رۆژی ٣ی خەرمانانی ساڵی ١٣٥٨ی هەتاوی، ٩ تێکۆشەری ماندووینەناس و رۆڵەی پێشڕەوی رێگای رزگاریی چەوساوەکان و ستەملێکراوان، لە پادگانی مەریوان بە فەرمانی خەڵخاڵیی جەللاد و بە دەستی تاوانبارانی کۆماری ئیسلامی تیرباران کران.
ئەو ئازیزانە بریتی بوون لە: ئەحمەد پیرخزری، حوسێن پیرخزری، بەهمەن ئەخزەری، جەلال نەسیمی، فایەق عەزیزی، ئەحمەد قازیزادە، عەلی داستانی، ئەمین مستەفا سوڵتانی و حوسێن مستەفا سوڵتانی.
هەرگیز تێپەڕبوونی کات ناتوانێت یادی ئازیزی ئەوان لە دڵماندا کاڵ بکاتەوە و تاوانەکانی رژێمی کۆماری ئیسلامیمان لە بیر بباتەوە. ٩ مرۆڤی شۆڕشگێڕ کە بەبێ دادگاییکردن و بەبێ بوونی پارێزەر، لە پادگانی مەریوان بە هاودەستیی کۆنەپارێزان، سیخوڕانی ناوچەکە و سوپای پاسداران تیرباران کران.
دوژمنانی گەلی کورد و ئازادی پێیان وابوو بە ئێعدامی لاوانی پڕ هەست و ووشیاری کوردستان دەتوانن ورەی پێشرەوانی بزوتنەوەی شۆرشگیرانەی کوردستان تێکبشکێنن و بێهیوایی بەسەر هاووڵاتییان و ئازادیخوازاندا بسەپێنن؛ بەڵام مێژوو بە ئارەزوو و ئیرادەی کوێرانەی دیکتاتۆرەکان ناڕوات. ئەو دڕندەیی و تاوانانەی بەرامبەر بە گەلی کورد ئەنجامیان دان، تەنیا بووە هۆی قووڵتربوونەوەی نەفرەت و بێزاری لە فاشیزمی کۆماری ئیسلامی و هەوێنی بزوتنەوەیەکی عادڵانه و سەربەرزانە.
ئەو گیانبەختکردووانە، رێگای ئازادی و سۆسیالیزمیان سەربەرزانە پێوا هەر وەک سیمبولی نەمر لە لاپەڕەکانی مێژووی بزووتنەوەی کوردستاندا تۆمار کراون. یادیان بەرز و بەرێز بێت و رێبازیان تا سەرکەوتنی یەکجاری بەردەوام.
