✍️: کەریم ئەمانی
ساڵیادی ئاخێزی خەزەڵوەری ١٣٩٨ تەنها گەڕانەوە نییە بۆ یادەوەریی ڕووداوێکی مێژوویی خوێناوی و پڕ لە سەرکوت، بەڵکوو یادکردنەوەی ساتەوەختێکی وەرچەرخانە لە مێژووی خەباتی چینایەتی و جەماوەری لەدژی کۆماری ئیسلامی ئێران. ئاخێزی خەزەڵوەر لە کاتێکدا سەریهەڵدا کە توڕەیی پەنگخواردووی دەیان ساڵەی زەحمەتکێشان، هەژاران، کرێکاران و ستەملێکراوان، دیواری ترس و بێدەنگیی تێکشکاند و خۆشخەیاڵیی “چاکسازی“ی لەناو خودی دەسەڵاتدا بە تەواوی پوچەڵ کردەوە. کاتێک بڕیاری لەناکاو و سەرەڕۆیانەی ڕێژیم بۆ بەرزکردنەوەی سێ هێندەی نرخی بەنزین وەک چخماخەیەک ئاگری ئەو ناڕەزایەتییانەی هەڵگیرساند، لە ڕاستیدا قەیرانی قووڵ و فرەڕەهەندی سیستەمی سەرمایەداری و ئیسلامیی سیاسی بوو کە تەقییەوە. هەڵاوسانی بێوچان، بێکاریی بەربڵاو، دابەزینی بەردەوامی بەهای دراو، تاڵانکردنی سەرمایەی گشتی لەلایەن ناوەندە دەوڵەتی و سەربازییەکانەوە و سەختتربوونی ژیانی ڕۆژانە، لەپاڵ داخرانی تەواوی کەشی سیاسیی و سەرکوتی بێوچانی هەر چەشنە ناڕەزایەتی و ڕێکخستنێکی سەربەخۆ، هەموویان بەیەکەوە وایان کرد گرانبوونی بەنزین وەک هێرشێکی ڕاستەوخۆ بۆ سەر ژیان و بژێویی ملیۆنان کەس ببینرێت، چونکە نرخی بەنزین ڕاستەوخۆ کاریگەریی لەسەر هەموو کەلوپەل و خزمەتگوزاری و پێداویستییەکی ژیان هەبوو. یەکێک لە تایبەتمەندییە هەرە دیارەکانی ئاخێزی خەزەڵوەر، بریتی بوو لە پێکهاتە چینایەتی و کۆمەڵایەتییەکەی کە بە شێوەیەکی بەرچاو توێژە هەژار، پەراوێزنشین، کرێکار و بێکارەکانی لە شارە بچووک و مامناوەندەکان و گەڕەکە هەژارنشینەکانی شارە گەورەکاندا کۆ کردەوە و ڕەنگ و بۆیەکی ڕوونی چینایەتی و ڕادیکاڵی بە ناڕەزایەتییەکان بەخشی. خێرایی و بەرفراوانیی جوگرافی کە دەیان شار و سەدان ناوچەی لە ماوەیەکی کورتدا لەخۆ گرت، لەگەڵ ڕادیکاڵبوونەوەی دروشم و کردارەکان کە زۆر خێرا لە ناڕەزایەتیی ئابوورییەوە گواسترایەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ لەگەڵ هێما و ناوەندەکانی سەرکوت و دەسەڵات، لە زومرەی خاڵە بەهێزەکانی ئەو ئاخێزە بوون کە نیشانیان دا کۆمەڵگا چەندە ئامادەی تەقینەوەیە و چەندە باوەڕ بە جیاوازیی نێوان باڵەکانی ڕێژیم لەناو خەڵکدا کاڵ بووەتەوە. بەڵام هاوکات خەزەڵوەر خاڵی لاوازیشی هەبوو، لەوانە