ڕۆژی سێشەممە، سەرۆک وەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق بڕیاری داخستنی دەروازە سنوورییە نافەرمییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ دەرکرد، لە نێویاندا دەروازە نافەرمییەکانی هەرێمی کوردستان، ئەمەش کاردانەوەی بەرپرسانی هەرێمی کوردستانی لێکەوتەوە.
بە گوێرەی بڕیارەکە، وەزارەتی بەرگریی عێراق ڕاسپێردراوە بۆ داخستنی ئەو دەروازانە لە شارەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان. هاوکات حکوومەتی ناوەندی داوای کۆنترۆڵکردنی دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان و چڕکردنەوەی چاودێریی سەر کێڵگە نەوتییەکانی کردووە بە مەبەستی بەرەنگاربوونەوەی قاچاخچێتیی نەوت و بەرهەمە نەوتییەکان.
