ڕۆژی ڕابردوو، هێزی زەوینی سپای پاسدارانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بە بڵاوکردنەویە بەیاننامەیەک ڕایگەیاند کە سێ ئەندامی ئەو هێزە لە تێکهەڵچوونەکانی ڕۆژی ڕابردووی سیستان و بەلوچستاندا کوژراون.
بە وتەی سەرچاوەکانی هەواڵ، ڕۆژی شەممە ٢١ی خەرمانانی ١٤٠٥ی هەتاوی، کاتژمێر ٤ی بەیانی، شوێنی نیشتەجێبوونی ژمارەیەک لە چەکدارانی دژ بە ڕژیم، لە لایەن هێزەکانی سپای پاسدارانی ڕژیمەوە ناسراوەتەوە و پاش گەمارۆدانی ئەو شوێنە، بۆ ماوەی زیاتر لە سێ کاتژمێر تێکهەڵچوونێکی قورسی چەکداری ڕووی داوە. لە ئەنجامدا ئەو گروپە چەکدارە نەناسراوە، پاش شکاندنی گەمارۆی هێزەکانی ڕژیم، توانیویانە ڕزگار ببن. ئەمە لە کاتێکدایە کە سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی جەختی لە سەر ئەوە کردووەوەتەوە کە ٤ چەکدار لە ئەنجامی هێرشەکەیاندا کوژراون، بەڵام خەڵکی ناوچەکە ئەو هەواڵە ڕەت دەکەنەوە و ڕایانگەیاندووە بە سەرکەوتوویی توانیویانە گەمارۆکە تێکبشکێنن و دەرباس بن.
