بە پێی ڕاپۆرتەکان، دوو هاووڵاتی خەڵکی شارەکانی تاران و مەشهەد، لە لایەن دادگا ئینقلابی ڕژیمەوە، سەرەڕای نەبوونی بەڵگەی یاسایی و لە دادگایەکی شانۆییدا، زیاتر لە ١٠٠ مانگ زیندانی تەعزیریان بەسەردا سەپێندرا.
یەکێک لەو کەسانە بە ناوی “بابەک مۆرادی فەر” چالاکی سیاسی، رێککەوتی 19ی بەفرانباری ساڵی ڕابردوو، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ڕژیمەوە دەستبەسەر و رەوانەی زیندانی ئێڤین کرابوو و پاش دوو مانگ ڕاگرتنی لەو زیندانە، بە دانانی بارمتەی قورس ئازاد کرا. ناوبراو دواتر لە رەوەندی کۆبوونەوەی دادگای ڕژیم لە سەر تۆمەتەکانی، بە تۆمەتی “تێکدانی ئەمنییەتی وڵات و تەبلێغ دژ بە ڕژیم” حوکمی 30 مانگ زیندانی بەسەردا سەپێندراوە. لە لایەکی دیکەوە، “وەفا کاشفی” هاووڵاتی بەهایی بەندکراو لە زیندانی وەکێل ئابادی مەشهەد، لە لایەن دادگای ئینقیلابی مەشهەدەوە بە هەمان تۆمەت حوکمی 6 ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندراوە.
