پەسندکرانی بڕیارنامەیەک لە ئهنجومهنی ئاسایشی ڕێكخراوی نهتهوهیهكگرتووهكان لەبارەی گهمارۆ نوێیەکان لەدژی کورەی باکووری و بەشوێنیدا هەڕەشەکانی سەرانی ئهمریکا و کورەی باكوور جارێکی دیكه نەتەنیا خەڵکی شێوە دوڕگەی کورە، بەڵکوو زۆرێك لە خەڵکی دنیای کە لە زەینی مێژوویی خۆیاندا نابوودی بە میلیۆن ئینسانیان لەم ناوچەیە لە دنیا وەبیر دێنێتەوە، بەرەوڕووی نیگەرانییەکی قووڵ کردەوە. ئەم نیگەرانییە واقعییە. لەبەر ئەوەی کە بە بییانوی ” کورەی ئەتۆمییەوە” و ” مەترسی لەسەر ئهمریکا” قەرارە شەڕ و کێشەی گەورەتر بهڕێوهبچێت. هەروەک چۆن بە بیانوی بوونی چەکی شیمیایی خاکی عێراقیان بە تورەکە كێشا و بەدوای ئەویشدا ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بوو بە مەیدانی شەڕ و کێشەی سەرجەم هێزە کۆنەپەرهستەکان و بە میلیۆن ئینسان بوونە قوربانی.
لهڕاستیدا ئیمپڕیالیزمی ئهمریکا قەت نەیشاردووهتەوە کە گۆڕانێک کە دوای شەڕی جیهانیی دووهەم و بەتایبەت دوای شۆڕشی چین و دواتر لە شەڕی نیابەتی دوو کورەدا بەدیهات قەبوڵ ناکات. مەترسی کورەی باکوری ئەتۆمی کە ئێستا ئەو هەڵڵا گەورەی لەسەر درووست بووە ئهو ڕاستییه نیشان دهدات كه دهوڵهتی ئمریكا به هاوسهنگی ئێستای هێز لهو ناوچهیه ناڕازییه. ترامپ کاتێک دەڵێ، “لە ٢٥ ساڵی ڕابردوودا ئهمریکا خەریکی وتووێژ لەگەڵ کورەی باكوور بووە بەبێ ئەوەی هیچ دەرئەنجامێکی بووبێت” و ” لاوازی دەوڵەتانی پێشوی ئهمریکا بە هۆکاری ئەم بارودۆخە دەزانێ”، ئاماژەیە بە بەشێک لەم مێژووە و ئێستا بە بیانوی تاقی کردنەوەی موشەکی دوورهاوێژ لە لایەن کورەی باكوورەوە، خەریکی ئەفکار سازییە. ڕەنگە ئەمەش زۆر تەسادوفی نهبێ کە ٨ی مانگی ئووت ڕاست ڕۆژێک بەر لە ٧٢ هەمین ساڵیادی بەردرانەوەی بۆمبی ئەتۆمی بەسەر شاری ناکازاکیدا و دوو رۆژ دواتر بۆمبارانی ئەتۆمی هێروشیما، ترامپ دهڵێت، “واباشە کورەی باکوور ئیتر هەڕەشە لە ئهمریکا نەکات. ئەم وڵاتە بەرەوڕووی ئاگر و خوێنێک دەبێتەوە کە دنیا قەت بەخۆیەوە نەدیبێت.” خۆشبینانە ترین ئامارەکان باس لە کوژرانی زیاتر لە هەشتا هەزار کەس بەهۆی بۆمبارانی ناکازاکی دەکەن و لەم ڕووەوە دەربڕینی ڕستەی ” ئاگر و خوێن” لە زمان ترامپەوە ڕاست لەو ڕۆژانەدا کە نەتەنیا خەڵکی ژاپۆن، بەڵکوو زۆرێک لە خەڵکێک کە خوازیاری لەنێو بردنی چەکی ئهتۆمین، نەدەکرا قین و بێزاری گشتی هەڵنەخرێنێ. ئایا قەرارە جارێکی دیكه شیوە دوڕگەی کورە ببێتە قەتڵگای بە میلیۆن ئینسان. لەبەر ئەوەی کە خەڵکی دنیا لەبیریان ناچێتەوە کە لە مەودای نێوان ٢٥ی ژۆئهنی ساڵی ١٩٥٠ و ٢٧ی ژوئهنی ١٩٥٣ لە شەڕی نێوان هەردوو کورەدا، ٤ میلیۆن و ٦٠٠ هەزار کەس بوونە قوربانی کە لەو نێوانەدا ٣ میلیۆنیان کەسانی غەیرە نیزامی کورەی باکوور و ٥٠٠ هەزار کەسیشیان غەیرە نیزامیانی کورەی باشوور بوون. کەوایە خەڵکی دنیا حەقیانە نیگەرانی کوتانی دەهۆڵی شەڕ بن.
