ستەم دیتوی سوورییەوە نییە، بەڵکوو ئەوان بە ناسێنی ماهییەتی دیکتاتۆڕی، کۆنەپەرستانە و دژی دێمۆکراتیکی ڕژیمەکانی کۆماری ئیسلامیی و تورکییە، خوازیاری ڕزگار بوون لە شەڕی وجودی هەردوو حاکمیەتی دژی خەڵکین و ئەو دەوڵەتانە بە یەکێک لە سەرەکی ترین هۆکارەکانی دەرێژەی شەڕ لە سوورییە دەزانن.
دژایەتی ئێران و تورکییە لەگەڵ ڕیفڕاندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان خاڵێکی دیكه لە وتووێژەکانی حسێن باقری لەگەڵ کاربەدەستانی ئەمنییەتی و نیزامی تورکییە بووە. ئەم دوو ڕژیمە شۆوینیستیە کە خۆیان لە پەیڕەوکرانی بێ مافی و ستەم لەسەر خەڵکی کوردستان لە ئێران و تورکییە، پێشینەیەکی دورودرێژیان هەیە و لەم ڕێگایەدا جهنایهتێكیان زۆریان خوڵقاندوە، نە تەنیا لە نێوخۆی وڵاتی ژێر دسەڵاتیاندا، بەڵکوو لە باقی وڵاتانیش لەگەڵ مافی حاکمییەت و پەیڕەو کرانی ئیرادەی خەڵکی کوردستان بەسەر چارەنووسی خۆیاندا دژایەتی دەکەن. ئەوان لە سەد ساڵی ڕابردوودا لەگەڵ حکومەتە دیکتاتۆرەکانی عێراق و سوورییە تەنانەت لەوپەڕی ناکۆکی و دوژمنایەتیاندا، هەمیشە لە دژایەتی کردنی دەستەبەر بوونی مافەکانی خەڵکی کوردستان بۆ ئازادی و پێکهێنانی دەوڵەتی سەربوخۆی کوردستان یان هەر شێوەیەکی دیکە لە حاکمییەت و خۆ بەڕێوەبەری خەڵکدا دوژمنایەتیان کردووە.
ناوەندی هەواڵنێری “جامی جەم ئانلاین” ی سەر بە کۆماری ئیسلامیی، بابەتی گشت پرسی کوردستانی عێراقی بە گرنگترین بابەتی وتووێژی حسێن باقری لە چاوپێکەوتن لەگەڵ ئهردۆغان و باقی کاربەدەستانی ئەمنییەتی و نیزامی تورکییە ناوبردووە. دژایەتی لەگەڵ گشت پرسی هەرێمی کوردستان و ئەو هەنگاوە هاوبەشانەی لەدژی دەینێن یەکێک لە بابەتە گرنگەکانی وتووێژی هەیئەتە نیزامی و ئەمنییەتییەکانی تورکییە و کۆماری ئیسلامیی بووە. بەرپرسانی دەوڵەتی هەردوو وڵات بە ئاشکرایی دەژایەتی و دوژمنایەتی خۆیان لەگەڵ دەربڕێوە. لە ڕوانگەی ئەوانەوە تەنانەت باس کردن و بە قەولی خۆیان زەمزەمە کردن سەبارەت بە مەسەلەی گشت پرسیش ئەمنییەتی وڵاتانی دراوسێ و سەرجەم ناوچەکە دەخاتە مەترسییەوە! خامنەیی مانگی جۆزەردانی ئەمساڵ لە دیدار لەگەڵ حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی عێڕاق وتی، “کۆماری ئیسلامیی ئێران لەگەڵ هێندێک زەمزەمە سەبارەت بە بەڕێوەچوونی گشت پرسی بۆ جیا بوونەوەی بەشێک لە خاکی عێراق دژایەتی هەیە. باقی کاربەدەستانی ورد و درشتی کۆماری ئیسلامیی و تورکییەش بە مناسبەت و بێ مناسبەت بە گوتاری هەڕەشە ئامێز و دوژمنکارانە دژایەتی ئەو گشت پرسییهیان کردووە کە نیشانەی ڕوون و بەرچاوی دوژمنایەتیانە لەگەڵ مافی سروشتی و سەرەتایی خەڵکی کوردستانه”.
بەڵام کۆماری ئیسلامیی و دەوڵەتی تورکییە هەرکامە و لەگەڵ کۆمەڵێکی زۆر قەیران و کێشەی ئابووری و سیاسیی و کۆماڵایەتی نێوخۆییدا بەرەوڕوون و هیچ ڕێگا چارەیەکیان بۆ دەرچوون لەو بارودۆخە نییە. ئەوان دەزانن کە بە توندی کەوتونەتە بەر نەفرەت و بێزاری جەماوەری خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێش لە وڵاتانی ژێر حاکمییەتیاندا. بەڵام نە ئەم دیدار و بەرنامەڕێژیە دژی ئینسانیانە بەدژی خەڵکی ناوچەکە و نە دیوار دەرووستکردنی دەوڵەتی فاشیستی تورکییە بە دەوری خۆیدا ناتوانێ ئەوان لە ئاگری قین و توڕەیی کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێش و خەباتی ڕەوایان ڕزگار بکات و درەنگ یان زوو فڕێدەدرێنە زبڵدانی مێژوەوە.