کۆمەڵە_رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمونیستی ئیران
بابه‌تی گه‌یشتوو

بینای قوتابخانە کۆن و داڕماوە، کۆچبەر تاوانبار نییە

file 00000000498c81f483aa24ef1a4f3243

ن: کەریم ئەمانی

ئەوەی ئەم ڕۆژانە لە شەقامەکانی فەڕانسە ڕوودەدات، زۆر دوورە لەو شتەی کە لە زۆرێک لە میدیاکاندا دەیبینن و دەیبیستن. ئەم چیرۆکە لە کلاسێکی دەرسەوە دەستی پێکرد، نەک لە گەڕەکێکی “مەترسیدار“. ناڕەزایەتییەکان لە ناوەڕاستی سێپتامبر لە ئامادەییەکی دەوروبەری پاریس دەستیان پێکرد. قوتابییان لە بینا کۆن و داڕماوەکان، کلاسە قەرەباڵغەکان، کەمیی موعەلیم و سیستمێکی پەروەردەیی تا سەر ئێسقان نایەکسان بێزار ببوون. باس لەوە کراوە کە لە شەپۆلەکانی گەرمای ئەمساڵدا پلەی گەرمیی هەندێک کلاس گەیشتووەتە ٤٠ پلە. قوتابییەکی ١٦ ساڵان بە ئەلجەزیرەی وتووە قوتابخانەکەیان بە بەراورد لەگەڵ قوتابخانەکانی پاریس پارە و ئیمکاناتی کەمترە. هەر ئەم یەک ڕستەیە کورتەی کێشەکەیە: پەروەردەیەکی کە دەبوو بەستێنی یەکسانی بێت، بووە بە ئامرازی سەرلەنوێ وەبەرهەمهێنانەوەی نایەکسانی. ئەم نایەکسانییە تەنانەت جوگرافیای دیاریکراویشی هەیە: لە پەراوێز و ناوچە بێبەشەکان، قوتابخانەکان نەک کۆن و داڕماون، بەڵکوو بە دەست کەمیی بەردەوامی مامۆستای شارەزاوە دەناڵێنن، چونکە ئەو پێکهاتەی ئێستا زۆرجار هێزە کەم‌ئەزموونەکان دەنێرێت بۆ ئەو ناوچانە و ئیمکاناتەکان لە ناوەندی شارەکاندا چڕ دەکاتەوە. بەم شێوەیە، نادادپەروەریی پەروەردەیی هەر لە یەکەم ڕۆژەکانی ناونوووسکردنەوە خۆی نیشان دەدات.

کاتێک دەنگی ئەم تازەلاوانە نەبیسترا، ناڕەزایەتییەکە چوارچێوەی قوتابخانەی تێپەڕاند. ڕێکەوتی ١٧ی ئۆکتۆبەر، ڕێکخراوە خوێندکارییەکان تێکەڵ بە خۆپیشاندانێکی سەرانسەری بوون لەدژی گرانی کە سەندیکاکان و بزووتنەوەی جلیقە زەردەکان بانگەوازیان بۆ کردبوو. وەزارەتی ناوخۆی فەڕانسە ژمارەی بەشداربووانی نزیکەی ٥٥٠ هەزار کەس ڕاگەیاند، کە نزیکەی ١١٠ هەزار کەسیان لە پاریس بوون. لە ڕیزی ئەم ناڕەزایەتییانەدا مامۆستا و خوێندکار هەبوو، کرێکار و جووتیار هەبوو، خانەنشین و ئەندامی سەندیکا هەبوو. جارێکی تر سەرنج بدەنە ئەم لیستە!. ئەم پێکهاتەیە پێکهاتەی “شۆڕشێکی ناسنامەیی” نییە. ئەمە دەنگی بەشە جیاوازەکانی توێژی مووچەخۆر و چینە ژێردەستەکانە کە لە ژێر فشاری گرانی، دابەزینی هێزی کڕین و  کەمبوونەوەی خزمەتگوزارییە گشتییەکان وەگیان هاتوون.

ئەمە تەنها فەڕانسە نییە. لە میلان لە کاتی خۆپیشاندانی دژی گرانیدا ئاڵۆزی ڕوویدا، و خۆپیشاندەرانی دژی گرانیی خانووبەرە لە مادرید، لیسبۆن و پۆرتۆ خێوەتیان هەڵداوە. لە زۆرێک لە وڵاتانی ئورووپا، سیاسەتی زگ هەڵگوشینی ئابووری و بەرزبوونەوەی تێچووی ژیان یەک ئەنجامی دووبارەی هەبووە: سامان لە سەرەوە کۆدەبێتەوە و بارگرانیی قەیران دەکەوێتە سەر شانی چین و توێژەکانی خوارەوە. ناڕازییان لە مادرید و پاریس و میلان یەک زمانی هاوبەشیان هەیە، چونکە خاوەن ئازارێکی هاوبەشن.