بەڕواڵەت وادیارە کە سەرانی دەوڵەتانی ئهمریکا و کورەی باکوور کە هەڕەشە لە یەكتر دەکەن. بەڵام له ڕاستیدا هەموو یاری کەرانی سەرەکی دنیا کە کێشەکانیان بە قوربانی کردنی بە میلیۆن ئینسان بەرەو پێش دەبەن، خەریکن ڕیزبهستنێكی نوێ ڕێکدەخەن. ڕۆژنامەیەکی سەربە حیزبی حاکم لە چین لە یازدەی ئووت دا نووسی کە کۆماری گەلی چین ” بەتوندی لە بەرانبەر هەریەک لەو لایەنانەدا کە بیانەوێ دۆخی ئێستای ناوچەکە لە پێوەند لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی چیندا بگۆڕن دەوەستێتەوە” ئاشکرایە کە ئەم پەیامە بۆ ئهمریکایە لەبەر ئەوەیکە کورەی باكوور هیچ هەنگاوێک لەدژی بەرژەوەندییەکانی هاوپەیمانی سەرەکی خۆی لە ناوچەکەدا نانێت. ڕۆژنامەکە لە درێژەدا دەنووسێ ” ئەگەر ئامریکا و کورەی باشور هەر هێرشێک بە ئامانجی هەوڵدان بۆ ڕووخاندنی ڕژیمی کورەی باکوور بە نیەتی گوڕینی بارودۆخی سیاسی شێوە دوڕگەی کورە ئەنجام بدەن، چین پێش بهوهها کارێک دەگرێت”.
نوێنەرێکی پارلهمانی ڕووسییە کە پێشتر سەروکی کۆمیتەی ئەمنییەتی نەتەوەیی ڕووسییه بووە دەڵێ ” ئەوەی لە پێوەند لەگەڵ کورەی باکوور ڕوو دەدات، ناکرێ نەبێتە جێی نیگەرانی ئێمە و وادارمان نەکات مشور لە ئەمنییەتی وڵاتەکەمان بخۆین.” ئەو لە درێژەدا دەڵێ کە” سیستمی دژه مووشهكی و تێکنۆلۆژی هەوا فەزای ڕووسییە لە ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی ڕووسییە لە حاڵەتی ئامادەباشی تەواودان”.
ژاپۆن سیستمی دیفاعی هەوایی موشەکی لە ناوچە ڕۆژئاواییەکانی ئەو وڵاتە بەهێز دەکات و هاوکات ناوشکەنێک دەنێرێتە دەریاکانی ژاپۆن کە تەیار بە سیستمی ڕادارێکە کە توانایی شوێن هەڵگرتنی موشەکی بالستیکی هەیە. وەزیری بەرگری ئاڵمان دەچێتە پاڵ ترامپ و کورەی باکوری بە پێشێل کردنی یاسا نێونەتەوەییەکان تاوانبار دەکات. لە ڕوانگەی وەزیری بەرگری ئاڵمانەوە ئەوەیکە ئهمریکا تەنیا وڵاتێکە کە لە بۆمبی ئەتۆمی کەڵکی وەرگرتووە، ئەوەیکە ئهمریکا گەورەترین جبهخانهی چەکی ئهتۆمی هەیە و بە قەولی وەزیری بهرگری ئهمریکا یەکەم حوکمی حکومەتی ترامپ بۆ ئەو ئەوە بوو کە بەرگری دژی مووشەکی و توانایی بەرپەرچدانەوەی هەستەیی ئهمریکا بەهێز بکات، ئەوەیکە بۆمبە ئەتۆمییەکانی ئهمریکا لە ئاڵمان، بێلژیک، هولەند و ئیتالیا جێگیرن و تەنانەت دەوترێت نزیک بە ٩٠ چەکی هەستەیی ئامریکا لە پێگەی ئینجرلیک لە تورکییە دا هەن، ئەوەی کە ئامریکا لە داگیر کردنی وڵاتانی تردا تەنانەت بە پێویستی نازانێ کە ڕێكخراوی نهتهوهیهكگرتووهكان ڕازی بکات، هیچکامیان پێشێل کرانی مافە نێونەتەوەییەکان نین.
ئەوەی کە کیم ئۆنگ ئۆن ڕێبەری کورەی باکوور دیکتاتۆڕێکی ستەم کارە و ڕەنگە جیاوازیەکی زۆری لەگەڵ هاوپەیمانە ستەم کار و کۆنەپەرستەکانی ئامریکا لەم یان لەو قاڕەدا نەبێت، مەشروعییەت بە هیچ هێزێکی ئیمپڕیالیستی نادات هێرش بکاتە سەر ئەو وڵاتە. کێ دیاری دەکات کە هەبوونی چەکی ئەتۆمی بۆ کورەی باکوور ئەمنییەتی دنیا و بە شێوەیەکی دیاریکراو ئەمنییەتی ئهمریکا دەخاتە مەترسییەوە، بەڵام جبهخانهی زل هێزە ئەتۆمییەکانی دنیا گۆیا لە خزمەت بە ئاشتی جیهانیدان.
لهڕاستیدا ئەوەی لە شێوە دوڕگەی کورە دا خەریکە ڕێکدەخرێت، گۆشەیەک لە وێنای دنیای پڕ لە ئالۆزییە. نەزمی کۆن ڕووخاوە و ئەوانەیکە بە لێک هەڵوەشانی بلۆکی ئیمپڕیالیستی ڕۆژهەڵات کۆتایی مێژوویان ڕاگەیاندوو و دەیانەویست نەزمێکی نوێی لەجێ دابنێن، بوونە پەیام ئاوەری شەڕ و کێشە و پشێوی و سەرهەڵدانی جەریانانتی تا سەر ئێسقان کۆنەپەرست لە سەرتاسەری جوغڕافیای دنیادا. قوربانیانی ئالۆزی و شەڕ و پشێوییەکان ئەو بە میلیۆن ئینسانەن کە هیچ دەور و نەخشێکیان لە کێشەکانی نێوان جەمسەرە کۆنەپەرستەکاندا نەبووە. بەڵام ئەم بە میلیۆن ئینسانە دەتوانن بە جێگای ئەوەی ببنە قوربانی، خاڵی کۆتایی لەبەردەم ئەم نەزمە گیان تاوێنەی حاکم بەسەر دنیادا دابنێن.