دادگایەک لە تورکییە ڕۆژی سێشەممە ١٨ی مانگی ژوئییە حوکمی دهستبهسهركرانی ٦ کەس لە ١٠ كهس هەڵسوڕاوی مافەکانی مرۆڤ کە لە ڕۆژی پێنجی ژوئییەوەدا دەستبەسەر کرابوون، دەرکرد. لەنێو ئەم دهستبهسهركراوانهدا هاوڵاتییهكی ئاڵمانی، هاوڵاتییهكی سوئیدی و بهڕێوهبهری بەشی تورکییەی ڕێكخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی هەن. تاوانی ئەوان پشتیوانی لە ڕێكخراوێكی تیرۆریستییە. ئهمه لهحاڵێكدایه كه ٤ کەسەکەی دیکە بە شێوەی مەرجدار ئازاد کراون. و نابێ لە تورکیە بچنە دەرەوە. ئهردۆغان کۆبوونەوەی ئەم ١٠ کەسەی بە درێژەی کوودهتای ١٥ ی ژوئییەی ساڵی ڕابردوو ناوبردووە. ناوبراو ڕۆژی شەممە ١٥ی مانگی ژوئییە لە سوخەنڕانییەکەیدا بە بۆنەی ساڵهاتی کوودهتا سهرنهگرتووهكهی پارهكه، جارێکی دیكه لەسەر ئامادەیی خۆی بۆ پەسند کردنی گهڵاڵهی ئێعدام جەختی کردەوە، ” تەنانەت ئەگەر ئەمەش ببێتە هۆی تێکچوونی وتووێژەکانی چوونی تورکییە بۆ نێو یەکێتیی ئۆرووپا”. ئهردۆغان جەختیشی کردوە کە ” دەزانێ کێ لە پشت ڕێکخراوە تیرۆریستیەکانی وەک بزوتنەوەی “فەتحۆڵڵا گولەن”، “په که که” و داعشەوەن. لەپێش هەمواندا سەری ئەم خەیانەتکارانە لە جەستەیان جیا دەکاتەوە”. ڕۆژێک دواتر پهرلهمانی تورکییە درێژ کرانەوەی بارودۆخی نائاسایی کە لە زەمانی کوودهتاکەوە دەستی پێکردووە، بۆ ماوەی ٣ مانگی دیكه پەسند کرد.
لهڕاستیدا کوودهتا سهرنهگرتووهتهكهی ساڵی ڕابردوو بۆ ئهردۆغان هەرەوەک ئەوەیه کە ئەو لە بەرەبەیانیی دوای شکست هێنانی کوودهتاکە ڕایگەیاند، “دیارییەکی خودایی” بوو. ئەو زانیاریانەی لەبەر دەستدان، نیشانی ئەدەن کە ڕێكخراوی ئەمنییەتی تورکییە لە کاتی خۆیدا ئاگاداری ڕوودانی کودهتاكه بووە. لە خۆڕا نەبوو کە زۆرینەی پهرلهمانی تورکییە کە ئەندامی پارتی ” داد و گەشەی” ئهردۆغان بەریان بە پێکهێنانی هەموو جۆرە کۆمیسیۆنێک بۆ بەدواداچوونی چلۆنایەتی ڕوودانی کودتاکە گرت. ئێستا هەر دوو پارتی ئۆپۆزسیۆن واتە “پارتی کۆماریخوازی خەڵکی تورکییە” و “پارتی دێمۆکراتیکی گەلان” باس لە ” کودتایەکی کۆنترۆڵ کراو” دەکەن تا بوار بۆ هێرشی بەرەنگاربوونەوە گەرایانەی ئهردۆغان بۆ شکڵدان بە ستڕاتێژی مەزن خوازانەی ژیاندنەوەی ئیمپڕاتۆڕیی عوسمانی بهڕهخسێنێت. هەر ئەم ئیستدلالە” تورکر ئەرتورک” ژێنێڕاڵی خانەنشینکراوی ئەڕتەشی تورکییە دوای تێکچوونی هاوپهیمانییهتی “ئهردۆغان- گولەن” لە ساڵی ٢٠١٠ لە وتووێژێک لەگەڵ بەرنامەیەکی تێلویزیۆنی ئاڵمان مەتڕەح دەکات. هەڵبەت چ بیانوویەک لە کوودهتا باشترە بۆ ئەوەی ئهردۆغان و پارت و دەوڵەتەکەی خۆیانی لەدژ ڕێکبخەن. بیرەوەری تاڵی کوودهتای نیزامی لەماوهی سێ چوار دەیەی ڕابردوودا لە بیرگهی مێژوویی خەڵکی توركییەدا ئەو پوتانسیەلەی هەیە کە بەشێکی بەرین لە کۆمەڵگە بۆ بەرەنگاربوونەوەی کوودهتا بکێشێتە سەر شەقامەکان. کوودهتا لە مەودایەکی چەند کاتژمێریدا سەرکوت کرا و بەڵام دژی کوودهتا لە ئێستادا ساڵڕۆژی خۆی پشتی سەر دەنێت.