بەڵام وەڵامی حکوومەت، لەبری ئەوەی بایەخ بە داخوازییەکان بدات، وەڵامێکی پۆلیسی بوو. وەزارەتی پەروەردەی فەڕانسە باسی لە برینداربوونی ٢٤٨ قوتابی و ١٤٩ مامۆستا کردووە و وتوویەتی ئەمە زۆرترین ئاماری برینداربووانی تۆمارکراوە لە مێژووی ئەم وەزارەتەدا. وەزیری ناوخۆش باسی لە کردنەوەی ٣٦ دۆسیەیەی لێکۆڵینەوە کردووە لەسەر توندوتیژیی پۆلیس. لە شاری سەن‌ئاتیەن، تازەلاەێکی ١٧ ساڵان بە نارنجۆکێکی بڵاوەپێکردنی خۆپیشاندەران دەستی ڕاستی لەدەست دا. تازەلاەێکی کە لەپێناو کلاسێکی باشتردا هاتبووە سەرشەقام، بە لەدەستدانی دەستێکییەوە گەڕایەوە ماڵەوە. پرسیارە سەرەکییەکە ئەوەیە: بۆچی حکوومەتێکی کە وەڵامێکی سیاسیی نەبوو بۆ داخوازییەکانی پەروەردە، وەڵامێکی ئەمنیی هەبوو بەڵام بۆ ناڕازییان؟

ڕێک لێرەدایە ئامێری چەواشەکاری و ئاوەژووکردنەوە دەست بە کار دەبێت. با لە ئەمریکاوە دەست پێبکەین. دۆناڵد ترامپ و بەرپرسانی کۆماریخواز، بەبێ ئەوەی هیچ بەڵگەیەک بخەنەڕوو، کۆچبەرە موسڵمانەکانیان بە تاوانباری ئاژاوەکان ناوزەد کردووە. ترامپ وشیاریی داوە بە ماکرۆن کە سنوورەکانی دابخات، لە کاتێکدا بەرپرسان و پۆلیسی فەڕانسە کۆچبەرانیان وەک هۆکار و سەرچاوەی ئەم ئاژاوەیە دانەناوە. ماکرۆن ئەم ئیدیعایانەی بە “قبووڵنەکراو و گەمژانە” ناوزەد کرد. باسی دەستکاریکردنی زانیارییەکانی کرد لەلایەنە دەرەکییەکانەوە، و باسی ئەو وێنانەی کرد کە بە ژیریی دەستکرد دروستکراون و دیمەنگەلێک نیشان دەدەن کە هەرگیز ڕووی نەداوە. تۆڕێکی هەواڵیی ئەمریکاییش باسی “هاوپەیمانیی سوور و سەوز“ی چەپەکان و موسڵمانان کردووە. ئامانج ڕوونە: دوو دوژمن بە یەکجار دروست بکرێت، دوژمنێکی دەرەکی بە ناوی “کۆچبەری موسڵمان” و دوژمنێکی ناوخۆیی بە ناوی “چەپ“.

بەڵام ئەم ڕەوایەتە تەنها لەو دیوی ئۆقیانووسەوە نایەت، بەڵکوو لە خودی فەڕانسەشدا حکوومەت لە گۆشەنیگایەکی دیکەوە هەمان کار دەکات. سەرۆکوەزیران لیکۆرنو باسی لە “پیلانێکی ئاژاوەگێڕانە” کردووە بە ڕابەرایەتیی گرووپە پەراوێزەکانی چەپ. هەروەها ئیدیعای کرد ئەم بزووتنەوەیە چیتر بزووتنەوەی قوتابییان نییە و بووە بە بزووتنەوەی “توندوتیژیی شاری“ی. ئەنجامی ئەم ڕەوایەتە ئەوەیە کە پرسی مامۆستا و بودجە دەکەوێتە لاوە و پرسی نەزم و ئاسایش جێگەی دەگرێتەوە. لە فەزای ئینتەرنێتیشدا، ئەو ئەکاونتەی وێنەی ئۆتومبێلێکی هەڵگەڕاوە یان دووکانێکی تاڵانکراو بەبێ هیچ پاشخانێک بڵاو دەکاتەوە، بەشێکە لەم ئامێری چەواشەکارییە. لە سەردەمی ئیمپراتۆریەتی وێنەدا، لابردنی پاشخان تەکنیکی سەرەکیی میدیاکانە: کاتێک ڤیدیۆیەکی ٣٠ چرکەیی لە پێکدادان بەبێ ئاماژە بە چەندین مانگ پشتگوێخستنی ویست و داخوازییە هێمنانەکان بڵاو دەبێتەوە، ئەسڵی پرسەکە دەسڕدرێتەوە. هیچ کەس بوونی توندوتیژی ڕەت ناکاتەوە، وەک چۆن لە بروکسلیش وێنەی هەڵگەڕاندنەوەی ئۆتومبێل لە ناڕەزایەتیی قوتابیاندا تۆمار کراوە. کێشەکە ئەوەیە کە چەند چرکەیەک توندوتیژی شوێنی چەندین مانگ داخوازی دەگرێتەوە، بۆ ئەوە تووڕەیی گشتی لە “بۆچی ئەمە ڕوویدا؟“وە بەرەو “چۆن سەرکوتی بکەین؟” بەلاڕێدا ببرێت.