نەبوونی ڕێکخستنی پێشوەخت و تۆڕی پەیوەندیی سەربەخۆ و ئامادە، کە کاتێک ڕێژیم ئینتەرنێتی بە تەواوی پچڕاند، پەیوەندی و هەماهەنگیی نێوان شار و گەڕەکەکانی زۆر دژوار کرد. هەروەها نەبوونی ڕێکخراو و هێزی پێشڕەوی چینایەتیی یەکگرتوو و بەهێز لە مەیداندا و بێبەشبوونی جەماوەر لە ڕێکخستنی کۆمیتە و شورا جەماوەرییەکان و بەرنامەیەکی ڕوونی دەسەڵاتدارێتیی جەماوەری، وای کرد وزەی خەڵک نەکرێتە یەک ڕێڕەوی ڕێکخراو و بەردەوام کە بتوانێت دەزگا سەرکوتگەرەکان لەکار بخات. سەرەڕای ئەمەش، کاریگەریی خەزەڵوەر لەسەر بزووتنەوەی ئازادیخوازانەی خەڵکی ئێران زۆر قووڵ بوو و هاوسەنگیی هێزی لە ڕووی مەعنەوی و کۆمەڵایەتییەوە بە زیانی کۆماری ئیسلامی گۆڕی، چونکە ڕێژیم سەلماندی کە تەنها بە گوللە و سەرکوت و خوێنڕشتن دەتوانێت درێژە بە مانەوەی خۆی بدات و هیچ شەرعییەت و پێگەیەکی جەماوەریی نەماوە، ئەمەش بووە بەشێک لەو زنجیرە خەباتەی کە دواتر لە ئاخێزی “ژن، ژیان، ئازادی“دا بە شێوازێکی تر خۆی نواند و نیشانی دا کە خەباتی ئازادیخوازانە لە ئێران بەردەوامە و لە هەر دەرفەتێکدا بۆی بێتە پێش سەرهەڵدەداتەوە. ئەمڕۆ لە هەلومەرجێکدا یادی ئەو ئاخێزە دەکەینەوە کە کۆماری ئیسلامی لە هەموو بوارەکانی ئابووری، سیاسی، کۆمەڵایەتی و سیاسەتی نێودەوڵەتیدا لە قووڵترین قەیرانی مێژووی خۆیدایە، و بەتایبەتی تر بە هۆی شەڕ و ئاڵۆزییەکانی لەگەڵ ئامریکا و ئیسرائیلەوە خۆی لەبەردەم گوشارێکی سەربازی، ئابووری، ئەمنییەتی و دیپلۆماسیی بێوێنەدا دەبینێتەوە. ئەم شەڕ و گرژییانە لەلایەک کۆماری ئیسلامیی زیاتر لاواز و گۆشەگیر کردووە و سنوورەکانی دەسەڵاتی بەرتەسک کردووەتەوە، و لەلایەکی ترەوە ڕێژیم لەژێر ناوی دۆخی شەڕ و ئاسایشدا هەوڵ دەدات فەزای سەرکوت توندتر بکات و ناڕەزایەتییە ناوخۆییەکان کۆنتڕۆڵ و سەرکوت بکات. هەرچەندە دۆخی شەڕ و ئاڵۆزییە سەربازییەکان بۆ ماوەیەک ناڕەزایەتیی سەر شەقامی خاو کردووەتەوە و جەماوەر بە هۆی مەترسییەکانی شەڕ، سەرکوت و پشێوی، بە شێوەیەکی کاتیی کەمتر هاتووەتە سەر شەقام، بەڵام ئەمە بە هیچ شێوەیەک بە مانای کۆتاییهاتنی بزووتنەوەی ناڕەزایەتی نییە، چونکە هیچکام لە داخوازییە بنەڕەتییەکانی خەڵک بۆ ژیانێکی شایستە، کار، نان، ئازادی، یەکسانی و کۆتاییهێنان بە دیکتاتۆری وەڵامی