ئهردۆغان وەک گشت دیتاتۆڕەکان تەنانەت نزیکترین هاوپەیمانەکانیشی تاوانبار بە دەست هەبوون لە کوودهتادا کرد. لە خەیاڵاتی مالیخولیایی ئەودا ئێستا کە بە شێک لە کودتاچییەکان لە پێگەی هەوایی” ئینجرلیکەوە” فڕی بوون و لەوێوە کە فەتح اللە گولەن یاری دێرینی ئۆردوغان لە ئامریکا نیشتەجێیە کەوایە دەکرێت ئامریکاش تاوانبار بە دەخاڵەت لە کوودهتادا بکرێت. ئەو لەم لۆژیکەوە حەرەکەتی دەکرد کە هەرچی ئاستی کوودهتا بێ ئاکامەکە بەرینتر بکاتەوە، بۆئەو هاسانتر دەبێت کە ڕای گشتی تورکییە لە ئاستێکی بەرین تردا مۆهەندیسی بکات و بیخاتە شوێن خۆی. سەرکوتی بەرین لە ڕۆژەکانی سەرەتادا، دەبوو لە دڵی شۆکی بەدیهاتوو لە کۆمەڵگەدا و سەرچاوە گرتوو لە کوودهتاکەوە ئیمکانی خۆڕاگری بەرین لە بەرانبەر دژی کوودهتادا لە کۆمەڵگە بستێنێ. لە خۆڕا نەبوو کە تەقریبەن هەموو بەشەکانی ئۆپۆزسیۆن لەگەڵ ئهردۆغان کەوتن و یان تووشی بێ کرداری بە تەواوەتی هاتن. هێرشی ئهردۆغان بەڵام زۆر بەرین تر لەوە بوو کە لە گومانی کۆمەڵگەدا بگونجێ. لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا، ١٣٨ هەزار و ١٤٧ کەس لە کارمەندانی دەوڵەتی وهلانراون. لە نێو ئهم ١٣٨ ههزار كهسه، ٧ هەزار و ٣٥٠ مامۆستای زانکۆ و ٤ هەزار و ٣١٧ دادوهر هەن. ههروهها ١٠٢ هەزار و ٤٠ کەس دهستبهسهر كراون و ٥٠ هەزار و ٩٨٧ کەسیش زیندانی کراون. بۆ ١٧٠ ههزار کەسیش پەروەندەی قەزایی پێکهێندراوە. ٢٠٩٩ زانکۆ، قەتابخانە و خابگای خوێندكاران داخراون. ١٤٩ دامەزراوەی مێدیای جەمعی خراونەتە ژێر دەستی دەوڵەتەوە و یان داخراون. ٩٠٩ شیرکەتی خوسوسی خراونەتە ئیختیار سەرپەرستانی ئیجباری دیاریکراو لە لایەن دەوڵەتەوە. بە گشتی کۆمەڵێک دامەزراوە بە ئەرزشی ٣٥ میلیارد یۆرۆ لە لایەن دەوڵەتەوە دەستیان بەسەردا گیراوە. هاوکات زۆرێك له نووسینەگەکانی پارتی دێمۆکراتیکی گەلان کەوتوونەته بەر هێرش و لە شانۆیەکی پهرلهمانیدا پارێزبەندیان لەسەر نوێنەرەکانی ئەم پارته ههڵگرتووە و زۆربەی ڕێبەران و هەڵسوڕاوانی ئهم پارته خراونەتە زیندانەوە. لە گشت ئەم بابەتانەدا ئۆپۆزسیۆنی “کەماڵیست” بێشەڕمانە دۆعای خێری خۆی پێشکەشی ئهردۆغان کردووە. ئەوان نەتەنیا لە ڕۆژەکانی دوای کوودهتا لەگەڵ ئهردۆغان