بۆچی؟ وەڵامەکەی دەبێت لە بەرژەوەندییە چینایەتییەکان و ئەولەویەتە ئابوورییە دژبەیەکەکاندا بدۆزرێتەوە. ئەگەر ڕیشەی قەیرانەکە لە سیاسەتی زگ هەڵگوشینی ئابووری و لەوەدا بێت کە بودجەی قوتابخانە و نەخۆشخانە کەم دەکرێتەوە، ئەوا سیستمی هەنووکەیی دەبێت وەڵامدەرەوە بێت. لە کاتێکدا لەژێر ناوی “دیسیپلینی دارایی” لە بودجەی خزمەتگوزارییە گشتییەکان کەم دەکرێتەوە، بودجەی ئەمنی و سەربازی بەردەوام ئەولەویەتیان پێدەدرێت. یەکێک لە خوێندکارە ناڕازییەکان بە ئەلجەزیرەی وتبوو حکوومەت دەبێت دەست وەبەرهێنانی تەنها لە جەنگدا هەڵبگرێت و بە قوتابخانە و نەخۆشخانەکان ڕابگات. ئەم ڕستەیە ڕاستەوخۆ دژوازییە بنەڕەتییەکەی ئەولەویەتەکانی حکوومەت دەباتە ژێر پرسیار: چۆن بۆ تەیارکردنی پۆلیس و دابینکردنی چەکوچۆڵ هەمیشە بودجە هەیە، بەڵام بۆ دروستکردنی قوتابخانە و دامەزراندنی مامۆستا پارە نییە. بەڵام ئەگەر تاوانبار “کۆچبەر” و “موسڵمان” و “چەپ” بێت، تووڕەیی کۆمەڵایەتی لە سەرەوە، بۆ خوارەوە بەلاڕێدا دەبرێت. ئەمە هەمان ئەو فۆرمولە کۆنەیە کە دڵێت “دووبەرەکی بنێوە و حوکمڕانی بکە“. کرێکاری خۆجێیی و کرێکاری کۆچبەر هەردووکیان لە یەک کلاسی داڕماودا دەخوێنن و هەردووکیان بە دەست کرێ ماڵێکی لە ڕادەبەدەر گرانەوە دەناڵێنن، بەڵام ڕەوایەتی فەرمی دەیەوێت بەگژ یەکتریاندا بکات. بۆ ڕاستی توندڕەو ئەم ڕەوایەتە سەرمایەی هەڵبژاردنە، و بۆ حکوومەت پاساوێکە بۆ سەرکوت.

بەڵام وەڵامی ئەم چەواشەکاری و ئاوەژووکردنەوەیە دەبێت سادە بێت: گەڕاندنەوەی باسەکە بۆ ئەو جێگایەی کە لێیەوە دەستی پێکرد، و پێکهێنانی هاوپشتییەکی ڕاستەقینە لە بەرامبەر دووبەرەکییە ساختەکاندا. ئەم ناڕازییانە نەک پۆلیسی زیاتر، بەڵکوو مامۆستای زیاتریان دەوێت. نەک سنووری داخراوتر، بەڵکوو قوتابخانەی باشتر و ماڵی هەرزانتریان دەوێت. هەر ڕەوایەتێک ئەم واقیعە بشارێتەوە، چ لە واشنگتۆنەوە بێت، یان لە پاریسەوە، یان لە ئەکاونتێکی نەناسراوی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە، لە قازانجی ئەوانەدایە کە لە دۆخی هەنووکەیی سوود دەبینن. کاتێک قوتابی، مامۆستا، کرێکاری خۆجێیی و بنەماڵەی کۆچبەر هەست دەکەن کە سەقفی سەر سەری هەموویان لە ڕووخاندایە، ڕەوایەتە هەڵبەستراوەکان کاریگەریی خۆیان لەدەست دەدەن و هەتا دەنگی کلاسە داڕماوەکان نەبیسترێت، ئەم ناڕەزایەتییانە کۆتاییان نایەت.

٢٢ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٦