وەرنەگرتووە، و بێگومان لە داهاتووییەکی نەک زۆر دووردا سەرلەنوێ شایەتی سەرهەڵدانەوەی ناڕەزایەتیی بەرینی جەماوەری دەبین. لەم ڕوانگەیەوە و بە لەبەرچاوگرتنی ئەزموونی خەزەڵوەر و ئاخێزەکانی تر، پێویستە ڕێوشوێن و ڕێنمایی واقیعبینانە بخرێتە بەردەم جەماوەری ناڕازی و خەباتکار، بەتایبەت چین و توێژە هەژار و ستەملێکراوەکان، کرێکاران، زەحمەتکێشان، ژنان و گەنجان. خاڵی یەکەم بریتییە لە پێداگریی لەسەر پشتبەستن بە هێزی سەربەخۆ و ڕێکخراوی خودی جەماوەر و خۆپاراستن لە پشتبەستن بە دەوڵەتە دەرەکییەکانی وەک ئامریکا و ئیسرائیل یان پاشماوەکانی دەسەڵاتی پێشوو، چونکە شەڕی نێوان دەوڵەتەکان لەسەر بەرژەوەندییە نیزامی و جیۆپۆلەتیکییەکانە و ئازادی و ڕزگاریی خەڵکی ئێران تەنها بە دەستی خودی جەماوەری خەباتکار و ڕێکخراو دێتە دی. خاڵی دووهەم بریتییە لە گرنگیی ڕێکخستنی نهێنی، بەردەوام و پارێزراو لەناوەندەکانی کار، کارگەکان، گەڕەکە هەژارنشینەکان و زانکۆکان، تا لە کاتی سەرکوت و پچڕانی پەیوەندییەکاندا تۆڕەکانی پەیوەندی و هاریکاری لەکار نەکەون. سێیەمین خاڵ بریتییە لە پەرەپێدان و هەمەچەشنکردنی شێوازەکانی خەبات و خۆپارێزیی وشیارانە لە هەلومەرجی ئەمنییەتی و دۆخی شەڕدا، وەک مانگرتنی کرێکاری و پیشەیی و هەنگاوە ڕێکخراوەکان کە بتوانن گیانی خەڵک بپارێزن و هاوکات گوشاری کاریگەر دروست بکەن. چوارەمیان بەستنەوەی ڕۆشن و ڕادیکاڵی داخوازییە ئابووری و چینایەتییەکانی کرێکاران و هەژارانە بە داخوازییەکانی ئازادی، یەکسانیی ژنان و مافی نەتەوە ستەملێکراوەکان، بۆ ئەوەی بزووتنەوەکە ببێتە هێزێکی خەباتکارانەی یەکگرتوو و گشتگیر. پێنجەم ئامادەکاریکردنە بۆ پێکهێنانی ناوەند و کۆمیتە و شورا جەماوەرییەکان لە کاتی لاوازبوون یان داڕمانی دەسەڵاتدا، تا ئیرادەی جەماوەر بتوانێت دەسەڵاتداریی خۆی بگرێتە دەست و ڕێگە نەدات هێزە کۆنەپەرست و بەرژەوەندیخوازەکان بۆشاییەکە بقۆزنەوە. خەزەڵوەری ١٣٩٨ سەلماندی کە هیچ سەرکوت و شەڕ و پلانێک ناتوانێت ئیرادەی چین و توێژە ستەملێکراوەکان بۆ ئازادی و ژیانێکی یەکسان و ئینسانی لەناو ببات، و ئەمڕۆ پاراستنی یەکگرتوویی، ڕێکخستن و ڕێگەی سەربەخۆی خەباتی چینایەتی گەورەترین ئەرک و بەرپرسیارێتییە لەسەر شانی هەموو ئازادیخوازان و تێکۆشەرانی ڕێگەی سۆسیالیزم و یەکسانی.
