لە رۆژانی ڕابردوودا، هاووڵاتییەک لە شاری تاران لە لایەن هێزەکانی ڕژیمەوە دەستبەسەر و رەوانەی شوێنێکی نادیار کراوە.
بە پێی ڕاپۆرتەکان، “مەجید سەعیدی” ڕۆژنامەوان و خەڵکی تاران، رۆژی چوارشەممە ١٨ی خەرمانان بە هێرشی هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بۆسەر ماڵەکەی، دەستبەسەر و رەوانەی گرتووخانەکانی ناوەندە ئەمنیەکان کراوە. ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ناوبراو بە هۆی بڵاو کردنەوەی ئالبۆمی وێنەکانی “ژیان لە نێو شەڕ لە ئەفغانستان” دەستبەسەرکراوە. جێگای ئاماژەیە کە ئەو هاووڵاتییە لە مافی چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەمالەکەی و دەستڕاگەیشتن بە پارێزەری سەربەخۆ بێبەش کراوە و تا کاتی دارشتنی ئەم هەواڵە هیچ زانیارییەک سەبارەت بە شوێنی ڕاگرتن و ئەو دۆخی تەندروستی ناوبراو لەبەردەستدا نیە.