بەیعەتیان کرد، بەڵکوو لەوەش زیاتر مۆری تەئیدیان بە گهڵاڵهی بەناو دژی تیرۆری ئەویشەوە نا. ئەم خەیانەتکارانە هەر ئەو کارەیان کرد کە جەریاناتی وەک “حیزبی توودە” و “ئەکسەرییەت” لەگەڵ سەرکەوتنی دژی شۆڕشی ئیسلامیی لە ئێران کردیان. هەروەک چۆن ڕژیمی خومەینی دوای سەرکوتی خوێناوی کۆمۆنیست و ئازادیخوازەکان چووە جەستەی ئەوان و پاشماوەکانیانی قەڵاچۆ کردن، ئهردۆغانیش دوای سەرکوتی هێزە چەپ و سیکۆلارەکان دەچێتە پێوشوێنی کەمالیستە شۆوینیستەکان. ئەمجارە جێگری یەکەمی “پارتی کۆماریخوازی خەڵکی تورکییە” بە تۆمهتی “دانی زانیاری هەواڵگری بەرۆژنامەی جمهورییەت” سەبارەت بە نێردرانی چەک لە لایەن مەئمورانی زانیاریی تورکییەوە بۆ جەریاناتی کۆنەپەرستی ئیسلامیی لە سوورییە گیراوە و بە ٢٥ ساڵ زیندان مەحکوم کراوە. “کەماڵ قلیچ دارئۆغڵو” ڕێبەری ئهم پارته لە ناڕەزایەتی بەم کردارە دەستی دایە ڕێپێوانێکی ناڕەزایەتی لەژێر ناوی ” ڕێپێوانی عەداڵەت”. ئەو کە ڕێپێوانەکەی لە ١٥ی مانگی ژوئێن لە ئانکاراوە دەست پێکردبوو لە ٨ ی ژوئییە دوای ڕێپێوانی ٤٥٠ کیلۆمیتر گەیشتە ئیستانبول. هەرچەند کە کەماڵیستەکان لە جەریانی ڕێپێوانەکەدا بە درووست کردنی هێندێک کۆسپ و تەگەرە بەریان بە حوزووری بەرینی بەشێکی برینتر لە ئۆپۆزسیۆن گرت، لەگەڵ ئەوەشدا دەوترێت نزیکەی ٢٠٠ هەزار کەس بە گشتی لەم ڕێپێوانەدا ئامادە بوون. کەماڵ قلیچ دارئۆغڵو لە بەیانییەیەکدا دەوڵەتی بە “پێشێل کردنی “داد”، “لەبەین بردنی سەربەخۆیی قووەی قەزاییە” و “حاکمیەتی سەرەڕۆیانە لە سەرتاسەری وڵاتدا” تۆمەتبار کرد. شیاوی باسه لە میتینگی کۆتایی ئەم ڕێپێوانەدا نزیکهی یەک ملیۆن کەس لە ئیستانبول کۆبوونەوە. ئێستا دوای ساڵێک لە بارودۆخی نا ئاسایی دەرفەتێک ڕهخساوه کە خەڵک لە ئاستێکی بەریندا شەقامەکانی ئیستانبول داگیر بکەن.
بە ڕاشکاوی دەکرێ بڵێین کە وەها ئامادە بوونێکی بەرین نیشانهی بوونی پوتانسیەلێکی بەهێزی ناڕەزایەتیی جەماوەری لە کۆمەڵگادایە. پرسیاری بنەڕەتی ئێستا ئەوەیە کە کام هێزی سیاسیی ئەم پوتانسیەلە کۆمەڵایەتییەی هەیە ڕێکدەخات. کەماڵیستەکان بە ستڕاتێژی شۆوینیستی و سیاسەتی سازشکارانە لەگەڵ حیزب و دەوڵەتی حاکم و یان هێزە چەپ و سیکۆلارەکانی نێو کۆمەڵگە.